په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٢\٢٠١٦

بەسە، تاوان بەسە! بەرامبەر بە کچە ئێزیدییەکان.


جیهاد محەمەد     

 

تاونێکی قێزەونی دیکەی نامرۆییانە و ناتەندروست و نا یاسایی و نا شارستانیی بەو پەڕی بێ موراڵیی و بێ ئاکارییەوە دەرهەق بە کچ و ژنە ئێزیدیەکان لە عێراق و کوردستاندا ئەنجام دەدرێت.


ئێزیدیەکان، ئەو گروپە دینییەن، کە جیاوازن لە دینەکانی دیکە و لە سەردەمی زۆر دێرینەوە تا هەنووکە بەو پەڕی سەلامەتی و ئاشتەواییەوە لەگەڵ خوشک و برا موسڵمانەکانیادا هاوسێ و هاودەم و هاونتەوە و هاونیشتیمانی بوون، لە هیچ کات و سەردەمێکدا ئازاری کەسیان نەداوە و بۆ هیچ کەس و بۆ هیچ دینێک سەریەشەیان دروستنەکردووەـ هەڵبەت وەک دین، ئەم دینەش دینێکی دۆگمایە ـ . وەلێ بە ناوی أللە وە، بە ناوی دینی ئیسلامەوە، بە ناوی تەکفیرکردنیانەوە، تا هەنووکە ٧٤ حەفتاو چوار جار بەر شاڵاوی جینۆساید کەوتوون لەسەر دەستی خەلیفە و وەکیلەکانی خەلیفەی ئیسلامدا. دوا هێرشی دڕندانە و جینۆسایدی ئێزیدیەکان بە فەرمانی خەلیفە ئەبوبەکری بەغدادی کرایە سەریان و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو ناوچەی ئێزدیەکان داگیرکرا و بە سەدان پیاو و ژن و منداڵیان لێ کوژرا، بە سەدان کچ و ژنیشیان لێ زەوتکرا و بە ناوی (نیعمەت و غەنیمەی أللە وە) کران بە کەنیزە و لە بازاڕەکاندا بەو پەڕی سوکایەتیەوە کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکار.


ئێستا، دوای ئەو تاوانە دڕندانەیە، دوای ئەو تاوانە نامرۆییە، دوای ئەو تاوانە قێزەونە، لە جیاتی ئەوەی قەرەبووی دەروونیی و مەعنەوی و ماددی بکرێنەوە، لە جیاتی ئەوەی چارەسەری درەوونییان بۆ بکرێت، تاوانێکی دیکە لە دامودەزگا تەندروستیەکانی عێراق و کوردستاندا لە ژێر ساییە هەردوو حكومەتی مایەپوچ لە هەموو روویەکی مرۆیی و مەعنەویی و ماددیی و ئەخلاقییەوە دەرحەق بەو ژن و کچانە دەکرێت، کە بەهەر رێگەیەک بێت دەرباز بوون لە دەست دڕندەکانی داعش. لە دامودەزگا بە ناو یاسایی و تەندروستییەکانی عێراق و کوردستاندا ئەم کچ و ژنانە بە ناوی خۆ پاراستن! لە نەخۆشی ئایدز و لە لایەکی تر بە ناوی سەلماندنی تاوانی دەسترێژی بۆ سەریان، دەبرێنە ژورە تاریک و بێ مۆراڵە نامرۆییەکانەوە و بە پەنجەی دەستیان فەحسی (داخلییان) بۆ دەکەن.


لەشی مێیینەی کچە ئێزیدییە رزگاربووەکان، زۆر پاک و خاوێنترن لە پەنجەی دەستی ئەو کارمەندە تەندروستییەی، کە بە بڕیارێکی گڵاو ئەم جۆرە فەحسە ئابڕووبەرە دەکات. کچە ئێزیدیە رزگاربووەکان، زۆر شەرەفمەندترن لەو کەسانەی ئەم جۆرە بڕیارە دەردەکەن.


من وەک مرۆڤێک، وەک هاووڵاتییەکی کورد و لە نزیکەوە هەستکردن بەو تاوانە گەورەیەیی کە بەرامبەر بە ئێزیدیەکان کراوە و دەکرێت، وەک خەمخۆرێێک و دژایەتیکردنم بەرامبەر بە هەموو کارێکی ناڕەوا و نامرۆییانە و پاکتاوکردنی هەرچ کەس و گروپ و نەتەوەیەک، چەند جیاواز بن لەگەڵم، چەند دووربن لێمەوە، دەنگم هەڵدەبڕم و پر بە دەنگم هاوار دەکەم، تاوانەکانتان بوەستێنن. بوەستن چیتر تاوان مەکەن. پەنجەی دەستت بخرە چاڵی چاوی بڕیادرەکەوە. پەنجەت لەو شوێنە پاکیزیە ڕامەدە. پەنجەت با هەڕەشە بکات لەوەی موچەکەت دەبڕێت، لەوانەی نانی منداڵەکانت دەدەزن. راوەستە و ئیستێک بکە و بیرێک لە مێیینەی دایکت و خوشکەکانت و هاوسەرەکەت و کچەکانت بکەرەوە. ورد بیربکەرەوە! تۆ مرۆڤیت و مرۆڤ شایستەی رێز و شکۆمەندییە، مرۆڤ شایستەی تاوان نییە.

 
داواکارم لە هەموو ئەوانەی لە بەرەی ئازادیخوازیدان، لە بەرەی پێکەوە ژیاندان، لە بەرەی تۆلێرانس و لێبوردەییدان، لە بەرەیی مرۆڤ و مرۆڤدۆستیی و بە مرۆڤبووندان، دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە بەرامبەر بەم تاوانە نا شارستانیی و نا مرۆیی و نا کۆمەڵایەتیی و نا یاساییەی بەرامبەر بە کچە ئێزیدیەکان دەکرێت.

 
٣١/١/٢٠١٦ - کوردستان
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک