په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٤

بارزانی لە عەمانە،

ئایندەی عێراق دیار دەکرێ.

سەباح تاھیر      


‌دەنگوباسی کۆبوونەوەی نھێنیی ھەیە لە عەمانی پایتەختی ئوردن لە نێوان سوننەکان بە تایبەتیی ئەنبارییەکان لەگەڵ حیزبی دەعوەی سەر بە مالکی، بەپێی چەند سەرچاوەیەک چەند سەرکردەیەکی حیزبی دەعوە بە سەرپەرشتیی تاریق نەجم بەرپرسی کاروبارە قوڕسەکانی مالیکی لەگەڵ ھەریەک لە عەلی دلێمی و حارس زاری و چەند سەرکردەیەکی سوننە بە سەرپەرشتیی ھەواڵگری ئوردنی و چاودێری خودی شا عەبدوڵا بەڕێوە چووە، تەنانەت دەنگۆی پێکھاتنیش ھەیە و بە پێی زانیارییەکان سەرۆک ھۆزی یاخی دلێمیەکان لەم رۆژانە دوای سەردانی ئوردن و بەشداری لە کۆبوونەوەکان گەڕاوەتەوە بۆ ئەنبار و فەلوجە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوەخۆی ئەنجومەنی باڵای سەربازیی کۆببێتەوە و تەواوی رێکەوتنەکەیان بۆ روون بکاتەوە، قسە ھەیە بە پێی ئەم رێکەوتنە سوننەکان شەڕی داعش بکەن و لەم ناوچەیە دووریان بکەنەوە کە ئەمە پیرۆزبایی ئەمەریکیشی ھەیە و جگە لە پێدانی پۆستی سیاسی ئەم ناوچەیە، حکومەتی عێراقی بڕی یەک تریلۆن دینار بۆ ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی ئەنبار و فەلووجە تەرخان دەکات، عەلی حاتەم دلێمی یەکێک دەبێت لەوانەی کە دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکەی دەبێت...

‌بە دوور نازانرێت ئەم گەشتە کتوپڕەی بارزانی بۆ عەمان پەیوەندیی بە ھەمان مەسەلەوە ھەبێت، چونکە پێدەچێت ئەمجارە چێشتەکە لە ناندینی ئوردن ئامادە بکرێت بۆ حکومەتی ئایندەی عێراق.

‌کاتێک کە دەوڵەتی قانون و حیزبی دەعوە سەرپەرشتیی دەکەن واتای ئەوەیە کە ئەگەری زۆرە مالکی کابینەی سێیەمی مسۆگەر بێت و ھێزە شیعەکانیتر بھاوێژنە دەرەوەی ھاوکێشەکە.

‌بە پێچەوانەی لێدوانە توندەکانی نێوان حیزبەکەی بارزانی و دەوڵەتی قانون چاودێران پێیانوایە ،ھەردوو لا گەورەترین خزمەتیان بە یەکتر کردوە بەوەی ھەردوو لا وەک پاڵەوانی نەتەوەیی لەبەردەم خەڵکی عێراق دەرکەوتوون، ھەر ئەوەشە بۆتە ھۆکاری چنینەوەی زۆرینەی دەنگی کورد لەلایەن حیزبەکەی بارزانی و ھەروەک چۆن هاوپەیمانێتییەکەی مالیکی زۆرینەی دەنگی شیعەکان و نەتەوەییەکان بەدەست ھێناوە.

‌لە ئەگەری نەرمیی نواندنی بەغدا لە دۆسیەی نەوت، بارزانی ھیچ کێشەیەکی نییە لە کابینەی سێیەمی مالکی ئەوەش بە ئاشکرا لە لێدونەکەی سەرکردەیەکی پارتی لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگی فیدرالیی بە رەتکردنەوەی کورتکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تەنھا بۆ دوو خول، سەعدون رایگەیاند ئەوان ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کابینەی سێیەم نییە بۆ مالیکی...

‌بارزانی لەم کاتەدا کە باس لە حکومەتی زۆرینەی سیاسی دەکرێت لە لایەن دەوڵەتی قانون و ئەمەریکیەکان خوازیاری حکومەتێکن پشتگیری پێکھاتەکانی عێراقی ھەبێت ھەروەک چۆن لە پەیامی پیرۆزباییەکەی ئۆباما سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکان جەختی لەسەر کردەوە.

‌جگە لەوەش ئەمەریکا پەیامی خۆی بە بارزانی گەیاندوە کە پشتگیری ناکەن بۆ ھەناردەکردنی نەوت بە بێ رەزامەندیی بەغدا ھەروەھا لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقدان. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت ئەمەریکا گوشاری خستۆتە سەر بارزانی لە رێگای ئەم پەیامانە کە تاقە رێگا لێکتێگەیشتنە لەگەڵ بەغدا و رێگای تر نییە.

‌بۆیە بارزانی رێگای عەمانی گرتەبەر و تا بتوانێت لەوێ پێگەکەی لە ئایندەی عێراق دەستەبەر بکات...

‌ئایا عەمان دەبێتە وێستگەی پێکھێنانی حکومەتی عێراقی و ئاشتی نێوان سوننە و بەغدا، ئەوە لە ئایندەیەکی نزیک دەردەکەوێت رەنگە ئەو کاتەش دوور نەبێت.

 

ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک