په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١۴\٥\٢٠١٠

بێدەنگیی سەرۆک.


شوان سدیق   


چەند رووداوێکى نەخوازراو و نامۆ روویان داوە، لە هەرێمى کورستان لە ئێستا و رابردوودا، لەلایەن دەسەڵاتەوە، هیچ روونکردنەوەیەکى لەسەر نادرێت، ئەوە خۆى بۆ خۆى دەزگاکانى پەیوەندیدار بە کاروبارى ئەمنى دەخاتە ژێر رۆشنایی پرسیارەوە و هەموو تاکێکى کۆمەڵگاش بۆی هەیە یان هەقى خۆیانە گومان لەو بێدەنگییەى دەسەڵات بکەن.


کە بۆچى لە هەرێمى کوردستان، ئەوان خۆیان بە خاوەنى ئەو پرسانە نازانن، یان روونکردنەوەى لەسەر نادەن، بۆ ئەوەى لاى خەڵکى روونببێتەوە کە حکومەتى هەرێم. حکومەتى هەموو خەڵکە و جیاوازى لە نێوان هیچ پێکهاتەو بۆ چونگەل و ئایدۆلۆژییایەک ناکات و لەپێناو بەدیهێنانى مافى خەڵک و ژیانبینى تێدەکۆشێت.


ئەم بێدەنگییەى دەسەڵاتیش بە پلە یەک سەرۆکى هەرێم لێی بەرپرسیارە و هەموومان مافى ئەوەمان هەیە داواى روونکردنەوەى لێبکەین، چونکە ئەو باڵا دەسترین دەسەڵاتە لە هەرێمى کوردستان و بە زۆرینەى دەنگى خەڵکیش بووە بە سەرۆک.


مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کە ئەمە قسەى خۆیەتى لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا، لەگەڵ دەزگا حکومییەکان، دەڵێت "من سەرۆکێکى هەڵبژێردراوى خەڵکم واتە سەرۆکى ئەو کەسانەم کە دەنگیان پێداوم هەروەها خۆیشم بە سەرۆکى ئەو کەسانەش دەزانم کە دەنگییان پێنەدوام"، ئەم وتانەى سەرۆک جێگاى دڵخۆشین بۆ خەڵکى کوردستان، بەتایبەتى چینێکى باڵا دەستى کۆمەڵگا کە ئێستا ئۆپۆزسیۆنن و نوێنەریان رەوانەى پەرلەمانى کوردستان کردووە.


بەڵام بێدەنگى سەرۆک خەڵک نیگەران دەکات، لەوەى کە تا ئێستاکە لەسەر بچوکترین پرس تا گەورەترین پرس کە کوشتنى قوتابیەکى گەنجە لە هەولێرەوە بڕفێندرێ و رەوانەى موسڵ بکرێت و لەوێوە تەرمەکەى بهێنرێتەوە بۆ ئەو جێگایەى کە سەرۆک بەرپرسییەتى. گومان لە ئەم بێدەنگییەى دەکرێت.


خۆ ئەگەر هەر ئاوا بڕوات، بێدەنگیەکەى سەرۆکى هەرێم لە ئیٍَساتدا. وەڵامى ئەوەمان دەداتەوە، کە ئەو ناتوانێت ئەو هاوسەنگییەى لە نێوان پێکهاتەکانى کۆمەڵگادا هەیە رایبگرێ و لەگەڵ خەمى خەڵکەکەى ژیان بکات.


خەڵکى کوردستان تا ئێستاکەش کوشتەى دەستى ئازارەکانى بەعسى عێراقین نەوەکانى رابردووى ئێمە هەمیشە بەو خەیاڵەوە دەژیان کە رۆژێکى ئاوا دروست بێت، سەرۆکەکەت بە کوردى قسە بکات و سەرۆکەکەت بۆ خەڵکى کوردستان فرمێسک بڕێژێت، یان لە خۆشییەکانت بەشداربێت.


سەرۆکێکت هەبێت لاى بێگانەکان ئەوانەى کە چاویان بە کوردبوونى خەڵکى کوردستان هەڵنایە شانازى پێوە بکەیت، بەڵام حەیف وا دەردەکەوێت ئەو خەونەیان نەهاتە دیی و ئەمڕۆ سەرۆک دەیەوێت خۆى بەجیا پیشان بدات!!


هەموو تاکێکى ئەم کۆمەڵگایە بۆى هەیە بپرسێت بۆچى سەرۆک بێدەنگە چونکە مەسعود بارزانى هەڵبژێردراوى خەڵکە و نابێت بە تەنیا پارتییەکان، شانازى پێوە بکەن، مافى ئەوەشیان هەیە رەخنەى توندیش لەسەرۆک بگرن، چونکە ئەگەر بە دەنگى ئەو خەڵکە نەبوایە ئەوا بەدڵنیاییەوە بارزانى هەڵنەدەبژێرا بۆ سەرۆکى هەرێم.


ئەگەر لەڕوانگەى مافى دەنگدان و خۆکاندیدکردن و هەڵبژێراو دەنگدان بڕوانین، بۆ سەرۆکی هەرێم بێت یان ئەندام پەرلەمان، ئەوا هەقە هەردوولایان بێنە ناو خەڵکى و بزانن لە ناو کۆمەڵگادا ژیان چۆن دەگوزەرێت، خەڵکیش ئەو مافەى هەیە کە بزانێت ئەوان چۆن دەژین، تاچەند ئەو کارانەى دەیکەن لە بەرژەوەندى ئەواندایە، خەڵکى کوردستان بۆشیان هەیە لە دواى گەڕانەوەى سەرۆک لەسەفەرەکانیدا دواى ئەوەى لێبکەن چەندت خەرجکردووە، ئینتاج و بەرهەمى گەشتەکەت بۆ ئێمە چی بووە لەو سەفەرەتدا، چونکە سەرۆک و پەرلەمانتاریش بە دەنگى خەڵک رۆیشتوونەتە سەر کورسى دەسەڵات و رۆژێکیش دێت، هەر بەدەنگى ئەو خەڵکە ئەوان یەکلاى دەکرێنەوە داخۆ دووبارە کورسى دەسەڵات دەبیننەوە یان لا دەبرێن.


بەڵام ئەمڕۆ خەڵک دەپرسێت بۆ سەرۆک خۆى جیادەکاتەوە لە ئێمە و نایەوێت هیچ هەڵوێستێکى وا نیشان بدات؟ کە ئاگایى لە دۆخى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابورى و ژینگە و زۆر شتى ترى کوردستان نییە، یان ئەگەر ئاگاشى لێبێت، بۆچى وەڵامى ئەو گومانانە ناداتەوە کە لاى خەڵک گەڵاڵە بوون و ئەو بێدەنگە لێیان؟!
 

هەولێر

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق