٢٨\١٠\٢٠١٢
''بارەگا'' بە
ئاوازدانەریی ئەرسەلان کامکار و بە دەنگی پەیام عەزیزی بڵاوکرایەوە.
مەنسوور جیهانی
ئەلبوومی
"بارەگا" بە ئاوازدانەریی ئەرسەلان کامکار، بە دەنگی پەیام عەزیزی و بە
شیعری شاعیرانی ناوداری کورد لە ئێران بڵاوکرایەوە.
ئەلبوومی "بارەگا" بە ئاوازدانەریی موزیکزانی ناوداری کورد و ئامێرژەنی
ڤیۆڵۆن و عوود ئەرسەلان کامکار، بە هاوکاری ئەندامانی گرووپی موزیکی
کامکاران، بە دەنگی گۆرانیبێژی لاوی کورد پەیام عەزیزی و بە شیعری
شاعیرانی ناوداری کورد، لەوانە: گۆران و مەولەوی کورد، لە لایەن دەزگای
"نووفە" لە تاران و شارە جۆراوجۆرەکانی سەرتاسەری ئێران بڵاوکرایەوە.
ئەم ئەلبوومە دوو رۆژ پێش ئێستا بە ئامادەبوونی ئەرسەلان کامکار و
پەیام عەزیزی و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و هۆگرانی موزیک و گۆرانی
کوردی لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا لە هۆڵی سەرەکی تاوەری تازەسازکراوی
میلادی تاران پەردەی لەسەر لادرا.
ئەلبوومی موزیکی "بارەگا" نۆ پارچە موزیک و گۆرانی کوردی و فارسی لە
خۆگرتووە کە موزیکزانی بەئەزموونی سنەیی ئەرسەلان کامکار ئاوازی بۆ
داناوە و دابەشکردنی موزیکی بۆ ئەنجامداوە و گۆرانیبێژی کورد پەیام
عەزیزی بە دەنگی خۆی گۆرانییەکانی چڕیوە.
"بارەگا" ئەم پارچە موزیکانەی لە خۆگرتووە: "خالًۆی رێبوار" بە شیعری
مەولەوی کورد، "هیوای ژیان" بە شیعری گۆران، "باڵی فڕین" بە شیعری
مەولەوی کورد، "بارەگا" بە شیعری مەولانا خالید نەقشبەندی و موشفیق
کاشانی، "خوانی ئاسمانی" بە شیعری مەولانا، "رازی سەر بە مۆر" بە شیعری
حافز، "ملکا" بە شیعری حەکیم سەنایی غەزنەوی، "زهی عیشق" بە شیعری
مەولانا و "مغنی" بە شیعری حافز.
هەندێک لە ئەندامانی گرووپی موزیکی کامکاران و چەندین ژەنیاری
ئۆرکسترای سەمفۆنیکی تاران لە ئەلبوومی موزیکی "بارەگا"دا ئامێریان
ژەنیوە، کە بریتین لە: ئەرسەلان کامکار ـ ئاوازدانەر، دابەشکردنی موزیک
و ژەنیاری ڤیۆڵۆن، ئاڵتۆ و عوود، ئەڕژەنگ کامکار ـ ژەنیاری زەرب،
سیاوەش کامکار ـ ژەنیاری سەنتوور، نەیریز کامکار ـ ژەنیاری تار، عەلی
جەعفەری ـ ژەنیاری ڤیۆڵۆن، پێدرام فەریووسفی ـ ژەنیاری ڤیۆڵۆن، حامی
کەریمی ـ ژەنیاری ڤیۆڵۆن، سۆهراب بەرەهمەندی ـ ژەنیاری ئاڵتۆ، خاتوو
پەریچێهر خواجە ـ ژەنیاری قانوون، هۆمایوون نەسیری ـ ژەنیاری ئامێرە
کوتراوەکان و هونەرمەندی کورد زەکەریا یووسفی ـ ژەنیاری دەف.
ئەم ئەلبوومە ئەمساڵ لە ستۆدیۆ "بێل"ی تاران بە دەنگهەڵگری ئومید
نیکبین و سیاوەش کامکار تۆمارکراوە و میکس و مەسترینگیشی لە لایەن
ئومید نیکبین لە ستۆدیۆ "بێل" ئەنجامدراوە و هەروەها خاتوو یەگانە
ئیسفەندیاری رووبەرگی سی دییەکەی دیزاین کردووە.
پەیام عەزیزی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دوو ئەلبوومی بە ناوەکانی "سەرۆکی
دڵ" بە زمانی کوردی و "هەتاوی مەستان" بە زمانەکانی کوردی، فارسی و
عەڕەبی بە هاوکاری گروپی موزیکی کامکاران بڵاوکردۆتەوە.
هەروەها ئەلبوومی "با قدسیان" بە گۆرانی ناوداری "الله مەدەد" بە
ئاوازدانەی موزیکزانی کورد جەلیل عەندەلیبی، ئەلبوومی "لەبەیک" بە
ئاوازدانەی موزیکزانی ناودار و کۆچکردووی کورد موجتەبا میرزادە و
ئەلبوومەکانی "پەیامی عاشیقان" و "مەلێکا" بە هاوکاری عەلی پەژووهێشگەر
و پاشا هەنجەنی ژەنیارانی ئۆرکسترای سەمفۆنیکی تاران بڵاوکردۆتەوە.
عەزیزی تاکوو ئێستا لە وڵاتانی جۆراوجۆری کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئاسیا
و هەروەها لە هەرێمی کوردستان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەڕەبی
کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|