په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١\٢٠١٥

بەڵێ بۆ کانتۆنی شنگال.

سەباح تاھیر    

 

لە دوای ئەو کارەساتەی بەسەر شنگال و ئێزیدیەکان داھات، زۆر پرسی تر سەریھەڵدا کەپێویستی بە ھەڵوێستە لەسەرکردنی جیدییە. دەیان پرسیاری بێ وەڵام پێویستی بە وەڵام ھەیە، بەڵام کەس خۆی لە قەرەی نادات.

‌گرنگترینیان بۆچی شنگال ئەو کارەساتەی بەسەرھات و ئەنجامی لیژنەکە بەکوێ گەیشت.

‌جارێ ئەوانەی دژی بیرۆکە یان پڕۆژەی کانتۆنی شنگالن، دەبێت دەنگیان زولال بێت بۆ ئەوەی بۆچی لیژنەکەی کارەسات و شکستی شنگال ھیچ سەدایەکی نییە، بۆچی بەرپرسانی ئەم شکستە ئاشکرانەکران و بەسزا نەگەیەنران.

‌ئایا شەھیدبوونی سەدان ھاوڵاتی و بەتاڵانبردنی ھەزاران کچ و ژنی ئێزدی، شایەنی ئەوە نەبوو جەنەڕالە ھەڵاتوەکانی لەسەر سزا بدرێت.

‌ئەوانەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی لانەبێت، مافی ئەوەشیان نییە خۆیان بەخاوەنی شنگال بزانن و بڕیار لەسەر چارەنوسی شنگال بدەن....

‌نازانم ئەوانە ئاگادارن کە ھەندێک لە ئێزدیەکان بیرۆکەی جدییان لادروست بوە کە گومان لەکوردبونیان دەکەن و خەریکە پڕۆژەی وەک نەتەوەی جیا خۆیان رابگەیەنن، ھەندێکیتریش بیر لە رەوی یەکجاری دەکەنەوە لە ناوچەکە!! ئەوە کارەساتەکەیە لە راستیدا، نەک بەکانتۆن بوونی شنگال و خۆبەڕێوەبردن لەلایەن خودی ئێزیدیەکانی ھاوخوێنمان.

‌سەیرە ئەوانەی تا دوێنێ پڕۆژەیان بۆ بەھەرێمکردنی شارەکان ھەبو، داوای تایبەتمەندی و دەسەڵاتی زیاتر و لامەرکەزیان دەکرد، ئەوانەی کار بۆ شتی سەیرو سەمەرە لەم ھەرێمە دەکەن ھاوڕا دژی تایبەتمەندی بن بۆ شنگال و بۆ ئێزدیەکان.

‌ئایا تایبەتمەندی رێزگرتن نییە بۆ قوربانیانی برا ئێزیدیەکانمان کە کارەساتێکیان بەسەر داھات ھیچی کەمتر نییە لە ئەنفال وھەڵەبجە. لەوەش گرنگتر لە سێبەری حوکمڕانی کوردیش گورگ خواردو کران.

‌بۆیە ئەوانەی دژی بەکانتۆن بوونی شنگالن ئەگەر راست دەکەن ، دەبێت دژی دیزەبەخۆنەکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کارەساتی شنگال بن کە پێنچ مانگە ھیچ ئەنجامی نییە... ئەگەر نا بەڵێ بۆ کانتۆنی شنگال.

 

ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک