په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئازادی و قەڵەم.

 


ئەز   ناچم   دیوانێ   میرا
نابم  شارورێ کۆچک و سەرا
برا من خەن کێر و خەنجەرا
فەقێیێ تەیران ڕەبەنێ دڵا

          ''فەقێ تەیران''

ناڵە حەسەن


کۆشک و سەراکان هەمیشە جێگەی ئەو مرۆڤانە بووە کە کۆیلەی دەسەلاتن . لە دنیایەکی جیاواز لەگەڵ ئێمەدا دەژین . خەون و خەیاڵ و بیرکردنەوە و ئومێدەکانیشیان جیاوازە . بۆیە بڕیار و یاسا و ڕاگەیاندنەکانیشیان جیاواز دەبێت . لەو ڕۆژانە مرۆڤە کۆیلەکانی نێو کۆشک و سەراکانی لای خۆمان ( کە بە کۆیلەکانی نێو چایخانە کۆنەکەی جەوهەر نامیق ) دەناسرێنەوە ! دەنگیان بۆ پرۆژەیەک داوە ، کە لەلایەن سەندیکای بەناو ڕۆژنامەنووسانەوە پێشکەشیان کرابوو بە ناوی پرۆژەی کاری ڕۆژنامەگەری . پڕۆژەیەکی مردوو ، بێ ڕەنگ و بۆ ، ڕەش ڕەش وەک شەوەزەنگی نێو ئەشکەوتە تاریکەکانی نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکانیان . بێ سەروبەر و بێ مانا وەک پاساوە توڕەهاتەکانی شەڕی ناوخۆ و گەندەلیەکانیان ! .

 

پڕۆژەکە شتێک نیە جگە لە پاراستنی بازنەی دەسەڵاتەکەیان و ڕِازی کردنی دڵی کوێخاکانیان . بەڵام دەبێ ئێمە چاوەرێی چی لەوانە بکەین ؟ ئایا دەبێ پێمان وابێ ئەوانە دەنگ بۆ پڕۆژەیەک بدەن کە کۆک بێت لەگەڵ خەیاڵ و دنیای جوانی و ڕەنگاوڕەنگەکەی ئازادیدا ؟ ! . ئەوانە کە خۆیان ئازاد نەبن چۆن دەتوانن دەنگ بە پڕۆژەیەک بدەن کە بە شنەبای ئازادی هەناسە بدات ؟ ئاخر بناغەی هەر دەسەلاتێک بە سەر لاشەی ئازادی یەکانەوە چاو هەڵدێنێ . من پێم وایە هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر داوا لە کۆیلەکانی دەسەڵات بکەین چاوێک بە پڕۆژەکەدا بخشێننەوە ! . دەبێ داوای ئەوە بکەین پڕۆژەکە هەڵبوەشێتەوە . سەندیکای بەناو ڕۆژنامەنووسان دەزگایەکی حیزبیە ، بۆیە پڕۆژەکە لە بنەڕەتەوە زیندانێکە بۆ ئازادی و قەڵەم بۆ ئازادی و بیر بۆ ئازادی و خەیاڵ .

 

بەڵام با تۆزێک لەم هاوکێشەیە دوور بکەوینەوە با پرسیارێک لە خۆمان بکەین . ئایا بڕیار و پڕۆژە و یاسای مرۆڤەکانی کۆیلەی دەسەڵات دەتوانن ئازادی قەڵەمەکانی ئێمە سنووردار بکەن ؟ ئایا ئازادی قەڵەم ئەو شتە سووک و ئاسانەیە بە پڕۆژەیەک و بە بڕیارێکی مرۆڤە کۆیلەکان لە نێو خەون و خەیاڵە جوانەکانی ڕابچەلەکێ ؟ بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نیە داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکە نەکەین تەنها مەبەستمە ئەوە بڵێم : هیچ پڕۆژەیەک و یاسایەک ناتوانێ ئازادی قەڵەمەکەی من سنووردار بکات . من لە هەموو ژیانم دا تەنها بۆ یەک چرکەش ئازادیم بە چاوەکانی خۆم نەبینیوە جگە لە نێو نووسینەکانم نەبێ ! . بۆیە کاتێک ئازادی قەلەم سنووردار دەکرێ بەمانای مەرگی نووسەرەکان ڕادەگەیەندرێ . بۆیە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین ئەم پڕۆژانە و هیچ پڕۆژەیەکی لەم چەشنە قەبوڵ بکەیەن . دنیای ئازادی قەڵەم هێندە فراوانە بە هیچ پڕِۆژە و یاسایەک سنووردار ناکرێ .

 

مەبەستی ئەم ئەفەندی یانە لە پڕۆژەکەیان ئەوەیە کە ڕێگە نەدەن قەڵەمە ئازادەکان ڕەخنە لە دەسەلات و لە کوێخاکان و لە گەندەلیەکانیان بگرن .. دەیانەوێ نووسەر و ڕۆژنامەنووسەکان وەک خۆیان کۆیلە بن کوێرانە دەست بۆ هەموو بڕیارێک و پڕۆژەیەک کەلە لایەن کوێخاکانی سەرەوە دەنێردرێ بەرز بکەنەوە . بەڵام ئەوە بیرکردنەوە و خەون و خەیالاتی ئەوانە هی مرۆڤی نێو کۆشک و سەراکان ئەوانەی کۆیلەی دەسەلاتن . ئەوانەی مرۆڤ و ئازادی مانایەکی نیە بەلایانەوە تەنها پێوەرێک بۆ مرۆڤ بوون ئەوەیە چەندە کڕنووش دەبەیی و دەچەمێیەوە بۆ دەسەلات و کوێخاکان ! . بەڵام ئەوە بیرکردنەوەی ئەوانە .. ئێمە بیرکردنەوەی ترمان هەیە جیاواز لە وان .. لە نێو بیرکردنەوەکانی ئێمە هەموو شتێک نرخی خۆی هەیە ، مرۆڤ بە ئازادییەوە مانایەکی هەیە . ئێمە دەمانەوێ ئازادانە بنووسین ، ئازادانە بیربکەینەوە ، ئازادانە خەون ببینین .

 

ئێمە نامانەوێ ببینە شارور ( بولبول ) ی کۆشک و سەراکان .. ئەوە کاری ئێمە نیە ئەوە خەمی ئێمە نیە . ئێمە ڕێبوارانێکی عاشقین .. عاشقی ئازادی و جوانی ، عاشقی دنیایەکی ڕەنگاوڕەنگی شایستە بە مرۆڤ ، دنیایەکی نەخشێندرا و بە سەمفۆنیای گوڵ و نان .. ! ئێمە ناتوانین چاوەکانی خۆمان کوێر بکەین و کڕو بێدەنگ کۆیلەی دەسەلات و کۆیلەی کوێخاکان و کۆیلەی خوا بین .. ئەوە کاری ئێمە نیە ، کاری ( قەڵەم جاشەکان ) ە . ئەوانەی کۆیلەی دەسەلات و کۆیلەی گیرفانن . ئەوانەی بەناوی مافەکانی ئافرەت لە دیوانی سەرۆکایەتیەکان و دیوانی وەزارەتەکان سواڵ دەکەن .. ئەوانەی هەتا دوێنێ ڕەخنەگری شەڕانگێزبوون بە گژ دارو بەرد و دەسەلات و کوێخا و خوا دا دەچوون ، کەچی ئەمڕۆ وەک ماستی مەییو ، وەک بەردی بن گۆمە وەستاوەکان .. کەڕ و کوێر .. بوون بە شاروری کۆشک و سەراکان بەباڵای کوێخا و سەردارەکانیان دا هەڵدەلێن ، سروودە مردووەکان و ئاوازە ناشازە بێزارکەرەکان دەڵێنەوە . دنیای ئێمە لە دەرەوەی کۆشک و سەراکان و لە دەرەوەی بازنەکانی دەسەلاتە .. دنیای ئێمە بە ئەندازەی خەون و خەیاڵ بەرین و فراوانە .. هاژەی تاڤگەکانی نێو خەونەکانی ئێمە هاژەیەکی جیاوازە پڕاوپڕە لە نۆتەکانی جوانی .. ئێمە لەو ڕۆژەوەی دەستمان داوەتە قەڵەم و گۆنای وشە جوانەکان ماچ دەکەین .. بەڵێنمان بە قەڵەم و وشە داوە کە ئازادانە بنووسین و ئازادانە بیر بکەینەوە .. ئێمە ناتوانین خیانەت لە قەڵەم و لە وشە بکەین . ئێمە پێچەوانەی ئەوان بیردەکەینەوە . ئەوان بۆ دەسەلات و کوێخاکانیان کڕنووش دەبەن و دەچەمێنەوە ئێمەش بۆ ئازادی و جوانی . وە پڕۆژە ڕەشەکەی ئەوان تا سەر ئێسقان دژی ئازادی و جوانیە .. بۆیە دەبێ هەڵبوەشێتەوە .


دیسەمبەری 2007
Nala_hassan@yahoo.ca