په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٦\٢٠١١

نامەکانى سەرابقزى.

ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- بەشى یه‌که‌م -

 

ئەو کە تەنێ رۆژەکى مابوو ژبۆ بەبووکى گواستنەوەى، بانگێشتى چاخواردنەوەیەکى عەسرانى کردم، جگەرەیەکى داگیرساند و دایەدەستم کە دەیزانى من جگەرەکێش نیم داواى لێکردم تەنێ قومێکى سەرچڵى لە جگەرەکەى بدەم و بە جۆرەکى دى تامى ژیان بکەم... منیش دڵیم نەشکاند...

کۆخەیەکى زۆرى بێ تامى یەک بە دواى یەکم کردن... رێک لە کۆخینى یەکەمجارى جگەرە کێشانى بە نهێنیی منداڵییم دەچوو دەناو کانتۆڕى چەرەزاتى مێوانان بە دزیی داک و بابمەوە...، داکم کە هاتە ژۆرێ، یەک دووجار بۆنى بە ژۆرەکەوە کرد و لە پێش خۆیەوە پرتە و بۆڵەیەکى کر: ئفففف دیسان بۆنى جغارە دێ، سەیرە، خۆ بابتان قەت لێرە لەم ژۆرە جغاران ناکێشی. گڵۆپەکانى کوژاندنەوە و دەرکه‌کەى کڵۆمدا و چووە دەرێ...

دەناو کانتۆڕە نیمچە جەنجاڵەکەدا، ئەوەندەم هەناسە و کۆخە لە ترسانى ئاشکرابوون دە گەروومدا هێشتبۆوە، یەکڕێز کۆخەکۆخ و پژمە و هەناسە هەڵکێشانم یەک بە دواى یەکدا تێکەڵ کرد...

کە بەغار چوومە پێش ئاوێنەکە، چاوانم وەکى ئەوەى خوێنیان تێ زابێ، سۆر سۆر هەڵگەڕابوون...ئاوێکم بە چاوانم داکرد و غەرغەرەکى خێراش بەناو دەممدا...دەم و لوتم بۆنى جگەرە و تەنانەت پەنجەکان و جلەکانیشم...

چومە باغەکە و هەردوو لچکى کراسە شینە گوڵگوڵییه‌ سپیەکەم گرت و سەمایەکى تێکەڵاو بە سەماى بالێ و سامبا و لێکدانى باڵە نەرمەکانى پەپوولە بۆ یەکەمین ئه‌زموونی هەڵفڕین، بە دونیاى بەرینى ئاسماندا کرد... تا سەرم سوڕا و گێژم خوارد و لە سەر فریزى باغەکەدا بێهۆش کەوتم...

چاوانى پڕ بوون لە سروشک، قوڕگى پڕ لە هەنسک... دەستى کرد بە گێڕانەوەى یادگاریی منداڵیی و باوەشى گەرمى باوانى..، من ئەوەندەم بۆ کرا توند دەستەکانى بگرم و بە دەستەسڕە پەمەییه‌کەى دەستم ئەشکى چاوانى بسرمەوە... کە من هێشتا خۆم بە بچووکتر لە مەسەلەى دڵنەوایى و سرتەى دەست و پەنجەى کەسێک بۆ دڵدانەوە و تشتى لەو بابەتە دەزانى... بە دەربڕینى چەند بڕگەکى جیاوازى پچڕ پچڕى دوو سێ وشە، توانیم دڵنەوایى بدەمەوە، لێ لەگەڵ سڕینەوەى یەکەمین فرمێسک و گرتنى یەکەمین قەلەندەرترین دەست و پەنجە، ئەرێ ناسکترین و نیانترین پل و پەنجە، پل و پەنجەى سەرابقزى، ئیدى بۆ تاتایێ لەو دیوى مرواریەکانى رەهەندى دڵنەوایی بۆ تێگەیشتن گەڕیام...

لێ هیچ وشەیەکى وها زۆر گرنگم شک نەبرد پێى بێژم، لەو چەند بڕگە پچڕ پچڕەى بە خورتیی کردبوومنە مایەى سێبووریی مەخڵوقێکى بێکەس و بێنازى سەر رووى زەوى... ئەو ئەوەندە بە تەوسەوە گریا تا سەرتاپاى بوو بە ئەشک و سوێراو...، من لەو سەروەختەدا چاوەکانم کامێرایەکى بێ گیانى قورمیشکراوبوون بۆ فۆتۆگرتن و بەس...


لێ ئەوەندەم بیر نەچۆبوویەوە بەرلەوەى باوەژنى بگەڕێتەوە دەبێ خێرا دۆشەکه‌ رۆندکاوییه‌کەى ژێرى بەم وەرزى سەرما و بێ نەوتیە، وشک بکەینەوە و وردەى دەستەسڕەکانیش بماشین، پەرداخى چایەکان و تەپڵەکى جگەرەکانیش بشۆین و لە جێى خۆى دایاننێنەوە... بۆ راماڵینى بۆنى جگەرە کوالێتى هەرە نزم و هەرزان بەهاکانیشى بوغوردى هاوردە بسوتێنین و گوڵاو بکەین بە ماڵەکەدا.

((ببوورە ئەو نامانە بۆ تۆ نین سیروان، بەلکى بۆ تارمایی تۆن، ئەوەتاى ئەتۆ بێ باس و خەبەر، سەرت بەرەو شەپۆڵی غوربەت هەڵگرتیه‌، من لەو تەنیاییه‌ بکوژەدا ئازارێکى بێشومارم هەس، لەو ماڵە گەورەیەشدا بێ سەداى قاقاى تۆ نازانم چ بکەم؟ ئەو گوڵاڵانە چۆن ئاودەم کە تۆ شەیداترین بوونەوەرى خونچەى گوڵەکان بووى؟ ئەرێ ئینجانەکان زۆر زۆرن، رەنگەکانیشیان جیاواز... باغەکانیش زۆر زۆر گەورە و بێ سەر و بن، ئەوەندە بێ بن، کە دەڕوانمە دوورترین دەروازەکانى باغ، هەست بە ترسێکى کوشندە دەکەم، گێژ دەبم و توند توند بە دەستە لەرزۆکەکانم سەر و گوێلاکم دەگرم و نیگاى تارمایى دەکەم، تارمایى.. تارمایى.. تارمایی... تا بۆنى چۆڵەوانیی و خوێن لە گەڵاى درەختەکانى باغە سەوزەکە دەچۆڕێ... .

ئاھ ئازیزترینم، لە بۆنى باغچە بێزارم...

بۆنى درەختە پیرەکان بەرەو ژۆرێ پەستان دەخەنە سەر مەژیم، کە بەرەو نهۆمى دووەم سەر پێپلیکانە زۆرەکان سەردەکەوم، تابلۆى قەد دیوارە تاریکەکان، بە روخسارێکى مۆنەوە راوم دەنێن...، هەرچەندەکێ لە فۆتۆکان بێدەست و قاچ تنێ سەر و سنگیان دیارن، لێ چڕنۆکى دەستە خوێناوییه‌کانیان وەکى دێوەزمە و کابوسى خەونى ناچیزە لە گەرووم گیردەکەن... باوەڕ ناکەم بتوانم زۆر خۆڕاگربم و تا ئەو کاتەى تۆ لەو غوربەتە، نیشینگەیەک دەکەیتە ماڵ، من لەو شەڕى تارماییە بەردەوام بم...! خۆت دەزانى (ئەوان) گشتیان مشەخۆرى گیان و خوێنى بێبەهاى منن، کە ئێستاکێ لەوانەیە بۆ ئەم مەبەستە بەهایەکى کەمى هەبێ، دەبێ بتوانم تۆزەکى دیش خۆ بگرم و نەکەوم، تا گەورەتر دەبن و دەتوانن خۆ بەڕێوەدەبەن...دەبێ هەر زوو دەگەڵ ئەوەشیان رابهێنم شەڕى تارمایی بکەن و لە هەناوى تاریکییدا ترووسکەى هیوایەک بەرەو رۆشنایى بدۆزنەوە)) .

ئەمە بەشێک لە (75)ەمین بەشى نامەکانى سەرابقزى بوون، دواى بوونى بە خۆڵەمێش لە رێگەى نزیکترین هاوڕێیەوە بە مەبەستى رێکخستن و رێزبەندیی بۆدانانیان بە پێى ژمارە و بەروارى نووسینیان کە هەر لە بنەماوە بێ بەروار و بێ ژمارە نووسرابوون، بە من گەیشتن... تەنیا ئەوەندە هەیە خۆى لە دواین نامەیدا بۆ تارمایى مەعشوقەکەى نوسیبو: ئەمە (75)ەمین و دوایین بەشى نامەکە...

لەگەڵ عەشقى دەگەمەنى
سەرابقزى

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک