په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٤\٢٠١٦

بەرھەمی کچێکی کۆبانێ بەشداریی لە فیستیڤاڵی فیلمی "ھات داکس"ی کەنەدا دەکا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتاریی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بەشداریی لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ھات داکس" لە کەنەدا دەکات.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی سینەماکاری ١٤ ساڵەی کورد "رۆناھی عێزەالدین" لە شاری کۆبانێ لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی ٨ ئێپیزۆدیی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن کۆمپانیای فیلمی ھۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەبێتەوە؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و لە یەکەمین نمایش لە ئەمەریکای باکوور لە سێ سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ٣ و ٥ و ٧ی مایسی ٢٠١٦ لە بەشی "کورتە فیلمەکان"ی بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ھات داکس" Hلە وڵاتی کەنەدا نمایش دەکرێت.


ئەم فیستیڤاڵە کە بە گەورەترین فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەمەریکای باکوو دێتەئەژمار، بیست و سێیەمین خولی بە بەشداریی ٢٣٢ فیلمی دیکۆمێنتاریی لە دەرھێنانی سینەماکارانی ٥١ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان و فیلمە بڵیندەکان و ھەروەھا نمایشی تایبەت لە ڕۆژانی ٢٨ی ئەپرێل تاکوو ٨ی مایی ٢٠١٦ لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەدەچێت.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "فیلمی ئێمە باشترە" بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ کۆمەڵە فیلمی ٨ ئێپیزۆدیی "ژیان لەسەر سنوور" کە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" نمایشکرا و توانی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی ئەم فیستیڤاڵە سەربەخۆ سینەماییە بەدەستبێنێت و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی ئەمەریکییەوە بە دروشمی "تێگەیشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم"ەوە، خەڵاتی "زنجیرەی زێڕین"ی سینەما بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شنگال پێشکەشکرا.


ئەم فیستیڤاڵە، بە نمایشی ٦٥ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان و چەندین بەشی لاوەکی لەوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ سینەماکارانی بانگھێشتکراو، کردنەوەی پانێلی ئاخاوتن و ھەروەھا وتووێژ سەبارەت بە ھونەریی سینەما لە ڕۆژانی ٨ تا ١٤ی نیسانی ٢٠١٦ لە شاری کەنار ئاوی تیبۆڕن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاریی پتر:

http://boxoffice.hotdocs.ca/WebSales/pages/info.aspx?evtinfo=50756~edeed7b8-5598-4ac6-994a-ca71bc407bc4&epguid=1982376d-17a7-4bb4-9959-f38bb053d10d&

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک