٣٠\٥\٢٠١٢ بۆ ئەنفالکراوان فرمێسک دەبارێنن و بۆ ئەنفالچییانیش پۆست و پارە.
مەگەر دوڕوویى بە قەدەر درۆزنیى ئازارم بدا
، تەنهاپاساو بۆ درۆزن خوێندنەوەى بابەتێکى زانستییانەى ساڵانى
هەشتاکانمە لە گۆڤارێکدا بەرچاوم کەوت کە بەم شێوەیە باسى لە = درۆزن -
دەکرد : هەندێ خانەى مێشک لە مرۆڤدا هەن بە هەڵکشانى تەمەن گەشە دەکەن
و ئەرکیشیان دەگۆڕێت ، ئەو خانانە لە منداڵیدا سەرقاڵى چنینەوەى شتى
خەیاڵى و دوور لە واقیعى و نزیک لە درۆن ، منداڵان بۆ سەرنجڕاکێشان و
بە نیازى خۆیان فریودانى دەروربەرەکەیان هان دەدا و قسەى بێسەرەوبەرە و
هەڕەمەکى دەهۆننەوە ، بۆ نمونە : منداڵێک پێى بە سکلێتەر و ئستۆپى
سەیارەکەى باوکى ڕاناگات کەچى باسى لێخوڕین و تیژڕۆیى دەکات و
پاڵەوانێتى خۆى بۆ دەورەبەرەکەى دەگێڕێتەوە کە سەرى بۆ دەلەقێندرێ وا
دەزانێ بڕواى پێدەکەن ، ئەمە خەونى ئایندەیەتى و پێشوەخت دەیکاتە
بابەتى ڕۆژ ، بۆ ئەوەى ڕوشکێن نەکرێ بە ناچارى سەرى بۆ دەلەقێندرێ ،
ئەم خوو - درۆ - یە بە تێپەڕبونى ڕۆژگار و گەشەسەندنى
خانەکان هێدیهێدى ئەرک و ڕۆڵیان دەگۆڕێ ، بەڵام لە هەندێ منداڵدا ئەو
خانانە سستن وەیان گەشەیان دەوەستێ و بە گەورەییش خووەکە لە منداڵەکەدا
دەمێنێتەوە و لە ئاکامدا بە گەورەییش بە هەمان نەزمى جاران خەیاڵەکان
دەهۆنێتەوە و بۆ خەڵکیى دەریدەبڕێ ، بەڵام ئەگەر ئەوە بۆ منداڵ ئاسایى
بێ ئەوا بۆ گەورە دەبێتە پەڵەیەکى نەنگى و نازناوى - درۆزن -
بە خاوەنەکەیەوە دەلکێنێ ، بۆ نمونە : ناسیاوێکم هەیە بۆ هەر قسەیەکى
بۆ ئەوەى بڕواى پێبکەین لە جیاتى سێبەسێ بە هەشتهەزار تەڵاق سوێند
دەخوات ، لەم ماوەیەى ڕابردودا هەشتهەزار تەڵاقى فڕێدا و وتى : ئەم
هەفتەیە هەلیکۆپتەرێک و شەش ئۆتۆمبیلى وەنەوەشە دەکڕم و خانویەکى شەش
نهۆمى دروست دەکەم بە مەرجێک نهۆمى شەشەمى بزێو و خولاوە بێ و بە
چواردەورى خۆیدا بخولێتەوە و لە سەربانەکەشیدا چیمەن و گوڵزار دەڕوێنم
و ئێواران تیایدا دادەنیشم و دەخۆمەوە و بە دوربین تەماشاى ناو
فڕۆکەخانە دەکەم و دیقەت لە تاکەتاکى ئەو کەسانە دەدەم کە دەچنە ناو
فڕۆکەوە و بزانم کامیان ناسیاومن ... ئەمەو لە پێش ئەم قسانەیدا بە
دووى سەدهەزار دینارى قەرز عەوداڵ بوو ، بڕیاریشى وا دەدا کە لە سێ
مانگدا خانووەکە تەواو بکات و بۆ تەواو کردنى پرۆژە درۆیینەکەى پرسیارى
خانووى کرێى دەکرد کە گوایە لە سێ مانگدا مەیسەرى دەکا ، خانویەکیان
بۆى دۆزییەوە مانگانە بە سێسەدوپەنجا هەزار دینار بەڵام لەو هەموو
توانا مادییەى بۆ پرۆژەکە دەریدەبڕى کرێخانووەکەى پێ زۆر بوو و داواى
دەکرد بۆى بکرێتە سێسەد هەزار دینار ، منیش بڕیارم دا کرێکەى هەرچەندێک
بێت گرفت نیە بیگرمە ئەستۆى خۆم و پارەکەى بۆ بدەم کە دەیکردە ملیۆنێک
و پەنجا هەزار دینار ، بەهەرحاڵ ئەمە مشتێکە لە خەرمانى درۆزنە
ناسیاوەکەم .
|