٢\٣\٢٠١١
پورە
حەلیم.(1)
ناڵه
عهبدولڕهحمان
- بهشی
یهکهم -
یەک لەئێوارەى ڕۆژە سەختەکانى ساڵى 1991ز بوو، دواى ڕاپەریِن(2) بەچەند
ڕۆژێکى کەم، کۆچڕەوە گەورەکەى گەلى کورد بەرەو وڵاتانى دراوسێ دەستى
پێکردبوو(3)، پورە حەلیم وەک سەلوایەک دەستى گرتم هاوەڵى سۆراخ
کردنەکەى بکەم، لەبەر گرژى و سەختى بارو دۆخەکە لەڕووى ئەمنیەوە، دایکم
ئیزنى نەدەدام بۆ بستە ڕێگایەکیش بێ هاوەڵى هاوڕێکە نزیکەکەى
قوتابخانەکەشم بکەم، کەتەنیا سێ تا چوار ماڵێک لەگەڕەکەکە مابووینەوە،
لەبەر هەواڵى کوشتنى پێشمەرگەو گەنج و پیرو منداڵ و وەبەر تۆپ باران
کەوتنیان، من تکام لێکرد هەرچۆنێ بووە لەگەڵ خۆیدا بمبات و لەنزیکەوە
دیمەنە دڵهەژێنەکان نیگابکەم، کە تا ئەوکات شتى لەو بابەتەم لەنزیکەوە
نەدیبوو، تەنها لە شاشەى تیڤى وێنەى جەنگى عیراق و ئێرانم لەژێیر
تایتڵى(وێنەى جەنگ(4)) دەبینى و لەناخەوە دەهەژام، کەتەنانەت بە
هەواڵەکە ئینسان ناکرێ بێ هەڵوێست بوایەو شتێکى نەگوتایە یان ...
پورە حەلیم تەنها دەستێکى هەبوو، و کارەکانى پێ ڕادەپەڕاندن، ئەوەندە
لەدەورو خولى ئەو پرسیارە بووم بزانم ئاخۆ لەبەرچى وەک هەموو مرۆڤانى
دیکە خاوەنى دوو دەست نیە و ئاسانتر کارو بارەکانى ڕابپەڕێنى؟
کە گەیشتینە بەردەم قوتابخانەى (ئین خەلەکان(5))ى تەنیشت بانکى ڕەشید،
بەرامبەر بازاڕى نیشتمانى ئێستا، ئاى چیم بینى؟ ئاخر بڵێن چیم نەبینى؟
هەرچى لاشەى کوژراو و ئاوساوى بۆگەنبونى کوڕانى کوردى شەڕواڵ لەبەر و
پشدێن(6) ڕەگ زەرد و سەوزى گوڵ گوڵى وورد، مێش تێیان وەرببون، کەس
ساحێبیان نەبوون یان ئەگەر ساحێبیشیان هەبوان ئەوان ڕایانکردبوە ووڵاتى
دراوسێوە.
پورە حەلیم لەگەڵ دەربڕینى چەند ووشەیەکى کەم بۆ دروستکردنى ڕستەیەک
قسە، قڕپ قڕپى بوو، چەند قڕپێکى بچووک بچووکى یەک لەدواى یەکى دەکردن،
هەمیشە لەکاتى گێڕانەوە دوورو درێژەکانى سەردەمانى شۆخى و گەنجێتى، خۆى
لەبیر دەکرد بەڕاددەیەک ڕێژەى قڕپەکانیشى لەجاران زۆر کەمتر دەبوون،
وەک بڵیى چێژێکى دەروونى بێ سنور لە گەڕانەوە بۆ دواوە ببینێ، من
ئەگەرچى هەمیشە حەزێکى زۆرى پرسیارکردنم تێدابوو، لێ دەترسام ئەم
پرسیارەش زۆر لەپرسیارى پێشووتر کەلەمێشکمدا گینگڵى دەدا، توڕەترى بکات...
لەگەڵ هەڵدانەوەى یەک بە یەکى سەرى کوژراوەکانى سەرشەقامەکە، کە هەر بە
جەمەدانى(7) خۆیان یان پارچەیەک لە پشدێنیان یان بە کورتەکەکانیان
داپۆشرابوون، بۆنى گەنی بوونى لاشەکانیان زیاتر مەژیى پڕ دەکردى لە
واتایى کوشتن و خوێنڕێژى و دڕندەیى مرۆڤ بەرامبەر بەمرۆڤ بە هەر
هۆکارێک بێت، بێ لەمەش هەر مەودایەکى باش دەڕۆیى دەبوا لوتت بە
پارچەیەک پەڕۆ توند بگرى بەشێوەیەک زۆر بەتوندى پەستان بخەیتە سەر
سەرەتاى ڕێڕەوى هەناسەدانتەوە...
زۆربەیان ڕووخساریان بەتەواوى شێوێنرابوو، لێ هەندێکیشیان، تاڕاددەیەک
دەناسرانەوە کێن؟
ئەوکات بەڕاددەیەک عەرەبى شۆڤێنى، چ لەسەربازان چ لە جل و بەرگى مەدەنى
بڵاوەیان بەهەموو ناوچەیەکى شاردا کردبوو، بەتەواوى بیرم نایێ ڕۆڵیان چ
بوو؟ جگە لەسەربازەکان کە زۆر بەئاسانى ڕۆڵیان لەلایەن منداڵە
ساواکانیش دەبینرا یان هەستى پێدەکرا...، گرتنى خەڵکى مەدەنى کورد
بەمیزاجى خۆیان، ڕێژەیەکى زۆر کەم لە نیشتەجێیانى گەڕەکەکانى شار
مابوونەوە، زۆربەشیان لە شارنیشینى ڕەسەن بوون، هەندێکى کەمیشیان خەڵکى
بێ لایەنى خاوەن بڕوانامە و بێدەربەس بوون و پەیوەندیان بەکارى
پارتایەتیکردن و هەواڵنێرى(8)کردنەوە نەبوو، هەندیکیشیان بۆ دروستکردنى
ڕاپۆرتى زانیارى، بە دزەکردنە ناو ژیانى تایبەتى خەڵکى ناو ڕیزەکانى
بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى ئەوکات کەبەڕاستى زۆر جیاوازى هەیە لەگەڵ بیرو
ئامانجى حیزبەکانى ئیسَتا، مابوونەوە...
پورە حەلیم تەمەنى لەنێوان 50 -55 ساڵێک دەبوو، ڕووخسارێکى زۆر پاک و
سپى پڕ ڕووناکى هەبوو، هەمیشە جلێکى کوردى ڕەشى بە کەوێیەک(9)ى قەدیفەى
ڕەشێکى تۆخ لەبەر دەکرد، شوێنى دەستە لەدەستدراوەکەى دەخستە گیرفانى
کەواکەیەوە، بەجۆرێک وات هەستدەکرد هەمیشە دەستێکى بۆ دەرهێنانى
پەیامێکى نهێنى لەگیرفاندایە، ئەوەندە میهرەبان و بەخشندەبوو، ئەو
شەوانەى باوکم لە بەجێگەیاندنى ئەرکى سوپاى زۆرەملێى میللیدا بوایە، کە
(تەها یاسین ڕەمەزان(10)) سەرپەرشتى دەرکردن و لە پرۆسەى سەرکوتکردنى
ڕاپەڕینى شیعە مەزەبەکاندا، ڕۆڵى کاراى لەقڕکردنى خەڵکى عەرەبى
ڕاپەڕیودا بە هاوکارى بەعسیە(11) ترسَێنەرە کیمیا وەشێنەکەى شارى
هەڵەبجەى شەهید، لە ئەندامانى سەرکردایەتى حیزبى داپڵۆسێنەرى بەعس.
پورە حەلیم لەسەر داواى دایکم وەک سێبوریەک، بە گۆشەى شەوانى بێ
باوکیدا دەهاتەلامان و شەوى پڕدەکردین لە حیکایەتى بەجۆش و پڕ چێژ، تا
درەنگانى شەو ئێمە کە چەند منداڵێکى ووردى قۆناغەکانى خوێندنى سەرەتایى
و بگرە شیرەخۆرەى دووساڵانەشمان تیابوو، کە هیچ سەرى لەحیکایەتى پورە
حەلیم دەرنەدەکرد، لەغیابى دایکم لەژوورى دانیشتن و کەهەر ژوورى
نوستنەکەشمان بوو، سەرى دەخستە سەر ڕانى پورە حەلیم و بە میهرەبانی
دەست گێڕانە نەرمۆکەکەى پورە حەلیم لەقژە لولەکەى خوشکە بچوکەکەم،
دەکەوتە خەوەوە...، زۆر جار ئیرەییم بەو چەشنە خەوتنە دەبرد و خۆزگەم
دەخواست کە لەجێى ئەو گچکەڵەیە بومایە و لە سەر ڕانى پورە حەلیم سەر
خەوێکى قوڵى پڕ لەسۆزم بشکاندایە و حیکایەتە خۆشەکانى دووبارە
لەخەونێکى ڕەنگاو ڕەنگدا ببینیایە و لەڕۆلى یەکێک لە کەسێتیەکانى ناو
حیکایەتە سەرنجڕاکێشەکانیدا خۆم دۆزیبایەتەوە...
تا دایکم لەئیش و کارەکانى ناو ماڵێ دەبوەوە، کە وەک هەموو ژنە
نەگبەتەکانى دیکەى کۆمەڵگا، زۆربەى کاتەکانى خۆى بەئیش و کارى ناو
ماڵەوە بەسەردەبرد...، ئێمە لە چوار دەورى ئەو داپیرەیە پڕ تەجرەبەى
شۆڕشگێریەى شاخ و گوند و مەیدانەکانى شەڕى بەرگریکارى، خەومان لێدەکەوت،
بێ بالیف(12) بەتانى(13) بێ لێف(14) بێ دۆشەگ...
دواتر لەگەڵ دایکم بەدەستێکى، وەک لاشەى کوژراوەکانى سەر شەقامەکانى
ووڵات، ڕایاندەکێشاینە سەرجێگاو سەریان دادەپۆشتین، ئێمە تا سەرما
نەمانبات، ئەوانیش تا بۆنى گەنینیان جیهانى مرۆڤایەتى خەبەر نەکاتەوە...،
ئاى کەخەوى ئەو کاتانەى منداڵى چەندە خۆش و بێ مۆتەکەو بێ ڕاچڵەکان
بوون، ئارام ئارام من و خوشکە ووردیلەکانم لە چاوەڕوانى باوکمدا ڕۆژمان
دەکردەوە...
_____________________________________
(1)پورە، پلکە، بەخوشکى دایک یان خوشکى باوک دەڵێن، لێ لەشێوەزارى
کرمانجى، وشەى جیاتر بۆ هەریەکێک لەمان بەکار دەبەن. پورە حەلێم بێوەژن
مابوویەوە دواى لەدەستدانى پیاوەکەى لەیەکێک لە بەرەکانى جەنگى
بەرگریکاریدا، بەرامبەر بەڕژێمى بەعس.
(2)ڕاپەڕینى بەهارى 1991 کە بەڕاپەڕینى ڕانیە لە 5/3/ 1991 دەستى پێکرد،
کە بەم هۆیەوە شارى ڕانیە بە دەروازەى ڕاپەڕین ناو زەد دەکرێت.
(3)کۆچڕەوى کورد بەرەو ووڵاتانى دراوسێ و لەوێوەش بەرەو ووڵاتانى دیکەى
جیهان، لە 31/3/1991 دەستى پێکرد، لە ڕێگا دوورەکانى کۆچڕەوەکەشدا،
دەیەها تاکى کورد چ بەهۆى تۆپبارانى ڕژێمى شۆڤێنى بەعسەوە بووبێ، چ
بەهۆى برسَیتى و تێنوێتیەوە کەچەندین ڕۆژ و شەو بە پیادەیی ڕێگاکانیان
دەبڕى، گیانیان سپارد.
(4)وێنەى جەنگ، ێورە من المعرکە.
(5)ئیبن خەلەکان لەکۆنترین قوتابخانەکانى شارى هەولێرە، کوڕان لەزۆربەى
گەڕەکەکانەوە بۆ خوێندن دەهاتنە ئەوێ، زۆر کەسى دیار و ڕۆشبیرى لەم
قوتابخانەیە دەرچووە.
(6)پشدێن، پشت بەند.
(7)جەمەدانى، جامانى.
(8)هەواڵنێرى، مەبەستم لێرە: کارى جاسوسى و موخابەراتیە، کە هەموو دام
و دەزگاکانیان پڕکردبوون لە کەسانى لەم جۆرە، ئێستاش حیزبانى
دەسەڵاتدار، ئەم جۆرە کەسانەیان بەشێوازى مۆدێرنتر بەرهەمهێناوە،
بەشێوەیەک بێ متمانەییەکى ڕووخێنەر، بە تاکى کوردەوە دیارە لە
پراکتیزەکردنى مافە سەرەتاییەکانى خۆى وەک مرۆڤێک.
(9)کەوێ، کەوا.
(10)یەکێک پلەدارە گەورەو زۆر تووندڕەوەکانى بەعس بوو سەرپەرشتى پڕۆسەى
بە سوپاکردن دەکرد، بەتایبەت دروستکردنى سوپاى میللى (الجیش الشعبى)،
بەهاوکارى هەردوو لە ئەندامانى سەرکردایەتى حیزبى داپڵۆسێنەرى بەعس:
عەلى حەسەن مەجید کە بە(عەلى کیمیاوى)ناسرابوو لەگەڵ مچبان خچر، ئەمەى
دواییان هەر لە ناو زنجیرە دادگاییکردنەکەى سەرانى بەعسى تاوانکار،
کۆچى دوایی کرد.
(11)عەلى حەسەن مەجید، سەرپەرشتى پرۆسەى کیمیابارانەکەى شارى هەڵەبجەى
شەهیدیشى لە 16/3/198کرد، کە 5000 ڕۆڵەى کوردى بە گازى کیمیایى خنکاند.
(12)بالیف، سەرین، مخدە.
(13)بەتانى، پەتۆ، بگانیە.
(14)لێف، لێفە.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|