په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٨

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ مامۆستا سابیر ساڵح گۆران ( برای جەمیل رەنجبەر).
- سەبارەت بە یادەوەری و ژیانی منداڵی رەنجبەر و شیعرەکانی -

سازدانی: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

 

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): تۆ بەو پێیەی کە ئەندامێکی بنەماڵەی جەمیل رەنجبەریت (برای رەنجبەریت)، تا ئەو جێگەیەی یادوەریت کۆمەکت پێدەکات، دەتوانی تیشکێک بخەیتە سەر ژیانی منداڵیی جەمیل رەنجبەر؟ ئایا رەنجبەر منداڵێکی بزێو بوو یان هێمن؟ شەرمن بوو یان قسە لەڕوو؟ بە وشەیەکی تر، ئێوە چۆن کارەکتەری منداڵی رەنجبەر هەڵدەسەنگێنن؟

سابیر گۆران: ئەوەی بەبیرم مابێ بەکورتی لەسەردەمی منداڵی لە گوندی گۆمەگڕووی بووین باس هەر باسی ئاغا و سوغرە و بزووتنەوەی جوتیارانی دەشتی هەولێر بوو. بەوپێیەی جەمیل رەنجبەر نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە مـن گەورەتر بوو، هەموو ژیانی منداڵیمان پێکەوەبوو. باوکم بچووکترین کوڕی عەزیز گۆران بوو، ئەویش جووتیارێکی دەستڕۆیشتوو و گوزەران باشبوو. حەوت کوڕی هەبوو. باپیرم هەرچی کاری سەخت بووا بەوی دەسپارد چونکە وەک لەخۆیم گوێ لێبووە متمانەی پێیبوو. دوای مردنی باوکی, باوکم تووشی گوزەرانێکی سەخت دەبێ، بەڵام زۆر خۆڕاگر و ئیشکەر و چالاک دەبێ شان دەداتە بەر بەخێو کردنی ماڵ و منداڵ بەکاسبی و فەلاحەتی. دوای مردنی باپیرم، باوکم تووشی نەهامەتی و دەردەسەری وبێبەشی زۆر دەبێت. بەڵام هەرخەریکی مەڕداری و دەغڵ و دان چاندن دەبێت. لەساڵی پەنجاو سێش (١٩٥٣) کە بزووتنەوەی جووتیاران هەڵدەگیرسێ،خەڵکی بەگشتی بڕیاریان دا لە ئاغا هەڵگەڕێنەوە و سوغرە بۆ دەرەبەگ نەکەن. خەڵکی سوێندیان خوارد هەندێکیان تەڵاقیشیان خوارد، بەڵام باوکم وتی من لەگەڵتانم بەس سوێند و تەڵاق ناخۆم. بەڵام بەڵێن دەدەم لەگەڵ ئێوەم بەهیچ جۆرێک سوغرە بۆ ئاغا ناکەم. پیاو قسەدەکا.. باوکم دەیوت من گومانم هەبوو لەسەرکەوتن و پاشگەزبوونەوە، بۆیە سوێند و تەڵاقم نەخوارد. وەختی کە بزووتنەوەکە سەری نەگرت وردە وردە خەڵکی چوونەوە دیوەخانی ئاغا و لەجاران پترکەوتنە ژێر ڕکێفی سوغرە و غەدری ئاغا کەچی ساڵح گۆرانی باوکی رەنجبەر ملی نەدا و نەچووە ماڵی ئاغا و رکەی لەگەڵ کرد. ئاغاش ڕقی لێ هەڵگرت و باوکیشم بەڵێنی خۆی بردە سەر و تەسلیم نەبوو تا ساڵی ١٩٥٧، لێی لەڕکاچوو دوای ئەوەی دڵنیا بوو خەڵکە چوونەوە سوغرە و گوێڕایەڵی ئاغابوون، بە باوکم دەڵێ:


ــ مادام پێم ڕازی نیت گوندەکەم چۆڵ کە.. ماڵت بارکە..

 

باوکیشم زۆر پەست دەبێ و بێمنەت وەڵامی دەداتەوە دەڵێ:

 

ــ ئەمساڵ هاوینێ دەڕۆم ئاغا گوندەکەت بۆ جێدێلم..

 

 

هاوینی ئەوساڵە ١٩٥٧ باردەکا بۆ هەولێر و لە گەرەکی بەلاشاوە (ئینگلیزاوەی ئەوسا) نیشتەجێ دەبێ. رەنجبەر ئەوسا نۆساڵان دەبێ بەڵام ئەو ساڵە ناچێتە بەر خوێندن چونکە خەریکی خانووکردن دەبێ لەگەڵ برایەکانی هەر ئەوساڵە دوای سێ چوار مانگ کرێچێتی خانووەکە تەواو دەبێ. رەنجبەر زۆر ئیشی دەکرد لەگوندی شەغرەکێشان و چوو نەکن بەرخان و ئاوهەڵکێشان لەبیر واتە (دۆڵاب) کردن. لەساڵی دواتر واتە ساڵی ١٩٥٨ من و جەمیل دەبرێینە قوتابخانە و لەپۆلی یەکەم لە قوتابخانەی ئەربیل ئولە ( اربیل اولی) دەست بەخوێندن دەکەین. دواتر لەپۆلی چوارەوە بۆ قوتابخانەی سۆرانی سەرەتایی دەگوازرێینەوە. تا لەساڵی ١٩٦٣ پۆلی شەشەمی سەرەتایی و لەساڵی ١٩٦٦ قۆناخی ناوەندی بەسەرکەوتوویی دەبڕێ،لێرەدا پێویستە بگوترێ رەنجبەر لەقوتابییە هەرە چالاکەکانی قوتابخانە بوو لەبواری خوێندن و چالاکی وێنەکێشان و هەروەها لە وەرزشیشدا زۆر بەتوانابوو. چونکەلە خێزانێکی شۆڕشگێڕو خوێندەوار پەروەردەبوو، ڕۆژبەڕۆژ پتر تێکەڵاوی کاری سیاسی و شیعر و ئەدەب دەبوو، بەتایبەت شیعری نەتەوەپەروەری و بەرەنگاری ستەمکاری، هەمیشە پشتگیری کرێکاران و چەوساوەکانی دەکرد. جەمیل منداڵێکی ژیر و بزێو و چاونەترس بوو. باوەڕی بە گۆڕانکاری هەبوو دەیوت دەتوانین ئەم دنیایە بگۆرین بەدنیایەکی باشتر، بەڵام قوربانی دان و خۆڕاگری دەوێ. لەناو گەڕەک و کۆڵان و بازارو قوتابخانە و خزم و کەس و کاردا هەمیشەلە کوێ بوایە ئەو دەبووە دەمڕاست و ڕابەر و ڕێنوێنی دەوروبەری خۆی دەکرد. هەر لەقۆناغی سەرەتاییەوە ساڵی ١٩٦٣ خولیای شیعرنووسینی لا پەیدابوو تا لە ساڵی ١٩٦٨ نامیلکەی شیعری خۆی (ڕاز و سکاڵا)ی بڵاو کردەوە.

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): پێ بە پێی هەراش بوونی جەمیل رەنجبەر و ئاشنابوونی ئاشنابوونی بە دەرد و ئازار و ستەم، سەرەتا لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان باڵی مەکتەبی سیاسیی چالاکی دەنوێنێ و دواتریش لە کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان، ئەم سیاسەتکردنە چ ئاڵوگۆڕێکی لە رەنجبەردا بەدی هێنا بەتایبەتیش لە بوارەکانی سیاسیی و کۆمەیەتی؟

سابیر گۆران: من لەوەڵامی پرسیاری یەکەم باسی شەهید رەنجبەرم کرد کە لە قوتابخانە لە هەموو قۆناخەکان پێکەوەبووین ، نۆساڵان لەیەک شوعبە بووین. هەر لەگەڵ سەرەتای شۆڕشەوە، کە شەهید (یاسین)ی برام پەیوەندی بە شۆڕشەوە کرد ماڵەوەمان ببووە فێرگەی شۆڕشگێڕی و کوردایەتی و حیزبایەتی. باس هەر باسی پێشمەرگە و خەبات و شۆڕش و قوربانی دانبوو. رەنجبەر هەرلەقۆناخی ناوەندییەوە لەڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیاندا دەستی بەکاری سیاسی کرد. لەناکۆکی جەلالی و مەلاییشدا لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی بوو بەهۆی ئەوەی یاسینی برام لەو باڵە بوو تا لە ساڵی شەست و هەشت ئەو شەهید بوو. شەهییدبوونی یاسینی برامان کاری لەهەموومان کرد بە تایبەت رەنجبەر. ئەو لە یەکێتیی قوتابیان گەیشتە پلەی لێپرسراوی یەکەمی شاری هەولێر و لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنگرەکانی هەولێر و سلێمانی و بەغدا ئامادە دەبوو. رەنجبەر چەوسانەوەی گەلەکەی و زوڵمی چەوسێنەرەکان زۆر کاری تێدەکا و هەمیشە بەرەنگاری عەقڵی سەقەتی عەشیرەتگەری و دینداری تەسک دەبۆوە،کە بە هۆیەوە تووشی چەندین کێشە بوو. بەڵام ئەو هەربەردەەوام بوو لەسەربیر و باوەڕەکانی. هەردەم نموونەی ڕەوشتبەرزی و ئازایەتی و پشتگیری کردنی قوتابیە نەدارەکانی دەکرد تا خوێندن تەواو بکەن و ڕێنوێنی دەکردن بەڕاستی لە هەموو ڕووێکەوەپێشەنگبوو. رەنجبەر لەسەرخوێندنەوە و خۆپێگەیاندن بەردەوامبوو هەرخەریکی کڕینی کتێب و ڕۆژنامەبوو. هیچ کاتێکی بەفیڕۆ نەدەدا و هەمیشە من و هاوڕێکانی هاندەدا بخوێنینەوە و خۆمان پێگەێنین. هەمووجار دەیوت بخوێنەوە و گومان بکە و بە گیانێکی ڕەخنەگرانەوە بخوێنەوە و سەیری مێژووی کۆن و نوێ بکە. رەنجبەر تادەهات گەرم تر دەبوو لەسەر تێکۆشان بە تایبەت کەلەساڵی ١٩٦٩ کتێبە مارکسییەکانی دەخوێندەوە. ماتریالیزمی دیالیکتیکی دەخوێندەوە من وهاوڕێکانی هان دەدا بۆخوێندنەوە. تائەو ڕادەیە هەستم بە گۆڕان لە کەسێتی رەنجبەردەکرد کە هەنگاو بە هەنگاو هەستی پێدەکرا تاکو بووە ڕۆشنبێرێکی دیاری شاری هەولێر. لە هەموو چالاکی و بۆنەکاندا رەنجبەر لە ناوە دیارەکانی شاری هەولێر بوو. رەنجبەر گەنجێکی جوان و ڕووخۆش بوو. گرنگی بە کێشەی خەڵکی دەدا، زۆر خۆشەویست بوو لەناو جەماوەر و خەڵکی بە توانا و لێهاتوویی ئەو سەرسامبوون و کەسایەتییەکی کاریزمایی هەبوو، مەکتەبەکەی ماڵەوەمان پڕ لە کتێب و رۆژنامەوگۆڤار بوو. لەپاڵ شیعر و ئەدەبدا هەر خەریکی خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی بوو. رەنجبەر بۆ من قوتابخانەیەک بوو چەند هەوڵم دەدا نەیدەگەیشتمێ!

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): جەمیل رەنجبەر ئینسانێکی ڕاستگۆ بوو لەگەڵ خۆی و باوەڕەکەی و دەوروبەرەکەی، ئایا رەنجبەری مارکسی لینینی چۆن دەیڕوانییە ژن ؟ پێگەی ژن لە جیهانبینی رەنجبەر چۆن بوو؟ ئایا جەمیل تەنها لە باوەڕدا بڕوای بە مەسەلەی ئازادی ژنان هەبوو، یان لەژیانی ڕۆژانەیدا باوەڕەکەی تەرجەمەی واقیع دەکرد؟


سابیر گۆران: بەڵێ رەنجبەر ئینسانێک بوو بە مەعنای ئینسانیەت ڕاستگۆبوو لەگەڵ باوەڕەکەی و ئەمەش ڕەنگی دابۆوە لەسەر ڕەفتار و هەڵسو کەوتی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا و زۆر رێزی لەخەڵکی دەگرت بە تایبەت چینە هەژار و زەحمەتکێشەکە .لەژیانی خۆشیدا زەحمەتی زۆری کێشاوە تا بەوەڕا دەگا کرێکاریشی کردووە. هاوینی ساڵی ١٩٦٦ دەچووە بەغدایێ بۆ کرێکاری، لەکارگەیەکی بەفر(بووز)دا ئیشی دەکرد. ئەوسا نامەیەکی بۆ من نووسیبوو باسی بەفر و کارگە و کرێکاران و ئێش و ئازارەکانیانی تێدا کردبوو. جگە لە سەلام و قسەی خۆش بۆ ساڵی دوایی ١٩٦٧ منیش لەگەڵی چووم بۆ دەرهێنانی جنسیەی عێراقی و کرێکاری بۆ ماوەی دوو هەفتە پتر کرێکاریمان کرد. جگە لەوەش رەنجبەر لە بەغدا ڕۆشنبیران و شاعیرانی بەغدای دەبینی ئەو بە شارستانییەتی ئەو شارە زۆر سەرسامبوو. ئەوان زۆر لەپێش ئێمەوە بوون. رەنجبەر باوەڕی تەواوی بەفەلسەفەی مارکسیی هەبوو ،هەر لەسۆنگەی باوەڕەکەیەوە زۆر رێزی لەژن دەگرت و باوەڕی بەیەکسانی ژن و پیاو هەبوو. هەر ئەوهاش ڕەفتاری دەکرد چ لە ماڵەوە و چ لەگەڵ هاوژینەکەی، دوای هاوسەرگیری کردنی لەساڵی ١٩٧٢ دا، لە بیرمە هیچ جیاوازی لە نێوان کوڕ و کچدا نەدەەکرد، بەڵگەش ئەوەیە ئەو سێ کچی هەبوو پێیان دەوت با منداڵتان ببێ تاکو کوڕێکتان ببێ، ئەو گاڵتەی پێدەهات و هیچ گوێی بەو قسانە نەدەدا.

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): لە خیلالی خوێندنەوەی یادەوەرییەکانی کەسە نزیکەکانی جەمیل رەنجبەر، چ ئەندامانی بنەماڵەکەی یان هاوڕێ نزیکەکانی، رەنجبەر وەک شەهیدی حیزبیی یان لایەنێکی سیاسیی ناوزەد دەکەن. زۆر بە سەرپێیی باس لە جەمیلی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر دەکرێ. تۆ چی دەڵێی لەم بارەیەوە؟ ئایا ئەمە غەدرێک نییە لە رەنجبەری شۆڕشگێڕ دەکرێ؟

سابیر گۆران: ئەو پرسیارەم زۆر بەدڵە، شەهید هەر شەهیدی گەل و نیشتمانە نەک حیزب و لایەن. هەندێ کەس لە یادەوەرییەکانیان وایان نووسییوە، بەڵام من و زۆربەی بنەماڵەکەمان هەرگیز جەمیل رەنجبەرمان وەک شەهیدی حیزب یان لایەنێکی سیاسی پێناسەو ناوزەد نەکردووە. چونکە شەهیدان هەر دەبێ شەهیدی گەل و نیشتمان بن، نابێ مۆری حیزبییان پێوەبندرێ و بۆ مەرامی هەندێ بەکار بهێندرێ، بە تایبەتیش رەنجبەری شۆڕشگێر چەوساوەپەروەر چۆن دەبێ و دەشێ بچووک بکرێتەوە بۆ شەهیدی تاقم و دەستەیەک، بەتایبەت گەر ئەوانەش دووربن لەڕێبازی پیرۆزی ئەو. چونکە رەنجبەری ئازادیخواز و مارکسیی؛خەباتی بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە بوو، ئامانجی بەدیهێنانی یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بوو نەک خۆپەرستی و جەردەیی و ملهوڕی!


من لێرەوە بەو کەسانە دەڵێم کە رەنجبەریان وەک شەهیدی حیزبێک بەکارهێناوە یان وایان ناو هێناوە شەکریان خوارد! من دژی ئەوەم کە رەنجبەر بەشەهیدی حیزبێک دابندرێ ،خۆ شەهید جەمیل لەسەنگەردا شەهیدبووە نەک لە شەڕی خۆبەخۆیی کوردکوژی کە رەنجبەر زۆر ڕقی لێبوو. لەو باوەڕەدام کە رەنجبەر لەبەر باوەڕبوون بە خەباتی چینایەتی کرێکاران و ڕێبازی مارکسی - لینینی نەبوایە قەت ئامادە نەدەبوو بچێتە سەنگەر و خۆی بکاتە قوربانییەکی حیزبیی و کوردێنییەکی خێڵەکییانە و دەرەبەگییانە. رەنجبەری پێشمەرگەی ڕۆشنبیر و ئاسۆفراوان، بیرو باوەڕە چەوساوەپەروەرییەکەی وای لێکردبوو خەباتی کوردایەتی خۆش بوێ بچێتە مەیدانەوە و قوربانی بۆبدا نەک بە پێێچەوانەوە. بەداخەوە هەندێ کەسانی نزیک لە حیزبەکەی وەک شەهیدی حیزبییان دەناساند لەدوای ڕاپەڕین، بەڵام ئێمە بەسەرپەرستی یەکێتیی نووسەرانی کورد مەڵبەندی گشتی ،یازدەمین ساڵیادمان لەساڵی ١٩٩١ دا کردەوە وەک یەکەمین ساڵیادی ئاشکرا لە هۆڵی میدیا ،هەولێر.بەڵام ساڵانی دواتر حیزب هەوڵی دا بیکاتەوە هی خۆی و ناکۆکیش بخاتە نێوان ئێمەو منداڵەکانی. ئەوەش ڕاستە ئەوان زۆر بەسادەیی و سەرپێی باسی رەنجبەری شاعیری شۆڕشگێڕ و چەوساوە پەروەر کراوە ئەویش لەبەرچەند هۆکارێکە لەوانە؛


یەک: باوەڕیان بەرێبازەکەی رەنجبەر نەبووەو لێیان لێ لاداوە.
دوو: لەبەر خۆبەزلزانین و خودپەرستی بۆ بزر کردن و دەرنەخستنی کەسایەتییە بەهێزەکەی و شیعر و شاعیرێتیە چەوساوەپەروەریەکەی،چونکە ئەوان بەرامبەر ئەو هەستی کێماسییان هەبووە لەئاست ناو و دەنگ و خۆشەویستییە جەماوەرییەکەی ئەودا کە بە تۆزی ڕێی رەنجبەر و شیعری ناوازەی رەنجبەر نەدەگەیشتن.
سێ: لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەمان بشکێنن کە پێیان وابوو رەنجبەرێک ڕێی بۆ چۆڵ کردوون با یەکێکی تر لەبرایەکانی بەدەرنەکەون، بە تایبەت مامۆستا سدیق ساڵح و من. بۆیەش بەداخەوە ناکۆکیان خستە نێوان ئێمە و منداڵەکانی شەهید تا بگەن بەو مەرامەیان،بۆ ماوەیەک سەرکەوتن. بەڵام لەدواییدا ئەوانیش بۆیان ڕوونبۆوە.

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): بە بڕوای تۆ ئەگەر رەنجبەر ئێستا زیندوو بووایە، چ پێشبینییەکت دەکرد بۆ کارەکتەری رەنجبەر ؟ ئایا رەنجبەر لەنێو بزاوتی ناسیونالیزم دەتوایەوە و وەکو ئەم سەرکردانەی ئەمڕۆ خەریکی گەندەڵی دەبوو، یان شێلگیرانە وەک پارێزەرێکی چینایەتی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشی کوردستان تێدەکۆشا؟

سابیر گۆران: ئەگەر ئێستا رەنجبەر زیندووبووایە (هەرچەندە داری ئەگەریش بێبەرە!)کاراکتەرێکی دیار و کۆڵنەدەری دژە ناسیۆلیستی گەندەڵ و پیسخۆر و ڕاوڕووت چی دەبوو، هەگیز قبووڵی ئەوخوار وخێچی و زوڵم و زۆرییەی ناو کۆمەڵی کوردەواری نەدەکرد. قەت ناتوانم بەوە قەناعەت بکەم وەک هەندێ دەڵین ڕەنگبێ ئەویش بتوابایەوە لەناو ئەو لێشاوی شڕەخۆری کوردەوارییەدا!.چونکە ئەوتەنها بۆخۆی سیاسەتی نەدەکرد، بەڵکو وەک چەکێک بوو بۆ گەیشتن بە ئاسوودەیی کۆمەڵگە و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و بنبڕکردنی عەقڵ و ڕەفتاری دەرەبەگایەتی و بورجوازی ستەمکاری ئەڵقەلەگوێی خۆویستی دژەچەوساوە. رەنجبەر باوەڕی بە ململانێ و خەباتی چینایەتی هەبوو بۆ گەیشتن بەکۆمەڵگەیەکی ئازاد و کامەران،تەژی لە خەونی ئینسانیی نەک بەخێێڵەکی کردنی کۆمەڵگە و بەحیزبی کردنی تۆتالیتاریانەی ناڕەوا بۆ خزمەت کەسەخۆسەپێن و قۆرخچییەکان لەپەنای کوردایەتییەکی ڕووکەشی درۆزنانە چینە چەوساوەکانی پێ بەکوشت بدەن و بیان کەن بە سووتەمەنی مەرامەگڵاوەکانی خۆیان و دواتریش هەر ئەو سەرەخێڵەکی بوورجوازییە نا بەرپرسە ساختەبازانە،چەوساوەکان لێبخوڕن و چۆنی بیانەوێ بیان چەوسێننەوە و بە دروشمی جیاجیا بیانخەڵەتێنن!. رەنجبەر دەیوت دەبێ ڕۆشبیرە شۆڕشگێڕەکان بێن خەڵکە ستەمدیدەکە ڕزگار بکەن و کۆمەڵگە بەرەو پێش ببەن نەک بڕبڕو ونجڕونجڕی بکەن وەک ئێستا کردوویانەو دەیکەن، بەداخەوە!.ئەودەیوت کوردایەتی و سیاسەت و حیزب ئامڕازن بۆ خەبات لەپێناو نەهێشتنی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە. بەپێچەوانەی چینەچەوسێنەرەکان جا هەردەمامک و ناوێکیان لە خۆیان نابێت. دەبێ ڕێیان لێبگرین و بەرەنگاریان ببینەوە و ڕیسوایان بکەین. رەنجبەر بە هیچ جۆرێک بۆ پارە و پوول و بۆ کورسی ئامادە نەدەبوو لەگەڵ ئەو گەندەڵچییانە تێکەڵاو بێ و پۆست وەربگرێ ،حاشا هەرگیز هەرگیز ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم وەک من رەنجبەرم ناسیوە و خەڵکی رەنجبەریان وا بەپاکی و جوانی و بە هەڵوێستی و گەلپەروەری ناسیوە نەک بە خۆویستی و ئارەزووی دەغەڵ و حەزی چەپەڵ. ئەو جیاواز بوو پێچەوانەی ئەو چەشنە مرۆڤانە بوو کە بازرگانییان بە ئارەقە و خوێنی شەهیدان کرد، ئەگەر ئێستا بمابووایە بێگومان نەفرەتی لێدەکردن و بە گژیاندا دەچووەوە.

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): بۆچی ئەدەبیاتی بورژوا ناسیونال لیبڕاڵی کوردیی بایەخ بە شیعر و شاعیرێتی جەمیل رەنجبەر نادات؟ لە کاتێکدا رەنجبەر شاعیرێکی بە سەلیقە و خاوەن شیعری بەپێزی سیاسیی چینایەتییە. تۆ هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟

سابیر گۆران: من گرنگی نەدانی ئەدەبی بورژووای ناسیۆنالیستی لیبڕاڵ بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە چونکە بە دیارخستن و گرنگی دان بە بە کەسایەتی رەنجبەر و شاعیرێێتی و شیعری رەنجبەر بە قازانجی ئەو بەرپرس و ئەدیبە دەستڕۆیشتووە بوررژووایانە ناگەڕێتەوە! کەست دیوە وەک مەسەلەی مەلای مەشوور داری ژێر خۆی ببڕێتەوە. ئەوان لەسەر کەلاکی گەندەڵی و خۆبەزڵزانین و بێنرخکردنی هەرچی شتە جوان و داهێنانەکانی خەڵکە چەوساوەپەروەکان و شوون بزر کردنی مێژوویان کاریان کردووە. تا خۆیان و دار و دەستەکەیان بە دیار بخەن و شیعر و خەباتی ئەو کەسانەش شوونبزر،یان بێنرخ بکەن، تا ئەو ڕادەیە باسیان بکەن بۆ بەرژەوەندی کەسی وحیزبی بەکاری بێنن .وە ئەوەی بەرامبەر شەهید جەمیل کرا دەقاو دەق وابوو. بەڵام ئەو هەوڵەیان پووچەڵبووەوە، رەنجبەر سەرەڕای تێپەڕینی سی و شەش ساڵ هێشتا شیعرەکانی و شاعیرێتییەکەی جێگەی ڕێز و لێ توێژینەوەیە، باشترین هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەوغەدرەش کە لە کەسایەتی رەنجبەر کراوە لەلایەن هاوڕێ عەبدوڵا مەشخەڵەوەیە. بۆیە وا رەنجبەریان پەراوێزخستووە، دەنادەبووا تا ئێستا چەندین تۆژینەوەونامەی دکتۆرا لەسەر شیعر و شاعیرێتییەکەی وەربگیرایە. هەندێ جار دڵتەنگ دەبم بەو گرنگی نەدانە هەندێ جاریش دەڵێم باش بوو وابوو، چون پشتگوێ خستنی شیعر و ئەدەبەکەی نیشانەی بەرزییەکەیەتی. رەنجبەر لە ماوەی سی و چوار ساڵی تەمەنییەوە کە نزیکەی هەژدە ساڵ خەریکی شیعر و ئەدەب بوو وەک چەکێک بەکاری دەهێنا بۆ بەرگری لە چەوساوە و زوڵملێکراوانی نەتەوەکەی. دەبێ لێرەدا گلەییەکیش لە هاوڕێ هەولێرییەکان بکەم کەمتەرخەمبوون. دەبوا پتر هەوڵی دەرخستن و ناساندنی کەسایەتی رەنجبەر بدەن، بەداخەوە رەنجبەر ئەگەر هەولێری نەبووایە زیاتر دەهێنرایە پێشەوە و گرنگیشی زیاتر پێدەدرا. رەنجبەرێک لەتەمەنێکی واکەمدا ئەو هەموو بەرهەمەجوانەی داهێنا، ئەدی گریمان تا ئێستا لە ژیاندابووایە دەبێ چەند شاکار و بەرهەمی تری بەپێزی بخستابایە سەر ئەوهەموو شیعرە بە سەلیقە و جوانانەی ئێستایەوە؟ دیسانەوە دەڵێم ئەو گرنگی نەدانە بەئەنقەست بووە، وە بە غەدرێکی تری دەژمێرم کە لە رەنجبەریان کردووە نەیانهێشتووە شاعیرێتییەکەی و لەسەنگەر شەهیدبوونەکەی و چەوساوە پەروەریەکەی بە باشی بگاتە جەماوەری شیعردۆست. چونکە دیوانە بڵاو کراوەکەشی کە لە ساڵی ١٩٩٥ دەرچووە و چاپکراوە، شتیشی لێ لابردراوە و هەڵەی چاپیشی زۆر تێدایە. لەو ٢٥ساڵەی حوکمی خۆماڵیشدا هەوڵێکی زۆردراوە ،پارەکی زۆر تەخشان کراوە، بۆناشیرین کردنی شیعریی بەرگری و کارگەریی ،بۆیە شیعر و نووسینی سەقەتیان پاداشت کرووەو ئەوانی لە خزمەت بەرژەوەندی چینە مشەخۆرە نابەرپرسەکان نەبووبێ بەلایان ناوە،تاوای لێهاتووە شیعر و شاعیرێتیشیان ناشیرینکرد لەپێش چاو زۆربەی جەماوەرە شعردۆست و نیشتمانپەروەرەکان.


عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): (دوا پرسیار) لە کۆتاییدا زۆر سوپاستان دەکەم مامۆستا گیان. دوا پرسیارم دەکەم بە دوا دەرفەت بۆ بەڕێزتان تا ئەگەر شتێکتان ماوە و دەتانەوێ باسی بکەن، یان ئیزافەیەکی ترتان هەیە بفەرموون.


سابیر گۆران: زەحمەتە بۆمن وەڵامی پرسیارێکی وابدەمەوە پڕ بەپێستی خۆی بێ لەسەر شەهید رەنجبەری شاعیری چەوساوە و زوڵم لێکراوانی نەتەوەکەم ،کە هەم لە ژیانی و هەم لە شەهید بوون و هەم دوای شەهیدبوونی بە هۆیەوە ئازاری زۆرم چێشتووە و تا ئێستا بەو داخەوە بە ئاکامەکانی ئەو ڕووداوانەوە کە بەسەر خانەوادەکەمان بەگشتی و خۆم و رەنجبەر بە تایبەتی هاتووە دەتلێمەوە. لەدوای شەهیدبوونی رەنجبەر بە هۆی شەهید بوونەکەیەوە تووشی دەیان گیروگرفت و سەر ئێشە بووم تاڕادەی ئەوەی کاری کردە گۆڕینی ڕێڕەوی ژیانم ،لەلایەکەوە خەڵکانێک هەبوون کە شانازیان بە رەنجبەرەوە دەکرد،لێم نزیک دەبوونەوە قسەی دڵی خۆیان بە بێ ترس لەلا دەکردم. لەلایەکی تریشەوە خەڵکانێک هەبوون خۆیان لێم بەدوور دەگرت بە تایبەت لەپێش ڕاپەڕین تاتووشی بەڵا نەبن!. تا ئەو ڕادەیەی جارێک مامۆستایەکی هەولێری کە زۆر دوور بوو لە سیاسەت ،ماوەیەک، هەموو ڕۆژێ بەلامدا دەهات سەڵامی لێم نەدەکرد ،ڕووی وەردەگێڕا نەیدەهێشت سڵاوی لێبکەم لەدڵم بووە مەرەق تا لە شوێنێکی لاچەپ دیتم، پێم وت: ئەرێ مامۆستا.. بۆ کە من دەبینی ڕووی خۆت وەردەگێڕی؟. وتی مامۆستا سابیر چیت پێ بڵێم بە خوا من دەترسێم نەوەک بەعسییەکان و ئەمنەکان بمبینن سەلامت لێدەکەم! یان قسەت لەگەڵ دەکەم نەخۆ تووشی بەڵایەکی یان لێپرسینەوە ببم! بڵێن ئەتوو ئەو کابڕایەی کوو دەناسی؟ منیش وەڵامم داوە،لۆمن ئەوهاخەتەرم نەوێری مەرحەبام بکەی؟


ــ ئەدی ئەنگۆ تێکەڵ سیاسەتن و ئەتوش برای جەمیل رەنجبەری ڕەحمەتیت! لۆیێ ناوێرم بەڵام عادز نەبی بەخوا ئەمن ئەتوشم زۆر خۆش دەوێ!


ئەوەم بۆیە گێڕاوە تا بڵێم ئێمە هێندە لەخەتەر دابووین و چەندە ژیانمان دژواربوو بۆ بەردەوامی دان بە شۆڕش کەچی دواتر خەڵکانێکی تر کە لە سەنگەری دژبوون بە کوردێنی و نیشتمان پەروەری بوون بە خاوەنی ئەو ڕاپەڕینە و بە هەق ئەوقسەیە زۆر ڕاستە کە دەگوترێ :کێ کردی وکێ خواردی! ..لێرەدا مە بەستم ئەوە نییە کە مەغدوور بووینە لە چنینەوەی بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئەوخەبات و قوربانییانەی ئێمە داومانە، بەڵکو بۆ ئەوەمە کەبڵێم بەداخەوە ئەو ئامانجەی رەنجبەر بۆی تێکۆشا ،ڕێڕەوی گۆڕدراو لێی لایاندا. من لە دوای شەهید بوونی رەنجبەریش گومانەکی زۆرم لەلاپەیدا بوو کە رەنجبەر چۆن وا زوو شەهید بوو ؟بۆ شەهید بوو؟ هەندێ جار تا ڕادەی بێئومێد بوون، بەڵام هەر بەردەوام بووم لەسەر پرسیار کردن لەسەر چۆنییەتی شەهیدبوونەکەی کە ئەوەیان بۆم بووە پرسیارێکی بێ وەڵام. هەرچەند هەندێ سەرەداویش بە دەستەوەیە ، کە نزیکن لەڕاستییەوە،بە تایبەت لەچۆنیەتی هاتنە خوارەوەی ئەو هێزە و پەیدابوونی لە ناکاوی ئەودوو کۆپتەرە کەبە ناکاوی لە دۆڵەکەی بەرامبەریانەوە بە نزمی دەگاتە سەریان و تەنها ئەو پۆڵە پێشمەرگەیە دەپێکێ کە لەگەڵ رەنجبەر بوون کە لە دۆڵی ماخۆبزنانەوە نزیک دێی پیرانەڕەش بەرەو خۆشاوەتی دەهاتن؟ زۆرپرسیاری تریش هەیە کە لێرەدا پێڕاناگەین هەمووی بخەینە ڕوو. شەهید بوونی رەنجبەر و هاوڕێیەکانی لە کوردستان وەک کارەساتێکی گەورەیان دانا و دەنگی دایەوە خەڵکێکی زۆر لەدۆست و برادەرانی، شیعر و بیرەوەری یان بۆ نووسی .منیش هەر لەوساوە کە ئەو شەهید بووە بەگوێرەی توانام هەوڵم داوە رەنجبەر بناسێنم ،چ بەشیعر؟ چ بەنووسین ؟چ بە بەردەوامی دان بەرێبازەکەی؟ هەر ئەوەش وای لە من کرد خۆم بە دوور بگرم لە کارکردن لە حیزب هەر لە ساڵی ١٩٨٣ دا تادوای ڕاپەڕینیش چونکە من پێم وابوو کە ئەوە ئەوحیزبە نییە کەرەنجبەر باوەڕی پێیهەبوو .مەبەستیشم دەسکەوتوو پارە وپوول نەبوو کە بە هۆیەوە خۆمی پێ دەوڵەمەند بکەم، وەک هەندێ کەس پێیاندەوتم،،تۆ نازانی لێی بخۆی؟ دەیانوت : وای ئەگەر ئێمە لەجێی تۆ دەبووین! ئەوان ڕاستیان دەکرد ئەگەر من وەک هەندێ کەس تەنازولم لە بیروباوەڕەکەم بکردایە بێشک زۆرسوود مەند دەبووم! بەڵام هەرچەند من بە بارودۆخی سەختی ئابووریدا ڕەتبووم هەرگیز کۆڵم نەدا و تەسلیم نەبووم و نەهاتمە ژێر باری ڕێکخستنێ کە باوەڕم پێی نەبوو.


هەندێ برادەریش پێیان دەوتم : دنیا گۆڕاوە تۆ بۆ ناگۆڕێی؟ تۆ بۆ ناتوانی خۆت بگونجێنی؟! بۆ لەسەر باوەڕی خۆت مکوڕی؟


منیش بە هیچ جۆرێک ئەو جۆرە سیاسەت کردنەی کە خۆی لە ڕاوەڕووت و ئاودیوکردن و غاردان بە دوای حەز و ئارەزووە خودپەرستییە زێدە قێزەونەکان دەبینیەوە قەبووڵ نەکرد و خۆم لێ بە دوورگرت کە وردەبورژواکان وەک ئەوەی نانیان کەوتبێتە ڕۆن و دوونگێکی چەوریان بە دەست کەوتبێ بەدوای ئارەزووە چڵکنەکانیان کەوتن و ئەو بیرو باوەڕەشی کەپێشتر خۆیان پێدەناساند بەلاوەنا ..بەبیانووی خۆگونجاندن. دیارە پێشتر وەک مۆدە یان هەڵخەڵەتاندن باسی ڕزگاری گەل و عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئازادی بیروڕا و دەیان دروشمی تریان کردووە .لێرەدا پێویستە بوترێ ئەوقسەیە هەمووان ناگرێتەوە، بەڵام زۆریان بە خۆشی یان ناچاری یان کەمبڕوایی ڕەگەڵیان کەوتن!.من پێش ئەوەیی کاکە رەنجبەرم خۆی بگەینێتە چیا ئەو وەک مامۆستای زیندان دەرد و چەرمەسەری زۆری چێشتبوو بۆیە کە جاری دووەم لە زیندان بەرلێبوردنەکەی ساڵی ١٩٧٩ دەکەوێ، دوای چەند مانگێک بڕیاری یەکجارەکی ڕۆیشتنی دا ،هەرچەند ئەو دەیزانی ئەو ڕێبازە سەختە وپڕی لە گێرەوکێشە وپیلان و ملشکاندنە. کە لە وبارەیەوە بەر لە ڕۆیشتنی پێم وت: مادام هەر دەڕۆی ئاگات لە خۆت بی ،تۆ بەتەنیا موڵکی خۆت نیت ،هەموومان پێویستمان بە تۆیە.ئەو دەیوت دەبێ بچم لەوێ شۆڕش بکەین جیهانێکی تر ،ژیانێکی باشتر بۆ هەژارەکانی نیشتمانەکەم دروست بکەین، یەکسانی بهێنینەکایەوە بەهەموو چەشنەکانییەوە. هەر پێمدەوت کاکە ئاگات لە خۆت بێ ، لە ئاخیر جاردا کە خوا حافیزیم لێکرد چەندین جار دووبارەم کردەوە ئاگات لەخۆت بێ لەپیلانی دەرەبەگ و بورژوا سیاسییە تەڵەکەباز و دڵڕەشەکان نەوەکا تووشی کێشە یان کەمینێکت لۆدابنێن! ئەو هەردەیوت دەزانم هەوڵ دەدەم ئاگام لە خۆم بێ لەپێناوی ئێوە و مناڵەکان و رێبازەکەشم بە گوێرەی توانا خۆم دەپارێزم و شەڕی خۆتڕین ناکەم ..گۆزەی ئاوێش لەڕێی ئاوێ دەشکێ!


دوا جار جەمیل رەنجبەر شەهید بوو، خەم و خەفەتەکەشی بۆ هاوژینەکەی و کچەکانی و دایکم و باوکم و من و برایەکانم و خوشکەکانم مایەوە بووە داخێکی گەورە و پێمانەونرا، هەرچەند سەربەرزییەکی گەورەشە بۆمان هەتا هەتا بەگیڤارای ئەوسەردەمە دادەنرێ و یان من وای دادەنێم!


لە دوای مەرگی رەنجبەر،دایکیشم بەوداخ و کەسەرە دوای ساڵێک و سێ مانگ بە گڕی ئاگری جەرگ سوتان و ئاگری پەلەمێزەوە سەردەنێتەوە،ئای لەوڕۆژە کە خەبەری سووتانی دایکم ،کەلە بناغەدا تووشی نەخۆشی دڵ و فشاری خوێن و چەندین نەخۆشی ترببوو کە بە هۆیانەوە لە نەخۆشخانەی کۆماری بەشی ،سووتان کۆچی دوایی کرد ،لەبیرمە باوکم چۆن گڕی تێبەربووبوو و هاواری لێ هەڵسابوو بۆن کڕووز لەجەرگییەوە هەڵدەستا و دەیگۆت ودەیگۆتەوە،دایکی شەهیدانم ڕۆ..دایکی شەهید جەمیل رەنجبەر و یاسینم ڕۆ..دایکی کاکەجەمیلم ڕۆ ،بە هەردوو دەستان لە چۆکی خۆی دەدا،من نەمدەزانی خەمی دایکی سوتاوم بخۆم یان هی باوکی جەرگبڕاوم،وای چ ڕۆژە ڕەشێک بوو. مردنی دایکم بۆ من بوو بە کۆستێکی تر کە هەرگیز جێگەی ئەو دایکە مەزنە بۆ من پڕ نابێتەوە.کاتێکیش ئیسماعیلی برای گەورە و بەجەرگ و خۆڕاگرم بەداخی (سەگۆڵ) : واتە سەدام، بە قەولی ئیسماعیلی برام کە وای بەسەدام دەوت. لەشەوێکی ساڵی ١٩٨٤کە گوێی لە قوتابیانی دارالمعلمات دەبێ گۆرانی: سەدام زێڕە: دەڵێن لە داخانافشاری خوێنی زۆر بەرز دەبێتەوە و لە تەمەنی چلوچوار ساڵیدا جوانەمەرگ دەبێ یان بەلای منەوە بەو داخەوە شەهید دەبێ ئەو مەرگە لە ناکاوەی ئسماعیلی برای جوانەرگم زامەکانی باوکمی کە هێێشتا قەتماغە نەببوون دووبارە کولاندەوە. باوکم هەمیشە ڕادیۆکەی بەم هیوایەوە بە دەستەوەبوو تا گوێی لە هەواڵێکی خۆشی شۆڕش و چاڵاکییەکانی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکان و ناوی شەهید جەمیل رەنجبەری ڕۆڵە شەهیدەکەی ببێ کە بەردەوام لەسەر زاری بوو وشانازی پێوە دەکرد .کە لە دوکانەکە بچووکە عەتاریەکەیدا برادەران و دۆستان دەهاتنە لای دڵیان دەدایەوە و باسی دەنگوباسی شۆڕش و پێشمەگەیان دەکرد هەواڵی کەسوکاری پێشمەرگە و شەهیدانیان بە یەکتری دەگەیاند لە بازاڕی شێخەڵا،دوکانەکەشی وەک بارەگایەکی شۆڕش وابوو ،خەڵکی لای باوکم بێترس قسەیان دەکرد ،هەرچەند رژێم جاش وسیخوڕیشی زۆر بوو بەڵام ئەوان ئەوەندە گوێیان پێنەدەدا. کە شۆڕشیش بەرەوکزی و توانەوە چوو. لەساڵی ١٩٨٨ دوای وەستانی شەڕی ئێران و عێراق، باوکم زۆر خەمبار بوو پێی چونکە چالاکییەکان وەک جاران نەمابوون ئەوی تووشی جۆرێک لە بێئومێدی کردبوو باوکیشم هەرچەند نەخۆشی فشاری خوێنی هەبوو، بەڵام زۆر گوێی بەخۆی نەدەدا،چەندجار پێمان دەوت سەردانی دکتۆر بکە و چارەسەر وەرگرە،وەک پێویست گرنگی بە خۆی نەدەدا و دەیوت دوای ئەو ئازیزانەم من ژیانم بۆ چییە؟ هەرچەند تا مابوو هەر خەریکی کار بوو لە دوکانەکەی. زۆر بەگوڕ بوو هەموو بەیانیان بەپێیان لە گەڕەکی بەلاشاوەوە، دەچووە بازاڕی شێخەڵا. هەشت مانگ پێش ڕاپەڕین لە ١٦ی ئایاری ١٩٩٠ لە تەمەنی حەفتا و حەوت ساڵی باوکیشم بەرەبەیانیەکی هاوینە لەسەر قەڵەوێرەکەی لە حەوشەی ماڵەوەدا بە ناکاوی جێمانی هێڵا. بێ ئەوەی کەس گوێی لە دەنگی بێ ،بە یەکجاری چاولێک دەنێ .کە ئەوەش بۆ من کۆستێکی زۆر گەوەرەبوو ،کە هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە ،ئەویشمان لە گۆڕستانی سەید مەعروف لە باداوەی هەولێر لەلای شەهید یاسین و شەهید جەمیل و دایکم و شەهید ئیسماعیل بە خاک سپارد.

لەم دەرفەتەشدا ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ هەموو ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان خزمەتی رەنجبەریان کردووە،هاوڕێ و هاوخەباتی بوون ،ڕێزیان لێگرتووە، وەک خۆی باسیان کردووە چ بەنووسین و یادەوەری گێڕانەوە چ بە باسی کەسایەتییەکەی لە پێشمەرگایەتی و ژیانی نێو زیندان و ژیانی ئاساییدا. دروود بۆ ڕۆحت کاکە رەنجبەر تۆ ڕۆیشتی و ئازارەکانت بەو شەبەقە برینەگەورەیەی کەلە کەلەکەتدا پەیدابوو، کە من لەگەڵ خزمان بەو دەستانەم لە گۆڕەغەریبەکەت لە دێی پیرانە رەش ، بەجلی پێشمەرگانەت ،تۆم بینی و دەرمان هێنایت و تەرمەکەتمان هێنایەوە شاری هەولێر.


(ئای کەجوانبووی
وای چەند بەرزو قارەمانبووی
کە بەوجلە پێشمەرگانە
لەناو گۆڕێکی ساکارو هەژارانە
بە دڵنیایی خەوتبووی
کە سمێڵە قەترانییەکەی تۆم بەدی کرد
کاتێ سەرەکوێستانیەکەی تۆم بەدی کرد
کە دەتوت تازەچیای قەندیل
بەفری بەدیاری هێناوە
بۆسەری بەرزی کاک جەمیل)


(کە هێنانەوەی تەرمەکەشی حیکایەتێی ترە، ئەوەش بەپێداگری هاوژینەکەی بوو ،باوکم بڕیاری داو بەهەوڵ و تێکۆشانی هەمووان جێبەجێبوو و گەێنراوە گۆڕستانی سەید مارف.).


بەو ناوە جوانەتەوە بەو هەموو سەروەریەتەوە بەرهەمێکی جوانت بەجێهێشت لە شیعری شۆڕشگێڕانە و ئاکاری مرۆڤانەت، منیش بەتاقی تەنها بۆ داخ و حەسرەتی ژیانی نالەباری پڕکێشە و ناکۆکی کوردەواری مامەوە ،کەوتمە ناو گێژاوی تێڕامان و دۆخی بێچارەیی و کوێرەوەری و نەبوونی ڕێگە چارەی تێکۆشان ،بێ دەرەتان و بەردەباز ..کە تا ئێستاش بێ تۆییمان پێوەدیارە نەک هەر من زۆر لەهاوڕێکانیشت دەڵێن، بێ جەمیلیمان پێوەدیارە و پێوەی دەناڵێنین. لە هەمووی حەسرەتبارتر خۆی و ڕێبازەکەی خەریکە فەرامۆش دەکرێن. ئەوەشم لە بیرچوو مامۆستا سدیقی برام کە نزیکەی سێ مانگبوو لە زیندان بوو کە لەڕێی گوندی نازەنیندا لەگەڵ (سەردار کاکەحەمە) ی پوورزامان کە ئەو دەیویست ببێتە پێشمەرگە و بگاتە لای رەنجبەری کوڕەخاڵی بەڵام لەڕێی خائینێکەوە زمانیان لێ دەدرێ و دەکەونە کەمینێکەوە، هەرودووکیان دەگیرێن و دەبرێنە ئیستخباراتی عەسکەری هەولێر و لەژووری ئینفیرادیدا زیندانی دەکرێن تامامۆستا سدیقی برام زیندان دەشکێنێ و دەگاتە ڕیزەکانی پێشمەرگە، بەداخەوە سەرداریش دوای هەڵاتنی مامۆستا سدیق بیست ساڵ حوکم دەدرێ و دەرفەتی دەربازبوونی نابێ .مامۆستا سدیقیش کە لە زیندان هەڵدێ بە جەمیلی برای شاد نابێ،چونکە رەنجبەر لە رێگای هاتنە خوارەوەدا هەر لەو مانگە شەهید دەبێ، شەهیدبوونی رەنجبەریش مامۆستا سدیقی برای تووشی شۆک دەکا،ئاواتەکەی ناێتەدی و کاکە رەنجبەری بۆیەکجاری نایبنێ ،تەنیا چەکەکەی شەهید دەکاتە شان و لەسەر رێگاکەی بەردەوام دەبێ لەپێشمەرگایەتی.


نازانم باسی چی رەنجبەر بکەم. ئاخر شەهیدبوون بە جێی خۆی، بەڵام گرنگی نەدان بەو شاعیرە چەوساوە پەروەرە،بەو مامۆستا جوانەمەرگە داخێکی گەورەیە لەسەردڵمان،سەرباری هەموو خەمان لادان لە ڕێبازەکەی و هێنانەکایەی جۆرە بەناو دەسەڵاتدارییەکی سەقەتی شەل و گێڕ کە شایەنی ئەوجۆرە قوربانییە نییە. رەنجبەرێک لە پێناویدا شەهید ببێ و ئەوەی لێشین بێ!، زۆر بەداخەوەم کەو ادەڵێم.


جگە لەمانەش بە چاپ گەیاندنی دیوانەکەشی دیوانی جەمیل رەنجبەر لەساڵی ١٩٩٥دڵخۆشکەر نەبوو ،چونکە:
ــ زۆر بە خراپی چاپکراوە و هەڵەیەکی زۆر ی چاپی تێدایە..
- سەرەڕای ئەوەش بڕگە و وشەی لێ لابردراوە و نوقاتیان (خاڵیان)....... لەجێی هەندێک وشە داناوە و دەسنووسەکەیان یان پێنەخوێنراوەتەوە یان بەئەنقەست وایان خوێندۆتەوە، کەلەنرخی تێکستەکانی کەمکردۆتەوە.


لێرەدا دەبێ ئەوە بڵێم ئەگەر من دەست نووسەکەیم بخوێندباوە هیچ هەڵەیەک ڕووی نەدەدا چونکە دەسخەتی ئەو ورد بوو، منیش شارەزای خەتی ئەو بووم چون لە مناڵییەوە بەیەکەوە بووین،بەڵام ئەو ناکۆکییەی هەندێ دڵڕەش خستیانە نێوان ئێمەوە،واتە مام و برازاوە،وای کرد خەڵکانێکی تر ببنە خاوەن و برایەکان پەراوێز بخرێین، کە ئەو دەرئەنجامەی لێکەوتەوە،دیوانەکەی وا بەخراپی چاک بکرێت. ئەگەر دەسخەتەکانی کەلای هاوژینەکەیەتی بەراورد بکرێ لەگەڵ دیوانەکەی بێگومان هەڵەکان چاک دەکرێنەوە. بەڵام ویستوویانە لە کۆڵ خۆیانی بکەنەوە و ئەو بۆشاییانەش کە ناوی مارکس ،لینین ، ماو ،..هتد لە دەستنووسەکەیدا هەبوون لێی لابراون ،بە هەر نیازێک بێ بەخیانەت لە گەیاندنی ئەمانەتی ئەدەبی دەژمێردرێ.


لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم خەڵکی کوردستان بێ جیاوازی حیزبایەتی رەنجبەریان خۆشویستووە و بە باشە باسیان کردووە. لەوسی و شەش ساڵەی دوای شەهیدبوونیشی خەڵکێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و شاعیران رەنجبەریان بە هاوڕێی خۆیان ناساندووە نازانم ئەو هەزاران هاوڕێیەی چۆن هەبووەو ناسیوە؟ . بەڕاستی سەرسامم پێت براشەهیدە سەربڵندەکەم،رۆحت شاد کاکە هەند بەرز و پاکبووی خەڵکێکی زۆر نان و پیازی پێوەخواردی دژایەتی ئێمەشیان کرد، دەیانوت کەس نابێتە رەنجبەر ،بەڵام بەڕای من نەیاندەویست رەنجبەرچ ناوی و چ هەڵگرانی بیروباوەڕەکەی و رێبازەکەی لە گۆڕەپانەکە هەبن تاخۆیان تەنیا بن تەڕاتێنی تێدابکەن،بەڵام خۆشەویستی جەماوەر و کاراکتەرە بە هێزەکەی ڕێی بەو كەسە نەخۆشانە نەدا کە ئەو شاعیرە شەهیدە بچووک بکەنەوە و کەس وکارەکەشی بشکێنن.


بەڕاستی من بە تەواوەتی و بەپڕاکتیکی بینیم خەڵکی ئێمەلە ململانێی سیاسیدا زیندوو کوژی مردوو پەرستن!


سوپاسی کاک عەبدوڵا مەشخەڵیش دەکەم کە هەوڵی بەدەرخستنەوە و هێنانە پێشەوەی کاراکتەری رەنجبەری ڕادیکاڵ و شاعیری کرێکار و چەوساوەکانی هەڵبژاردووە و قۆڵی مەردایەتی لێ هەڵماڵیوە.. تا ڕۆشنایی بخاتە سەر ژیانی رەنجبەر و شیعرەکانی شەهید. من هەڵسەنگاندن و نرخاندنی شیعرەکانیشی بۆ هاوڕێ ڕەخنەگر و تۆژێنەرەکان بەجێ دێلم. داوای لێبووردنیش دەکەم گەر وەک پێویست مەبەستەکانم نەگەیاندبێ.

خوات لەگەڵبێ براوهاوڕێ ئازیزەکەم
ئەی مامۆستا کۆڵنەدەر و جەربەزەکەم
ناوە جوان و هەڵوێستە پڕ شانازیەکەت
بوویتە ئۆلگۆ و وێردی زمانی میللەتەکەت

بەم چەند دێرە کۆتایی بەم وەڵامە دێنم :

رەنجبەر بۆ ئەوە شەهید بوو
تا داگیرکەر لێرە لاچێ
چی زوڵمی بورجوازی هەیە
بنێژرێ و لە قوڕێ ڕاچێ!
تا نان و یەکسانی پێکڕا
لە کوردستان دەستەبەربێ
نەک ئاغای کۆن بە هی تازە
بگۆڕین گەل قوڕبەسەربێ!

هەولێر
٢٨\١١\
٢٠١٦

تێبینی: ئەم دیدارە تایبەت بۆ کتێبی ( جەمیل رەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا!) سازدراوە.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک