په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٦

بزووتنەوەی دژی جەنگ کوێی مارکسیستییە؟!
- چەند قسەیەک لەگەڵ سامان کەریم -

حەمە غەفور     

وەلانانی مارکسیزم.


ڕووکەشکارییەکانی سامان کەریم لە ووتاری " ئەم جەنگە پێویستە بوەستێت! " سەبارەت جەنگی سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و مەوداکانی و چۆنێتی هەڵسوکەت لەگەڵیدا بەڕادەیەک نامارکسیستی و پادەرهەوایە، تەنانەت دەستوپێی خۆشی وونکردووە تیایدا. ئەو کە ئەندامی مەکتەب سیاسی حزبێکی کۆمۆنیستی کرێکارییە، مارکسیزمی خستۆتەلاوە و ئارەزوومەندانە دەستیداوەتە تیوری داتاشین‌ بۆ پاساودانی هەڵوێستی پاسیفیستی حزبەکەی سەبارەت جەنگی موسڵ کە بە ڕاگەیاندنی ڕەسمی هاتووەو داوادەکات دەبێت دەستبەجێ ڕاوەستێت. تایتڵی بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق سەبارەت جەنگی موسڵ؛ "الحملة العسكرية على الموصل حرب اقطاب رجعية،يجب ايقافها فورا". بۆیە وەکو دەرئەنجامی تەنگژەی ئایدیۆلۆژی و ناچاریەکی سیاسیش سەری لە ناو پۆپۆلیزمێکی ناپەیوەست‌ و ناکاریگەری دژی جەنگییەوە دەرهێناوە. سامان کەریم بەڕێخستنی بزووتنەوەی دژی جەنگ لە جیهاندا بە سیاسەتی مارکسیستی قۆناغەکە دادەنێت و ڕادەگەیەنێت شۆڕشی کرێکاری لە کەناڵی هەمان سیاسەتەوە تێپەڕدەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە چکۆلەترین جموجووڵ بە دژی جەنگی موسڵ بەدیناکرێت و جیهان لە چاوەڕوانییەکی تاکتیکی دروستدا قەراری گرتووە، تا وەکو ئاکامی وەرچەرخانی دۆستایەتی دەوڵەتی ئەمریکای بەکاربەری بۆمی ئەتۆمی و ڕۆژئاوا بۆ دوژمنایەتی لەگەڵ هارترین هێزی ئیسلامی سیاسی، واتە داعش لە شاری موسڵ گورزی سەربازی نابودی بکات و هیچ نەبێت ئینسانییەت لە موسڵ هەناسەیەک بکێشێت دوور لە دۆزەخی داعش! سامان کەریم و حزبەکەشی لە پێنج ساڵ‌و حەوت مانگی ڕابردوودا هەرگیز سیاسەتێکی دروستی مارکسیستیان نەگرتەبەر دژی شەڕی سوریاو دواتر دژی داعش لە عێراق، بۆیە نەشیانتوانی بەرەنگارییەکی ئەگەر چکۆلەش بێت، بەڵام کاریگەر و لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە شکڵپێبدەن، ئەمڕۆ ئەمری واقع بەکردەوە پاڵی پێوە ناون بۆ نێو هەڵوێستگیرییەکی ئانارکۆ- پاسیفیستی ناچارن باسی بزووتنەوەی دژی جەنگ بهێننەئاراوە بۆ پاساودانی پاسیفیزمەکەیان.

بادانەوەی ڕێبوار ئەحمەد.


بێگومان هەڵوێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و شەخسی ڕێبوار ئەحمەدیش وەکو تیوریسازی ئەو حزبە لە ناوەرۆکدا کت و مت هەمان هەڵوێستگیری و هەمان پاسیفیزم و هەمان کاردانەوەی دژی جەنگی پێڕەودەکەن کە سامان کەریم و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق گرتوویانە. ئەگەرچی لێرەو لەوێ باسی جۆرێک جیاوازی لە هەڵوێست و بیروڕای هەردوو حزب هێنراوەتە ئاراوە. من پێموایە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم جیاوازییە، دەرئەنجامی ڕەخنەی ئێمە بەشێک لە کادرانی کۆمۆنیزمی کرێکارییە کە ئاراستەی هەڵوێستگیریی ڕێبوار ئەحمەدو حزبەکانمان کرد. ئەو ڕەخنەیە ڕێبوار ئەحمەدی ناچارکرد بە جۆرێک بادانەوە لە هەڵوێستگیرییەکەی، لە ووتاری پەیوەست بە وەڵامدانەوەی حەمید تەقواییدا ١٨٠ پلە جیاواز لە ووتاری پێشووتری قسەدەکات. بەڵام بەداخەوە لەمەشدا دیسانەوە بەدوور لە پڕەنسیپەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مارکسیزم، کە لێیان دەخوازێت ڕاشکاوانەو بێ ترس لەبەر دەم حزبەکە و کادرانی و کۆمەڵگاشدا دان بە سیاسەت یاخود هەڵوێستی هەڵەی خۆیاندا بنێن، ڕێبوار ئەحمەد خەریکە بە خشکەیی و لە دەریچەی ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستە پۆپۆلیستییەکانی حەمید تەقواییەوە ئەم دەرفەتەش لەباردەبات کە بۆ ڕابەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هاتۆتەپێش تا بگەڕێتەوە بۆ مارکسیزم و هەڵویستگیرییەکی دروست و سەرڕاست بەرانبەر جەنگی موسڵ بگرێت. ئومێدەوارم ڕابەرایەتی ئەو حزبەو کادران‌و ئەندامانی ڕێگانەدەن ئەم خۆدزینەوەیەی ڕێبوار بەسەریدا تێپەڕێت و هەڵوێستی دروست بە ڕاگەیاندنی تازە لەبارەی جەنگەوە بگرێت. وە دەرگا بۆ کارو هەڵسوڕانی کۆمۆنیستیی خۆی زیاتر واڵابکات بەمەبەستی یەکخستنی هێزی کرێکارو چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەش. ئەمە خۆی لە خۆیدا دەستێکی نەجاتە درێژکراوە بۆ ڕابەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان تا لە نێو هەڵوێستگیری پاسیفیستی و گرتنەبەری ڕێگای پۆپۆلیزمێکی دژی جەنگی دەریانکێشێت. کۆمۆنیزمی مارکس بانگێشتتان دەکات توند ئەم دەستی نەجاتە بگرن.

تیوریزەکردنی پاسیفیزم.


سامان کەریم لە زمانی بۆرژواییەوە باسی جەنگ دەکات و تێکەڵ و پێکەڵێک لە تیوری چەپێکی دژی ئیمپریالی‌و دژی جەنگی ئەخاتە جێگای مارکسیزم‌و سیاسەتی حزبی لێ دەردەکێشێت. ئەو جەنگ دەبینێت و بە دژی جەنگیش هەڵوێست دەگرێت. کاری بەسەر هێزە بنەمایی و بابەتییەکانی ئەو بارودۆخەوە نییە کە جەنگی کردۆتە زەرورەت‌و ئیمکانییەتی ئەنجامدانی جەنگیشی ڕەخساندووە. هەرچەند سامان باسی کاریگەرییەکانی ماسمیدیای کردووە بۆ لەخشتەبردن‌و ئەندازیاری کردنی ڕای گشتی، بەڵام خۆشی کەوتۆتە ژێر شەپۆلی هەمان کاریگەریی میدیای جیهانییەوە و سەتحی پێشهاتەکانی جەنگەکە زیاتر نابینێت و هەر لەوێشدا سیاسەت‌و هەڵوێستگیری خۆی بەرانبەر بە جەنگەکە دەردەکێشێت. با پێکەوە سەرنجی ئەم بڕگەیە لە ووتارەکەی بدەین: "سیاسەتێک ئەمرؤ دەتوانێت وەڵام بە خواستی ملیارەها خەلک بداتەوە لە ئاستی جیهانیدا کە بەر بەم نەزیفی خوێن و کاولکاریی و نائەمنیەتە بگرێت. سیاسەتی مارکسستی لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە: ” پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت”. بۆ هێزێکی کۆمۆنیست و مارکسیست شۆرشی کرێکاری لەم قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا لەم کەناڵەوە دەگوزەرێت. تاکتیکی کۆمۆنیستی لەم قۆناغەدا لەم ڕێگایەوە جێبەجێدەبیت." (هێڵی تەئکید هی منە).

باشە، گریمان لایەنەکانی شەڕەکە لە ترسی بەڕێکەوتنی بزووتنەوەی دژی شەڕی پێشنیازکراوی سامان کەریم هاتن ‌و ئاگربەستی پایداریان ڕاگەیاند و دواتر ڕێکەوتنی کۆتایی جەنگیشیان مۆرکرد و هێزەکان کشانەوە و شەڕ کۆتاییهات. دوای ئەوە سامان کەریم دەتوانێت پێمانبڵێت شۆڕشە کرێکارییەکەی چۆن و لە کوێوە دەستپێدەکات؟! ئایا وەکو "بزووتنەوە جیهانییە دژی جەنگییەکەی" شۆڕشە کرێکارییەکەشی هەر جیهانی دەبێت؟! یاخود خەیاڵپڵاوی بەئاکامگەییشتنی بزووتنەوەی دژی جەنگ ڕەنگبێت کەڵکەڵەی واش لە هزری کەسانێکدا بەرهەمبێنێت، کە بەڵێ سوڵح و سەفای دوای ئەم جەنگە جیهانییە فرەجەمسەرە، ئیدی خەباتی چینایەتی شتێکی زیادە دێتەپێش چاو، وە شۆڕشی کرێکاری‌ و سۆشیالیستی توندوتیژی دێنێتەوە مەیدان؟! یاخود ئایا دەکرێت لێرەدا کۆتایی مێژوو بێت و ژیان ڕاوەستێت؟! بێگومان نەخێر! کەواتە کوێی ئەم سیاسەتە مارکسیستییە؟! ؟! مەگەر بەرزکردنەوەی دروشمی ڕاگرتنی جەنگ ڕازیبوون نییە بە وەزعی ئێستاو تەسلیمبوون ناگەیەنێت بە ئەمری واقع؟! لە کاتێکدا مەسەلەی ئەسڵی‌و سەرەکی کۆمۆنیستەکان، وەکو مارکس و ئەنگڵس، لە ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی‌و لە باسی پەیوەست بە فویرباخ دەنووسن: "بۆ ماتەریالیزمی پراتیک (هێڵی تەئکیدی بەژێر پراتیکدا هێناوە) واقع(ئەسڵ) بریتیە لە مەسەلەی شۆڕشکردن بەسەر جیهانی مەوجوددا، یاخود بە واتای هێرشبردن‌و گۆڕینی ئەوەی کە هەیە" نییە؟! لێرەدا مارکس سەبارەت بەمەی کە چ شتێک ئەخەینە جێگای ئەو هیچ شتێک ناڵێت. ئەو دەڵێت بۆ ماتەریالیستێکی پراتیک وە بۆ کۆمۆنیستێک مەسەلەی ئەسڵی هێرشبردن‌و گۆڕینی ئەو شتەیە کە هەیە، واتە جیهانی مەوجود. لەم خاڵە ڕۆشنتر ئەم پاراگرافەی دیکەی ئایدیۆلۆژی ئەڵمانییە: "بۆ ئێمە کۆمۆنیزم کۆمەڵێک حوکمی دیاریکراو نییە کە دەبێت بەرقەرارببن، ئایدیاڵێک نییە کە دەبێت واقع خۆی لەگەڵی تەتبیق بدات، ئێمە کۆمۆنیزم بەو جووڵانەوە واقعییە دائەنێین کە دەیەوێت بارودۆخی مەوجود بگۆڕێت. هەلومەرجی ئەم جووڵانەوەیە لە بارودۆخی ئێستاوە، لە بنەماکانی کۆمەڵگای مەوجودەوە سەرچاوەدەگرێت". هێڵی تەئکید هی منە.

سەرئەنجام نەک بەرپاکردنی بزووتنەوەی دژی شەڕ، ئەویش نەک لەو ووڵاتانەی جەنگیان تێدایە، لەویش خراپتر نەک تەنها لە ووڵاتانی ڕۆژئاوایی‌و ئەوروپا، بەڵکو گرتنەپێشی تاکتیکی مارکسیست-لینینیست بەرانبەر بە جەنگ، کە بریتییە لە تێکۆشانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ هێنانەمەیدانی هێزی چینی کرێکارو بزووتنەوەی دژی جەنگی هەر ووڵاتێک دژی دەسەڵاتی بۆرژوای کۆمەڵگای خۆیان، وە گۆڕینی جەنگی سەرمایەداران بە جەنگ دژی دەسەڵاتی بۆرژوازی ووڵاتی خۆیان، تاکتیکی دروستی لینین بوو لە جەنگی جیهانی یەکەمدا. بۆچی ناکرێت هەمان هەڵویست بە گۆڕانکاری پێویست بۆ سەردەمی ئێستا بگیرێتەپێش سەبارەت جەنگی سوریاو ناوچەکە. بۆ نابێت کۆمۆنیزمی کرێکاری پەرچەمی ئەم هەڵویستگیرییە مارکسیستییە بەرزکاتەوەو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری و چەپی کوردستان و عێراق و ناوچەکەو جیهانیش لە قەیرانی نەبوونی تاکتیکی بەلشەفیکییانەو لینینیانە ڕزگاربکات؟!

ئەو کەسانەی خۆشخەیاڵن بەوەی دەکرێت وە ئیمکانی هەیە جیهان لە هاوسەنگییەکی موتڵەقدا بگیرسێتەوە، بێگومان نەک هەر مارکسیست نین، بگرە لەڕیزی ووشکهەڵاتووترین ئایینەکانیشدا دەگمەنن کە باوەڕیان بە هێزێکی خودایی هەیە! کەواتە بۆ مارکسیستێک‌ و کۆمۆنیستێکی کرێکاری بابەتی کار و خەبات بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی جیهانی ئێمە هەر لەم ساتەوەختەیدا نەک دواتر، دروست سیاسەتی مارکسیستییە! سۆشیالیزم‌ وەڵامی پرۆلیتاریای کۆمۆنیستە بە جیهانی سەرمایەداری. خەباتی چینی کرێکار، کۆمۆنیزمی چینی کرێکار یەک ساتیش لە ڕاوەستان نایەت، تەنانەت لە ناو سەختترین جەنگە جیهانییەکانیشدا کۆمۆنیزم‌و سۆشیالیزم هیواو ئومێدو بەدیلی ملیۆن ملیۆن ئینسانی کارگەرو ڕەنجدەرو بەرهەمهێنەرە. بەمپێیە ژیانی کۆمەڵگای چینایەتی لە گشت هەلومەرجێکدا، لە شەڕو لە سەقامگیرییدا، پێداویستی‌و زەرورەتی کۆمۆنیزم‌و سۆشیالیزمی کرێکاری تەواوکەری ئەسڵیی بەرهەمهاتنی مێژووە. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بە پێچەوانەی تێڕوانینی سامان کەریم کە پێیوایە جەنگ و ململانێی نێوان ئەمریکاو ڕووسیا مێژوو دروستدەکات، لە بناغەوە مێژووی تائێستای مرۆڤایەتی خۆی بریتی بووە لە کارو خەبات و تێکۆشانی دەستەجەمعی ئینسان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باڵاتر و شاییستەترو ئینسانیتر. واتە ململانێی چینایەتی بناغەی مێژووە. سۆشیالیزم هەم وەکو ئەڵتەرناتڤێکی کرێکاری دژی جەنگ، هەم بەواتای پەرچەم و ڕێبازی هەڵوەشانەوەی سیستەمی کاری بەکرێ‌ و خاوەندارێتی تایبەتی، وە ڕزگاربوونی ئینسانەکان لە کۆت‌و بەندی دەسەڵاتی بازاڕو ئاڵووێرو تەقسیمکار لە ڕێگای بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە بە ڕابەرایەتی چینی کرێکار، دەتوانێت کۆتایی بە کۆیلەتی کاری بەکرێ‌ و خاوەندارێتی تایبەتی و ناکۆکی و بوحرانەکانی سەرمایەداری بهێنێت.

زەرورەتی جەنگ.


هەمووان دەزانن ئەم جەنگەی دەیبینین سەربەخۆ لە ئێمەو ئیرادەی چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش بەرپاکراوەو سەرەتا درێژکراوەی تەدەخولی سەربازی ئەمریکا بوو بۆ دەرپەراندنی سوپای ڕژێمی سەددام لە کوێت. ئەڵقەی دواتریشی پەلاماری سەربازی ئەمریکا بوو بە دوای ١١ی سێپتێمبەردا بۆ لێدانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان و دواتریش بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس. جەنگی ئێستاش لە بنەڕەتەوە درێژەو زادەی ناکۆکییە دەروونییەکانی سیستەمی سەرمایەدارییەو بە دیاریکراوی و سەرەتا بۆ چارەسەری بوحرانێکی ئابووری بوو کە قوتبی سەرمایەداری دەوڵەتی تووشی هات. ئامانج و ستڕاتیژی خۆی هەیە، وە بڕیارە وەڵام بە پێویستی و بەرژەوەندی سەرمایەی مۆنۆپۆڵی‌ و ئیمپریالیزمی جیهانی بداتەوە لە ناوجەرگەی ووڵاتانی زۆنی هێزی کاری هەرزاندا، واتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. جیهانی ئێمە دوای جەنگی سارد ئێستاشی لەسەر بێت ناجێگیرو ناهاوسەنگەو هێشتا لەنگەری نەگرتووە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم جەنگ‌ و پێکدادانەی دەیبینین لەپێناو بەدەستهێنانی باڵانسێکە تیایدا سیستەمی بەرهەمهێنانی ئابووری سەرمایەداری بۆ ماوەی درێژخایەن مەترسی شۆڕشی کرێکاری‌و چەپ و سۆشیالیزم دوور خرابێتەوە، زەمینەی چەوسانەی وەحشیانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان سازو ئامادە کرابێت. تەنانەت ڕژێمگەل و دەسەڵاتێکی گوێڕایەڵی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ڕۆژئاواو تازەکیش ڕوسیاو چین، بێنەسەر کار کە هەلومەرجی ئیستسماری دڕندانەی چینی کرێکار لە ووڵاتانی ژێردەستەی ئیمپریالیزمدا دابین بکات‌، وە سەرلەنوێ‌و بەردەوام ئەو هەلومەرجە بەرهەم و بەرهەمبێنێتەوە وەکو ڕوکنێکی حەرەکەی سەرمایەداری، لەپیناو سودو قازانجی سەرمەیەو کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەدا.


توندتر بوونەوەی جەنگ و پێکدادانەکانی سوریاو ناوچەکە، ئاکامی ئەو ستڕاتیژە دژی ئینسانییەیە کە پێیدەوترێت جەنگی وەکالەت، وە تیایدا هەردوو تەرەفی ئەسڵی جەنگەکە، یانی ئەمریکاو ڕوسیاو هاوپەیمانەکانیان هەردووکیان، لەپشتی دەوڵەتە ئیسلامییەکانی ناوچەکەو گرووپ و دەستەو تاقمە ئیسلامییە هەوسارپچڕاوەکانی چەشنی داعش و نوسرەو بۆکوحەرام ڕاوەستاون و دەیانەوێت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێک بخرێتە ئیختیاری ئەو بەشەی قوتبی ئیسلامی سیاسییەوە، کە هەم تەئمینی لێدانی توند لە بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ و کۆمۆنیزم و دوورخستنەوەی بتوانێت بکات، هەم تەسلیمی هەژموونی ئیمپریالیانەی ئەوان بن. ئەمە ئامانجێکی بێئەندازە کۆنەپەرستانەو وەحشیانەی سەرمایەیە بۆیە جیهانی شارستانی هەم لە ئاستی ناوچەکەو هەم لە ئاستی جیهاندا پەسەندی ناکات و ئەوانیش بە زەبرو زەنگ و بەرپاکردنی زنجیرەی بێ بڕانەوەی جەنگ و ئاوارەیی و کارەسات و پەرەوەردەکردنی دارودەستەی خوێنڕێژی چەشنی داعش خەریکن ئەیسەپێنن بەسەر مرۆڤایەتیدا.

چینی کرێکار لە کوێیە؟!


لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی ووتارەکەی سامان کەریم بگەڕێیت یەک دوو جار "ووشەی کرێکار" دەبینیت. جارێکیان لێرەدایە: "پشتگیری هەر بزوتنەوەو ناڕەزایەتیەکی جەماوەری و کڕیکاری لە پێناو مافە سیاسی و ئابوریەکاندا ئەگەر هاتە بەرەوە". ئەمە خۆی لەلایەک هێمایە بۆ کاڵبوونەوەی پێگەی چینی کرێکار لە نەهجی پاسیفیستیانەی سامان کەریم و حزبیشدا، هەروەها ئاماژەیەکیشە بۆ ماڵئاوایی لە مارکسیزم. پاشان ئەگەر لەم پەرەگرافەی تری ووتارەکەی ووردبینەوە؛ " لەنێوان سیستەمی تاکڕەوانەی داڕووخاوی ئەمریکاو بنیات نانی سیسستەمێکی جیهانی چەند قوتبیدا قۆناغێک هەیە کە قۆناغێکی ڕاگوزەرە، قۆناغی ئێستا. ئەم قۆناغە واتە سیستەمی پێشوو ئاوا نەبوەو ڕازی نیە بەوەی لە ئێستادا ئاوابێت و بچێتە ناو تاریکایی مێژوەوە، لە هەمانکاتدا جیهانی چەند قوتبی وەکو جیهانێک کە جێگای ڕێکەوتنی گشت زلهێزەکان بێت تا ئێستا فەراهەم نەبوە. بەم پێ یە لەم قۆناغەدا ‌هیچ دیاردەو دەستورو یاساو بڕیارێکی جیهانی کە لەسایەی نەتەوەیەکگرتوەکان و مەجلیسی ئاسایشەوە بڕیاری لەسەر دراوە… بە پێی لۆجیکی ئەم ڕێکخراوە جیهانیانە ناچێتە پیشەوە. ئەم ڕیکخراوە جیهانیانە خۆیان لە ژێر پرسیاردان و ئالوگۆڕی گەورەیان بەسەردادێت. بەمانایەکی دیکە بورژوایی گەورەی دونیا نەگەیشتۆتە ئاستێک لە ڕیکەوتن ودابەشکردنی بەشەکانیان لە ئاستی جیهانیدا. جا بەجەنگی ڕاستەوخۆ بیت یان بە دانوسان و جەنگە ناراستەوخۆکانی ئێستا "، دەبینین باسی قۆناغێکی مێژوویی دەکات کە تیایدا چینی کرێکار وەکو هێزێکی گەورەی سیاسی‌و ماددی‌و کۆمەڵایەتی کە نەک هەر ڕۆڵی سەرەکی‌و چارەنوسسازی هەیە بەگوێرەی پێگەی لە سیستەمی بەرهەمهێنان‌دا، بگرە یاریکەرێکی هەرە بنەڕەتیشە لە داڕشتنی جێگاپێیەکانی مێژووی ئەم کۆمەڵگایەو ئەم سەردەمەو ئاییندەش، وێنانەکراوەو دوورو نزیک باس لە جێگاو ڕێگای واقعی‌ و ڕۆڵ‌و کاریگەرییەکانیشی بەسەر ووردو درشتی قانونمەندی‌و میکانیزمەکانی پێشەوەچوونی کۆمەڵگاو ژیانی شارستانییەوە نەکراوەو فەرامۆشکراوە. نەبینینی چینی کرێکار وەکو ڕۆحی مێژوو و هێزی ئەسڵیی گۆڕانکارییەکان لە کۆمەڵدا، هەڵەیەک نییەو تێپەڕیبێت بەسەر سامان کەریمدا، بەڵکو کاڵبوونەوەو بێبایەخبوونی ئەم چینەیە لە نێو دیدگاو ڕێبازی سیاسی‌و جیهانبینی ئەودا. هەر ئەم دوورکەوتنەوەیەش لە چینی کرێکارو دەورو نەخشی وەکو سەرچەشمەی شۆڕش‌و شۆڕشگێڕێتییە، کە سامان کەریم‌ و حزبەکەشی تووشی تەنگژەو قەیرانی سیاسی‌و ئایدیۆلۆژی کردووەو فڕێداونەتە نێو باوەشی ئانارکۆ- پاسیفیزمێکی تەواو عەیارەوە. سەرباری ئیدیعاکانی لە بارەی کۆمۆنیزم‌و سۆشیالیزمەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بەکردەوە خەریکە پایەی کۆمەڵایەتی خۆی جێدەهێڵێ‌، وە ئەگەر هەروا پێداگرێت لەسەر خەتی سیاسی‌ و هەڵوێستگیرییەکانی تائیستای سەبارەت جەنگی موسڵ‌و جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوین، نەگەڕێتەوە بۆ بنەماکان و پڕەنسیپەکانی مارکسیزم، چارەنووس و ئاییندەی ئەم حزبە ڕووەو هەڵدێر ملدەنێت.


٢٧\١٠\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک