په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بانیمارانی ڕاست دەکات.


عەبدولا مەحمود 


عوسمان بانیمارانی، ئەندامی سەرکردایەتی و باڵی ڕیفۆرمی پێشوی یەکێتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوی ئێستای لیستی گۆڕان، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕووداو نێت کە 17/8 بڵاوکراوەتەوە، دەڵی" یەکێتی چەندین پرۆژەی سەرمایەگوزاری و ئابوری هەیە و بەپێی یاسا ئێمەش شەریکین و داوای بەشی خۆمان دەکەین" وە لە بەشێکی تردا پێداگری دەکات و دەڵێت" بە دڵنیایەوە حەقی ئەوەمان هەیە شەریک بین لەو سەرمایەدا".


بێگومان بانیمارانی ڕاست دەکات، هەموو کەسێکی هوشیار لە کوردستان ئەم ڕاستیە دەزانێت کە هەموو پرۆژە ئابوری و بازرگانی پرۆژە سەرمایەگوزاری و گرێبەست... زەبەلاح و پڕ قازانجەکان، لەلایەن پارتی یەکێتیەوە قۆرغکراون. لە سنوری پارتی سەرمایەدارانی پارتی و کەسە نزیکەکانیان و لە سنوری یەکێتیشدا سەرمایەدارنی یەکێتی و نزیکەکانیان، دەستیان بەسەر شادەماری ئابوری و داهات و قازانجدا گرتووە.


تا ئەو جێگایەی بە یەکێتی نیشتمانی دەگەڕێتەوە، بانیمارانی و لیستی گۆڕان و کاراکتەرە سەرەکیەکانی، لەهەموو مێژووی یەکێتی نیشتمانیدا بەشدار بوون، لە میژووی نەخوازراوی قێزەونی شەڕی ناوخۆوە، تا مێژووی دەسەڵاتدارێتیء پێکهێنانی حکومەتء پەرلەمانء خستنەگەری سەرمایەیەک کە لەپاروی دەمی خەڵکء داهاتەکەیان مۆڵکراوە. تا پێکهێنانی دەیان کۆمپانیا و سەرئەنجام لە بەتاڵانبردنی داهاتی خەڵکی کوردستان و لەڕاستیدا لە تیرۆی ئابوری کۆمەڵگادا.


بەڵام راِستیەک هەیە کەئەم سەروەتە زەبەلاحەی لای یەکێتی و پارتی کۆبۆتەوە، ئەو کۆمپانیانەی بەناوی جۆروجۆری ئاشکراو نهێنیەوە پێکیان هێناون، هیچیان بەشێوەی یاسایی نەبوون تا بەشێوەی یاسایی بانیمارانی و لیستەکەی بەشی خۆیانی لێببەن. بەڵکە ئەمە کەیسێکە سەرئەنجام پێویستە بخرێتە بەردەم دادگایەیەکی عادلانەو بێلایەن بۆ گێڕانەوەی بۆ خەڵکی کوردستان.


یەکێتی و پارتی و بانیمارنی و لیستەکەیان، هیچیان لە ڕێگای کێبەرکێی ئابوری و بە خستنەگەڕی داهاتی خۆیان کۆمپانیاو گرێبەست و پرۆژەکانیان نەخستۆتەر گەڕ، بەڵکە لەداهاتی خەڵکی کوردستانء تاڵانکردنء لوشدانیەوە، سەرمایەکی خەیاڵیان قۆرغکردووە، ڕێگەشیان نەداوە کەس لەدەرەوەی تەلاری حزبدا سەرمایە بخاتەگەڕو قازانج بۆخۆی مۆڵ بکات ئەگەر بەشیان تییادا نەبووبێت. بۆیە هیچ کام لەو لایەنانە سەروەتێکی یاساییان نییە بەڵکە هەموویان بەشدارن لە تاڵانیەکی نایاسایی بێئەوپەر.


لەوەش سەیرتر ئەوەیە بانیمارانیء کەسایەتیەکانی لیستی گۆڕان بە بانگەشەی ڕیفۆرم و چاکسازی و گۆڕانەوە، بە بانگەشەی جیاکردنەوەی بازاڕ لە حزب و دەسەڵات، شەفافیەت لە داهات و بودجە....وە پەیتا پەیتا داوای بەشی خۆیان لەداهاتی بەدەستهاتوی بەرهەمی دەستێوەردانی حزب لە بازاڕو جومگەکانی ژیانی ئابوری کۆمەڵگا دەکەن، بەمەش نیشانی دەدەن کە چەندە جدی و وەفادارن! بە بانگەشەکانیان.


هەر هێزو بزوتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز و ڕادیکاڵ، ئەگەر زەڕەیەک دڵی بۆ خەڵکی کوردستان لێبدات کاروهەوڵێکی خەباتکارانەی بریتی دەبێت لە گێڕانەوەی داهاتی تاڵانکراوی خەڵکی کوردستان بۆ خەڵکەکەی، و خستنەوەگەڕی لە پرۆسەی پێداویستیە بێسنورەکانیاندا بە شێوەی ئاشکراو شەفاف.
بانیمارانی بەو دانپیانانەی کە خاوەنی سەرمایەی یەکێتین، کە ڕاست دەکات و بەشدارن، دان بەو ڕاستیەشدا دەنێت کە بەشێکن لەو تاڵانییە ئاشکراو بێسنورەی 18 ساڵە لە خەڵکی کوردستانی دەکەن.

 


18-8-2009