٢٩\٤\٢٠١٤
چەمی
نێوان خونچە مەمان!
دارا خونچە
ئاخەر هەرگیز
نەدەکرا نە؛
دەستبەردار بم،
خەریکبوو
سێلاوی سەدە سوایەکان١
سەرانگرێی دەکردم
هەر خۆم راگرت و پێم چەقاند..
خەریکبوو
هاڵاوی هاوڕێیە هۆڤییەکانم٢
هەڵیدەکڕووزاندم
هەر خۆم راگرت و پێم چەقاند..
خەریکبوو
نێرەوزە٣
نابووتە نێرگسییەکان وەبن پێیانم بخەن
هەر خۆم راگرت و پێم چەقاند...
ئەز دەربەستی هیچیان نەبووم؛
تیر و تیغە تیژ و تووش٤
و تووڕەکانی توندوتیژیی
لە سەت لاوە دەیانپێکام..
پەڕی پەرتووکە پەڕپووتە پیرۆز و پەرجووییەکان٥
لە سەر تا پێم دایانپۆشتم..
دەربارە دز و درۆزنە دڵسۆز و داوڵەکانی٦
دەسەڵات
لە تۆز و خۆڵیان هەڵکێشام..
(خلە بۆز و خولە
قۆز)٧
و خڕی٨
خزم و خوێیشانیشم
کاسەی سەرمیان کون کون کردبوو...
هیچیان بەرزەفتیان٩
نەکردم!
ئاخەر نەدەکرا نە؛
هەرگیز نەدەکرا و نەدەبوو
چاو لە چەمی
نێوان هەردوو خونچە
مەمی
چێور کەم١٠
و کۆستم
کەوی!!!
_______________________________
١-
سوا:
سواو.
٢-
هۆڤیی:
دڕندە.
٣-
نێرەوز:
نێرینە.
٤-
تووش:
شەڕانگێز.
٥-
پەرجوو:
ئەفسوون، جادوو، فاڵ.
٦-
داوڵ:
پاسەوان.
٧-
(خولە قۆز و خلە
بۆز): ئاماژەیە لۆ
ناسیاران.
٨-
خڕی:
کۆی، تێکڕای،
٩-
بەرزەفتکردن:
راگرتن و رێ لێگرتن.
١٠-
چێورکردن:
لادان، وەرگێڕان، وەرسووڕان.
کۆتایی نیسانی
٢٠١٤
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|