په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بۆچی پەسەندکردنی دەستوور ڕەتبکەینەوە؟

   
عەلی مەحموود محەمەد


هەرایەک لە ئارایە بۆ ڕەتکردنەوەی پەسەندکردنی دەستوور لە لایەن پارلەمانەوە،بە بیانووی ئەوەی تەمەنی پارلەمان بەسەر چووە و مافی ئەوەی نییە دەستوور پەسەند بکات.


دەسەڵاتی کوردی 18 ساڵە فەڕمانڕەوایی کوردستانە کات بە بێ دەستوور ،ئێستا دنیای لێهاتۆتە یەک و دەیەوێت لە ماوەی 18 ڕۆژی داهاتووی تەمەنی ئەم خولەی پارلەماندا دەستوور پەسەند بکات،وەک ئەوەی نەتوانێت نەفەس بدات بێ دەستوور،پڕۆژەی دەستورەکەش چەندین ساڵە قسە و باسی لەسەرە کرێت،ئەوەندە بە دیارییەوە دانیشتن ئاوی چاومان داهات و هەر نەهات و لە دایک نەبوو تا هەموو لە بیرمان چووەوە.


هەفتەی ڕابردوو 25 پارلەمانتاری بەڕێز لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتی پارلەمان داوایانکرد ،دەستوور پەسەند نەکرێت لەم خولەی پارلەماندا ،دیارە هەموو ئەم لایەن و بەڕێزانە لە خاڵێکدا هاوبەشن ئەویش ئەوەیە دەستوور پەسەند نەکرێت،وەلێ پێمان ناڵێن بۆچی پەسەند نەکرێت؟،ئەو بڕگە و فەقەرە و خاڵانە چین لەناو دەستوورەکەدا خراپن ؟،ئایا هەموو لایەکیان تەبان لەسەر هەڵوێست وەرگرتن لە بارەی بڕگە و خاڵ و دیباجەی دەستوورەوە بۆیەوە پێکەوە ئەم کەمپینە بەڕێوە دەبەن؟،یاخود هەر یەکەیان لە ئاراستەیەکەوە ڕەتی دەکەنەوە و بۆ خۆشیان تەبا نین لە نێوان خۆیان لەسەر داڕشتنەوەی ناوەڕۆکی دەستوورەکە لە دوای ڕەتکردنەوە،تەباییان تەنها لەسەر ڕەتکردنەوەیەتی نەک داڕشتنەوە،وەک بینیمان لە کاتی گفتوگۆکان بە دوو ئاراستە عەلمانی و ئیسلامی ڕەخنە بەڕێخرا و کەمپین سازکرا بۆ هەمووار کردنی پڕۆژەکە.


هیوادارین نەیارانی پەسەندکردنی دەستوور بچنە ناو وردە کارییەکانەوە، بەرچاومان ڕۆشن بکەنەوە لە بارەی ناوەڕۆکی دەستووری ئاماژە پێدراو ئەو خاڵانەش دیاریبکەن ئەوان ڕەتی دەکەنەوەو ئالتەرناتیفەکانیشیان دیاریبکەن؟.


هەرچەندە دەسەڵات بە نیازە پاش پەسەندکردنی بیخاتە بەردەم جەماوەر بۆ دەنگ لەسەردانی،ئەمەیان کایەکە بەرینتر دەکاتەوە و تۆپەکە دەخاتە ناو گۆڕەپانی جەماوەرەوە،دیارە ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراسییە وەلێ بۆ دەنگدان لەسەر دەستوور کە خەڵک هوشیاری یاساییان لاوازە سەرکەوتوو نییە،بگرە زۆرجار دژ بە قازانجی پێشکەوتنخوازیش کۆتایی دێت .


گرنگ ئەوەیە ئاگادار بین کە ئەم دەستوورە ڕەتە کرێتەوە ،کام دەستوور و چۆن دەستوورێکمان بۆ کوردستا دەوێت؟،من بۆخۆم هەواداری دەستوورێکی عەلمانیم مافی مرۆڤ و ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسی و یەکسانی مرۆڤەکان مسۆگەر بکات لە کۆمەڵگەی کوردستان،ئەگەر هێزەکانی ڕەتکەرەوە گرنتیمان دەدنێ داکۆکی لەم پرنسیبانە بکەن ئەوا بژی بەرەی ڕەتکەرەوانی دەستوور.