په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٩\٢٠١٣

بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێو یاسا و قوربانیدا.


هەورامان عەلی تۆفیق  


لە روانگەی دەستەبەری دیموکراتیەتەوە هەڵبژاردن ئەو هەنگاوەیە بەرەو ئاسۆیی دیموکراتیمان دەبا، ئازادیەکانی تاک لە دەربڕینی وشەی بەڵێ و نەخێر و دەرفەتدان بە مرۆڤ بۆ بیرکردنەوەو بڕیاردان، هەڵبژاردن پڕۆسەیەکە لە چوارچێوە یاسای و عورفە مرۆییەکانەوە تا دەگاتە پرەنسیپە سیاسیەکان و خۆڕزگارکردن لە گەردی دیکتاتۆریەت و هەڵخزانە ئاسمانی دیموکراتیەت.


لە دونیادا سەرکەوتنی هەڵبژاردن وابەستەیە بە یاسا و شێوازی بەئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆسەیە، ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و بونی یاسایەک بەو شێوەی ژیانی ئاسایی خەڵک لەکارنەخات و پڕۆسەکە بە ئارامی و هێوری کاتی خۆیدا تێپەڕێ، لەوڵاتانی پێشکەوتوو هەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن ناکەیت، خەڵک رژانە سەرشەقام و قەرەباڵغیی شەو ڕۆژ هەستی پێناکرێت ، نەخەوتن و هیلاکی بەردەوامی لە ڕیکلام و بانگەشە بوونی نییە. بەکارهێنانی تەواوی کۆمەڵگا لە منداڵەوە بۆ پیر بێ جیاوازیی سەرقاڵبوونی گشت دەزگە حیزبیەکان و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگ.


کۆکردنەوەی دەنگ و بانگەشە مافی ئاسایی هەموو تاکێکە، بەڵام گرنگە ئەو چواچێوەیە دیار بێت، ئەویش یاسای تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانە، بە شێوازێک کاری لەسەر بکرێت تاساڵانی داهاتوو هەڵبژاردنەکان ئەم شێوە هەڵمەتانە دووبارە نەبنەوە و سیمایەکی مەدەنیانەو شارستانیانە بە پڕۆسەکە ببەخشرێت و لەو شێوازە هەڵمەتەی هەڵبژاردنی ئەوروپیەکان کەمتر نەبێت.


هێشتا کورد و هەندێک لە تاکە چاوبرسیەکانی بۆ خوێن و کوشتن و قبوڵنەکردنی یەکتر هۆشیان لە لوولەی تفەنگەکانیانەوەیە کوێرانە تینوون بە خوێنی خەڵک ، هێشتا بەکارهێنانی منداڵ باوە، رژانە سەرشەقام و پەکخستنی هاتووچۆ و خەڵک کۆکردنەوەو پارە بەخشینەوەو سەنگەر گواستنەوەو بەڵێنی زۆر دواتر زۆر بە ئاسانیی بەڵێنەکانیان بیردەچێتەوە لای ئێمەی کورد باوە، ناڕوونیی و بوونی ترس لە وردبوونەوەی بەرنامەو کارو پلانی ئایندەی کاندیدەکان لە پەرلەمان بۆ خەڵک، هێشتا قسەی زبر و هێرشکردنە سەریەکتر و بەکارهێنانی مێژوی یەکتر بۆ شکاندن و سووکایەتیکردن و لەکەدارکردنی یەکتر، زمانی تیگەیشتن و بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی هاوبەش لە روانگەی نەتەوەییەوە ، دیموکراتیەت و قبوڵبوونی یەک بەو شێوەی هەیە، ئازادییەکانی تاک و هێمنیی و ئارامیی، بێدەنگیی و خەڵک سەرقاڵنەکردن و دوورکەوتنەوە لەهەموو فەوزایەک لەم هەرێمە و تەنانەت وڵاتانی دەروبەریشمان بوونی نییە، ئەمەش شێوەباوێکە لە سیستەمی بەردەوامی وڵاتانی ناوچەکە بۆمان ماوەتەوە لەبری ئەوەی خۆمان لێێ دەربازکەین بەڵکو بەپێچەوانە تێیدا قووڵدەبینەوە.


گرنگە کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنە و ئەوانەی دەنگ و متمانەی خەڵک بەدەست دێنن بیرێک لەوە بکەنەوە یاسایەکی مۆدێرن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەنەوە چونکە هەڵبژاردنی پارێزگاکان و دواتر هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەن ئەوکات خەڵک بێزار دەبێ و ژیانی خەڵک لە رەوتی ئاسایی خۆی لادەدات.


دیموکراتیەت و ئازادییەکان و جوانکردنی وڵات و ئینتمای نیشتمانیی و نەتەوەیی بۆ تاکەکان دەگەڕێنەوە، ڕق و کینەو دژایەتی و ناشیرینکردنی یەکتر دەڕەوێنەوە.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان عه‌لی تۆفیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک