په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٢

 بەیاننامەى دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان.

 


دواى پێداگیرى و هەوڵى نەپساوەمان بۆ دابینکردنى ماف و پاداشتى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان و هاوتاکردنیان بە هەمان مافى زیندانییە سیاسییەکانى عێراق کە لە یاساى ژمارى - ٤ - دا فەراهەم کراوە ، توانیمان لەگەڵ تەواوى دەزگاپەیوەندیدارەکانى پەرلەمان و حکومەت و حیزب و میدایاکان کێشەى زیندانییان بورووژێنین و مافەکانیان بکەینە ئەمرى واقیعى دانپێدانراو و بەیاساییکردنى دەسکەوتەکانیان لە پەرلەمانى کوردستان بەرجەستە بکەین ، هەرچەندە ( کۆمکارى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان ) نامەسئولانە لەمپەریان لەبەردەم هەوڵ و کۆششەکانمان قووت دەکردەوە بۆ لەباربردنى خواستى زیندانییانى سیاسى کە ئێستاش بە هەمان هەناسەوە ڕەفتار دەکەن و بێشەرمانە دەیانەوێ دەسکەوتە وەدیهاتووەکان بکەن بە موڵکى خۆیان و لە پەناشیدا پڕوپاگەندەى ژەهراوى دەرهەق بە دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکانى کوردستان بڵاو دەکەنەوە ، بەڵام ئەمە نەک ساردمان ناکاتەوە بەڵکو هانمان دەدات زیاتر هەوڵ و کۆششەکانمان چڕتر بکەینەوە بۆ جێبەجێکردنى تەواوى ئەو وردەکارییانەى لە یاساکەى پەرلەمانى عێراقیدا بۆ زیندانییان هاتۆتە دى و هەموو ئەو پاداشتانەى پشتگوێ خراون بۆ زیندانییانى سیاسى کوردستانیش بەرقەرار بکرێ و مافە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە و ڕێگە بگرین لە بەزیندانیکردنى ئەوانەش کە لەسەر کێشەى لابەلا گیراون و ئێستا بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت ، لە مووچە و پاداشتى زیندانییانى سیاسییان وەکو بەخششى حیزبیى سوودمەندن .

لێرەوە داوا لە قارەمانانى بەر پەتى سێدارە و ژوورە تاریک و نوتەکەکانى ئەشکەنجە و تۆقێنەرانى جەلادەکانى بەعس دەکەین لە هەمبەر ناشەرعییەتى کۆمکارى حیزبیى بوەستنەوە و چیتر ڕێگە نەدەن نوێنەرى حیزبیى خۆسەپێن بە ناشەرعى گەمە بە چارەنووسى کۆمکارى زیندانییانەوە بکەن ، پێویستە فشار بکەین بۆ ئەوەى لە کۆنگرەیەکى ئاشکرادا زیندانییان خۆیان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنى نوێنەرەکانیان و زیندوو کردنەوەى دەزگایەکى کاراى شەرعیى کە ڕاستگۆیانە بە پیر داواى زیندانییانى سیاسییەوە بچێت و پارێزگارى لە هەڵوێست و کەسایەتى مەعنەوییان بکات بە دوور لە چەواشەکارى و دووفاقێتى و چاوبەستەکى کردن ، بۆ ئەوەى کەسایەتى زیندانییانى سیاسى کە مێژوو گەواهیدەرى قوربانییەکانیانە بەرز ڕابگیرێ و ڕێزى تایبەتییان لێبنرێ و داکۆکى لە ڕۆژانى پڕسەروەرییان بکرێ و پاداشتەکانیان بە بێکەموکوڕى فەراهەم بکرێ و بەرخودانەکانیان تێکەڵ بە ساختەکاریى شاهید و شاهیدکارى نەکرێ و لیستەکانیان لە کەسانى ناشایستە و نامۆ پاڵفتە بکرێ و بوار نەدرێ پشکى بەعسیبەزێن تێکەڵ بە بەعسیپەرست بکرێ ، دەبێ هەرچى زووترە ( بەڕێوەبەرایەتى زیندانییانى سیاسى ) نەبێتە پردى پەڕینەوەى هەلپەرستان و سازشکاران بۆ گەییشتن بە مەرامى تایبەت و دەسدرێژیکردنە سەر ماف و داخوازییەکانى زیندانییانى سیاسى کوردستان .

ئێمە لێرەدا دوپاتى دەکەینەوە کە پشکى شێرى ئەم بارودۆخە پڕئازادییەى ئێستاى کوردستان بەرهەمى خەبات و کۆڵنەدانى زیندانییانى سیاسیى کوردستانە و دەبێ بە هەمان شێوە و دوور لە حیزباندن وێڕاى تەرخانکردنى بودجەى تایبەت لە داهاتى نیشتمانى بۆیان لە هەمان کاتدا میدالیاى شەرەف لە بەرۆکیان بدرێ و لە تەواوى دەزگا فەرمییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا کارئاسانییان بۆ بکرێ و قەرەبوى ئازارە دەرونییەکانیان بکرێتەوە کە لەسەر دەستى بکوژانى بەعس لە ڕابردوودا دووچارى هاتوون.

نا بۆ بەدەسکەلاکردنى دەزگاکانى زیندانییانى سیاسى.
بەلێ بۆ بنبڕکردنى گەندەڵى و نادادپەروەریى.

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک