په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٢\٢٠١١

دادە گولێ.

ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- به‌شی دووه‌م -


دادە گولێ، بۆ دەربازبوونى لە کەیسە نابوودەکەى، شایەدحاڵى پێویست بوو، دایکم نزیکترین شایەدحاڵى بوو، پێشتر بە دایکمى گووتبوو هاودەمى بێ بۆ ڕۆیشتنە پیر بانگهێشتى سوڵحە خێزانییه‌کە، به‌لکو لە کۆڕه‌که‌شدا بتوانێ دوو قسەى خێر بکا...


دادە گولێ کە بەهۆش خۆى دێتەوە، خۆی لەژوورێکى چۆڵ و لەسەر قەرەوێلە(1)یەکى سەرچەف(2)سپى مەیلەو بۆردا دەبینێتەوە، جلەکانى لەبەردا شەپڕێو و بگرە هەندێکیشى داکەنرابوون و حاڵى تەنکە ماکیاژى روخساریشى بە تەواویی شێوابوو، دەستى چەپیشى پڕ پەڵەى خوێن، بگرە کراسەکەشى هەروا...


لە شوێنى خۆى ویستى هەڵسێ و بەرەو دەرگاکە بڕوا، کەچى لەبەر ئازارى زۆرى پشتى و قاچى کەوتەوە سەر پشت و بەناچاریی و پاڵکەوت...، خوێنى شوێنى تێخستنى کانوێلاى خۆراک پێدانەکەى(3) لەدەستى چەپى بە لەچکە رەشەکەى ملى سڕیەوە و دەستى کرد بە هاوار و گریان: من لەکوێم؟ لێرە چى دەکەم؟ دەرمبێنن، دەمەوێ بچمەوە ماڵ...


دایکم لێى وەژوور کەوت، رۆنکى سەر دەموچاوى بە پارچە پەتۆیەک(4) سڕیەوە، منیش دەستەکانم خستە سەر چارپایەکە و دەتگوت تەماشاى موڤى کارتۆنێکى(5) پڕ ئەکشن دەکەم(6). زۆر بە وردیی چاوەکانم بە هەموو لایەکى دادە گولێ دا لە جوڵەجوڵ بوون، وەک ئەوەى بمەوێ شتێک لە شێوەى هۆکار و ئەنجام(7) هەڵێنجم ...


بە هەر حاڵێک بێ، دایکم لەبەر خوشکە ساواکەم و باوکم بە ناچاریی خواحافیزیی لە دادە گولێ کرد و گوتى: خەمت نەبێ کە گەیشتمەوە، نانە شوکرى دراوسێمان دەنێرمە لات، دادە گولێ تکاى لێکرد: نە کەسێکى بۆ بنێرێ و نە بابەتەکە بە کەسیش رابگەیەنێ، تەنانەت مێردەکەشى...


بەرەو خۆراوابون بە هانکەهانک و شەلەشەل دادەگولێ بە هاوکاریی پەرستارێک(8)ى گەنج خۆى دەگەیەنێتە ماڵەوە و لە دەرگه‌ دەدا، کە مێردەکەى بەم حاڵەوە دروست وەک ئەوەى هەواڵى لە دوکانى بەرگدرووەکە بۆ چووبوو ئاوا دەرچوو: ژنەکەت دەستدرێژیی سێکسى کراوەتە سەر و لە خەستخانە(9) داخڵ کراوە بەو چاوانەى خۆم بینیم، لەخۆ چوو بوو(10) و بە دوو پیاو دەیانخستە ناو شڕە تاکسیەکى لادا(11)وە...


کاک قەهار بەم هەواڵە زۆر دەشڵەژێت و یەکسەر رێى ماڵەوە دەگرێت و لەشەرمى ئەوەى کە ئیدى ئابڕوى لەناو خەڵکیدا تکا، بڕیاریدا نەیەتە دەرەوە.


بەیانى زوو، بێ گوێدانە هیچ قسە و تکا کاریەکى دراوسێکان، ڕێى دادگا دەگرێت و لەژێر ڕۆشنایى ناوەڕۆکى شەکوا(12) ئابڕوو بەرەکە، دادە گولێ ئاگادارکردنەوە(13)یەک واژوو دەکا.


ئا دادە گولێى خەمکى خەمان، کە لەمەوپێش چەندەها کێشەەى گەیاندبوونە خاڵى کۆتایى و بێى چارەسەر وازى لێ نەهێنابوون ئەوجارەیان دەستەوسان وەستاوە و هیچ چارەیەک شک نابا، تەنانەت پارێزەرێکیش بۆڕاوێژپێکردن ناناسێ، ئەو فەرمانبەرە هاوکارانەى لە فەرماگەکەش پێشتر پرس و رایان لە ساتەوەختى هەبوونى ئاستەنگەکاندا وەردەگرت، پشتیات تێ کرد، هەتا دراوسێکانیش هێدى هێدى خۆیان لە سوحبەتیى و هامشۆکردنى کێشایەوە،..، تەنیا دووکەس کەتا سەر ئێسقان دادە (گولێ)یان دەناسى لەپشتى بوون: (دایکم، نانە شوکرى)، ئەوانیش بە دووان بە یەک شایەت ئەژماردەکران(14)، ئێستا دادگا پێویستى بە دوو شایەتحاڵ هەیە، بۆ سەلماندنى بەرائەتى دادە گولێ(15)... کە دادگایی کرا، جگە لە دووشایەدى ژن، پیاوى داوالێکراوى تۆمەتبار بە شایەد نەچوو، ژنەکەشى دواى چەند نەشتەرگەریەکى گەورە، بەپێى ڕاپۆرتى پزیشکى تایبەتمەند ئومێدى گەڕانەوەى تەندروستى ئاسایی نەما و لە نائاگایى(16)تاچەند کاتێکى نادیار مایەوە....


شایەتحاڵى مێردى دادە گولێ قاسیدێکى درۆزن بوو خەڵکى زۆربەیان دەیانزانى، کاتى خۆى تەماعى لەدادە گولێ کردبوو، هەردوولا دواجار لەبەر ناتەواویی بەڵگەکانى تریان، پێویستیان بە سوێند خواردن بوو، بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکە، ئەویش هەروا بە ئاسانى نا.


حاکم لە هەردوولایەن سەرى سوڕما، ئاخر ئامادەبوونى هەردوولا بۆ سوێند خواردنى یاسایی، دیسان دواخستنى دانیشتنەکەى لێکەوتەوە، بۆ دواجار دەرفەتى دان بەرلەوەى ئامادەبن سوێند بخۆن، باش بیر بکەنەوە...ئینجا بڕیارى سوێند(17) خواردن بدەن...


کاک قەهارى هاوسەر، سى َشایەدى بەرامبەر بەکرێ پەیداکرد، بوون بە چوار شایەدى تەواو، ئیدى بەمجۆرە کێشەکە لە بەرژەوەندیی (قەهارە فەندى) کۆتایى پێ دێ، و سزاى دادە گولێى میهرەبانیش، سەد جەڵدە و قورسترین ماددە(18)ى یاساى سزادانى عێراقى بەسەردا دەسەپێ، بۆ تاتایە وەک ژنێکى خیانەتکار و داوێنپیس لەناو خزم و کۆمەڵگه‌ى خێڵەکیی تەماشادەکرێ و بگرە نەک بۆ خودى خۆى بەڵکو بۆ دواڕۆژى منداڵەکانیشى کارەکە زۆر سلبى دەکەوێتەوە...


رۆژى چارشه‌مه‌یه‌، بە ئامادەبوونى هەردوولا و خزمەکانیان، دوا دانیشتنى دادگا لەبارەى کەیسى داوێنپیسى هاوسەرێتى(الخیانە الزوجیە) بەڕیوە دەچێ، دواى وەرگرتنى قسەکانى دادە گولێ و دووشایەدەکەى کە بە یەک شایەد ئەژمار کران، چوار شایەدى کاک قەهار هاتنە بەردەم دادوەر و یەک لەدواى یەک بێ ویژدانانە بێ ئەوەى تەنانەت هیچ شتێکیان بەچاوى خۆیان بینیبێ(19) یا بیستبێ(20) شایەتى خۆیان دا، لە کاتى شایەتى دانى دواهەمین و چوارەمین شایەد، هەموو شتەکان بە ئاراستەیەکى چاوەڕوان نەکراودا بردران و ئەوەى هەرگیز بیرت بۆ نەدەچوو، بوو بەڕووداو و دەستى گەورەیان لە ئاڕاستەى پێشهاتەکان پشکدار کرد...


ئا (کاک قەهار) بە چەند قسەیەکى سادە هەموو ئاراستەکانى گۆڕین و بۆیەکەمجار ویژدان بوو بە فەرمانڕەوا و سەنگى مەحەک...


قسەکانى:


جەنابى دادوەر، ببورن، دواجار قسەیەکم هەیە، ئەگەر ڕێگەم بدەن بیکەم...، من بەتەواوى دڵنیام ژنەکەم ڕاستگۆیە وەک هەمیشە داوێن پاک و دڵسۆزى ماڵ و منداڵەکانى بووە، من ببوورن ئەگەر نامرۆڤانە تۆمەتم خستە پاڵیەوە، شایەتحاڵى یەکەمم پارەیەکى زۆرى پێداوم کە تەماعى زۆرى لە هاوسەرەکەم هەبوە زۆر لەمێژە بەوە ئاگاداربووم، کەچى هاوسەرەکەم وەک هەمیشە داوێنى پاکى پاراستووە من زوڵمم لێى کردووە، ئا ئَیستا دوو شایەتحاڵى ترمان هەیە، ئەوان باش لەوە ئاگادارن، هاوسەرەکەم بەنیازى سوڵحێکى خێزانى بە هاوەڵى هاوسێیەکمان چوو، شتەکان ئاوا روویاندا، ئا من تاوانبارى سەرەکیم ئەرزشى ئەو ژنە میهرەبانەم نەزانى، بەهەموو شێوازێک لە پێناوى بەرژەوەندى و تێرکردنى وورگ و ئارەزووەکانمدا میهرەبانیەکەیم قۆستەوە...، ئەگەر ئەو ژنە گەورەو میهرەبانە بەم دان پێدانانەم لێم خۆش نابێ، ئەوە هیوایەکم دەبێ بەم چەشنە لێم خۆشببێ:


دەمانچە سوارە چارده‌ گوللە خۆرەکەى دەرکردو ناى بەسەریدا و خوێن لە دەمى دەڕپەڕى، بووبە هەرا و هۆریا و قیژەو هاوار، دادوەر چەکوشى دادوەرییه‌کەى کێشا بە مێزەکەیدا: بێدەنگ، بێدەنگ، وەک هەموو جارێ کە داواى بێدەنگى دەکرێ لە بەرامبەر خوێنڕێژییه‌کان، ئەوجا هەر جارێ بە جۆرێ لە جۆرەکان...
___________________________________
(1) قەرەوێلە، چارپایە
(2) سەرچەف، چەرچەف، شەرشەف.
(3) (مغذی)، لەحاڵەتى نائاگایى یان نەبوونى تواناى خۆراک وەرگرتن بە هۆى کانوێلاوە، لە رێگەى دەم و کۆئەندامى هەرسەوە، لە رێگەى دەمارەوە خۆراک بە نەخۆش دەدرێ.
(4) پەتۆ، پارچەى نەرم ۆ پککردنەوەو سڕین بەکاردەهێنرێ.
(5) فیلم کارتۆن، (رسوم المتحرکة)، (MOOVIE CARTONS).
(6) ئەکشن (ACTION)، جوڵەدار، پڕ بزاوت، فیلمى ریتم خێرا.
(7) (CAUSE & RESALT) هۆکار و ئەنجام.
(8) پەرستار، سستەر، ممرچە.
(9) خەستەخانە، نەخۆشخانە، ناوچەى هەولێر بەگشتى خەستەخانە بەکاردێنن.
(10) لەخۆچوون، لەهۆشچوون، بورانەوە.
(11) لادا، جۆرە تۆمبێلێکى مۆدێل ئەوسا بوو.
(12) شکایەت، شەکوا، دعوا.
(13) ئاگارکردنەوە، (تبلیغ).
(14) گوایە پەیامبەرى ئیسلام، بە لاى کۆمەڵێک ژندا رەت دەبێت، ئەم پرسیارەى لێدەکەن، ئەویش دەیگەڕێنێتەوە بۆ دوو هۆکار: گوایە ژن ده‌کەوێتە حەیزەوە عادەبوون، یان زووتر لەپێناو شتى لەبیر ده‌چێتەوە، ئەگەر یەکێکیان بیرى چوو ئەویتریان بە بیرى دێنێتەوە، بەڵام لەمبارەوەش راى جیاواز هەیە گوایە هەموو حاڵەتى مامەلەکان ناگرێتەوە.
(15) کە ئەو لە دەرگه‌ى ماڵى دوو هاوکارەکەى کە هاوسەریش بوون، لە بەشى خزمەتگوزارى دایەرەکەى بۆ سوڵحێکى خێزانى بانگێشت کرابوو...، بەسەر دەمەقاڵیى ژن و مێردە تۆراوەکە دا دەچێ، یەکسەر لەگەڵ دایکما ئەچنە ناو بژیوانیانەوە، لە ئەنجامدا مێردەکە کەرپووچێکى کن ناندینەکە هەڵدەگرێ و دەیکێشێ بەسەر ژنەکەیدا و خەڵتانى خوێنى ده‌ک، دادە گولێش بە پەلە بەرەو پیرى ده‌ڕوا خلیسکێک دەبا و بەسەر پشتیدا دەکەوێ بەسەر زەویەکەدا و ده‌بوورێتەوە، ئا لە ناو خوێنى ژنەکەدا ده‌بوورێتەوە...
(16) نائاگایى، (غیبوبە).
(17) لە یاسادا سوێندخواردنى بە درۆ، سزاى تایبەتى هەیە.
(18) 409، تا ئەوکات هەموار نەکرابوو، شەرعیەت دەدا بە پیاو ئەگەر ژنەکەى یان هەر مەحرەمێکى خۆى لە کاتى داوێنپیسى لەگەڵ کەسێکى تر ببینێ، بیکوژێ، سزاکەش بە هۆى شەرەفەوە سووکتر دەکرا.. بەڵام ئێستا لە هەموارکردنێکدا، بارە (مخفف)ەکە لابردراوە.
(19) (شاهد عیان)، لە یاسادا چوار جۆرى شایەدحاڵ هەن، ئەمە جۆرى یەکەمیانە و لە ناو رووداوەکەیە و شتەکان بە چاوى خۆى راستەوخۆ ده‌بینێ.
(20) (شاهد سماع)، ئەمە تەنیا ده‌یبیستێ لە کەسێکى تر.
 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان