په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٧\٢٠١١

 چاکسازیی و بڕوانامەى ساختە.


هەردى شەفیق    


نوکە من سەرم لەوە دەئاوسێت هەرکات بتەوێ حەقیقەت بڵێی، ئەوا کۆمەڵێک (قبوڵ خاس) و خاوەن بڕوانامەى ساختەو ئەوانەى هەنێک جاریش لەبرى قۆپیە و مامۆستا، دەفتەرى تایبەتیان بۆ دەبردنە ژورى تاقیکردنەوەوە، لێت دێنە هەڵ و ئەویش لەبەر ئەوەى نەکا خوانەخواستە ڕۆژێک لەڕۆژن میلى ئەم کاتژمێرەى گەندەڵى بەلاى حەقیقەتا بسوڕێ و دووشەش لەدەستیاندا بتۆپێت و موچەکانیان بکەوێتە ژێر هەڕەشەوە. خوا هەڵناگرێت ئەشێت هەندێکیشان لارەمل هەرگیز ئەو چاکەیەى حیزب لەیاد نەکەن فڕێی داونەتە جێگاى قوتابیەک، ئیتر هەر لەنەبوونى پارەو کرێ پاس و خواردنەوەى قوڕاوى بەلوعاى داخلى و خواردنى نانوچاى شیرن و ڕاکردن بەدواى موخەسەسات و شەونحونى بەدیار کتێب و سەعیکردن و نەبوونى کارباو ئاوو پرتەپرتى چراو سەرماو گەرماى هاوینەوە ڕەنجى فەرهادیان کێشاوە. ئەوە نازونونوکى کوڕەبەرپرسان و تەپۆتۆزى سەیارەى جامڕەش و ئەو هەموو بەنازپەروەردەییەى ئەوان لەسەر سامانى خەڵک و ڕێکخراوە خوێنکارىوقوتابیەکان و مامۆستاو تەنانەت زانکۆش بەدیارچاویانەوە بابووەستێت. ئەنجا بیهێنە بەرچاوىخۆت بێن و کەسێک لەشوێنەکەى تۆدا دابنێن، یا ئەو شوێنەى کەقەرارە وەک بەرى ڕەنجو ماندووبوونى بدرێت بەکەسێک، وەک دەرەبەگێکى ڕەنجخۆر بەتۆى ببەنخشن! تۆش لەبرى ئەوەى لەویژدانى خۆتا تەریق بیتەوە لەبەردەمى ئەو گەنجەدا سەرى دایکوباوکى بەدەستیەوە سپیبوو تاخوێندنى تەواوکرد ئێستا ئەو ئەچێت بۆ حەماڵى و کرێکارى، بێیت و شەڕى ئەوانمان لەگەڵا بکەیت و جارجارەش منەتى ئەوەمان بەسەرابکەیت جەنابتان خزمەتکارى ئەم ئەزموونە جوانخاسەن و ئێمەو مانانیش دەستێکى دەرکى وەکو مەیموون ئەمانخاتە سەما، نەوەک ئەوەى لەناخەوە هەلاهەلا بووبین!

ئەو ساتەیش ئەم حکومەتە بڕیارى چاکسازیی ئەدات من چەندێک بۆ بەدبەختى ئەو هەموو بەدبەختیەى لەم وڵاتەدا ڕوئەدات گریانم دێت لەم فیرعەونئاوایەدا، بەپارەی خۆت، بەڕەنجى خۆت ئەتکوژن، ئەوەندەش پێکەنینم بەپرۆژە چاکسازیەکانى حوکومەت و سەرۆک دێت، چەنێکیش پێکەنینم بەوانەدێت ئەوەندەش گریان بۆ حکومەتێک بەئەقڵى خەڵکەکەى پێئەکەنێت، ئاخر لەتەواوى دنیادا برین بەمەرهەم چارەسەر ئەکرێت بەڵام ئەم حکومەتە هەزەلیە برین بەبرین تیمار ئەکات!! ئاخر گەلۆ ئێوە سەیرى کەن کێشەى خەڵک بەزیادکردنى چەند هەزار موچە خۆرێکى حیزبى چارەسەر ئەکرێت یان قوڵتر ئەبێتەوە؟؟ سەیرى ئەو هەموو خاوەن بڕوانامە ساختەو بێ بڕوانامەیە بکەن لەفەرمانگەکانا دایان مەزراندوون و حیزبی بوونیان لەبڕوانامە گرنگترە! ئاخر تۆ کەدوو وەزارەتت بەناوى خوێندنى باڵاو پەروەردەوە هەبێت دامەزراندن بەپێى (ئەوەلیات) نەبوون لەپاىچى؟ بەپێى گرنگى بڕوانانە نەبوون لەپاى چى؟ ئاخر ئەوە جێگاى پێکەنین و هەم گریانیش نیە کەسانێکى موفتەخۆر بخەیتە شوێنى ئەو گەنجە قوڕبەسەرەى جواناوى دەردا هەتا بوو بەخاوەنى بڕوانامەیەک؟ تۆ بڵێى کارێکى ئەوەندە قورس بێت ناوى هەموو فەرمان بەران بنێریتەوە بەردەمى ئەو دوو وەزارەتەو بە بڕوانامەکانیاندا بچیتەوە؟ تۆبڵێى پارەى مانگێکى پۆلیسى خۆ پیشاندانەکانى تێبچێت؟ یا ئەوەتا بەبڕوانامەى ساختەوە، بەخەڵکێکى بێ بڕوانامەوە ئەیانەوێت بارى لاسەنگى حیزبەکانیان هاوسەنگ بکەنەوەو ئەوەندەى تر ژیانى خەڵک وێرانبکەن؟ تۆبڵێى گەنجانى زانکۆکان بۆگەشت و گوزار هاتبێتنە سەرشەقام، یا وەک ئەوەى من شەوێک لەگەڵ قوتابیانى زانکۆدا گوفتوگۆم کرد زۆریان هەر لەسەرەتاوە پێیان وابوو بڕوانامەکانیان بایەخى پولێکى قەڵبى نیە؟ سەعیکردنیان چى لەژیانى ئەوان ئەگۆڕێت کاتێک یارۆى حیزبى بەپاڵ دەرئەچێنن و بەبڕوانامەى ساختە، یا ئەسڵەن بەبێ بڕوانامە دایان ئەمەزرێنن؟ خۆ ئەگەر حکومەتیش بەڕاستى ئەیەوێت خاوەنى پرۆژەکانى چاکسازیی بێت و خەڵک پێکەنینى پێى نەیەت، ئەوا بابەشێک لەو کەسانەى دایان ناون ڕاپۆرت لەسەر ڕۆژنامەنوسان بنوسن، ئەوا بابچن بەدواى بڕوانامەى حیزبیەکان و قبوڵخاسەکانیانا بگەڕێن و بەدواى کێشەگەلێکى ترى لەمشێوەدا بچن و ئەوکات ئیتر باسى چاکسازیش بکەن شتێکى پێکەنیهێنەر نیە، ئەگەر ئەیانەوێت چاکسازیی بکەن ئەوا باکێشەکان بنبڕبکەن نەوک دایبپۆشن، با کێشەکان چارەسەربکەن نەوەک پینەدۆزى بکەن. خۆ ئەگەر لەکاتێکدا باسى چاکسازیی ئەکەن و بەبڕوانامەى ساختەوە سەرقاڵى دامەزراندنن ئەبێت لەو حەقیقەتە تێبگەن مامۆسایەکى بێ بڕوانامە تواناى نوسینى داڕشتنێکى نیە چ ئایندەیەک بۆئەم وڵاتە ئەهێنت؟ بەدیوێکى تردا ئەبێت چاوەڕوانى چ وێرانیەکى لێبەکەین کاتێک بەسەر قوتابخانەیەکیدا ئەهێنێت؟! کاتێک باسى دورخستنەوەى دەستى حیزب ئەکەن لەحکومەت و کەسێک لەوانەى زۆرترین هێرشى کردووەتە سەرخەڵک و خۆپیشاندەران ئەیکەن بە بەرپرسى ئیدارەیەک قەرارە بیکەن بەپارێزگا، ئاخۆ چ جیاکاریەک لەنێوان حیزبیەک و ناحیزبیەک، حیزبەکەى خۆیی و ئەپۆزیسیۆندا بکا؟

بۆیە بەبڕواى من چاکسازیی ئەم حکومەتە لە داپۆشینى ئەو گانگرینە کوشندە و ترسناکە ئەچێت لەجەستەى مرۆڤێکدا دەرئەکەوێ  و ناچێتە لاى پزیشک و بە دواى نوشتەنووسێکدا ئەگەڕێ، بۆیە من بەدەست خۆم نییه‌ بە چاکسازیی ئەم حکومەتە و حیزبەکانى و سەرۆکەکانى ختوکەم دێ و لەگەڵ ختوکەشدا ئازار لە هەناوەوە خەریکە دەمخوات. ئیتر ئاوایە حیکایەتى چاکسازیی لەم خەمئابادە، ئا ئاوایە نایەکسانى لەم فیرعەونئاوایە.


ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک