په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەسە، با گۆمەکە بشلەقێ!


فریاد هیرانی  


ئەگەر راپەڕینی ساڵی 1991 رروداوێکی مێژووی بوو و دەسەڵاتی بەعسی داگیرکەری لە کوردستان راماڵی و بۆ یەکەم جار کورد ئازادی و نیمچە سەربەخۆییەکی بەخۆوە بینی، بەڵام هەر لە گەرمەی راپەڕین بووین دەیان دیاردەی ناشیرین و دزێو حەماسی خەڵکی ساردکردەوە، هەر لە تاڵانکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە بگرە تا ئاودیوکردنی دەیان و سەدان کارگە و ئامێرو شۆڤڵ و ئۆتۆمبێل و...هتد


ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ یەکەم جار لەساڵی 1992لە مێژووی کورد دەسکەوتێکی گرنگ و وەرچەخانێکی چۆنایەتی بوو، بەڵام دەرەنجامەکەی فیفتی فیفتیەکی هێندە خراپی لێکەوتەوە، کەبووە هۆکاری شەڕێکی ناوخۆی قوڕس و چەندین ساڵ درێژەی کێشا و بە هەزاران گەنج و مندالً وپیری ئەم میللەتەشی خەڵتانی خوێن کرد و کوردستانی بە کردەوە کردە دووپارچە!


بەڵام پێم وایە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەلەمانی کوردستان لە 25ی تەمووز تێپەڕینی قۆناغێکی گرنگە، وەرچەرخانێکی مێژووییە، بازدانێکی دیموکراسیانە و پێشکەوتووخوازانەیە، ئەگەر لە رابردوودا و بەهۆی شەڕ و ململانێ و توند و تیژییەوە وێنەیەکی خراپمان پیشانی جیهانی دەرەوە دابێت، ئەوا لەم هەڵبژاردنەی تەمووزدا دەتوانین وێنە تەلخ و ناشیرینەکان جوان بکەینەوە، وێنەیەکی بریقەداری ئازادی و دیموکراسی نیشانی دونیا بدەین .لە تەمووزی داهاتوودا پێم وایە خەڵک بە حەماسێکی گەرمتر لە گەرمی تەمووز رووەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن و بەشدارییەکی لە رادەبەدەر و چاوەڕوان نەکراو دەکەن، چونکە ململانێیەکی جدی و کێبڕکێیەکی جدی لە ئارادایە.


هەڵبژاردنی ئەمجارە لەبەر ئەوەی دەیان لیست هەیە و ململانێ لەسەر کورسی بە کورسی پەرلەمان دەکەن و، واش پێدەچێ کەشوهەوایەکی ئازاد و ژینگەیەکی ئارام هەبێ بۆ دەنگدەران، پەرلەمانی داهاتوومان دەبێتە پەرلەمانێکی ئەکتیڤ و بە هەق پەرلەمانی ئیرادەی خەڵکی کوردستان، ئەوەی لای من گرنگە چۆن وا بکرێت هەڵبژاردنەکە بە پاکی و بەبێ کێشە بەڕێوە بچێت، چونکە ئەمە زۆر لەوە گرنگترە کە کامە لیست کەمتر یان زیاتر دەهێنێ، یان لەناخی خۆمان و لە ویژدانی خۆمانەوە دەنگ بەکێ دەدەین، ئەوەی کە دەسکەوتێکی هەمە لایەنە و دەسکەوت و سەرکەوتنی هەموو لیستەکان و حزبەکانە بە هەردوو حزبی دەسەڵاتداریشەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەیە بێ گرفت و کێشە و بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد.


دوای هەژدەساڵ دەبینین گۆمی (هاوکێشەکە) بشلەقێ و لە ئەنجامی هەڵبژاردندا گۆڕان بەسەر هەرسێ دەسەڵاتی هەریم دابێت، کە باس لە شلەقانی گۆمەکە ئەکرێ مەبەست ئەوە نیە کت و مت دژی هەردوو حزبی دەسەڵاتداربێت، نەخیر شلەقانەکە تەنیا ئەوەیە دەنگی تر و رەنگی تر و ئیرادەی تریش دەچن بۆ هاوبەشەبوون لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا، کە دەڵێین گۆمەکە با بشلەقێ مانای ئەوەیە کورد قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکا بۆ راهاتن لەسەر هەڵبژاردنی ئازادانە و گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵک و گۆڕینی دەسەڵات بەشێوازی ئاشتیانە و پێشکەوتووخوازانە، نابێ ئەوەمان بیربچێتەوە لەگەڵ ئەوەی رەخنە و گلەیی و نارەزایی خەڵک زۆرە، بەڵام بەسەرکەووتوویی ئەم هەڵبژاردنە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، چەندە دەستکەوت و سەرکەوتنە بۆ لایەنی ئۆپۆزسیۆن و خەڵک، بە قەد هێندەش دەستکەوتە بۆ پارتی و یەکێتی، ئەگەر بێ کێشەی گەورە(دیارە لێرەولەوێ کێشەی بچوک هەر روودەدا) هەڵبژاردنەکە بەڕێوە بچێ، فەزڵێکی بۆ هەردوو لایەنی دەسەڵاتدار دەگەڕێتەوە، چونکە تا ئێستاش دامەزراوەکانی پێشمەرگەیی و ئەمنی و دارایی بە دەست ئەوانەوەیە، هەر ئەوانیش بەرپرس دەبن لە سەرکەوتن یان فەشەل هێنانی هەڵبژاردنەکە، بەرپرس دەبن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بە پاکی و بەبێ تەزویر و فرت و فێلڕ، هەروەها بەرپرسیش دەبن لەوەی ئەم دیاردە ناشیرین و ناشارستانیانەی تیا بکرێ، بەرپرسیاریەتی یەکەمیان دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆیان و هی دووەمیشیان خراپ لەسەریان دەکەوێتەوە!


ئەوەی لەم کورتە نووسینە ماومە بیڵێم ئەوەیە میدیا و کەناڵەکان بە تایبەتیش ئەوانەی خۆیان وەکو کەناڵی ئەهلی و ئازاد ناساندووە، نەکەونە ژێر کاریگەری ریکلام و کەفوکوڵی هەڵبژاردن، هەموو رووداوەکان چ رابردوو بێت یان ئێستا یان داهاتوو وەک خۆی بۆ خەڵک بگوازنەوە و بڕیاری لایەنگریکردن یان دەنگدان بۆ ئەم لیست یان ئەو لیست بۆ خەڵک لێگەڕێن، ئیشی رۆژنامەنووس و کەناڵەکانی راگەیاندن ئەوەیە بەرچاوی خەڵک روونبکەنەوە لە راستیەکان و، بڕیاریش بۆ هاوڵاتیان بەجێبێڵن، ئیشی رۆژنامەنووس و کەناڵەکان ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک پێشێلکارییەکی کرد و ویستی رووی هەڵبژاردنەکە ناشیرین بکا پەنجەی لەسەر دابنێن و لەسەری بکەنە هەڵا! رۆژنامەنووسان و کەناڵەکان دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە شلەقانی گۆمەکە بەبێ هیچ زەرەر و زیانێک.

 


Fhirany2009@hotmail.com