سەردەمێکە هێندێک رۆشنبیری بێ کار و
خۆدەرخەر پەیدا بوونە هەموو کار و
پیشەیەکیان هەر کەمپین و کەمپینکارییە..
ئەگەر هیچ کەمپینێکیان دەست نەکەوێ ئەوە
کەمپین بۆ پشتیوانیی لە کەمپینکردن ئەنجام
دەدەن! ئاخەر کەمپینکردن و ناڕەزایی
دەربڕین لە پێناو کەسانێکی لەو بابەتانە:
(نەبەز گۆران، ئاسۆس هەردی، فارووق رەفیق،
گەشە دارا حەفید، فەرهاد پیرباڵ، هودا
خەلیل و چەندینی دیکە) چ سوودێکی بۆ
میللەت هەیە؟! یان کاتێک مەلایەک لە
ململانێی بڵاوکردنەوەی کۆنەپەرستیی دینیی
لە مزگەوتێک شاپتڕێن دەکرێ، یان
رۆژنامەنووسێکی سەر بە حیزب و لایەنێک کە
لەسەر قووتی خەڵک دەژیێ و تێر شەقی دەکەن،
یان چەکدارێک ئاسایشێک کە پاسەوانیی
حیزبێک یان کۆمپانیایەک یان دەسەڵات دەکا
و لەسەر خوێنی میللەت دەژیێ و سەرکوتی
دەکەن یان مووچەکەی دەبڕن، یان و یان...
هتد، ئایا چ پێویستییەک هەیە بەرگریی لەو
جۆرە خەڵکانە بکرێ کە خۆیان شەڕخوازن و
شەڕەکەشیان لەگەڵ حیزبەکان و دەسەڵاتداران
تەنیا لە پێناو خۆدەرخستن و بەرژەوەندییە
خۆپەرستییەکانی خۆیانە و هیچ
پەیوەندییەکیان بە ئازادیی دەربڕین و
مافەکەنی خەڵکەوە نییە، ئیدی باشترە رێزێک
بۆ کەمپیکردن و ناڕەزایەتی دەڕبڕین
بگێڕینەوە و کەمپینکردن تەنیا لە پێناو
سەپاندنی ئاسایش و ماف و ئازادییەکانی
خەڵکەوە بێ و بتوانێ حیزبەکان و
دەسەڵاتداران ملکەچ بکا و چیدی کاتی خۆمان
بە ناوبژییکردن لە نێوان کەسانی خۆدەرخەر
و شەڕخواز لە لایەک و حیزبەکان و
دەسەڵاتداران لە لایەکەی دیکە بە فیڕۆ
نەدەین!
|