په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٢

''بەکرێگیراوی سپی'' لە فیستیڤاڵی ''سینەما حەقیقەت''ی ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێنا.


مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد تەها کەریمی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی نێودەوڵەتی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سینەما حەقیقەت"ی ئێرانی بەدەستهێنا.

بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە، فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی سینەماکاری بانەیی تەها کەریمی و لە دەرهێنانی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای ئەزموونی و دیکۆمێنتی ئێران، چەند رۆژ پێش ئێستا لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە دوو بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی و هەروەها بەشی پێشبڕکێی شەڕ لە میانەی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بڵندی دیکۆمێنتی بەشی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمە دیکۆمنێتارییەکان بەدەستبێنێت و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانەوە تەندیسی فیستیڤاڵ، لەوحەی فەخری و بڕی پارەی نەقدی پێبەخشرا.

ڕێوڕەسمی کۆتایی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سینەما حەقیقەت" بە ئامادەبوونی دکتۆر سەید محەمەد حوسێنی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، جەواد شەمەقدەری سەرۆکی رێکخراوەی سینەمایی ئێران، شەفیع ئاقامحەمەدیان بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای ئەزموونی و دیکۆمێنتی ئێران و سەرۆکی فیستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ، سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و هۆگرانی هونەری سینەما لە تەلاری وەحدەتی شاری تاران بەڕێوەچوو.

ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: تووشی فووجیوارا ـ دەرهێنەر و مونتێری سینەما لە ژاپۆن، فوئاد سوئیبا ـ رۆژنامەنووس، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە مەغریب، مارسیا گامارگۆس ـ رۆژنامەنووس، نووسەر و بەرپرسی فەرهەنگی لە برازیل، مارک هوورکا ـ بەرپرسی فیستیڤال، ئەحمەد زابێتی جەهرۆمی ـ توێژەر، دیکۆمێنتساز و مامۆستای زانکۆ لە ئێران و دکتۆر ئەحمەد ئەلەستی نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە ئێران.

فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سینەما حەقیقەت" بە بەشداری بەرهەمی سینەماکارانی سەرتاسەری ئێران و وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی، لە چەندین بەشی: دیکۆمێنتی سەربەست، دیکۆمێنتی کۆمەڵناسی، دیکۆمێنتی شەڕ، دیکۆمێنتی پۆرترێت، دیکۆمێنتی مێژوویی، دیکۆمێنتی بنەماڵە، دیکۆمێنتی دینی و ئایینی، دیکۆمێنتی ژینگە پارێزی، دیکۆمێنتی نەتەوەناسی، بەشی تایبەت و ئەستێرەی درەوشاوە و هەروەها بەشی نێودەوڵەتیی، لەوانە: دیکۆمێنتی کورت، دیکۆمێنتی نیوەبڵند و دیکۆمێنتی بڵند.

جێی ئاماژەپێدانە کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی سنە" فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە.

فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی تەها کەریمی لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" لە وڵاتی ئیمارات نمایشکرا و توانی پلەی دووەمی باشترین فیلمی دیکۆمێنتی بلًندی بەشی "خەلیج"ی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

ئەم فیلمە هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کوریتیبا"ی Curitiba برازیل لە دوو سانسی جیاوازدا لە ٣١ی مای ٢٠١٢ و ٤ی حوزەیران / یۆلیۆی ٢٠١٢ لە هۆڵی ژمارە یەکی سینەما ئۆلهەری شاری بەندەری کوریتیبای برازیل نمایشکراوە.

 


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی "بەکرێگیراوی سپی".

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک