په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٤\٢٠١١

با ئۆپۆزسیۆنیش خۆی هەڵوەشێنێتەوە!


فریاد حه‌سه‌ن    


هەر سێ لایەنەکەی ئێستای ئۆپۆزسیۆن تا ئێستاش سوورن و زۆر به‌ توندیی پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن که‌ ئەم حکومەتەی دکتۆر بەرهەم هەڵوەشێتەوە و حکومەتێکی ئینتیقالی پێک بهێنرێت بۆ زەمینەخۆشکردنی هەڵبژاردنێکی پێشوەخت، سیاسەتکردن و ململانێی سیاسی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە وڵاتانی دیموکراسی وەک ئەوەی لای خۆمان نییە، بەڵکو هونەری (فەنول مومکیناتە) و ئەوەی بە دەستی دەهێنێ دەیپارێزێ و بۆ قۆناغیتر خۆی ئامادە دەکاتەوە، وەک چۆن کوردستانیش دەقاودەق تونس و میسر نییە، ئاخر ئەم پێداگرتنە زۆرەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی دکتۆر بەرهەم، وا دێتە بەرچاو، کە زۆر زۆر بۆتە مەسەلەیەکی که‌سیی! ئەمەش هیچ پەیوەندیی بە داواکاریی خەڵک و چاکسازیی نییە، هەر کەسێک سەرۆکی حکومەت بێت خەڵک کێشەیان لەگەڵی نییە کە خواست و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکا، ئەوان وای نیشان دەدەن ئەگەر دکتۆر بەرهەم لەم ئەرکەی ئێستایدا نەما کوردستان دەبێتە شامی شەریف و:


1- دیموکراسیەتێکی عەیار بیست و چوار دەچەسپێ!
2- گەندەڵی لە رەگوریشەوە هەڵەتەکێندرێ و ببڕای ببڕ جارێکیتر کەس ناتوانێ عانەیەکی ئەو میللەتە بخوا!
3- عەدالەتێکی وا سەقامگیر دەبێت لە شێوەی عەدالەتەکەی (ئیمامی عومەر)!
4- هەر بە پێنج و دوو رۆژێکی زۆر کەمتریش ئاڵای کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشەکێتەوە و دەبین بە بەهێزترین دەوڵەت لە رۆژهەڵات!
5- جیاوازیی نامێنێ لە ناوچەکاندا لە خانەقینەوە تا زاخۆ بە یەک چاو سەیر دەکرێ (نەک دوو چاو) چونکە چاوەکەیتر تایبەتە بۆ شوێنێکی تایبەت!
6- مینبەری مزگەوتەکان دەبێتە بڵندگۆی جیهاد و شەڕکردن دژی هەموو کافر و مونافیق و موڕتەد و هاوشێوەکانیان! پێویستیش ناکا ئەم هەموو تەلەفزیۆن و گۆڤار و رۆژنامانە دەربچن لە هەر شارێک هەفتەی یەک جار مامۆستایەکی بەڕێز لە خوتبەکەیدا لە هەموو گۆڕانکارییە سیاسیەکان و هەواڵەکانی دونیا و زانست و ئەدەبیات و هونەر و ئای تی و کۆمپیوتەر هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە!
7- ئیتر چیدی ئافرەتان و ژنان و کچان لە سایەی ئەو (بەرنامەیە!) تووشی گوناح و نەزەر نابن و بە فایلێکی پاک و تەمیزەوە دەچنە دوامەنزڵگایان! پیاوانیش لە نیعمەتی دونیا بێ بەش نابن و دەتوانن هەتا چوار ژن بێنن!


ئەمەیە حەوت خاڵە راستەقینەکەی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا بەو پێکهاتەیەی ئێستای، جا دەکرێ دکتۆر بەرهەم لابچێ و حکومەتەکەی هەڵوەشێتەوە، ئەمە نە هێڵی سوورە نە کوفرە نە دونیاش کاول دەبێت! بەڵام تا چەندیش ئۆپۆزسیۆن دڵنیامان دەکاتەوە کە حەوت خاڵەکەیان ئەم حەوت خاڵەی سەرەوە نییە و بە تۆخیی و توندڕوانەش جێبەجێ نابێ؟ کێ ئەو زەمانەتە دەدات کە وا نابێ، ئاخر هێشتا بەشێک لەو ئۆپۆزسیۆنە وا دەسەڵاتی نییە، فتوا دەدا و جاڕی جیهاد دەدا؟! ئەی ئەگەر دەسەڵاتی هەبێ ده‌بێ چی بکا؟! باشە با ئەو ئۆپۆزسیۆنەی ئێستاش بەو پێکهاتەی ئێستای خۆی هەڵوەشێنێتەوە و پێکهاتەیەکی پێشکەوتووخوازی هەبێ و دوور بێ لە هەموو جۆرە بیروبۆچوونێکی دواکەوتووانە، دوور بێ لەو ئاڕاستە سیاسی و هزریانه‌ی کە هەموو شتێکی جیاواز لە خۆیان رەت دەکەنەوە و رەش دەکەنەوە! دوور بێ لەو لایەنانەی تەنیا ئەوەندە ئیشیان بە دیموکراسی هەیە کە وەکو بەردەبازێک پێی بچنە سەر دەسەڵات، با دکتۆر بەرهەمیش خواحافیزیی لەم کابینەیە بکا، فەرموون ئێوە ئەو جۆره‌ قەوارەیەی ئێستاتان هەڵوەشێننەوە ئینجا داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتیش بکەن!
 

ماڵپه‌ڕی فریاد حه‌سه‌ن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک