٢٠\٤\٢٠١١
خەتەنەکردنى
مێینە.
ناڵه عهبدولڕهحمان
- بهشی
سێیهم -
کارى مەیدانى:
بە پێویستى دەزانم،
گۆشەى ئەم چارشهمهیه تەرخان بکەم بۆ چەند نموونەیەک و هەندێک لایەنى
کارى مەیدانى لێکۆڵینەوەکە.
- لە پارکە بچووکە میللیەکەى نزیک ماڵمانەوە،
ئێوارەیەک منداڵەکانم بۆ یارى بردن*.
ژنێکم ناسى لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو، لە هەردوو لاوە پرسیار دروست بوون،
چەند منداڵت هەیە و پۆلى چەندن و چ کارەى؟ ئیدى من واتێگەیشتم ژنى ماڵە
چونکە بە راست ئەو جلانەى پۆشیبوو و شێوازى
قسەکردنیشى هەر لە ژنى ماڵ دەچوو، منداڵەکانیشى زۆر و بێژمار بوون، بە
چەند جارێک دووبارە ژماردنەوە، بۆم ڕوون بۆوه کە شهش منداڵى وردیلەى
یەک بەدواى وەک زنجیرە هەن، ئەمە زێدەتر دڵنیاى کردمەوە ژنى ماڵەوە بێ
گوتى: سندان لە شووکردن بدا بەس ئەرک و ماندووبوون و منداڵ
پەروەردەکردنە.. من کە بیرۆکەى ئەم لیکۆڵینەوەیەشم لە مێشکدانەبوو،
بەڵام لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەمبیست خەتەنەکردن ساردوسڕیی و ئازار و
سەرئێشە بۆ ژن دروست دەکا، بۆیە زۆر بە ترس و لە هەمانکاتدا بە
فزولیەتێکەوە پرسیم: ئەگەر شەرم نەبێ تخوا بشمبوورە ئەو پرسیارە
بێشەرمانەیە دەکەم بەس بزانم ئەوەى گوێبیستى بووم ڕاستە؟ گوتى: چیە؟
وتم: ئاخر هەڵە تێمەگە بمبوورە بە پچڕپچڕیێکەوە، پرسیارەکەم درکاند
ترسام قسەى ناشایستەم پێبڵێ: بێزەحمەت جەنابت سوننەت کراویت؟ گوتى ئا..
ئا.. بەڵێ. گوتم بۆیە وا ناڕەزایى لە شوکردن دەردەبڕى، گوتى بۆ خۆ ئەو
کارە تەنها بۆ پیاوان چێژى هەیە بۆ ژنان هەر دەرد و ژان و خۆشوشتنێکى
بەلاشە، ئەى هەر وا نیە؟ منیش سەرم سوڕمابوو، ویستم ئەوە بڵێم: نا وا
نییە مەسەلەکان پەیوەندیی بە خەتەنەکردنەوە هەیە پێویستە پیاوەکەت
موراعاتت بکا، ئەو نەیهێشت قسەکانم بکەم رووى بە خەمبارییکهوە
وەرگێڕاو منداڵەکانى بانگ کرد و بابەتەکەى گۆڕى ئاوڕێکى دایەوە، چ
کارەى؟ گوتم فەرمانبەرم.. گوتى منیش مامۆستام، و پیاوەکەشم بەڕێوەبەرى
قوتابخانەکەیە بەم شێوەیە من هیچم بۆ نەگوترا... هەڵسام ڕۆیشتم بە دەم
ڕێکردنەوە ئاخم هەڵدەکێشا.. گریمان هەردووکیان لەو گەرەکە میللیە
نەوەیەک پەروەردە دەکەن، خۆیان هیچ لە بارەى ژیانەوە نازانن، تەنانەت
مێردەکەشى کە بەڕێوەبەرى قەتابخانەیەکە نەیتوانیوە ئەوەندە ساڵەى
پێکەوەبوون، لە کاتى سەرجێدا، لە حاڵى ژنەکەى بپرسێ کە تا ئەوکات شەش
منداڵیان هەبوو، لە ناخەوە گریام و دوو منداڵەکەم سوارى تۆمبێلەکە کرد
و ڕۆیشتم...
- یان ڕۆژێکیان پەلەم کرد و لە ژنێکى فەرمانبەرى میری تازە هاوکارم
پرسیارکرد، ئەرێ دەڵێن ژنى کۆن هەموو خەتەنەدەکران، تۆ خەتەنەکراوى؟
وەڵامەکەى تا رادەیەک بەسەر خۆمى شکاندەوە بەوەى گوتى: جا من چوزانم من
منداڵ بووم و قەتیش ئەم جۆرە پرسیارانەم لە دایک و خوشکەکانم نەکردووە،
بەمەوە داخێکى دیکەى گەورە لە ناخمدا دروست بۆوه، دیارە ژنێک لەو
تەمەندابێ کە لە ساڵى ههفتاکانەوە لە فهرمانبهر بێ و بێتە دەرەوە و
بگەڕێ و ڕۆژانە وەک فەرمانبەرێکى کارا، کارى دەیەها خەڵک بەڕێوەدەبا،
تا ئێستا نەشارەزایە لە جەستەى خودى خۆى؟ یان ئەمە خۆدزینەوەیەکە لە
ڕاستەوخۆ گوزارەکردن لەوەى کە ئەویش سەردەمانێک هەر وەک زۆربەى ژنانى
دى بە بێ ویستى تەواوى خۆى ئەتک کراوە.
- د.سهلیم ئهلعهوا)، لە لێکۆڵینەوەکەیدا قیتکە یا میتکەى کۆرپەلە
تەواو بە هاوتاى ئەندامى نێرینەى پیاوە دادەنێ**.کەچى
سەیرە بەم شێوە نامرۆڤانەیە هەمووى دەبڕدرێ...، لە راستییدا لەبەر
گرنگیى بابەتەکە و گرنگیى زانیارییەکە کە ڕەنگبێ تا رادهیەکیش بە لاى
خەڵکەوە نوێ بێ، ویستم لە پهرتووکهکان دەرچم و تاوێک لە کارى
مەیدانیشدا لەم ڕاستییە بکۆڵمەوە...، بۆیە لە چەند پرسیارێکى ناو
چاوپێکەوتنێکى ڕاستەوخۆى مەیدانیدا توانیم دووپات لەسەر دروستیى و
زانستیى سەرچاوەکان بکەمەوە...
- د. عادل حوسێن، پسپۆڕى بوارى تەندروستى(sex)ى،
دووپاتی کردەوە کە. قیتکە یا میتکە، هاوتاى ئەندامى نێرینەى پیاوە نەک
تەنها لە کۆرپەلەدا، بەڵکو لە کاتى لەدایکبوونى کۆرپەلە تا تەمەنى
باڵقبوون و پێگەیشتن و بگرە بە درێژایی ژیانیش***.
بڕینى ئەم ئەندامە بەشێکى یان هەمووى، بۆیە بەمجۆرە کاریگەریى نهرێنیی
دەبێ بەسەر ژیانى کۆمەڵایەتى و تەندروستیى و دەروونیى ژنە
خەتەنەکراوەکەوە، بەوەى وەک لە پێشەوەتر ئاماژەمان پێدا: ساردوسڕىی
دەخاتە ناو پرۆسەى جوتبوونى ژن و مێرد و بگرە نەگەیشتنە حاڵەتى ئۆرگازم،
وەک لە نموونەى روونى چاوپێکەوتنەکەى ژنە
مامۆستاکەى ناو پارکە میللیەکەوە بە تەواوىی هەستى پێدەکرێ...، یان بە
ئەستەم گەیشتنە حاڵەتى ئۆرگازم ئەمەش بە هۆى ڕۆشنبیریی سێکسیى زۆرى
پیاوەکەوە دەستهبەر دەبێ، ئیدى بەم چەشنە ژن لە مافێکى زۆر ئاسایى خۆى
بێبەش دەبێ...
- هەر بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەى باسەکەمان، لە سەرچاوەى سێکسیى مێینە
پرسیارمان کرد، کە ئایا بە بڕین ئەو بەشەى کە بابەتى خەتەنەکردنەکەیە
لە ئەندامى زاوزێى مێینە، شتێ لە بابەتى ئاڵووشى بوون کەمدەکاتەوە؟ یان
پێگەى چەمکى پابەندبوون بە بەهاى ڕەوشتییەوە جێگیر و توندتر دەکا؟
دیارە دکتۆرى پسپۆڕ وەڵامى داینەوە کە بە هەمان شێوە. سەرچاوەى
ورووژانى سێکسیى ژنیش هەروەک پیاو لە مێشک و عەقڵیدایە کەواتە ژنیش
هەروەک پیاو دەتوانێ کۆنتڕۆڵى حەز و ئارەزووەکانى خۆى بکا****.
ئەمەى سەرەوە شتێکى نادروستەو هیچ ئەسڵ و بنەمایەکى زانستیى نییە.
باشە ئەى کەوایە، هۆى چیە زۆربەى هەرە زۆرى کۆمەڵگهکانى ڕۆژهەڵاتى
ناوەڕاست لە سەردەمى گڵۆبالیزمیشدا، نایانەوێ واز لەم کلتوورە
ناشارستانییە بێنن و بگرە بەوپەڕى شانازییەوەش بەردەوامن لە هەتککردنى
مێینە؟!...
- بۆ دەسکەوتنى هەندێ لایەنى ئەم پرسیارە، شارەزایانى بوارى شەریعەتم
دواندووە...
- ئایا هیچ دەقێکى ئاسمانى هەیە لەم بارەیەوە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ
ئاماژە بە ڕێگەپێدانى ئەم دیاردەیە و چۆنێتى بەڕێوەچوونى ئەم پرۆسەیە
بدا؟
- د. بەشیر خەلیل حەداد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و دکتۆرا لە
زانستە شەرعیەکان، ئاماژەى بەوەدا: وەک ئەوەى پەیامبەرى ئیسلام ئاماژەى
پێداوە ئاساییە مێینە خەتەنە بکرێ بەو شێوەیەى کە زۆرى لێ نەبڕدرێ، نەک
بەو شێوەیەى کە زەرەر و زیان بگەیەنێ*****.
بۆیە لە ئەنجامى ووردبونەوەمان لە دەقى فەتواکەى وەزارەتى ئەوقافى
حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆمان دەردەکەوێ کە: ڕاى دکتۆر ڕێک هەر وەک
هەڵوێستى فەتواکەى وەزارەتى ناوبراو وایە. بە گرێدانى مەرج ئاساییە
مێینە خەتەنە بکرێن******. لە
مەرجەکانیش بێگومان: دەکرێ بە ڕەزامەندىی (وەلى ئەمر) هەبێ، یان ئەگەر
کچەکە گەورە بوو واتە باڵق بوو دەوەستێتە سەر ڕەزامەندىی کچەکە خۆى،
یان لە حاڵەتى ناشیرینى و کەموکوڕییەک لە ئەندامى زاوزێى مێینەکە یان
بە هۆى زۆر درێژبوونەوە و شۆڕیى قیتکە. گوایە بە هۆى ئەم ئەتککردنەوە
جوانى بۆ ئەندامى زاوزێى مێینەکە دەگەڕێنرێتەوە و مێردەکەى پێ ڕازى
دەکرێ. لەمەوە دەردەکەوێ ژن وەک ئامرازێک بۆ خزمەتى پیاو بەکاردەبرێ و
بۆ ئەم مەبەستەش بێ ویستى خۆى ئەتک دەکرێ.
پرسیار ئەوەیە: ئایا هیچ مێینەیەک ئەگەر خاوەنى ئیرادەى تەواوى خۆى بێ،
ڕازى دەبێ ئاوا ئەتک بکرێ و لەخزمەتى ڕەگەزەکەى دیکەیدا بقۆسترێتەوە؟
بێگومان نەخێر. بۆیە به پێى ئامارەکان دەرکەوتووە کە منداڵنى مێینە
خوار تەمەنى باڵقیى، ئەم کردارەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێ لەبەر چەند
بیانوویەک، لەوانەى کە زۆر باون و زۆر گوێبیستى بووین:
- کچانى ناباڵق(منداڵ) گۆشتیان ناسک و خاوێنترە وەک لە باڵقبووان، بۆیە
وا پێویستە لە نێوان ئەم تەمەنەدا خەتەنەبکرێن، تا هەرچى زووە
برینەکەیان ساڕێژبێتەوە.
- گوایە دەسەڵات بەسەریاندا زوو ئەشکێ و ناتوانێ لە قسەى
سەرپەرشتیارانى (ولى امر) دەرچێ.
- گوایە کە گەورەبوو بیرى دەچێتەوە و ئەم ترسەى بیر نامێنێ، بە
پێچەوانەوە ئەگەر بە پێوەرە زانستیەکە وەریبگرین ترسى تەمەنى منداڵیى
بنەمایەکى پتەوترى دەبێ و کاریگەرییشى لە دوارۆژى خەتەنەکراوەکە مهترسیدارتر
دەبێ. باشە دەپرسین : ئەگەر کچەکە ڕەزامەندىی نەبێ؟
ئایا دەکرێ سەرپەرشتیار یاخود کەسوکارى قوربانییەکە، بە زۆرەملێ
خەتەنەى بکەن؟ لێرەدا بە گوێرەى ئەم ڕایەى سەرەوە وەڵامێکى
یەکلاکەرەوەى ئەوتۆمان دەست ناکەوێ. یان پرسیارى گرنگتر ئەوەیە کە بۆ
خوێنەرانى جێدەهێڵین: کۆمەڵگهى کوردى بە گشتى و خێزانى کورد بە
تایبەتى تا چ رادەیەک ملکەچى بڕیارى ڕەزامەندیی خودى مێینەیە؟ بە
تایبەت لەو مەسەلانەى کە ڕاستەوخۆ پەیوەندىی بە چارەنووسى مێینەکەوە
هەیە، کە بە داخەوە هەمیشە خێزان وا تێگەیەنراوە، ڕێک چارەنووسى خودى
مێینە پەیوەستە بە مەسەلەکانى شەرەفمەندێتیەوە.
بەهەرحاڵ لەمەوە دەردەکەوێ، کە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ وەزارەتى ئەوقاف
خەتەنەکردنى بە ئەرک(واجب) داناوە*******.
ئەمەش پاساوێکى گەورە دەبێ بۆ کۆمەڵگهیەکى پیاوسالار کە بە شێوەیەکى
بەربڵاو لە پرۆسەى ئەتککردنى مێینە نەوەستێ... بفەرموون لەگەڵ دەقى
فەتواکە:
ڕاى بەڕێز مەغدید کەریم، وتارخوێنى مزگەوتى (حاجى بەکر زێڕینگر)
و ماستەر لە بوارى زانستە شەرعیەکان و قوتابى دکتۆرا، دەربارەى
فەتواکەى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، لە بارەى خەتەنەکردنى
مێینە گوتى: دەبووا کردارى خەتەنەکردن مەرجداریش نەکرابا، بەڵکو
هەریەکجارى و ڕاستەخۆ قەدەغە بکربووایە، بە هۆى کەوتنەوەى ئەو هەموو
کارەساتە لێیەوە، چونکە ئەو راى وایە دین
خۆى لە بنەڕەتەوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان نەک زیادکردنیان هاتووە.********
- هەر لە بارەى بە ئەرک(واجب)دانانى خەتەنەکردنى مێینە لە لایەن
زانایانى ئاینیى و فەتواکەى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، گوتى:
لاى (شافعى) بۆ پیاو و ژن واجبە، لاى (فوقههای حهنبهلی و ئهحمهدی):
(سنە للرجال و مکرمە للنساء)ە، بەڵام دەبینین ئەحکامى شەرعى بریتین لە:
(واجب، مستحب(سنە) مندوب، مکروه، حرام، حلال) حوکمێکمان نییە لە ژێر
ناوى (مکرمە)، کەواتە واجب نییە بۆ ژن خەتەنە بکرێ.*********
__________________________________________
*
هاوینى 2010، هەولێر.
**
(د.محمد سلیم العوا).
***
(د.عادل حسین)، پسپۆڕى بوارى تەندروستى(sex)، چاوپێکەوتن،
2010، هەولێر.
****
فەتواى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینیى،
www.zanayan.org
*****
هەمان سەرچاوە.
******
د. بەشیر خەلیل حەداد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و دکتۆرا لە زانستە
شەرعیەکان، چاوپێکەوتن، 2010، هەولێر.
*******
بڕوانە خاڵى چوارەمى رروونکردنەوەکەى
وەزارەتى ئەوقاف لە بارەى فەتواى خەتەنەکردنى مێینە.
********
بەڕێز مەغدید کەریم، وتارخوێنى مزگەوتى (حاجى
بەکر زێڕینگر) و ماستەر لە بوارى زانستە
شەرعیەکان و قوتابى دکتۆرا، تیڤى قەڵات، بەرنامەى ڕووگە،
2010.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|