په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١٦

ئامادەکردنى ئەکتەر لە پرۆگرامى (ستانلافسکى)دا.

بورهان جۆڵا      

- بەشی سێیەم -

سەرچاوە: ماڵپەڕەکان.
ماسولکەی ئەکتەر لەسەر شانۆ:


بەرزبوونەوەی ئاستی شپرزەیی ماسولکەی ئەکتەر لەسەر شانۆ دەبێتە ھۆی ئاڵۆزبوونی خەیاڵە قووڵەکەی (ناوەوەی) خودی ئەکتەر، ئەمەش دەبێتە ھۆی لەکارخستنی ئەو ئیبداعە ھونەریەی کەپەیوەندییەکی راستەوخۆی بەخەیاڵی ئەکتەرەوە ھەیە.


بۆ نموونە:- ئەگەر تاقیکردنەوە لەسەر ئاکتینگ بکەین دەڵێین با ئەکتەرێک شتێکی قوڕس ھەڵبگرێت بەمەرجێ بایی ئەوەندەبێت لەشی بتوانێت و لەھەمان کاتیشدا تەواوی ماندوبوون و شپرزەیی ماسوولکەیشی پێوەدیاربێت واتا ماسولکەکەی لەباری ئاسایی بگۆڕێت و بچێتە باری شپرزەیی، ئینجا داوای لێبکرێت بەشێوەی ئاکتینگ خەیاڵی (ناوەوەی) خۆیت بۆ دەربڕێت وەک:- وەسفی دیمەنێکی جوانی دیاریکراو، یان وەسفی دەست لێدانی قوماشێکی نەرم یان بۆنێکی سووتاو و بۆنێکی خۆش یان تاموچێژی خواردنێک یان شتێکی بینراو یان زرنگانەوەی دەنگێک یان گۆرانیەک بڵێت یان سەمایەک بکات، دەبینین بۆ سەرجەم داواکاریەکان یان پشتگوێیان دەخات یان بەناتەواوی دەریدەبڕێت.


جا نەک ھەر ئاستی تەواوی شپرزەیی ماسولکەی ئەکتەر دەبێتە بەربەست لەبەردەم ھونەری نواندن بەڵکو بچووکترین قوڕسایی ماددی و ھەستیش دەبێتە رێگر لەئیبداعی شاکارێکی ھونەری چونکە وەک ئاشکرایە بیروھۆشی ئەکتەر جێگیرو لە ئامادەباشیە بۆ چرکەساتی زەقکردنەوەو وروژاندنی ئاماژەکان بۆ دەربڕین و پیشاندانی رووداوە یەک لەدوا یەکەکانی سەر شانۆ، بۆیەو پێویستییەکی پێویستە لە ساتە وەختە گرنگەکانی جووڵەی سەر شانۆ ماسوولکەی ئەکتەر بەتەواوی ئازادو لەباری ئاسایی خۆی دابێت.


گەر بمانەوێت ھەرپێنج ھەستەوەرەکانی ئەکتەر بەڕێکی کاربکات پێویستە یەکەمجار ئەو شتە قورسەی ھەڵیگرتوە لێیوەربگرین و شێوەگرژی ماسوولکەکانیشی بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی کە بەھۆیەوە سەرنجەکانی لەپەلوپۆ کەوتبوون دواتر کاری نواندن و تەواوی جووڵە ھونەرییەکانی ئەکتەر بەرێکی و سروشتی دەردەکەوێت و لەلووتکەی ئیبداعی ھونەری نزیک دەبێتەوە وەک:- لەرێگەی ئاکاتینگ و جووڵەی دەستیەوە بەتەواوی وەسفی قوماشە نەرمەکە دەکات بێئەوەی ھیچیشی لەبەر دەستدابێت، لەڕێگەی سەربەرزکردنەوەو ھەڵمژینی ھەواوە وەسفی بۆنە خۆش و ناخۆشەکەش دەگەیەنێتە زەینی بینەر، بۆ وەسفەکانیتریش بەھەمان شێوە.


قۆناغە ھەنگاوەکانی ئەکتەر لەسەر شانۆ:


لە کەشتیوانێکیان پرسی لە گەشتێکی دوورودرێژی نێو دەریادا چۆن بیردەکەیتەوە کە تەنھا گەیشتن بەبەندەرو جگە لە پانتایی ئاوێکی شینی زەبەلاحی شێوە نیوە گۆییش ھیچیتر نابینیت و ھەموو وردەکاریی قۆناغەکانی رووداوەکان وەک دابەزینی سەرکەوتنی سەرنشینان و داگرتن و سەرخستنی کەلوپەل و شتەکانیتریش کەوتوونەتە سەر وشکانی واتا کەنار دەریا واتا ئەودیو بینینەکانی ئێستای تۆو لەوێوە ئەو جۆرە رووداوانە دەستپێدەکات؟ لەوەڵامدا وتی قۆناغی ئێستای من لەسەر ئاوەو لەسەر ئاویش رێدەکەم و لێرەوە سەیری قۆناغەکانی داھاتووی سەر وشکانی ناکەم بەڵام رێگای تایبەتی خۆم دەگرمەبەرو لێی دەرناچم تاکو دەگەمە سەر زەوی ئینجا لەوێوە قۆناغ لەدوای قۆناغ پەیوەست دەبم بەرووداوەکانی داھاتوو.


شێوەی ئاکتینگ لەلێخوڕینی کەشتییەکە لەلایەن کەشتیوانەکەوە بەتەواوی و بەڕێکی لەسەر تەختەی شانۆی ژیانی ئاسایی خۆی بەرجەستەی دەکات چونکە پەیوەستە بەقۆناغەکانی سەر ھێڵی رووداو ھەر لەسەرەتای لێخوڕین بەسەرئاوەوە تاکو دەگاتە سەر وشکانی، بۆ ئەکتەریش پێویستە بەم جۆرە قۆناغ لەدوای قۆناغ ئەدای کاری نواندن بکات، لەکاتی جووڵەو کرداری ئاکتینگی ھەر قۆناغێکیش ئەندامە ھەست بەخشەکانی پەیوەست بکات بەرووداوەکانی ھەمان قۆناغ، ئەمەش وای لێدەکات لەرێگەی چوون بەرەو لووتکەی ئیبداعی ھونەری لانەدات.


بۆنموونە:- لەسەرتەختەی شانۆ شێوە نواندنی ئەکتەرێک بۆ ((گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە)) پێویستە پێش ئاکتینگ ئەکتەر بپرسێت: من چی دەکەم؟ بێگوومان وەڵامەکەی ((من دەگەڕێمەوە بەرەو ماڵەوە)) کە ئەمە تاکە کلیلە مەبەستە سەرەکییەکەی پیشان دەدات و لەوانەشە ئەکتەر لەرێگای بەرەو ماڵەوە چەندجارێک لەشوێنی نادیار بوەستێت یان جارێک لەشوێنێکی دیاریکراو بوەستێت و شتێکیتر بکات، بۆ ئاسانکاری ئەکتەر و بۆ ئامادەکردنەکەشی تێیدەگەینرێت کە دەرچوون بەرەو مالڕ قۆناغی یەکەمە، گەیشتنە ناومالڕ قۆناغی دووەمە، دەگاتە ناو ژوورەکەی و جلەکانی دەگۆڕێت دەبێتە قۆناغی سێھەم، کە چووە سەر جێگەکەی و راکشا ئەمەشیان قۆناغی چوارەمە، لێرەدا کە ((گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە))ـمان دابەشکردوە بۆ چوار قۆناغ بۆ ئەوەیە رێگەکە بۆ ئەکتەر دیاریبکرێت ھەروەک کەشتیوانەکە لێخوڕینی کەشتییەکەی لەناو دەریادا بەقۆناغی یەکەم بۆ خۆی دیاریکردبوو، ھەرچوار قۆناغەکەش یەک تاکە مەبەستی ھەیە ئەویش ((گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە))یە، دابەشکردنەکەش کاتیە و دەبێتە پێویستیەکی سەرەکی و حەتمی بۆ رۆڵبینینێکی رێکخراو نەک پەرشوبڵاو لەسەر تەختەی شانۆ، مەبەست لەم کارەش جۆرە باوەڕێک بە ئەکتەر دەبەخشێت کە لەسەر تەختەی شانۆ بمێنێتەوەو فێری ئەوەبێت بە روئیا تایبەتییەکەی خۆی باوەڕ بھێنێت بەو چەند قۆناغەی بۆ دیاریکراوە لەگەڕانەوەی بەرەو ماڵەوەو تەنھا رێگای بەرەو ماڵەوە ببینێت و گشت رێگایەک پەراوێز بخات چونکە مەبەستی سەرەکی لە رۆیشتنی سەر ئەو رێگایە گەڕانەوەیە بەرەو ماڵەوە.


باوەڕ و ھەستکردن بە راستگۆیی لە لایەن ئەکتەر لەسەر شانۆ:


بۆ گەیشتنی ئەکتەر بەلووتکەی راستگۆیی لە رۆڵەکەیدا پێویستی بەو کەرەسە ھەستییانەیە کە بەرزی بکاتەوە بۆ ئاستی ژیانێکی خەیاڵئامێز لە سەر تەختەی شانۆ و دۆخێکی خەیالی بۆخۆی بەرجەستە بکات چونکە خەیاڵکردن لەدۆخێکی خەیاڵی دیاریکراو و گونجاو مانای ئەوەیە ئەفراندن و ئیبداع بۆ کارە ھونەریەکەی دەکات و باوەڕ بەڕۆڵەکەی خۆی دەھێنێت و لەخەیاڵدانی خۆی بەشێوە ئەفراندنێک لەبەردەم بینەران رێک دەچێتە نێو بەرگی ئەو کەسایەتییەی کە ڕۆڵەکەی بۆ دەبینێت، راستگۆیی ئەکتەر بۆ ڕۆڵەکەی لەسەر تەختەی شانۆ جۆرە باوەڕێک بە دیالۆگ و جووڵەو کرادارەکانی دەبەخشێت، کەواتە راستگۆیی و باوەڕ لەیەکتر جیانابنەوەو ھەریەکێکیان بەبێ ئەوەیتر بوونی نییە و رووداوەکانی سەر تەختەی شانۆش لەئاکامی باوەڕو ھەستکردن بەراستگۆیی ئەکتەرەوە روودەدات بۆ بینەران، چونکە ئەدای تەواوی جووڵەو دیالۆگەکانی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ بۆ رۆڵەکەی لەساتەکانی باوەڕیی تەواوی بەراستگۆییەوە سەرچاوەی گرتووە کە ھەڵقووڵاوی ناوەوەی ھەستەکانیەتی بۆیە جگە لەبینەری نوخبە تەنانەت بینەری سادەش ھەست بەو ئەدا تەواوە بێ کەموکوڕییە دەکات.

__________________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/amadekirdinie.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/amadekirdinie2.htm

 

ماڵپەڕی بوڕهان جۆڵا



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک