په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٠\٢٠١٦

چەند بابەتێکی ٢٠١٤.

هەڵۆ محەمەد      

ناساندنی کتێب:

نیگایەک لە ئەدەب، بینینێک بۆ سیاسەت.


پشکۆ نەجمەدین، دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان ٢٠١٤ سلێمانی

بە تاسەوە ویستم سەرنجتان بۆ ئەم بەرهەمە رابکێشم،کە لە ئاکامی خوێندنەوەی ٥٦٣ لاپەڕە، چێژێکی بێسنوورم پێگەیشت. ئیمڕۆ دوای شەکەت و ماندووبوونێکی زۆری رۆژانی پێش و پاش جەژنی سەری ساڵ،زرمەم لێهەستان و خستمە تەک کتێبە خوێندراوەکانی دیکەمەوە. بەڵێ، دوای خوێندنەوەی ئەم پەرتۆکە، پشوویەکی درێژم داو هەناسەیەکم بە قووڵی هەڵمژی،ئاخر ئەم بەرهەمە نازدارە، تام و خۆشییەکی بێبڕانەوەی بۆ فەراهەم کردم، چونکە قورسایی باسەکانی، لە سەر دوو تەوەری "ئەدەب و سیاسەت" چڕبۆتەوە... ئەم دوو تەوەرەش کەم و زۆر لەگەڵ حەزو ئارەزووەکانی مندا هاوجووت دێنەوە.


نووسەری ئەم بەرهەمە،مامۆستا پشکۆ نەجمەدین، بە سەلیقە و ئاسۆیەکی فراوانی رۆشنبیرییەوە و، وەک کەسێکی خاوەن ئەزموونی سیاسی ، بە زمانێکی شیرین و پاراو و بە دید و روانگەیەکی رۆشنبیرانەی دەوڵەمەندەوە، لە کایەی ئەدەب و سیاسسەتدا،قسەی خۆی راشکاوانە ئاراستە دەکات و بەشدارییەکی چالاکانە دەکات لە ئاخاوتن ،لەمەڕ گەلێ پرسی ئەدەبی و سیاسی، دوێنێ و ئیمڕۆی پەیوەست بە بارودۆخی کوردستانەوە.


کاک پشکۆ. لەم بەرهەمە نوێیەیدا، بە هزر و تێڕامانێکی نوێوە، هەوڵی جددی دەدات بۆ کردنەوەی گەلێ پەنجەرە، بە رووی ئەدەبەکەماندا . هەمان کات،بوێرانە و هۆشمەندانە، چەپکێ تیشکی رووناککەرەوەش، دەخاتە سەر پرسە تاریک و نادیارەکان...


ئەم بەرهەمە، لە بنەڕەتدا بریتییە لە زنجیرەیەک چاوپێکەوتنی نوسەر لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ـ ٢٠١٣ ، لەگەڵ رۆژنامە و گۆڤار و دەستگاکانی تری میدیای کوردستاندا..هاوکات کۆمەڵێ وتار و هەڵسەنگاندنی ئەدەبیشی لە خۆ گرتووە و کۆمەڵێ دید و روانگەی تایبەت بەخۆی، لەسەر سیاسەت و گێڕانەوەی بەسەرهاتی رۆژگاری ئەزموونی پێشمەرگایەتی خودی خۆی بەرچاو دەکەوێت . ئەم بەرهەمە، پڕە لەزانیاریی و هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و تێڕامانی خودی کاک پشکۆ،وەک نووسەر و شاعیر و کادێرێکی سیاسی سەردەمێکی دیاریکراو،بۆ سەرجەم کایە ئەدەبی و ئەزموونە سیاسییەکەی خۆی...


بە هەموو پێوەرێک ،مامۆستا پشکۆ توانیویەتی،مامەڵەیەکی رۆشنبیرانە و ئەقلانییانە لەتەک پرسگەلێکی گرنگ و هەستیاری ئەدەبی و ئالۆزی سیاسیدا بکات و لای خۆیەوە زانیاری چاک پێشکەش بە خوێنەر بکات، بە تایبەت بەو فرەرەهەندییەی باس و بۆچوونەکانی، خزمەتێکی باشی خوێنەر و نەوەی تازە پێگەیشتوو و خەرمانی رۆشنبیریی و فەرهەنگیی کوردستان بکات.


پشکۆ نەجمەدین ، ناوێکی نامۆی رۆشنبیریی کوردی نییە، ئەوە بۆ چەند دەدەیەک دەبێت، بێ پسان ئامادەگی بەردەوامی لە کایە جیاوازەکانی، دنیای نووسینی کوردیدا، بە تایبەت پاش دەرچوونی کتێبە ناسراوەکەی "ئەزموون و یاد".


وێڕای پیرۆبایی گەرم لە کاک پشکۆ نەجمەدین،بە بەخشینی ئەو بەرهەمە جوانە بە کتێبخانەی ژیکەڵەی کوردیی،هیوای بەرهەمی زیاتر و سەرکەوتنی زۆرتری بۆ دەخوازم...


بریا هەر یەکێکتان، بە خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە،زوو خۆی بەهرەمەند دەکرد.
 

٢٠١٤

 

 

 

رێزلێنانەکەی ''بێشکچی'' لە بەرلین.

 


بیرۆکەی رێزلێنان لە کەسایەتیی پایەبەرز و زانستکار و کورددۆست ،زانای ناودار"ئیسمائیل بێشکچی"وەک هەنگاوێکی باش و ئەمەکداریی، بەرامبەر بە پاداشتدانەوەی دۆستتان،بەرهەمی چالاکی" وەقفی بێشکچی" یە،کە لەلایەن چەند کەسایەتییەکی رۆشنبیر و وکوردپەروەرەوە، ساڵانێکە دامەزراوە.


ئێوارەی رۆژی ٣/١٠/٢٠١٤، هاوشان لەگەڵ جەژنی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیادا،لە شاری بەرلین،بە ئامادەبوونی نێزیکی ٢٠٠ کەسایەتی رۆشنبیریی و ئەکادیمیستی کورد و هەندەک ئەڵمان، ئێوارەیەکی خنجیلانەی رێزلێنان ،بۆ د. بێشکچی بەڕێوەچووە.


من لەرێگەی برادەرێکی کوردیی باکوورەوە،درەنگانێ هەواڵ و شوێنەکەم پێ راگەیەندرا.هەر زوو لەتەک برام بەکر عەلی دا چووین بۆ شوێنەکە و وەژوورکەوتین. بەدەم سڵاو و ئێوارەباشەوە لە ئازیزان، پێیان گووتین، مامۆستا جەمال و د. هەنەلۆرەش لێرەن و، وان لەتەک بێشکچیدا دانیشتوون. بۆ سڵاوکردن بەرەو لای مێزەکەی مامۆستا گەورە جەمال نەبەز چووین. خواوراستان دوو جێگەی واڵای بۆ ئێمە تێدابوو. شوێنەکەی من رێک بەرامبەر بە مامۆستا نەبەز و هەنەلۆرە و بێشکچی بوو. هەر زوو چوومە خزمەت بێشکچییەوە و بەگەرمی بەخێرهاتنم کرد و هەستی شانازیکردنم بەو پێکگەیستنە بۆ دەربڕی. پێش گەشتنی ئێمەش د. هەنەلۆرە،کە ساڵانێکی زۆرە بە دۆستێکی زۆر نێزیک و دڵسۆزیی کورد هەژمارد دەکرێ،کتێبەکەی خۆی"کوردستان وڵاتێکی بەبارمتەگیراو"ی بە دیاری بۆ بێشکچی هێنابوو،لەوێ یەکتریان ناسی و بە گەرمی لەگەڵ یەکتر کەوتنە پەیڤ گۆڕینەوە.


د. هەنەلۆرە بەو دیدارە زۆر خۆشحاڵ بوو. گورج ئەو لاپەڕە و وێنانەی کتێبەکەی، نیشانی بێشکچی دەدا،کە دەربارەی نووسیبووی و بڵاوی کردبووەوە. بێشکچیش بە چاوێکی پڕ لە رێز و پێزانینەوە،لە بەرهەمەکەی د.هەنەلۆرەی ڕوانی و بە خۆشییەوە ئەو دیارییە بەنرخەی پەسەند کرد.

دوای سەرنجدانێکی ووردی مشتەرییئاسا لە دیمەنی بێشکچی، ئیدی بەرامبەری بەکاوەخۆ کەوتمە قوڵایی بیرکردنەوەوە. زۆری نەبرد، کۆمەڵێ پرسیار لە مێشکمدا کەوتنە جمە. بەخۆم نەبوو وەخت بوو،بێدەنگی ئێوارەکە بشڵەقێنم و بە دەنگێکی بەرز هاوار بکەم و بڵێـم:


ـ ئا ئەمەیە ئەو پیاوەی، بە زیاتر لە ١٢٠ ساڵ زیندانی، لەسەر نەتەوەی کورد و دۆزە رەواکەی لە لایەن دادگای قەرەقووشی ترکیاوە، سزا دراوە؟!


ـ ئەمە ئەو کەڵەمێردەیە، ١٧ ساڵی رەبەقی لە گرتووخانە تاریک و نووتەکەکانی، دەوڵەتەکەی جەنگیزخان و هۆلاکۆ و ئەتاتورکدا بەسەربردووە؟! و بە زیاتر لە (دە) ملیار لیرەی ترکی، سزا دراوە.


ـ ئەمە ئەو قارەمانەیە،دوای تەواوکردنی زانستگە،جوانترین رۆژ و ساڵەکانی تەمەنی، لە پشت دەرگا ئاسنیینەکانەوە،لە پێناوی داکۆکی کردن لە کورد گوزەراندووە؟!


ـ ئەمە ئەو نووسەرەیە"کوردستان دوا کۆلۆنی نێودەوڵەتی"نووسیوە؟! و زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی دیکەی دانسقەی، لەسەر نەتەوەکەم، پێشکەش بە کتێبخانەکانی جیهان کردووە؟!


ـ ئەم پیاوە خنجیلانەیە، ئەوەیە خەرمانێ وتار و بابەتی زانستی، لەسەر کورد بەرهەمهێناوە؟!


ـ ئەم مرۆڤە رۆحسووکە،کەوا شەرم و رێزی لێ دەبارێ، ئەوەیە، بە ووشە و هەڵوێست،بەگژ سیاسەتی کەمالیستدا چۆتەوە؟!


ـ ئەم مێرخاسە تاکوتەنیا رەنگ سووروسپییە جوانە،ئەوەیە بڕگە بە بڕگەی، سیاسەتی تواندنەوە و نکۆڵی کوردیی، لە ترکیا لە قاوداوە؟!


ـ ئەمە ئەو جوامێرەیە ،بە رووی دەقە ئەستوورەکانی یاسا و رێسای دەوڵەتی فاشتی ترکیادا هەڵشاخاوە؟!


ـ ئەوە ئەم نووسەرەیە،بە تاقی تەنیا، پەردە لە رووی قێزەونترین ئیدیۆلۆژی، کەمالیستی و سیاسەتی دڕندەیی، گورگەبۆر هەڵدەماڵێت؟!


ـ ئەم مێردمنداڵە دلێرە،ئەوەیە خۆی هێزی پەپوولەیەکی تێدا نییە،لێ خاوەنی قەڵایەک باوەڕ و وورەیە، بەرامبەر بە دەسەڵاتی ستەمکار؟


ـ ئەمە ئەو خەمخۆرە بە ویژدانەیەی قوربانییەکانی کوردە کە تەنیابۆ سەربەخۆیی کوردستان تێدەکۆشێ؟!


ـ ئەم بەڕێزە،ئەوەیە بێبڕانەوە رەخنە ئاراستەی ئەو حیزب و سەرکردە کوردانە دەکات،کە هزر و کردار و گرفتاریان بۆ سەربەخۆیی نەخستووە و ناخەنە کار؟!


ـ ئەمە ئەو دکتۆر بێشکچیەیە،کە شارەزای دەرد و ئازارەکانی کوردە و ڕەچەتەی یەکگرتن بۆ کورد دەنووسێ و رێگاچارەی دامەزراندنی دەوڵەتی بۆ دیاریدەکات؟!
پاش ئەم تێڕامانە قووڵەم لە ناخی خۆمدا، بە دەنگی ووتاری کردنەوەی ئێوارەکە،لەلایەن بەڕێزان لە فۆنتی بێشکچی،گەڕامەوە نێو کۆڕی ئامادەبووان. وتارەکە بە تێروتەسەلی لە دۆزی کورد و بارودۆخی وڵات و کەسایەتی بێشکچی دوا. پاشان، رێگەدرا بە چەند ئامادەبوویەکی ئێوارەکە،گوتەی خۆیان، لەم بۆنەدا پێشکەش بکەن.


سەرەتا، بانگهێشتی د.پرۆفیسۆر جەمال نەبەز کرا ،وەک زانایەک، قسە لەسەر بێشکچی بکات.مامۆستا نەبەز،بەچەند رستەیەکی کورت،لێ سەنگین و پڕمانا ،باسی لە کەسایەتیی بەرزی بێشکچی کرد.جوانترین پێناسەی ئەم زانایە،لە وتارەکەی نەبەزدا،بریتی بوو لەوەی، بەهای کەسایەتی بێشکچی بەستەوە، بە پاکێتی و بێنیازی و دلسۆزیی خزمەتەکانییەوە. بەواتەیەکی دیکە ، بێشکچی لۆیە گەورە و هێژایە،چونکە، خۆی بۆ ماڵی دنیا نەفرۆشتووە و باوەڕی بەرزی بە دۆزی کورد بۆ بەرژەوەندیی مەتریالیی نییە،بەڵکو پرنسیپێکی مۆڕالییە. زانست و کاری زانستکارانەش،وەک زۆر بواری تری ژیان، لەو شوێنەدا بەهایان دەردەکەویت و نرخییان گران دەبێ،کە ئامانج لێی، خزمەت بە راستی و مرۆڤ بێت. کارە زانستییەکانی بێشکچیش، لەم چوارچێوە و یاسایە بەدەر نین. لە درێژەی گووتەکەیدا، مامۆستا نەبەز،ئاماژەی بەوەش دا،کە بێشکچی هیچ خەڵاتێکی، لە هیچ لایەنێکەوە قبوڵ نەکردووە،لێ کاتێ خەڵاتی ئاپۆ ئوسمان سەبری پێشکەش کرا،بە سنگێکی فراوانەوە، وەری گرت.ئاخر ئاپۆ سەبریش، وەک بێشکچی مرۆڤێکی خۆنەفرۆش بوو..


میوانەکان، بە چەپڵەلێدانێکی گەرم ،پێشوازییان لە گووتەکانی پرۆفیسۆر نەبەز کرد.پاشان چەند کەسایەتییەکی دیکەی دامەزرێنەری فۆنتی بێشکچی و رۆشنبیرانیی ئامادەبوو،لە کوردانی باکوور،سەرو وتە و بەسەرهات و پێوەندیی خۆیان بە بێشکچییەوە هێنایە بەرباس. ناوبەناویش باسی شەنگال و کۆبانی و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان، دەهاتە نێوان باسەکانەوە و لەوێوە سڵاویان ئاڕاستە دەکرا.


ئینجا، کورتە فلیمێکی دیکۆمینتاری نیشان درا،لەمەڕ هەڵوێستەکانی بێشکچی لە دادگای سەربازی تورکیادا ،کاتێ بوێرانە بەرگریی لە تێزەکانی خۆی دەکات و بەگژ بڕیارە شۆڤێنی و نامرۆڤانەکانیاندا دەچێتەوە. دوابەدوای ئەمانەش ، رێگەدرا بە هەردوو هونەرمەند،شڤان پەروەر و نیزامەدین ئاریج، وەک دووجووتە نێرەکەو بەرامبەر بەیەک بە ئاواز و سترانی کوردیی کەش و هەوای ئێوارەکەیان بردە قۆناخێکی دیکە،جۆشوخرۆشێکی نوێیان بە ئامادەبووان بەخشی. هەر لەو میانەیەدا،هونەرمەند شڤان پەروەر، سترانی (خەزال)ی،کە بێشکچی زۆر شەیدایەتی،چڕیی ،خۆشی بەخشی بە دڵ و روخساری میوانی یەکەمی ئێوارەکە و هەموو ئامادەبووانی دیکە.


بێشکچیش، بە گووتەیەکی کورت،خۆشحاڵی و سوپاسگوزاری خۆی ئاڕاستەی بەشداربووان و ئامادەکارانی ئێوارەکە کرد.


شایانی ئاماژە پێدانە، بەدەم درێژەی بەرنامەکانەوە،دووبەرهەمی تازە چاپکراوی بێشکچیش ئامادەکرابوو. میوانەکان، بەرهەمەکانیان دەکڕی و، بێشکچیش، وەک پەپوولەیەکی رۆحسووک و کەسایەتییەکی بە ویقار ،تێکەڵ بە خەندەیەکی سەرلێو،یەکە بە یەکە واژۆی خۆی لەسەر دادەنان.


ئیدی، هەر زوو لەو ئەندێشە و رامانە،بەهۆش خۆم هاتمەوە و زیهنم رایکێشامەوە بۆ سەرەتای ئێوارەکە و ئەو چەند قسەیەی،مامۆستا نەبەزکردی، کە بە دەوری راستییەکدا خولی دەخوارد.ئەویش هەرچی ناونیشان و پلە و و پایە و دەسەڵات هەیە،کەسێک هەیبێت،گەر خزمەتی هەق و راستی بە پاکێتی و سەربەرزانە پێ نەکرێت،وا گشت لە گشتییان بە پوولێ.


بەڵێ،کەسێ چەرخی رۆژگار دەرەتانی بۆ بخوڵقێنێ،ماڵی دنیای بە ناڕەوا و دەسەڵاتی بە ناهەق دەست کەوێت،لێ قبوڵی نەکات،ئەوە مەردە و سەرکەشە و بە گەورەییەوە دەچێتە مێژووەوە.بێشکچیش چەقی ئەم هاوکێشەیە لە تەرازووی پرسی کورد دا پێکدێنێ.


بێشکچی، لە توخمی دەستەی ئەو پەنجەژمێرانەیە،کە بە درێژایی کاروانی کارە زانستییەکانی، بەردەوام پشتیوانی لە دۆزی رەوای نەتەوە و نیشتمانی دوا کۆلۆنی نێونەتەوەیی، کورد کردووە و هەرگیز کۆڵێ نەداوە و سەرسەختانە، بە چەکی زانست، داکۆکی لە پێناسە و وڵاتی کورد کردووە.


بریا، هەر کەس باسی کوردستانی کۆلۆنی دەکا،بۆ پڕ ماناکردنی ئەم دید و چەمکە ئاوەڵناوی "بێشکچی ووتەنی" بۆ زیاد دەکرد.


بە هیوام، چەندین دامودەزگا و قوتابخانە و ئینیستیتوت بە ناوی ئەم زانایەوە بکرێتەوە و توێژینەوە لەسەر بەرهەمەکانی بکرێت.


داواکارم، لە هەر گۆشە و پانتاییەکی کوردستاندا،گەر دەرفەت رەخسا،پاداشتی گەورەیی و تێکۆشان و ماندووبوونی ئەم پیاوە، بدرێتەوە و پەیکەریی زێڕینی بۆ دروست بکرێ.
 

١١\١٠\٢٠١٤

 

 

 

ریفەراندۆمەکەی سکۆتلەندە، لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە.


کورتەیەکی مێژوویی:


سکۆتلەندە، لەتەک ئیرلەندەی باکوور و وێلز و ئینگلتەرادا، چوارەمین دوورگەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیای مەزنە. دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٥ ملیۆن و رووبەری خاکەکەی ٧٨کم دووجایە. سکۆتییەکان، خاوەنی تەواوی بنەماکانی نەتەوەیەکی سەربەخۆن. لە ساڵی ١٧٠٧ دا، بە بڕیاری کۆمەڵێ دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە،یەکگرتن لەگەڵ شانشینی بەریتانیادا پێکدێنن. بەم پێیە ٣٠٧ ساڵە سکۆتلەندە بەشێکە لە بەریتانیا و لە لایەن لەندەنەوە بەڕێوە دەبرێن. ئەم پێکەوە ژیانەش بە درێژترین و سەرکەوتووترین ئەزموونی جیهانی دادەنرێت.


سکۆتلەندە نیشتمانێکی دەوڵەندە و هەڵکەوتێکی جوگرافیایی گرنگی هەیە. بە تێکڕا ٨٪ دانیشتوان و ٣٢٪ رووبەر و ١٠٪ی داهاتی شانشینی یەکگرتوو پێکدێنێ.
٨٥٪ی نەوتی شانشین لە سکۆتلەندایە و دەوڵەندیشە بە کۆمەڵێ سامانی دیکەی نەتەوەیی.


سکۆتییەکان، چەندجارێ هەوڵی سەربەخۆییان داوە و ساڵی ١٩٧٩ لە ریفەرندۆمێکدا ١/٣ دانیشتوانەی، لەگەڵ سەربەخۆیی سکۆتلەندەدا بوون. سکۆتییەکان،بێوچان چاوی هیوایان لە سەربەخۆیی بڕیوە،بۆیە ساڵی ١٩٩٩، لەسەردەمی سەرەک وەزیران تۆنی بلێردا بڕیاری ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبردن)یان بەدەست هێنا.لە ٢٠٠٧ وە ئەلێکسەندەر سالیمۆند، وەک یەکەم وەزیر و سەرۆکی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندە،کەمپینی سەربەخۆیی لە ڕێی ریفەراندۆمێکی ئازاد و دیموکراسییانەوە بەرپا کردووە. بە واتایەکی دیکە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکەیان لەگەڵ ئینگلتەرادا دەکات.


لە ریفەراندۆمەکەی ١٨/٩/٢٠١٤دا، بە چەند دەنگێکی کەم نەگەشتن بە سەربەخۆ سیاسی خۆیان. ئەگەرچی توانییان کۆمەڵگەکەیان ببزوێنن و پەیامی سەربەخۆبوون بدەن بە گوێیاندا. هەروەک سالیمۆند گوتی: "ریفەراندۆم چرکەسات نەبوو،بەڵکو هەژان و بزواندن بوو".


دیارە لە نێوان هەوڵی یەکەم و دووەمدا، جیاوازییەکی گەورە بەدی دەکرێت و ئاستی دەنگدارانی سەربەخۆخواز، تا بێت بڵند دەبێتەوە و پرۆسەی پرسی سەربەخۆیی، بەردەوام خورتتر دەبێت. ئەوەی لای سکۆتلەندییەکان جێی سەرنجیشە، نائومێدنەبوون، کۆڵنەدان و سووربوونە لەسەر سەربەخۆبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، وەک دوا ئامانجێک. هەروەک ئەلێکساندەر سالیمۆندی رابەری هەڵمەتی سەربەخۆیی ووتی: "نەتەوەکان کاتێ دەبنە نەتەوە،کە بوونە خاوەنی دەوڵەت".


راستە سکۆتلەندییە سەربەخۆخوازەکان، لەم هەوڵەیاندا، دەستتیان بە سەربەخۆیی رانەگەیشت، لێ پەیامی خۆیان، بە گوێی لەندەن بە تایبەتی و جیهان بە گشتیدا دا،کە دەستبەرداری ئەو ئامانج و هیوایە نابن و پرۆسەکەیان هەرگیزاو و هەرگیز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و هەر دەبێ بگەنە ئاوات.


بۆ شانشینی یەکگرتوو، سکۆتلەندە، بایەخی ئابووری و سەربازیی و مرۆیی گەورەی هەیە. شانشین، یەکێکە لە ٥ ئەندامە هەمیشەییەکەی، ئەنجومەنی ئاشایشی نێودەوڵەتی و خاوەنی چەکی ئەتۆمییە. بنکەی چەکی ئەتۆمییەکەشی وا لە فاسلینی سکۆتلەندە.


گەر سکۆتلەندییەکان، سەربەخۆییان بەدەست بهێنایە،وا لە ساڵی ٢٠١٦ دا، واتە پاش دوو ساڵی دی، دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان رادەگەیاند. شایانی ئاماژە پێدانە ،کەوا سکۆتلەندییەکان، رەزامەندی خۆیان نیشان دا، ئێلیزابێتی دووەم، شاژنی شانشینی یەکگرتوو، وەک شاژنی سکۆتلەندە بمێنێتەوە. بە ئومێدی ئەوەش بوون وڵاتەکەیان لەناو یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا بمێنێتەوە و بڕیار وابوو تا ساڵی ٢٠٢٠ تەواوی خاکی سکۆتلەندە لە چەکی ئەتۆمی پاکبکرێتەوە. ئەوەی لێرەدا شیاوی ئاماژەپێدانە، سەرەتای ئاماری دەنگدەران(بەڵێ) سەربەخۆخوازەکان، لە پێشەوە بوون.ئیدی پاشتر ئەو هاوکێشەیە بۆ (نەخێر) قڵپ بووەوە،جارێ کەس باسی لێوە ناکات.


کێشەکانی بەردەم سەربەخۆیی :


ـ لەندەن رازی نەبوو لە دۆخی سەربەخۆبووندا، سکۆتلەندە دراوەکەی بەکار بهێنێ. لەندەن بە هەموو توانایەوە، کۆمەڵێ ئاستەنگ و چەڵەمەی دیکەی ئابووریی و دارایی بۆ سکۆتلەندە قووتکردەوە و بەردەوام هەڕەشە و ترسی بڵاودەکردەوە.ئەمەش هاووڵاتی سکۆتلەندی دوودڵ و نیگەران کرد.


ـ دژوارکردنی مانەوە یان رێگای بوونە ئەندامی سکۆتلەندە، لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا.


ـ لەندەن دژەتوانایەکی زۆری میدیایی و راگەیاندنی و سیاسی لە بەرامبەر سەربەخۆییدا،خستە گەڕ. وە زۆربەی کەسایەتییە سکۆتییەکانی وەک گۆردن براونی کۆنە سەرەک وەزیران و ئەندامانی دیکەی پارتی کرێکارانی ئۆپۆزیسیۆنی هاندا،بەگەرمی رێ لە سەربەخۆیی بگرن.


ـ راستە پرۆسەی ریفەراندۆمەکە لە وڵاتێکی دیموکراسی و بە شێوەیەکی دیموکراسی بوو،هەڕەشەی سەربازی و جەنگ هەڵگیرسانی تێدا نەبوو،لێ جۆرەکانی دیکەی ئامرازی هەڕەشە و ترساندن و دڵساردکردنەوەی تێدا بەکار هات.


ـ ئەم ریفەراندۆمە، بەرانبەر بە جیابوونەوە، لە ئینگلتەرا کرا. ئەو ئینگلیزەی گەورەترین کۆلۆنیالیستی جیهان بووە و سەردەمانێ نێزیکی ٢/٣ جیهانی بەدەستەوە بووە. هەنووکەش بە مامانی سیاسەتی جیهانی دادەنرێت و شکۆیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەستڕۆیشتوو و شارەزا و فێڵاوین لە کاروباری جیهاندا. بۆیە بە هەموو مانای ووشە ریفەراندۆم،خەباتێکی سەخت و دژوار بوو.


ـ ئابووری ئینگلتەرا گورزی کوشندەی بەردەوکەوت ، پێگەی ئابووریی و سەربازیی و سیاسییان لە جیهاندا لەق دەبوو.


ـ رۆڵی نێگەتیڤی برۆکسل، وەک ناوەندی یەکێتی ئەوروپا و بەشێکی دیکەی بەرچاوی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان،هەر یەکەی بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بە نهێنێ و ئاشکرا دژ بەم ریفەراندۆمی سەربەخۆییە بوو. ئەمریکاش، ئارەزوومەند نییە، لە بارودۆخە ناسک و ئالۆزەی ئەوروپای پێیدا تێدەپەڕێ، کێشەی نەتەوەیی سەر هەڵبدات و دڵسۆزترین و نێزیکترین دۆستی خۆی،و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و خاوەن ڤیتۆ، کە بەریتانیا زیانی لێ بکەوێت.


ـ ئەوروپا لەبەردەم قەیران دارایی و ئابووری قوڵدایەو کێشەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیاش، بۆتە جێی نیگەرانی و مەترسی بۆ سەر ئاسایش و ئارامی گوزەران، لە ئەوروپادا. رەزامەندی نواندن بەرامبەر بە سکۆتلەندییەکان، کێشەی قرم و رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە لەبەردەم ریفەراندۆمدان خەستتر دەکردەوە. بە کورتی ئەو باڵی ئارامییەی بە هەرنرخێ بێت، بەسەر ئەوروپادا کشاوە، دەکەوێتە مەترسییەوە. ئا لەم سۆنگەیەوە بوو، قسەکەری یەکێتی ئەوروپا گوتی : "پرسی سەربەخۆیی بۆ ئەوروپا وەک ژەهر وایە".


ـ کۆمەڵێ وڵات لە ئەوروپادا کێشەی نەتەوەیی تێدایە و هەندێکیان ئامادەکاریی دەکەن بۆ ریفەراندۆم وەک:


ـ ئیسپانیا، کاتەلانییەکان، مانگی ١١/٢٠١٤ ریفەراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدەن. باسک و گالیسەکان.ئەمانە نێزیکی ١٢ ملیۆن دانیشتوانی ئێشتای ئیسپانیا پێکدێنن،هەمیشە چاوی هیوایان لەسەربەخۆیی بڕیوە.


ـ فلامییە هۆڵەندییەکانی باکوور و ڤالۆنییە فەرەنسییەکانی باشووری بەلژیکا.


ـ باشووری تیرۆل لە ئیتالیا ونەمسا.


ـ دانیمارک، دورگەی فۆرۆر کە ٥٠،٠٠٠ هەزار دانیشتوانی هەیە داوای جیابوونەوە دەکەن لە دانیمارک.


ـ باسکەکانی فەرەنسا کە ٣،٨ ملیۆن کەس.


ـ ناوچەی ئیلاند،کە سویدین، داوای جیابوونەوە لە فینلەندە دەکەن.


لە بالکان، هەندێ کێشەی دیکە لەبەردەم ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپادا ماوەتەوە. کیبویکەکانیش لە کەنەدا،چەندین هەوڵی سەربەخۆییان داوە.


لەگەڵ گەرموگوڕی هەواڵەکانی سکۆتلەندەدا،سەرەک وەزیرانی کاتالانییەکان، Artur Mas گوتی:" شکستی سەربەخۆخوازانی سکۆتلەندە،مانای گەڕانەوەی کاتالانییەکان نییە لە داخوازییەکانیان.وەک بڕیارە لە ٩/١١/٢٠١٤ دا ریفەراندۆمەکەیان ساز دەکەن".Mark Demesmeker سەرۆکی هاوپەیمانێتی فلامەکان گوتی: " نابێ هاوتەریبی و هاوشێوەیی لە نێوان سکۆتلەندە و کاتالان و فلاندیدا بکێشرێ، ریفەراندۆم لای ئێمە بەڕێوەناچێ. ئێمە هەنگاو بە هەنگاو بە شێوازی خۆمان هەڵمەتی سەربەخۆیی دەبەین بەڕێوە".


ئەمانە، مشتێ کێشەی چارەسەرنەکراوەن، کە بەرۆکی ئەوروپا و جیهانیان گرتووە و تا چارەسەر نەکرێن، هەر ساتە نا ساتێ، دەکەونەوە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانی.


کاریگەرییەکانی ریفەراندۆمی سەربەخۆیی:


ـ سەلماندنەوەی راستینەی پرسی نەتەوە، بوونی هەستی نەتەوایەتی و زیندوویی و شانازیی نەتەوەیی و نەمرییان . هەروەها کامڵبوونی ئەم راستینانە(هەقیقەتانە)، لە سەربەخۆیی و چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا.


ـ هەژاندنی ئەوروپا و جیهان، و بەرپاکردنی رێنیسانسێک، لە رەهەندەکانی پرسی نەتەوەیی دا. بە تایبەت، کە سیستەمی دیموکراسی و بانگاشەکانی مافی مرۆڤ و شارستانێتی، هێشتا، ئەو هەوارە نییە، کە بڵێین، دۆزی نەتەوەیی، تێیدا بە ئاکام گەیشتووە.


ـ سیستەمە سەنتڕاڵییەکان، دەبێت لەمەو پاش، دێسەنتڕالیزە و هەڕێمی بکرێن و دەوڵەتانی فرەنەتەوە و هەڕێم، ماف و دەسەڵاتی زیاتر بدەن بە هەرێمەکان. بە تایبەتی، لەرووی خۆبەڕێوەبردن و سووت و کەڵک وەرگرتن، لە سامان و باج و داهاتی دەوڵەت. بە کورتی دێپاچەی فیدرالیزم،سەرلەنوێ بەرگێکی نوێ بەخۆیەوە دەگرێ.


دەرئەنجامی ئەم ریفەراندۆمەیە،حکومەتی لەندەن گەڵاڵەی پرۆژەبڕیارێکی بۆ مانگی ١١/٢٠١٤ ئامادە کردووە، ماف و دەسەڵاتەکانی سکۆتلەندی و دوورگەکانی دیکەی شانشینی یەکگرتوو زیاد بکات.بەم پێیە بڕیارە سکۆتلەندییەکان خۆیان بڕیار لەسەر باج و دارایی خۆیان بدەن.


هەمان کات، حکومەتی لەندەن، سەرگەرمی ئەوەیە، گۆڕانی زۆر گەورە، لە سیستەمەکەیدا بکات و شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمەکان باشتر بکات. وەک دەڵێن بۆ ئەم گۆڕانکارییانەش ئینگلتەرا،پێویستی بەدەنگی ئینگلیزە بۆ بڕیارێکی ئینگلیزیی. شیاوی وەبیرهێنانە،کە هێزە چەپ و ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئینهگلتەرا،بەرامبەر بە پرسی سەربەخۆیی سکۆتلەندە،چ هەڵوێستێکی دیاریان نەبوو.بگرە بە روونی دژ وەستاوەنەوە.


دەرئەنجامی ئەم دیاردە و گۆڕانکارییە نوێیە، ئێستا بەئاشكرا دەنگ لە برۆکسل(پایتەختی یەکێتی ئەوروپا)وە، بەرز دەبێتەوە،داوای ریفۆرم لەو وڵاتانەدا دەکات،کە لەو جۆرە کێشانەیان تێدایە. واتە، چیدی سەردەمی حوکمی نێوەندی و تاک ئاغایەتی نەماوە.هاوکات ئەوەش بەدیارکەوت دەوڵەتی مۆنتاجکراو و بەزۆر دروستکراو و سەپێندراو و زۆڵەک و ناسروشتی قووتکراوە، لەسەر هەژماری نەتەوەی دیکە،چیدی وەک چەمک و پێناسە وەرناگیرێن و مۆدێلیان بەسەر چووە.


رەنگە، لەندەن لەم تاقیکردنەوەی سکۆتلەندییەکاندا،هەناسەیەکی ئارامی هەڵکێشێ و بڵێ ئۆخەی بڕیاری مانەوە درا. ئێستاش پێویست ناکات سەرەک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو دێڤید کامیرۆن، خۆی بکوژێ، وەک رایگەیاندبوو،گەر سکۆتلەندییەکان جیاببنەوە، ئەو کارە دەکات.راستییەک کە ناکرێ فەرامۆشی بکەین،ئەوەیە خودی حکومەتەکەی لەندەن ،لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا لە کێشە و ململانێیەکی سەخت و قورسدایە. لەندەن لەسەردەمی کێشە و قەیرانی دارایی ئەوروپادا،هیچ ئامادە نەبوو هاوکاریی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ناوبراو بکات و تەنانەت لەسەر دراوەکەشیان هەر لە کێشەدان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا. وا بڕیارە لە سالێ ٢٠١٧ دا ئەم کێشانە لە رێی ریفەراندۆمێکەوە،لەمەڕ مانەوە لە یەکێتی ئەوروپادا،یاخود دەرچوون ،یەکلا بکرێتەوە. ئەوسا دروشمی "پێکەوە ژیان باشترە" کە حکومەتی لەندەن و هاوپەیمانەکانی، بەرووی سەربەخۆخوازانی سکۆتلەندیدا بڵندیان کردبۆوە،بەچ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ،کاتێ یەکێتی ئەوروپا، بە هەمان دروشم،داوا لە حکومەتی لەندەن بکات ،لە یەکێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە و پێکەوە ژیان باشترە. هەڵبەت ئەمەش بارێکی سایکۆلۆژی و بەرپرسیارێتییەکی ئەوروپی ئاڵۆز و قورس و هەستیار، دەخاتە سەرشانی ئینگلتەرا.


بەهەرحاڵ ،هەرچۆنێک لەو پرۆسێسە گرنگەی سکۆتلەندییەکان پێیدا تێپەڕین و ئەنجامیان دا بڕوانین،تێدەگەین کەوا ئەم هەنگاوە دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەتەوە بندەست و ئازادیخوازەکان.کوردیش لە چەندین لایەنەوە دەتوانێ سووت لەم تاقیکردنەوە وەرگرێ و ئەزموونەکەی خۆی پێ دەوڵەمەند بکات. هەرچەند دەبێ لەوەدا، زیت و بەدیقەت بین، سکۆتلەندییەکان،لە وڵاتێکی دیموکرسدا دەژین و هەڕيشەی مەرگییان لەسەر نییە،مەگەر تەنیا لە رووی ئابوورییە دادۆشرێن و خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان وەک پێویست نەبن، دەنا بێ خەباتی چەکداریی و بێ لە سێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی و راگوێزانی هاووڵاتییانی سڤیل و سڕینەوەی سیمای نەتەوایەتییان و سوتماکردنی نیشتمانەکەیان،هێشتا هەر مکوڕە لەسەر هەڵمەتی سەربەخۆیی و چۆکدانادات و و بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ بێوچان لە تێکۆشاندایە. کورد نەتەوەیەکە ،نیشتمانەکەی دوا کۆلۆنی نێودەوڵەتییە و ئەنفال دەکرێ،ژەهر و چەکی کیمیاویی بەسەردا دەکرێ،بە عارەب و تورک و فارس دەکرێ، مێژوو و زمان و فەرهەنگی خۆی ،لێ قەدەغە دەکرێ و رووبەرووی ژینۆساید دەبێتەوە. کەواتە داوای مافی ئۆتۆنۆمی و فیدڕالی و کۆنفدراڵی،سەرلەبەریان دەچنە خانە فشە و پووچەڵییەوە و تاکە رێی راست و دروست، بۆ کورد و ناوچەکە ،ئەوەیە کوردستان بێتە دەوڵەت.

___________________________
بۆ ئەم وتارە،سوودم لە رۆژنامەی دێر تاگە شپیگل و دی ڤێلتی ئەڵمانی وەرگرتووە.
 

٢٥\٩\٢٠١٤

 

 

 

پڕکردنەوی بۆشایی، یان رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان؟

 


ئەوەی، لە شەوی ٩/١٠/٦/٢٠١٤ بە گرتنی شاری موسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی ناسراو بە داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە وڵاتی عێراق و شام)، لە دەوڵەتەکەی عێراقی مالکی روویدا، شانۆگەرییەکی یەکجار سەیر و سەمەرەیەی گاڵتەجاڕیئامێزە. خەرمانی پووش و پەڵاشیش وا خێرا گڕ ناگرێ. ئەم رووداو و کارەساتە، تا ئێستاش هەر جێی لێدوان و سەرنجڕاکێشانی چاودێرانی سیاسی و دەستگاکانی میدیای جیهانییە. هێزەکانی داعش، لە چاو ترووکانێکدا رووبەرێکی بەرفراوانیان لە دەڤەرستانی سوننەنشینی عێراق کۆنترۆل کردوو، هێزە سەربازییەکانی دەوڵەتی زۆڵەکی عێراقیان، کە زیاتر لە ٩٠٠،٠٠٠ هەزار دەبوون، تووشی شکستێکی بێوێنە هێنا. هەنووکە، داعش کۆمەڵێ شار و شارۆچکەی دیکەی گرنگی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و هەڕەشە لە بەخدای پایتەختیش دەکات . پرسیش ترس و بەزین و کەینوبەینی ئێرەو ئەوێ نییە،هێندەی بارودۆخەکە پێوەستە بە باری سایکۆلۆژی تاکی عێراقییەوە.چونکە کەس ئەو حکوومەتە وەک پێویست، بە نوێنەری خواستەکانی خۆی دانانێت.


پێش ئەوەی خۆمان بەلایەنە نادیارەکانی ئەم پرس و هێز و رووداوانەوە سەرقاڵ بکەین، دەبێت چاو و زیهنمان لەسەر ئەو خاڵە گەوهەرییە گیر بکەین و بیکەینە بنەمایەکی سەرەکی روانگەی بیروباوەڕەکەمان. ئەویش ئەوەی هەنووکە لە عێراقدا روودەدات، پەردەیەکی دیکەی زیندوو و هەقیقەتی شانۆگەریی تراژیدیا و ململانێی خوێناویی شەڕی "سوننە و شیعەیە" کە رەگ و ریشەی بۆ ١٥٠٠ ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.


ئینجا بێ ئەوەی خۆمان خەریکی، پرسیاری داعش چی دەوێ و چەند دەستکردی سوریا و ئێرانە؟ چۆن لە بازنە بەرژەوەندی ئەواندا جموجوڵ دەکات؟ چی بە جەبهەتولنەسرە و ئەلقاعیدەوەی دەبەستێ؟ ئەم رووداوانە چییان بۆ کورد لە هەگبەدایە؟؟؟ و زۆر پرسیاری دیکەش بکەین و وەرام بدەینەوە...دەمەوێ هەر لەسەرەتاوە، ئاماژە بەوە بدەم، بەرامبەر بەم پێشهاتانە بڕەک سڵ دەکەمەوە و وەک بڤە لێیدەڕوانم. دەترسم پاش نیشتنەوەی گێژاوەکە، وەک هەموو جارێک،سەرلەنوێ هێلکەکان لەسەری ئێمەدا بشکێتەوە. هەروەک دوای رووخانی سەددام، کورد لە زۆر بواردا تووشی پاشەکشە بوو. بە واتایەکی دیکە، لە دۆخی ئاوهادا، سەرەتا بە کەفوکوڵێکی زۆرەوە پەنجەرەی هیوا و چاوبڕینە ئاسۆ بەرووی کورد دا دەکرێتەوە، ـ بە تایبەت لە رووی سەربازییەوەـ کەچی زۆر نابات ئاڕاستەی رووداوەکان، دژ بە خۆشباوەڕی و بێ بەرنامەیی کورد وەردەچەرخێن دەروازەی جەهەنەم و تراژیدیای نوێی، بۆ دەخرێتە سەر پشت. چونکە لە رووی سیاسییەوە، هەمیشە دەستبەتاڵ و نائامادە و سافیلکە و نایەکگرتوو بووە.


سوپای عێراق لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی ئێراق لە ٢٠٠٣ وە لەسەر دەستی ئەمریکاییەکاندا بەتازەترین چەک و تەقەمەنی چەکدارکراون و مەشقیان پێ دەکرێ . لە بڕی ١٣٠ ملیارد بوودجەی ئێراق لە ٣٠٪ بۆ ئەوان تەرخان کراوە. مالکی زۆربەی ئەفسەرانی بەعسی سوپای عێراق ـ کە پۆل بریمەر رەوانەی ماڵەوەی کردن ـ لە دژی کورد بۆ ناو سوپا گێڕایەوە. کەچی سوپای ناوبراو، بەرگەی یەک دەمژمێری شەڕێکی مەیدانییان نەگرت و هەڵهاتن. هەڵبەت بەرگەگرتن و نەگرتن هیچ لەو راستییانە کەمناکاتەوە،عێراق دەوڵەت نییە و، لەوەتەی دروستکراوە لە لایەن ئینگلیزەوە، تەقەلای زۆری بۆ دراوە ببێتە دەوڵەت و سیستەمێکی تێدا پێڕەو بکرێت، گەلی عێراق بخولقێنێ و چەمکی هاونیشتمانی و هاووڵاتی تێدا بەرجەستە بێت. تا ئێستا لەم پرۆسەیەدا، کەوا نێزێکی سەدەیەک دەبێت،دارێکی نەچۆتە سەر بەردێک، بە تایبەت بە رووی کورد دا. دوای شکستی سەرەکی ئینگلیزەکان لەم پرۆسەیەدا و پاش، هاتنی ئەمریکا لە ٢٠٠٣ وە، بە هەمان رێچکە و بە ووزە و توانایەکی مۆدیرینترەوە، درێژە بە خزمەتی عێراق دەکەن، دەیانەوێ بەهەموو شێوەیەک ئەو قەوارە زۆڵەکە بە یەکگرتوویی بهێڵنەوە. کەچی تازە بە تازە شیعە و سوننە بۆ بەرەی شەڕی دژ بە یەکتر بانگاشە بۆ لایەنگرانیان دەکەن. شیعە بە ئەقڵی تۆڵە رەفتار دەکات و سوننەی عێراق و هەموو وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت تورکیا و سعودییە تاوانبار دەکات. سوننەش شیعەی عێراق،بە درێژکراوەی ئێران دەبینێ. ئەم شەڕە تا بێت دووریی جۆراو جۆر لە خۆیەوە دەپێچێ و مەترسی گەورە ساز دەدات. لە ئێستادا کۆمەڵێ گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا هێناوەتە کایەوە و پێشبینی زۆری دیکەش دەکرێ. هەر وەک زانای گەورە بێشکچی دەڵێ: سیستەمی ناوچەکە لە بەرژەوەندی کورد نییە. بۆیە دەبێ کورد تەنیا خەبات بۆ سەربەخۆیی بکات.


کێشەکانی ئەم دەوڵەتە حەرامزادەیە، کە لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتووە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٣ دا نێزیکی ٨٨٦٠ کەس لە دەرئەنجامی کاری تیرۆر لە عێراقدا کوژراون. رەنگە ژمارەی نەزانراو سێ هێندەش بێت!. جا بۆیە قەیرانی عێراق، هێندەی دووریی قوڵی لێکترازانی هەیە، بە هەموو واتایەک، هیچ هێز و ئیدیۆلۆژیا و مەزهەبێک نییە بتوانێ، ئەم کیانە دەستکردە، لەو دۆخەی هەیبووە و هەیەتی و دەیبێ بیپاریزێ و، بەرەو ئایندەیەکی باش و ئارامی بەڕێوەی بەڕێ. لەم ئەرک و کارەدا، نە هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و نە زلهێزانی دنیا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، هیچ کام لەمانە، ناتوانن، ببنە سوارچاک و فریادڕەسی ئەم دەوڵەتە شەقوشڕە،کە یەکبینە هانیهانی هەڵوەشانەوەی لەسەرە. ئاخر لە بنەوەڕا پێکهاتەکانی ناجۆرن و نا بە دڵ پێکەوە لکێندراون و یەکتر پەسەند ناکەن. خۆ ئەوەی مێژووش بۆمان دەگێڕێتەوە، دروستکردنی خودی دەوڵەتەکەش، لە بنچینەدا هیچ رەزامەندییەکی هاوکۆیی پێكهاتەکانی لەسەر نەبووە.

شیعە بەدوای کۆمارێکی هاوشێوەی ئێرانەوەیە و سوننەش بە هەموو باڵەکانیانەوە ئەنساروئیسلام، جەنهەتولنەسرە و قاعیدە و داعش)، وێڵی دەوڵەتێکی پۆلیسی و سەرکردە و خەلیفەیەکی تاقانەی، وەک سەددامە. ئەم ستراتیژ و شێوازە، لەسەر بنچینەی ئەو ئەقڵ و کولتوورە بنیاتنراوە و پێڕەو دەکرێ، کە بە پانتایی ساڵانی ساڵی مێژووەیەکە، بۆتە زەمینەی نەشونما و کارکردنی ئەم دوو لایەنە.


ئەمەش وێنەی روخسارە هەرە زەقەکەی، دەوڵەتە بێژووەکەی عێراقی ئیمپریالیزمی ئینگلیزییە و بۆ هەر کەسێ بیەوێ قسەیەکی لەسەری هەبێ، گرنگە رەچاوی ئەم راستییانە بکات.


شانۆگەریی گاڵتەجاڕیی رووداوەکانی نێو عێراق، بەدوای سەرکەوتنەکانی داعش، بۆ کورد سەنگ و بەهایەکی دیکە لە خۆی دەگرێت و ئەوەی جێی باسی ئێمەیە لەم دەڤەرەدا، دید و روانگەی میللەتێکی قوربانیدەرە، بە قوڵایی و گرانی مێژووە خوێناوییەوە.


میدیاکانی کوردستان و قسە و هەڵوێستی شەقامی کوردی، بە تێکڕایان بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و چاوێکی گەشەوە، لە ئاسۆی روووداوەکان دەڕوانن. سەرباسی وەک : داعش ماددەی ١٤٠ ی جێبەجێ کرد،داعش بەرگەی پێشمەرگەی کورد ناگرێ، پێشمەرگە ناوچە دابڕاوەکانی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە،داعش هێلکەی زێڕ بۆ کورد دەکات و هتد....رۆژانە بەرچاومان دەکەون.


رەنگە بڵێم، لە ئالییەکەوە منیش بەم رووداو و پێشهاتانە خۆشحاڵم، شارێکی وەک کەرکووک، بێ ئەرک و زەحمەتێکی گەورە بکەوێتەوە دەست کورد. لێ پرسیار ئەوەیە کورد بە چ میکانیزمێ رووبەڕووی ئەم پێشهاتانە بۆتەوە و دەبێتەوە و بەرنامە نەتەوەییەکەی کامەیە؟!. ئەم ناوچانەی رزگار و ئازاد کردووە،یان وەک تەنێکی نامۆ،بە فرمانی بەخدا و بە کاتی، لە رووی ئەمنیەوە، وەک بۆشایی پڕکردۆتەوە؟!


ئێمە دەزانین،کورد هیچ کات و بە ئێستاشەوە، بەرامبەر بە کارەساتێکی لەم شێوەیە،خاوەنی بەرنامەی ئەگەرەکان نەبووە و نییە. هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیش لە هەگبەدا نەبووە و هەتا هەنووکەش لەسەر بەند و ماددە وشکەوەبووەکانی، دەستوورە نەزۆکەکەی عێراق کڕ کەوتوون و بە هیوان هێلکەی دوو زەردێنە هەڵبێنن. یان وەک رۆژنامەنووسی دیاری ئەمریکایی تۆماس فریدمان دەڵێ: سیاسەتی گشتگیری کورد،وەک ناوبژیوانێکی نێوان شیعە و سوننە و بەردەوام خوان رازاندنەوە بە کەباب و دۆڵمەوە،باشترین کاری سیاسی سەرانی کوردە. لە کاتێکدا رۆژگاریی ناوبژیوانی بەسەرچووە و خودی ئەمریکا ئامادە نییە، تاکە هەنگاوێ لەسەرەڕێی چارەسەری راستەقینەی سیاسیی کێشەکاندا بکات. ئەوەتا دەیەوێ ئێران بهێنێتە سەر خەت و رووبەرووی کێشەکانی عێراقی بکاتەوە. یان خۆی هەڵمەتی ئاسمانی بکاتە سەر بەناو تیرۆریستان!


من دڵنیام ئێستا هەموو ئەجێندی سەرانی حیزبی کوردی بریتییە لە: مەراقی پۆستە نوێیەکانی بەخدا و دەستنیشانکردنی نەوشیروان مستەفا لە بری بەرهەم ساڵەح بۆ سەرەککۆماریی عێراق و پیاداهەڵنانی مەسعود بارزانی بە شایستەترین کەسایەتی عێراق بۆ سەرەککۆماری و گۆڕینی مالکی بە عادل عەبدولمەهدی، چەلەبی یان بەها الئەعرەجی و... ـ چونکە هێشتا پێیان وایە مەسەلەکە کەسی مالکی و سەرەک وەزیرانە، نەک ئەقڵێت و کولتوور و سیستەم ـ ، چ بەرنامە و پلانێکی دیکەیان نییە و نازانن دەبێ لە کامە یاریگا،یاری خۆیان ئەنجام بدەن؟


شاراوە نییە، لە هیچ سەردەمێکدا ئەمریکا لەسەر هەردوو ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە، هێندەی ئەم ئیدارەیەی ئوباما، شکستخواردوو نەبووە. هەر لەم روانگە و هەقیقەتەوەیە، فریدمان بە کورد دەڵێ : ئەمریکا لە مێشکی خۆتان دەرکەن. ئەمەش لە کاتێکدا رادەگەیەنێ، هەر خودی فریدمان دەڵێ: لەم ناوچەیەدا، تەنیا کورد دۆستی ئەمریکایە . داخۆ سەرانی کورد چ خوێندنەوەیەک بۆ ئەم قسانە دەکەن؟ جارێ لێمان روون نییە.


ئەوەی نامەوێ لێرەدا بەسەر خوێنەر و جەماوەری هۆشیاری نەتەوەکەمدا هەروا بەسانایی تێپەڕێ، قسە و هەڵوێستیی بەرپرسانی کوردە، لەمەڕ ئەم بارودۆخە زێڕینەوە،کە هاتۆتە بەردەم چارەنووسمان.


یەکێ لەو سیناریۆ بەهێزانەی چاودێرانی سیاسی لەمەڕ ناوچەکەوە باسی لێوە دەکەن، بریتییە لە هەڵوەشانەوەی فۆرمی ئێستای عێراق و سووریاش. ئەگەرێکی بەهێزیش هەیە هەم رۆژاوا و باشووری کوردستان پێکەوە گرێ بدرێن ـ دیارە گەر ویستی کورد خۆی بخوازێ و ئامادە بێت و کاری بۆ بکات ـ و بەشی سوننەی سوریا و عێراقیش بخرێنە سەر یەک و بکرێتە دەوڵەتێک بۆ سوننەکان. هێندەی رووداوەکان پێمان دەڵێ و میدیاکان باسی لێوە دەکەن،هۆکاری سەرەکی بارودۆخی ئێراق بۆ سیاسەتی تاکڕەویی مالکی دەگێڕنەوە کە سوننەی فەرامۆش و پەراوێز خستووە. پێدەچێت پەرۆشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی نیشتمانێک بێت بۆ سوننە.


سەبارەت بەم پێشهاتە نوێیانە، بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی : " ئەوان پێشوەخت ئەمەیان دەزانی و بەردەوامیش لەم رووەوە، لەگەڵ بەخدا لەسەر خەت بوون و ئامادەیی خۆیان، بۆ هەر هاوکارییەک نیشان داوە، لێ مالکی داواکانی داونەتە دواوە".


بە دیدی من، گورزیی کوشندە،کاتێ بەر هیواکانی کورد کەوت، کە لە راگەیاندنی هاوبەشی سەرۆکی حکومەت و نوێنەری نەتەوە یەکنەگرتووەکان دا: رۆژی ١٣/٦/٢٠١٤ ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ،نیکۆلای میلدۆفر ووتی: " ئێمە خاکی کەسمان داگیرنەکردووە و بۆشاییەکی ئەمنیی لەو ناوچانە دروست بووە و ئێمە چووینەتە ئەو شوێنانە و ئێمە ناچاربووین ئەگینا نەدەکرا یان نەدەبووایە ئەو شتانە هەموو رادەستی داعش بکەین یان دەبووایە ئێمە بڕیارێکی وا بدەین هێزی پێشمەرگە بنێرین بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە".


ئەم هەڵوێست و قسانە، دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو راستییەی، کە ئەو دەسەڵاتە کوردییە، لەمێژساڵە.گەمە و قومارەکەی دۆڕاندووە. چی دیکە بە ئومێدی ئەو چرکەساتە نیین، ئەو ناوچە داگیرکراوانە، ببنەوە بە بەشێکی دانەبڕاوی کوردستان.


ئەم زیگنالە مەترسیدارە، دیسان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم حیزب و سەرۆک و دەسەڵاتە، نە بە بەرنامە و نە بەکردەوە کاریان بۆ هیچ یەکێ لەو ئەگەرانە نەکردووە، کە دەرگای گەڕانەوەی ئەم ناوچانە بۆ سەر کوردستان فەراهەم بکات. ئەوە نییە تا ئێستاش بەدەوری کەرکووکی ـ دڵ و قودس ـ ەوە دوو ئاسایش و دوو ئیدارە و دوو ئاڕاستە و گووتار و دوو بەرژەوندیی لەگەڕدایە. ئیدی بە هەموو پێوەرەکان ئەم حاڵوبارەی دەیبینین، لەسەر زەمینەی واقیع، کەرکووک، نە دڵی جەستە و رووبەرێکی لە خۆی گەورەتر و نە قودسێکە لە تەرازوویی بەها و پیرۆزی دا. بە پێچەوانەوە بۆتە ماددەیەکی ناشیرینکراو و فرۆشراوی بنێشتەخۆشەی دەمی دەستگا و بالۆرە ژەنەکانی دەسەڵات و کراوەتە بووکی ناکامی کوردەواری..


نێچیرڤان بارزانی، دەزانێ چی دەڵێ و بۆ وا دەڵێ. چونکە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی، ئەوان لە گەڵ بەخدا لەسەر خەتبوون و شوێنەکان لە ترسی داعش پڕ دەکەنەوە، ئەو شەیپوورەیە دەنگ ناسازەیە، هەستی گومان و باوەڕی یەقین، بەرامبەر بە لەدەستدانی ئەو ناوچانە بەهێزتر دەکەن.لەم رووەوە زۆری نەبرد ، فالح فەیاز،راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق هاتە قسە و دەڵێ:

 

" حکومەتی بەخدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەشتوونەتە رێکەوتن لە بارەی مانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو پارێزگایانەی کە چوونەتە ناوی یان بونیان هەیە تێیدا دژی تیرۆریستەکان و چەکدارانی داعش".


حکومەتەکەی مالکی، بۆیە ئەم هەڵوێستەی وەرگرتووە و رێگەی داوە بە سەرانی کورد، ئەو ناوچە گرنگانە بگرن و پڕ بکەنەوە!! ،هەر بۆ ئەوەی دەست داعش و سوننە نەکەون. گەوهەریی مەسەلەکەش لەوەدایە، مالکی، هەم هیچ لە سەرانی کورد ناترسێ و هەمیش پاشان بە ساکارترین شێوە، لێیان وەردەگرێتەوە. هاوکاتی ئەمانەش بوون و رۆڵی کورد ، لەم ناوچانەدا کاتییە و، مالکی پێویستی بەو سوپایە هەیە،بۆئەوەی بەرەو بەرەکانی شەڕیان بەرێ. کەواتە ئێمە بە کاتی و بە بریکاریی مالکی ئەو شوێنانەمان پڕ کردۆتەوە. ئینجا هەر سات و وەختێ، مەترسییەکان رەوینەوە و هەڕەشەکان بەسەر چوون، ئەوە هەر وەک خاکی باب و باپیری ئەوان دەمێنێتەوە. کورد بە کاتی پاسەوانی لێی دەکات و وەک کرێچییەک پاش ئەوەی خاوەنەکەی هاتەوە، دەبێ شوێنەکە چۆڵ بکات و دەردەکرێت.... دەنا گەر دەسەڵاتی کوردیی،باوەڕی بە کوردستانێتی ئەو ناوچانە و رزگارکردنی ئەو شارانە هەبووایە، بەرنامەی رادەگەیاند و هەر زوو سیفەت و کاراکتەریی یاسایی بۆ دەخستەنە کار و لۆژیکی هەڵمەتی ئازادکردنی پێدەبەخشین و قایمی دەکردن.


پرسیارێ، کە لێرەدا ژیربێژانە جێی خۆی دەکاتەوە، ئەوەیە" کاتێ سەرکردایەتی سیاسیی کوردـ مەبەست سەرکردایەتی حیزبەکانە ـ خەونی گەورە و بچووکی کورد، بە هەڵوێست و رێکەوتننامەیەک، دەپێچێتەوە و زیندە بەچاڵی دەکا، ئیدی دەبێت لە پێناوی چیدا؟، جەماوەری کورد، هەر وەدووی ئەمانە بکەوێ! ، تاکەی بێدەنگی هەڵدەبژێرێ و هەڵوێست وەرناگرێ و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکات " ؟. بەرامبەر بەم دۆخە، هەر دەستە و تاقمێ، بە تایبەت رۆشنبیران، پشکی گەورەی بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ.


میدیاکان ئەوەشیان ئاشکرا کرد، کە بڕیاریی سەرۆکی هەرێم بۆ جووڵە بە هێزی پێشمەرگە، لەسەر داوای مالکی بووە. بەم شێوەیە زۆری نەبرد، پەردە لەدوای پەردەی شانۆگەرییەی، دەسەڵاتی حیزبی کوردیش ئاشکرا بوو، کە لە بنچینەدا ئەمانە هیچ پێوەندییەکیان بە رزگارکردنی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە ـ بە قەولی ناشیرینی ئەوان ـ نییە و بەڵکە بە ریمۆن کۆنتڕۆڵی مالکی کەوتوونەتە جووڵە.


من تارمایی پەردەیەکی چڵکن بەسەر ئاسۆی ئەم رووداوانە و هەڵوێستی ناکوردستانی دەسەڵاتی کوردیەوە دەبینم. پێشم سەیرە ئەم خاڵە گرنگە، تا ئێستا نەبۆتە جێی لێدوان و باری سەرنجی رۆشنبیرانی کورد. تۆ بڵێێ هەروا بە سانایی بە پێش پەردەی چاو و پەردەی هۆش و دیماخیاندا گوزەری کرد بێت؟!


پەردەیەکی دیکەی نهێنییەکان لە رێی د. رۆژ شاوەیسی سەرۆکی شاندی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ مالکی و هێزە عێراقییەکاندا،ئاشکرا بوو. لە چاوپێکەوتنی ئیمڕۆی رووداودا، ٢٠/٦/٢٠١٤ بۆ سوپای ئێراق دەکڕوزێتەوە و، دەڵێ: سوپای عێراق پێنج ساڵی دەوێت تا دێتەوە سەرخۆی . دواتریش دەڵێ : "ئەم دۆخە دەبێ هاندەربێ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی چاک لە عێراقدا و دەبێ بە زووترین کات حکومەتێ دروست بێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، یەکێک لەو کێشانەی دەبێ چارەسەر بکرێ،مەسەلەی تیرۆرە".


وەک دەبینن، ئەم نوێنەرەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی شاندی کوردیی، مەراقی لای حکومەتێکی بەهێزی ناوەندییە، کێشەی تیرۆر چارەسەر بکات، نەک کێشەی کورد یاخود دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی. لە پەرۆشی پتەوکردنی پایەکانی دەوڵەتی داڕووخاوی عێراقدایە. ئەمەش هێمای دیاری رێباز و ئامانچ و باوەڕە بەرزەکەیەتی. ئاخر ئەم هەڵوێست و دیدگا نارەسەنانە، بەڵگەی سەلمێنەری داگیرکەرچێتیی نەبێ،چی دیکە دەگەیەنێ؟؟. دوای رووخانی سەدام و هەڵوەشانەوی عێراق چییان کرد،ئیستا هەمان رێگا دەکووتنەوە و لەم رووەوە هەمیشە مەدالیای (انقاژ)وەک خەڵات پێ بڕاوە. دەرئەنجامی ئەم ئەقڵێت و داخوازییەشە،وای کردووە جەماوەری کورد، بەرامبەر بە بانگاشەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردیی و ئایندەیەکی باشتر وای کردووە، تا بێت، باوەڕی بە دەسەڵات کزتر و لاوازتر دەبێ، کە ناوبەناو دەسەڵات، بە پێی بەرژەوەندیی خۆی بڵندیان دەکاتەوە.


میللەتێ لە ١٩٩٨ دا، زیاتر لە ٩٠٪ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات و دەسەڵات،رێز لەم هەڵوێست و داوایەی نەگرێ، ئیدی بەتەمای چی بین و تا کەی بەدیار داری زڕی بێبەرەوە دانیشین و هەناسە ناکامی هەڵکێشین؟!.
_________________________________
سەرنج: بۆ ئەم وتارە سوودم لە چاوپێکەوتنی بێشکچی لە رۆژنامەی هەولێر و فریدمان لە رووداو وەرگرتووە.

 

٢٣\٦\٢٠١٤

 

 

 

هاوبیر ''دڵەغەزەب''ی شەهید لەبیرناکەین.

 


مەیدانی شەڕ گوندی" ئالان و حاسڵ"ی دەشتی شارەزوور، نێزیک بە هەوار و زێدی حەزرەتی "نالی". کات چەند ساڵی بەرلەوەی "هەڵەبجە"ژارباران بکرێ.. رۆژ و ساڵیش ١٩/٤/١٩٨١ یە. ئا لەم دەڤەرەدا سەرلەبەیانییەکی زوو، دوو مەفرەزەیەکی پارتی کۆمەنیستی عێراق لە بۆسەدا دەبێت،لەناکاو بەهێزێکی گەورەی جاش و جەیش، گەمارۆ دەدرێن و شەڕ و تەقە لە هەموو لایەکەوە گەرم دەبێ.


هەروەک بڵێ ئاگر لە پوشەڵان بەربووبێ، هەواڵی گەمارۆدان و شەڕەکە بە زوویی بڵاوبۆوە. مەفرەزەیەکی پارتی سۆسیالیستی کورد/ پاسۆک بەسەرپەرشتی (مولازم شوان)،و مەفرەزەیەکی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان (حسک)، بە سەرپەرشتی (کاکە حەمەی حاجی مەحمود)،کە پێکەوە لەو ناوەدا لە گەشتدا بوون، دەمودەست بۆ بەهاناوەچوونی ئەم هێزە گەمارۆدراوە، خۆیان دەگەیەننە جێی مەبەست و ئاگری رک و تۆڵە بەسەر لەشکری داگیرکەر و خۆفرۆشاندا دەبارێنن.


ئەو چرکەساتە، هاوبیر (دڵشاد ئەحمەد ئینزیبات مۆریاسی)، بەهاری (١٨) ساڵەی تەمەنی بوو. هێشتا بەتەواوی مووی دەموچاوی خەتی نەدابوو. دەمێک نەبوو لە ترسی کەڵبە و چنگی خوێناوی دامودەزگاکانی رژێمی داگیرکەر، ریزەکانی رێکخستنی نێو شاری سلێمانی جێهێڵابوو و رووەو شاخ و پێشمەرگایەتی بەرەو کاروانی خەبات، ملی ڕێی کاروانە سەختەکەی گرتبووە بەر. گرمەی تانک و تۆپ و شریخەی دەسترێژی شەڕ، لە ٨ بەیانییەوە تا دوانیوەڕۆیەکی درەنگ درێژەی کێشا. لەم میانەدا چەندجارێ کۆپتەرە کاروانکوژ و فرۆکە مەرگچێنەکانی بەعس بەهانای هێزە بەزیوەکەیانەوە هاتن و ئاسمانی دەڤەرەکەیان تاریک کرد.


هاوبیر دڵشاد، هێشتا سەرگەرمی دەستوپەنجە گەرمکردن بوو لەگەڵ تفەنگەکەیدا و ئاواتی گەورەی بوو ئاڕاستەی دڵی دوژمنانی گەلەکەی بکات. بە وورەی بەرز و گیانی تازە پێشمەرگەیەکەوە، هەڵمەتی دەبرد و قارەمانێتی دەنواند و گەرەکی بوو بیسەلمێنێ دلێر و خۆڕاگرە. دەیویست رەوایی بە بیر و رێباز و مافی رەوای نەتەوەکەی ببەخشێ. هەمانکات پێکڕا لەتەک هاوبیرەکانی دیکەیدا،سووربوون لەسەر ئەوەی ،کە بیروباوەڕی جودا،نابێ بێتە لەمپەر لەبەردەم شەڕی دژی داگیرکەر و بێگانە و دوژمندا و پاسۆک بەم فەلسەفە و گیانەوە هاتۆتە مەیدانی خەباتەوە.


بێکەسی نەمر لە شیعری "قەومی کورد..."دا ، دەفەرمووێ:


ئەو کەسەی گیانی لە رێگەی نیشتمانا بەخت ئەکا.....پێی مەڵێن مردوو،شەهیدە وا لە فیردەوسی بەرین
لاوی کورد مەردە ،لە مردن قەتعی یەن باکی نییە.......پەندی پێشینانە،راستە"بەرخی نێر بۆ سەربڕین"


ئەم لاوە خوێن جۆشخواردووە، باش دەیزانی لەم چرکەساتەدا، کەوا ئەو لەنێو ئاگری شەڕێکی نابەرامبەردایە، هاوتەمەنەکانی لە شار، بەڕێی قوتابخانە و چوون بۆ زانکۆ و گوزەرانی ژیانەوەن،کوڕانی خوداپێداویش هێشتا وەنەوزی خەویانە، لێ ئەم برسی و تینوو، لەبەردەم مەرگدا گیانبازی دەکات. پێویستە شەڕی جاش و جەیش و ئامێرەکانیان لەسەر زەوی بکات و لە ئاسمانیشدا، بە گژ فرۆکەدا بچێتەوە. رێکەوت وابوو، هاوبیر دڵشاد، زیاتر لە هەر پێشمەرگەیەکی دیکە، بەرەنگاریی فرۆکەکانی رووبەروو بۆوە. ئەمە لە کاتێکدا هاوبیر دڵە غەزەب، خۆی بۆ شەڕی دەستەوئێخە ئامادەکرد بوو، لێ لە بەختی کەچی ئەو زیانی پاسۆک و شەهادەتی کوردەواریدا، فرۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی. هەموو ئاسمانی شارەزوو دەکەنە یەک پەڵە ئاگر و مەرگباران. دوای تۆماری سەرکەوتنێکی گەورە و نەخشاندنی مێژوویەکی تژی لەسەروەریی، لەناکاو، گوللەیەکی شەستیریی فرۆکە دڵە گەزەب ، دەیپێکێ وئەو هاوبیرە دڵسۆزە، سەربەرزانە دەچێتە ریزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە.

لەم شەڕەدا،کە بەداستانی "ئالان و حاسڵ"ناوی دەرکردووە،(لیوا خالد اڤهر العبود)،بەدیل لەتەک چەندین سەربازو پلەداری دیکەدا دەگیرێن و، فرۆکەوانێکیش بریندار دەکرێ و بە سەدان لە جەیش و جاش لە بریندار و کوژراو لە مەیدانەکەدا دەکەون و زیانێکی بێشومار بە دوژمن دەگات و تا ناو مۆڵگاکانی شارۆچکەی عەربەت راویان دەنێنەوە.
هاوبیر دڵشاد، لە ٣/١١/١٩٦٣، لە گەڕەکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی، لە باوەشی بنەماڵەیەکی هەژاری کوردپەروەر، چاو بە دنیا هەڵدەهێنێ. خوێندنی تا سێی ناوەندی هەر لەوێ تەواو دەکات. لە ١/٧/١٩٧٩ دا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی پاسۆکەوە دەکات و لە ١٦/٣/١٩٨٠ دا، شەرەفی پێشمەرگایەتی پاسۆک بەدەست دێنێ.


لەناوشار، لەتەک شانە جیاجیاکانی پاسۆکدا، لەتەک هاوبیر،(کەریم سابوونکەرانی) ناسراو بە (مالە) و (حەمەقەمبووری سابونکەرانی و کامیلی شێخ عارف) دا. چالاکییەکانی درێژە پێدەدات. پاش ئەوەی لەتەک هاوبیران حەمە قەمبور و کامیلی شێخ عارفدا، لە کێشانی، نەخشەی کوشتنی (ملازم موحسن)ی تاوانباردا ئاشکرا دەبن. ئەو دوو هاوبیرە دەستگیر دەکرێن و دواتر لە موسڵ لە سێدارە دەدرێن و، دڵە غەزەب، بە ناچاری، واز لە قوتابخانە دێنێ و بەرەو بارەگاکانی پاسۆک شار جێدێڵێ.


جێی ئاماژەیە،هاوبیر دڵشاد، لەنێو شار گەلەک هاوکاریی رێکخستنەکانی کۆمەڵە و لایەکانی دیکەیشی لە هەستی پاکی کوردانەی خۆیەوە کردووە.


شەهید دڵشاد، لەبەر لێهاتوویی و جەزرەبەیی هەر زوو لەنێو هاوبیراندا بە (دڵە غەزەب)ناوبانگ دەردەکات. هاوبیرێکی رۆحسووکی گوێڕایەڵی کردە و لەسەرخۆ بوو، خۆشەویستی نێو هاوبیرەکانی بوو، دڵسۆزی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی بوو.


وەبیرهێنانەوەی ئەم پۆلە شەهیدەی پاسۆک،جگە لەوەی دەچێتە خانەی قەرزدانەوەیەکی مۆڕاڵی و بەس،هەمان کات چونکە ئەوسا و ئێستاش، پاسۆک، دەزگای راگەیاندنی وەک رادیۆ و تیڤی نییە، گەلەک کەس لە قارەمانێتی و دڵسۆزی هاوبیرانی پاسۆک بێ ئاگا دەبوون و هەن. بەسەرکردنەوەی ئەو رۆژگارانە و ناوهێنانی ئەم بەچکە شێرانەی کوردایەتی، کە ئاڵای کوردستان بەدەست بوون و بەرەو (کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ) ، سەنگەری خەبات و تێکۆشانیان هەڵبژارد بوو، بۆتە فەرمانێکی هەمیشە بەرز ڕاگرتوو لەسەر شانمان.


سڵاو لە گیانی پاکی هاوبیر دڵە غەزەب، کە لە ١٨ ساڵیدا،بەنرخترین سەرمایەی خۆی(ژیان)ی، کردە قوربانی رێی ئازادیی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی.
 

٢٢\٤\٢٠١٤

 

 

 

رانان و خوێندنەوەی کتێبی: ژیاننامە و بیرەوەریی / شێرکۆ بێکەس.


نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش ٢٠١٣
لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس
بەرگی یەکەم ٤٥٥ لاپەڕە بەرگی دووەم ٤٣٩ لاپەڕە
پێشەکییەکی کورتی ناوەندی غەزەلنووس


شانۆی ژیانی کورد،هەر پەردەیەکی پڕ لەرووداوی کارەساتاوی و شادیی هەمەجۆرە. بەسەرهاتەکانی تاڵ و شیرینن، ئازارەکانی بەسفتوسۆن،چیرۆکەکانی خەمناک و هەست بزوێنن، جوڵەکانی سەیر و ماندووکەرن، ئەکتەرەکان هەگبەیان پڕ لە رازونیازە. لەم دوو بەرگەدا ژیانی زیاتر لە نیوسەدەی تژی لە هەورازونشێوی خەبات و ژینگەی ئەدەبی و مەملەکەتی شیعر و هەسارەی پەخشان و نووسین و بەهەشتی جوانی و خۆشەویستی ژیان و بەرهەمی شاعیری گەورەی کورد مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە چاپێکی رازاوەدا بەرچاو دەکەوێ. لەم بیرەوەرییانەدا شاعیرلە تەمەنێکی درەنگدا بڕیاری نووسینەوەی ژییانامەی خۆی داوە، زیاتر پشتی بە روناکی زەینی خۆی و بیرتیژی بردووە.دەنا هیچ کەلێندەر و دەفتەری تۆماری رۆژانەی نەبووە،بۆ یاداشتکردنی رووداوەکان. ئەم دیاردەیە وای کردووە،هەندێ باس و خواست کە خوێنەر چاوەڕێیەتی و شێرکۆ دەبێ لێیان بدوێ، بەر تیشکی رووناکی زەینەکەی نەکەون. هەر لێرەدایە ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێ لەهاوڕێ نزیکەکانی رەنگە باشتر هەندێ لە بیرەوەرییەکانیان لەبیر مابێ. لەتەک ئەوەدا کە دەڵێ:" بیرەوەرییەکانی بە سنگفراوانی و لێبووردووانە دوور لە رک و کینە و کای کۆن بە با کردن نووسیوە". من پێم وایە ئەمە پەیڕەوکردنی رێبازێکی باشە و بە هیوام ببێتە سەرمەشق بۆ ئاییندە. هەمان کات، داوای لێبووردن لە خوێنەرانیش دەکات گەر شتێکی لە بیرچووبێت. لێ وەک دەڵێ: "مەرج نییە هەموو شتی بەراستی و تەواوی ووتبێ" و لێرەدا هۆکارەکە دەبەستێتەوە بە هەژموونی ئایینەوە. "بیرەوەرییەکان ئەدەبی و هونەرین تا سیاسی و کۆمەڵایەتی"،بێ درۆکردن لەگەڵ قەناعەتەکانیدا لەم بوارەدا...لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا تەوا بەدڵی نین،یان وەک خواستی ئەو دەرنەچوون. شاعیر بە گشتی حەزی گەورەی لە خوێندنەوەی بیرەوەی کەسەکان و رۆمان و چیرۆک زیاتر بووە،لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب.


بەگێڕانەوەیەکی دڵتەزێن باس لە مردنی فایەق بێکەسی باوکی و هەتیوبوونی خۆیی و بێوەژبوونی دایکی دەکات. ئەم رووداوە لە ١٨/١٢/١٩٤٨ دا بووە لە شاری هەڵەبجە و ئەم تازەپێدەنێتە بەهاری تەمەنی ٨ ساڵییەوە. لەسەر داخوازی خۆی تەرمی باوکی بۆ سلێمانی دێننەوە و لە کاتی ناشتنەکەیدا هەردوو شاعیری گەورە کامەران موکری و حەمە ساڵح دیلان وتار دەخوێننەوە. کۆمەڵێ بیرەوەریی سەرنجڕاکێش لە باوکی دەگێڕێتەوە/ یەکی لەوانە ئەوەیە ساتێ باوکی لەماڵەوە بووە،دایناوە و شیعری تۆ چیت، من کوردم ....خۆ ترسنۆک نیت؟! ... نەخێر نەبەردم... چی تۆی زەبوون کرد؟! دوودڵی و نیفاق.چۆن رزگار ئەبی؟! هەر بە ئیتیفاق..


پاشان باسێکی کورتی ٦.ئەیلوولی ١٩٣٠ و رۆڵی بێکەسی باوک دەکات. ئەوجا دێتە سەر سەرەتاکانی دەست بەخوێندنەوەکردنی خۆی. لەو سەردەم و تەمەنەدا دوو کتێب بە تایبەت سەرنجیان راکێشاوە. کەمانچەژەنی وەرگێردراوی پیرەمێرد و شیعروئەدەبیاتی رەفیق حیلمی. شێرکۆ باس لەوە دەکات لە ١٩٤٥ دا بە خێزانەوە چوون بۆ سینەما. بیرەوەری خۆش لەم رووەوە دەخاتە بەرچاو. دواتر لە کێشانی سکێچێکی جوانی شاری سلێمانی، ماڵ و شەقام و گەڕەک و دوکان و مزگەوت و کەسایەتییەکانی سلێمانی لە هەموو توێژەکاندا بەسەر دەکاتەوە و مافی شایستەیی خۆیان لە بەرهەمەیدا بۆ دادەنێ. شێرکۆ هەر زوو لەگەڵ (کامەران موکری و دیلان و عەبدوڵا جەوهەر و فەرەیدون عەلی ئەمین و موحەڕەم محەمەد ئەمین و ئەحمەد هەردی و گۆران و برایم ئەحمەد و جەلالی میرزا کەریم و حسین عارف و کاکەی فەلاح و ووردی و هەژارو رەفیق حیلمی و بەشیر موشیر و، جەمال شارباژێری و پەشێو) و زۆری تردا دەبێتە ئاشنا. لە ژیانیدا دەچێتە دوو رێکخراوەوە. جارێ دەبێتە ئەندامی(بزوتنەوەی قوتابیانی کوردستان) و جارێکی دیکە دەچێتە ریزەکانی (کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کوردـ کاژیک).


بەداخەوە لەم وێستگەیەدا ووردەکارییەکان ـ بوونە ئەندام لە کاژیک داـ باس ناکات، لێ لە ئاکامدا ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی نابەکام و نابەدڵ نمایش دەکات، بە تایبەت بە رووی سەرکردە و بەرپرسانی ئەو کۆمەڵەیەدا،دەنا مامۆستا شێرکۆ تا دوا لێدانی ترپەی دڵی نەتەوەیی و کوردستانی ماوەتەوە . دواجار تێمان دەگەێنێ کە ئەو شاعیرەو کەڵکی کاری حیزبایەتی پێوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەک ئاماژەی پێداوە لە کارکردنی لە رێکخستنەکانی کاژیکدا پەشێمان نەبووە. ئەو رۆژگارەی ئەو تێیدا چالاکی سیاسی نواندووە، ململانێیەکی توند لە نێو بەرەی کوردایەتی و چەپ و کۆمۆنیستەکان دا هەبووە. لەم رووەوە، چەردەیەک بیرەوەری ناخۆش و تاڵ و هەڵوێستی نەرێنی لەسەر کۆمۆنیستەکان تۆمار و بڵاو دەکاتەوە. لەوانە:


ـ ١٩٥٨ لە بەشی ناوخۆیی بووە، کۆمۆنیستەکان هەراسانی دەکەن و ژیانی لێ تاڵ دەکەن، بە ژاوە ژاوی عێراقچێتییەوە." ئێوارەیەکیان من و شارباژێری چووبووینە دەرەوە،وەختێ گەڕاینەوە لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە شڕوشیتاڵ و کتێب و دەفتەرمان فڕێدرابووە دەرەوە".


ـ کاتێ بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات، ئەمیش لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا، بەدروشمی کوردستانی دەچنە پێشوازی بارزانی، کۆمۆنیستەکان دەرفەتیان نادەن و دەبێتە شەڕ و هەرا. " قوتابیە عێراقییەکان بە ئاڕاستەی عێڕاقچێتی و ئێمەش بە ئاراستەی کوردستانییانە بەیەکدا ئەهاتین". ئەو رۆژگارانەی کە عێراقچییەکان سووکایەتییان بە کوردایەتی ئەکرد و(مەعاریفی کوردستان)کە ئامانجی ئێمە بوو ئەیانکرد بە (مەعاریفی قلیاسان).


ـ لە دیدارێکیدا لەگەڵ مامۆستا گۆرانی شاعیردا، لە زمانی گۆرانەوە بۆمان دەگێڕێتەوە کەوا قوتابییە عێراقییەکان کە بۆ خوێندن لە سۆڤێت بوون کراون بە جاسووس بەسەر گۆرانەوە. دیارە دەبێ گۆران قسەی کردبێ و هەڵویستی نواندبێت، بە واتایەکی دیکە پەشێمان بووبێتەوە لە رێبازەکەی.


ـ لە لاپەڕەکانی تری ئەم بیرەوەرییانەدا، کۆمەڵێ خراپە و هەڵوێستی نادروستی کۆمۆنیستەکان دەخاتە بەرچاو. بەتایبەتی سیخوریکردنی کۆمۆنیستەکان بەسەر حەمە ساڵح هیتلەر و مامۆستا عیزەت(عیزەتە خڕە) لەسێدارەدانی ئەمانە لە لایەن رژێمەوە بە راپۆرتی کۆمۆنیستەکان بووە.


ـ جەلالی میرزا کەریم کە کۆمۆنیستێکی کورد بووە، داوای لێ دەکات ببێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی عێراق و ئەمیش بە توندی وەرامی دەداتەوە.


ـ لەنەورۆزی ١٩٥٩ دا لە تووی مەلیکی سلێمانی یادی جەژنی نەورۆز دەکرێتەوە، وتاری حیزبی شیوعی سەعید ناکام دەیخوێنێتەوە لە شوێنێدا هاوار دەکات: (ئەوەی ناوی کوردستان ئەهێنێ، سەریدا لەبەرد). بەمەش بەزم و هەرا دروست دەکات، لایەنگرانی کوردایەتی بەگژیدا دەچنەوە.


ـ رۆڵی نەرێنی کۆمۆنیستەکان لە نێو یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانیدا و چەندن ووردە گلەیی و رەخنەی رەپوراست لە رەفتار و گوفتاریان بەوپەڕی ئازایەتییەوە ئاماژە پێدەکات.


دیارە، نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ، لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی، شێرکۆ بێکەس وەک چەندانی دیکە زۆر بە توندی بەربەرەکانی کراوە و بە خراپە لەسەری نووسراوە. لێ شێرکۆ نە دەستبەرداری پرنسیپە بەرزەکانی باوەڕی بووە، نە کەوتە داوی چەلەحانێی بێ فەڕی ناحەزەکانی. لەم بیرەوەرییانەشدا، جگە لە ئەرکی گێڕانەوەی راستییەکان، هەر بە زمانی گوڵ و دەروونی ساغڵەمەوە باس لە شتەکان و کەسەکان دەکات.


راستە، لە هەندێ قۆناغدا شاعیر لەپاڵ دەسەڵاتدا بووە، یان باشتر بڵێم شاعیر لێیان نزیکبووە، لێ شێرکۆ بێکەس زۆر پێش ئەوەی گەلەک هێز و لایەن بێنە مەیدانەوە و دروست ببن، ئەو سەنگەریی پێشمەرگایەتی هەڵبژاردووە و کەمو زۆر لەگەڵ ئازار و ژانە راستەقینەکانی رۆژانەی میللەتەکەیدا بووە. هەموو ئەم هەنگاوانەشی بەرهەمی ئەو قەناعەتە هزرییەیە، کە باوەڕی تەواوی بە پرسی رەوای میللەتەکەیی و ئەرکەکانی سەرشانی وەک رۆشنبیرێ، سەرچاوەیان گرتووە.
یەکەم بەرهەمی لە گۆڤاری "رۆژی نوێ"دا کە لەلایەم کامەران موکرییەوە دەردەچوو، بڵاوکراوەتەوە، لەساڵی ١٩٦٦ دا دەچێتە ریزی شۆرشی ئەیلوولەوە، لێ بەرپرسان و دەزگای پاراستن، دەیناسن و دەزانن کاژیک بووە، بە سارد و سڕی دەچن بە پیرییەوە و مامەڵەی لەتەکدا دەکەن. لەو شۆرشەدا لەدەزگای راگەیاندن کار دەکات و کۆمەڵێ بەرهەم بە ناوی "کاوە"وە بڵاو دەکاتەوە و دەبێتە ئاشنای زۆر لە کەسانی وەک (شەهید عەبدولخالق مەعرووف،هەژار موکریانی،دڵشاد مەسرەف، سەیدا ساڵح یوسفی، عوسمان سەعید و سەعید ناکام) . دواتریش لە بەغدا دەبێتە هاوکار و دۆستی (رەفیق چالاک و رەمزی قەزاز و حەمەی مەلا کەریم و عیزەدینی مستەفا رەسول). لێرەدا بە تێروتەسەلی باس لە لێوەشاوەیی رەفیق چالاک دەکات و خۆی وەک قوتابییەک گەلەک بەهرەمەند بووە لە خزمەتیدا و زۆر شتی لێوە فێر بووە. هەر لەو میانەدا، گەواهییەک بۆ هونەرمەند چالاک دەدات، گوایە دوای گرتنەکەی" بەتەواوی لە رووی باوەڕەوە گۆڕاوە لە کۆمۆنیستی وازی هێناو بەرەو کوردایەتی هات و بەتەواوی باوەڕی بەسەربەخۆیی کوردستان لا بەرجەستە بوو". لە کۆتایی شەستەکاندا دوو کتێب وەردەگێڕێ {چۆنییەتی یەکگرتنەوەی ئیتالیا، شەڕی چەتەگەری}.


دیارە دواتریش پیرەمێرد و زەریای هەمەنگواینیشی وەرگێڕا. کاک شێرکۆ ئەم بەرهەمانەی لە زمانی عەرەبییەوە، کە تاکە زمانی بێگانە بوو بیزانێ، کردووە بە کوردی. ئەو بەرهەمانەی لە بەغدا لەگەڵ دەستەی دوومدا بڵاوی دەکردنەوە بە ناوی "پەیکان"ەوە بوون،وەک ناوی نهێنی دووەمی. لە سەر شیعری شارەکەم لە شەستەکاندا ١٠ رۆژ لە زیندانی بەکرەجۆی جەلالییەکاندا زیندانی دەکرێت. شێرکۆ دۆستی نزیکی هونەرمەندانی وەک (ئەحمەد سالار، عوسمان چێوار و کەمال سابیر و ئازاد جەلال و مامۆستای گەورەش رەفیق چالاک) بووە. لەگەڵ(جەلالی میرزا کەریمی کۆمەنیست و حسێن عارفی) قیادە مەرکەزی و خۆی وەک کۆنە کاژیکێک ساڵی ١٩٧٠ بەیاننامەی روانگە دەردەکەن. بەیاننامەکە لە ئامادەکردنی خۆی بووە. دواتر کەمێک دەستکاری کراوە. لە بەیاننامەی دووەمەوە کاک شێرکۆ دەکەوێتە بەرشاڵاوی بە کافرکردن و رەجمکردنی، لە لاپەڕە ٢٢٥ باس لەوە دەکات ماڵەکەی بەردباران کراوە و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنیشی دراوە. ساڵی ٩٧٤ لەگەڵ کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەری وەک،ئەمینی میرزا کەریم،مستەفا سالح کەریم،رەئوف بێگەرد،تایەر ساڵح سەعید و سەلام مەنمی دەچنە ناو شۆڕش و کاک فەتاح ئاغا، بەپرسی هێزی خەبات، پێشوازی گەرمیان لێدەکات . لەم پەرەگرافەی ژیانیدا باس لەوە دەکات لە ناوپردان بە دیداری برایم ئەحمەد گەیشتووە. برایم ئەحمەد ئەم دەستەیە ئێوارەیەک داوەت دەکات و لە دوتوێی باسوخواستەکانیاندا "کە باسیش هاتە سەر باسی هەڵوێستی سیاسی مەکتەبی سیاسی و قیادەی بارزانی،مامۆستا برایم ئەحمەد زۆر بە ئاشکرا و لەبەرچاوی هەمووان وتی (ئێمە هەڵەبووین و ئەو پیاوە راست بوو!). دەگێڕیتەوە مامۆستا شێرکۆ، وچانێکی باش بۆ قسەکردن و ستایشی شەهید فەتاح ئاغا دادەنێ، لەسەر جوامێری و دڵسۆزیی و ئازایەتی و کوردایەتی ئەو کەڵەجوامێرە قسان دەکات و بە باوەڕی ئەو" لەناو فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلولدا،کەم کەسیان وەک شەهید فەتاح سادە و ساکار و لێزان و رووخۆش و بەوێڵ و رووناکبیر بوون". سەروەختێکیش لە سەرەتای هەشتاکاندا، لە رادیۆی ی. ن .ک گوێی لە وتارێکی ناشیرین دەبێ لەسەر شەهید فەتاح، نامەیەکی زۆر توند دەنووسێ بۆیان و لە رووەوە گلەیی و رەخنەیان لێ دەگرێ.


شاعیر لە شاکارێکدا بەناوی "پڵنگە کەڵەگەتەکەی ئەیلوول "دەنووسێ:
زۆرجار "سورکێو"ی خەم پۆش
بۆ مەرگی کوت و پڕی ئەستێرەیەکی جوانەمەرگی خۆی
داربەروویەکی سووتاوی خۆی،
کانییەکی خنکاوی خۆی، گریاوە و هەڵقرچاوە و بووە بە قەقنەس!
بەڵام قەت ئەوەندەی ئەو رۆژە سەر بە تەم و تارومارەی،
کە "فەتاح"ی کوڕی "فەتاح "ی رەوەزی
"فەتاح" ی زریان و کەڵەمێردی تیا شەڵاڵی خوێن بوو،
قەت ئەوەندەی ئەو رۆژە
نەگریاوە و هەڵنەقرچاوە و نەبووە بە قەقنەس
دواتر
شەهید کە مامۆستا بوو... گوڵدان بوو بۆ زانین...
رێگا بوو بۆ حەرف و...
چـــرا بوو بۆ پۆل و ئاوات بوو بۆ دوارۆژ
شەهید کە پێشمەرگە بوو...
ئاگر بوو بۆ چەک و...خوێن بوو بۆ سەنگەر و...
ئاوەزێکی هەمیشە رۆشنیش بوو،
بۆ رێبەری کردن
**


لە ١٩٧٥ دا سەرودەمی دروستبوونی پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک ـ دێتە پێشەوە، هاوبیران بۆ کارکردن، دەچن پەیوەندی پێوە دەکەن، رەزامەندی خۆی نیشان نادات. لێ گفتی هاوکاریی و هیوای سەرکەوتنیان دەداتێ و دوای ئەوەی شۆڕش هەرەس دێنێ، شاعیر چیرۆکی سەیر و سەمەرەی پڕ لە مەرگەساتی رۆژانی هەرەسمان بۆ دەگێڕێتەوە. دەرئەنجام بە نووسینی قەسیدەی "کۆچ" کڵوکۆی دەرونی خۆی دادەمرکێنێتەوە. شاعیر دەڵێ:


" قەسیدەی کۆچ، وەرچەرخانێکی نەوعی بوو لە ژیانی هونەری مندا. قەسیدەیەکی درامی فرە دەنگ بوو.گێڕانەوەی تراژیدیای هەرەسێکی گەورە بوو.لێوان لێو لە قوڵپی گەرمی دەروون.لە ئەزموونی خۆمدا،بازدانێک بوو کە لەوەوبەر نموونەی وام نەبوو. زمان رەنگین ببوو هەر رەش و سپییەکەی جارانم نەبوو.ئاوێنەکان یەک جۆر ئاوێنە نەبوون.داڕشتن و وێنە و ئیستیئارەکان ناباو و نەبیستراو بوون".


دواتر باس لە خۆ دۆزینەوەی هزری و ئایدۆلۆژی و ئەدەبی خۆی دەکات، وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی. لەم رووەوە بە دوورودرێژی باس لە کاریگەریی (عەبدوڵڵا جەوهەر و فەرەیدون عەلی ئەمین و ئەحمەد هەردی) لەسەر دروستبوونی دەکات.


"عەبدوڵڵا جەوهەر، سەرتاپا گزنگ.. سەرتاپا گەوهەر" .
ئەمە ناونیشانی پەخشانەشیعرێکی مامۆستا شێرکۆیە و دەڵێ:


چەندین وەرزە... تەمەنێکە.. عومرێ لە شەو
قەسیدەیەک بووە بە مۆم لە دڵمایە و داگیرساوە و
ناوی عەبدوڵڵا جەوهەرە. لە هەرکوێ بم من ئەو مۆمەم لە گەڵدایە و
لەسەر چیا ئەو وەختەی بەردمان کردبوو بە کتێب و
گەواڵە هەور بە کاغەز و قەڵەم بە گیا.
ئەو رۆحەم هەر لەگەڵدا بو...لە کەناری ئۆقیانووسدا
لەگەڵ خۆمدا ئەو پیاوەم برد بۆ ئەوروپا...
زەردەخەنەی ئەو عیشقەم برد بۆ لای لۆرکا.
هێمنییەکەی ئەو حیکایەتە تەنیایەم لەگەڵ خۆمدا برد بۆ چیخۆف
ئەویان کردی بە زەردەپەڕی شیعرێک و ئەمیان کردی
بە چیرۆکی شمشاڵێکی باریکەلە و لە سیبریا کۆیلەیەکی
سۆڤیەت بۆ خۆی لێیدا. لەگەڵ خۆمدا خۆشەویستیی
ئەو پیاوەم برد دامە دەست هەتاوێکی پێست رەشی
خوارووی ئەفریقا و ئەویش کردی بە یەک مەدالییای
کەسکی رۆژی ئەوینی ئازادی و کردییە گەردەنی ماندێلا
*


ئەمانە بە مامۆستا و دروستکەریی خۆی دادەنێت. دواتر لە بلاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کوردستان دا، کە لە شاخ دەردەچوو، بەناوی نهێنی "جوامێر"ەوە شت بڵاو دەکاتەوە. لێرەشدا دەیەوێت تیشکێ بخاتە سەر هەڵویستی، کە بۆچی لە ی.ن.ک ەوە نزیک بووە. بەرانبەر بە زوڵم و ستەمی بەعس ئەو هەر بەقەڵەمەکەی توانیویەتی بەرەنگاری بکات. دەنووسێ کەوا بە شیعر بەشداریی لە موقاوەمەتدا کردووە... تا لە لاپەرە ٣١٦ دەنووسێ:


" ئەگینا من و کۆمەڵەی مارکسی لینینی رەنجدەرانی کوردستان، وەک رێکخراوێکی سیاسی کوجا مەرحەبا! چونکە من بڕوام بە مارکسییەت نەبووە و رۆژێ لە رۆژانیش لە هیچ حیزبێکی م. ل دا کارم نەکردووە".


" شاعیری هونەرمەند: ئەو شاعیرەیە هەژینی دڵ و وردبونەوەی فیکر و سادەیی دەربڕین و قووڵی ناوەڕۆک لەیەک تەنی یەکگرتوودا قاڵ بکات. خۆ شیعری شۆڕشگێڕی هەر بە هاوار و نەڕەنەڕ نابێ بە شیعر". ئەمە پێناسی لاعیرە لای شێرکۆ. دواتر شاعیر لە وێستگە گرنگەکانی دامەزراندن و چالاکی یەکێتی نووسەرانی کورد دەدوێ و کێشە و گرفتەکانی دەخاتە بەرچاو. ئاماژە بە چۆنێتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرینەی نووسەران و هونەرمەندانی کورد دا دەکات.دەنووسێ : من هەر لە زووەوە شەیدای خوێندنەوەی رۆمان بووم، یان ئەو توێژینەوانەی کە ئەمزانی سوودیان لێوەرئەگرم. چونکە کە خوێندنەوە نەبوو نووسینیش نابێ!. خوێندنەوەی چیرۆک،کاریگەریەکی زۆری لەسەر رەوت و ئەزموونی شیعریم هەبووە". لەم رووەوە زۆر بە تێروتەسەلی لەسەر ئەم باسە لە لاپەرەکانی ٣٨٥ ـ ٣٨٨ دا دەروات." من بۆ یەک هەڵبژاردە نانووسم، بەڵکوو بۆ هەموو هەلبژاردەکان ئەنووسم. چونکە تەنانەت لەناو خەڵکی سادەشدا هەڵبژاردە هەر هەیە". دواتر دەڵێ: "شیعر بە کورت و درێژی نییە بە ئەفراندنە". لەسەر زمانی جەستەش قسە دەکات و باس لە شێوازی خوێندنەوە دەکات لای خۆی. دەنووسێ:" شیعر بە خوێندنەوەی باشەوە زیندووترە وەک لەوەی بێدەنگ و لەسەر کاغەز یان بە چاپکراوی بیخوێنیتەوە. با شیعری جوانیش بێت، بەڵام ئەگەر جوانیش ئیلقا نەکرێ لە (تارێ)ک یان (کەمانچە)یەکی هەڵواسراو ئەچێت بە دیوارەکەوە بێدەنگ و بێجووڵە! بەڵام کە جوانیش خوێندرایەوە باڵندەیەکە لە هەڵفڕیندا و یان شەپۆلێکە بە زیندوویی گوێت لێیە و ئەیبینی نەک لە وێنەیەکدا. خوێندنەوە، هەر بریتی نییە لە تۆنەکانی دەنگ، بەڵکوو پەیوەندییەکی دینامیکیشی بە لەش و سەمای لەش و جووڵەی سەر و دەستیشەوە هەیە". شاعیر لە رووپەرەکانی ٤٢٠،٤٢١،٤٢٢ و ٤٢٣ دا باس لە گەلێ لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی خۆی دەکات و دیوە شاراوەکەی خۆیمان پێ نیشان دەدات. دەنووسێ:


" هیچ پاساو بۆ هەڵەکانی خۆم و هەندێجاریش لاوازی و ترسنۆکی خۆم ناهێنمەوە.. هەندێ شیعرم هەیە نەمنووسینایە، بەتایبەتی لەهەندێ سەردەمی ئاڵۆزداوە شەڕی ناوخۆ . من پیاوێکم کەم کەس دەتوانێ بۆماوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵما بژی و بێزار نەبێ،چونکە { بۆڵەبۆڵم زۆرە و بەئەرکم، زوو زوو دڵم ئەرەنجێ، کەم توڕە دەبم،بەڵام کە بووم، دۆودۆشاو تێکەڵ دەکەم،جگەرە زۆر دەکێشم و دەوروبەرم هەراسان دەکەم، هەندێ جاریش قسەم رەقە. شوێنی پارچە کاغەزێ لەسەر مێزەکەم بگۆڕن،دەهری دەبم. بەڵام بەوەش چاکە سروشتێکم هەیە،هەر ئەو ساتەیە و هیچ لە دڵما نامێنێ، من رق ئەستوور نیم. تۆڵەکردنەوەم نییە}.بەراستی من پیاوێکی منداڵم ! میزاجم شێوەی هەلسوکەوتم دیاری دەکات.


کەس بەقەدەر من ئاشقی ژن نییە، لەبەرانبەر جوانەکانیاندا دەبمە تەیرێکی بەشەوارە کەوتوو. ئەم سیفەتەم زیانی زۆری پێگەیاندووم .گەلێ جار کردوویانم بەتەڵەوە و دایاندۆشیوم و شوڵکێکیانداوە لەسەری لووتم. من وەک شاعیرێکی منداڵ باوەشم بۆ گرتوونەتەوە بەڵام هەیانبووە وەک جانەوەر گەمارۆی داوم و تەفرەی داوم و کردوومی بە چەشەنی قولاپەکەی، بە بیرم نایە لە هیچ مەوعیدێ دواکەوتبم. لە منداڵییەوە حەز بە رەنگی رەش دەکەم. دەنگم ناخۆش نییە بەجۆرەی گوێی لێنەگیرێ،بەڵام ئەدام باشە. لە کاروباری ناوماڵ دا دەست و پێ سپیم. لە ماتماتیکدا خراپم. جاری وا هەیە چوار پێنج مانگ هیچ نانووسم و خەریکە شێت ئەبم و وەختی وایش هەیە لە یەککاتدا دووکارم لەبەردەستدایە. چوومە سەر هەر پرۆژەیەک، شیعر یان نووسین، وازیلێناهێنم تا تەواوی نەکەم. ئەگەر ژیانم رۆمانێک بێ، دایکم پاڵەوانە سەرەکییەکەیەتی. جگە لە شیعر حەزم لە هونەری شێوەکاری و گوێگرتنە لە موزیک. من بە توندی سەرزەنشتی خۆم دەکەم،رقم لەخۆم دەبێتەوە، کە ئەو ئیرادەیەم نییە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو بەرهەمانەی لە ئەوروپا و سوید نوسیومن لە چایخانەکاندا نوسیومن!. سەرجەمی بەرهەمی شیعری هیچ شاعیرێکی عەرەبم بە تەواوی نەخوێندۆتەوە و بەرهەمی شاعیرانی دنیاشم لە رێی زمانی عەرەبییەوە بووە. ئەگەر ئەوروپی بوومایە هاورێکانم هەر هەموویان ژن ئەبوون. لەدوای شیعر ئەگەر مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی هەبێ من کاری بۆ بکەم داکۆکیکردن بووە لە مافی ژن و پەیامی یەکسانی و بەرامبەری. بە لای منەوە کولتوری ئیسلامی، کە گوتاری عەرەبچێتی،کولتوری زاڵێتی،گەورەترین هۆکاری ئەم داڕزانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. من لەگەڵ جیاکردنەوەی ئایینم لە دەوڵەت،تا ئەمەش نەبێ ئازادی تاک مەحاڵە. من لەگەڵ ئازادی مرۆڤ و ئازادی بیرورادام.لەگەل ئەوەدام مزگەوت و کلیسە و کەنیسە و مەیخانە و کۆری مولحیدەکان و ئایینی ئێزیدی و سائیبە و هەرهەموویان هەبن و رێگەیان لێنەگیرێ.، من هەر لەسەرەتاوە بایەخێکی زۆرم بە خوێندنەوە داوە. ئەو بەهرەی خوێندنەوەیەشم تێدا بووە. ئەوەتەی لە بیرمە شیعرم بە دانیشتنەوە نەخوێندۆتەوە،چونکە هەستمکردووە بەشێک لە لەشم ئەمرێنم و ئەمەیش بە گشتی کار ئەکاتە سەر ئیلقاکردنم. جووڵانەوەی دەست و سەرم.، ئیلقا پێویستی بە هەموو ئەندامەکانی لەشە،لە قوڕگەوە بۆ پەنجە،لە سەرەوە بۆ جووڵەی هەردوو لاق.رەنگینکردنی رەنگ لەوەختی خوێندنەوەدا،ئاگا لێبوون لە بەرزی و نزمی و چرپە و هەموو هێمایەک کاریگەری خۆیان هەیە لەسەر هەستی گوێگر".
بەرگی ٢


شاعیر نائاسوودەبووە بەوەی زمانە زیندووەکانی دنیای نەزانیوە، ئەم گرفتە بە درێژایی ژیانی بۆتە گرێ کوێرەی سەر دڵی و بۆی نەکراوەتەوە.. ساڵانێک کە لە سویدیش نیشتەجێ دەبێ، لە عۆدەی فێربوونی زمانەکەیان نایەت و پەرێشان بووە بەدەستیەوە.


ئەم کێماسییە هێندە خەم و ئازاری پێ دەبەخشێ، تا لە شوێنێکدا دەڵێ: خۆزیا چاوێکم نەبوایە و پێرفێکت زمانی ئینگلیزیم بزانیبایە.... دەبێ ئەم حەزەی چەند گەورە و بەهادار بووبێ، وەختێ،شاعیر ئەم ئاواتەی تەمەنی دەخوازێ، بەلایەوە سانایە،ئەندامێکی فرە گرنگی لەش و ژیانی لەدەست بدات،بەرانبەر شارەزایی و لەزەت بینین لە رۆشنبیریی جیهان و خزمەتی زیاتری ئەدەبیاتی کوردی.


لە رێ و رەسمیکی شکۆداردا،خەڵاتی تۆخۆلسکی ساڵی ١٩٨٧/١٩٨٨ بەدەست دێنێ و کۆمەڵێ کەسایەتی دیار پیرۆزبایی لیدەکەن. شاعیر باس لە نامەیەکی نووسەری گەورەی عەرەب، هادی عەلەوی دەکات ،کە بۆی ناردووە.بەداخەوە ئەم نامەیە یان چەند بڕگەیەکی بڵاونەکراوەتەوە.


بە باوەڕی من ئەمانە خاڵگەلێکن، لەتەک چەندانی دیکەی وەک " وێنە،نامە، لیستی بەرهەمەکان، ئەو بەرهەمانەشی کە کراون بە زمانی بێگانە" کە دەبنە کێماسی ئەم بەرهەمەی مامۆستا شێرکۆ، یاخود ئەو کۆمەڵە وێنەیەی لە ئەلبوومەکەیدا ـ وەک خۆی باسی دەکات ـ پارێزراوە بڵاونەکراوەتەوە.


هەڵبەت هەموو ئەو بەڵگە و نامە و وێنانە بیرەوەرییەکان بە پێزتر و دەوڵەمەنتر دەکەن و نرخی باسەکان هەڵکشاوتر دەکەن.


ساڵی ١٩٨٨ تووشی موعانات و دڵتەنگی دەبێ لە تەنیایی و نامۆیی غوربەتی سویددا، ئەم ئازارە وێرانی دەکات..ناچار پەنا دەباتە بەرگوێ گرتن لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورە حەمەی ماملێ و وەک خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە جاری واش هەبوو لەگەڵیدا گریاوە... شەپۆلی قورسی غوربەت بەجۆرێ داغانی دەکات،باری دەروونی دەشڵەژێنێ ومەترسی دەخاتە سەر تەندروستی.بەکورتی رۆژگارێکی دژوار بەسەر دەبات. ئەوەتا لە چرکەساتی گەشتە خۆشەکانی لە فرۆکەدا، لە دانیشتنە رازاوەکانیدا، لە دیمەنی دڵفڕێنی وڵاتانی جیهانیداـ ئیتالیا،ئەڵمانیا،ئینگلتەرا،هۆڵەندە،دانیمارک، سویسرا،هەنگاریا، ئامریکا و کەنەدا...هتدـ لەوپەڕی خۆشی کۆڕی یاراندا، شەپۆلی خەیاڵ دەیکاتەوە میوانی چایخانەکەی سەعەی گەوهەر و مام ساڵح و مام عەلی و وەستا شەریف و لە شەقام و کۆڵانەکانی سلێمانی و لەوێوە لەزەت لەو ساتەوەختانە دەبینێتەوە کە لەوێ لەگەڵ عەبدوڵڵا جەوهەر و ئەحمەد هەردی و فەرەیدون عەلی ئەمین و رەئوف بێگەرد و ئەوانی دیکەدا بەسەری بردووە.


لە پەخشانە شیعرێکدا بەناوی"رۆڵەی دۆزەخ و رەنج و کوردایەتی" بۆ سەعید گەوهەر دەڵێ:


لەداوێنی سپیی شاری مامەیارە،شاری ئاگر و خۆڵەمێشەوە
لە داوێنی پاکی گڵەزەردەی ئاوێنەی زیوینی شەهیدان و
لە داوێنی"گۆیژە"ی دایک و مێژووی روو سورمانەوە
چەندین مانگ و ئەستێرەی کاکۆڵ سەوز
چەندین رووباری چاو ئەرخەوانی.. چەندین برووسکەی تیژی داستان و
چەندین کوڕی سەرەمێر کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێک لەو کوڕە گیان رووناکانە
یەکێک لەو گوڵە هەژارانە ، یەکێک لەوئازارە ئازایانە
سەعید گەوهەر بوو، ئەو،گەوهەری شەوچراغی کوردایەتی و
کەڵێکی بناری پیرەمەگرون و دڵۆپە فرمێسکێکی چاوی کوردستان بوو
ئەو،لە ئاوی بەیانیانی کانیی پاکتر و هەستی نەتەوەیی لە پشکۆ گەرمتر و
بۆنی تەمەنی لە نێرگز بۆن خۆشتر ورەنگی ژیانیشی لە گوڵاڵە سوورتر بوو
دواتر
لە دەفتەری بیرەوەریمدا و لە ئاسۆی خەیاڵ و گوڵجاری شیعرمدا..
"گەوهەر" واتە هەوێنی دڵسۆزی و بڵێسەی کوردایەتی
گەوهەر هەژارێکی زاڵ بوو،ئەسپی تەنگانە و دەستی وەفا و
گوڵەگەنمێکی برسی و ،گۆمێکی تینوو بوو
***


باڵی خەیاڵ و پەروانەی رۆحی هەمیشە بەسەر سلێمانییەوە، فڕیوە و نەیتوانیوە بەسەرهاتەکانی لە بیر بکات. لە لاپەڕە ١٣٠ ١٣١ دا سەرزەنشتی خۆی،لە هەمبەر هەندێ بەرهەم و هەڵوێستی، لە ٣ خاڵدا دەکات:


١ـ دەربارەی ئەو پەخشانەی لەسەردەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە ناونیشانی '"دەنگبدە بە سەوزدەنگبدە بە هەق".٢ـ لەسەردەمی شەڕی ی.ن.ک لە دژی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعرێ بۆ جەبار فەرمان دەنووسێ.٣ـ وەک شاعیرێکی ناسراو شیعری زۆری بۆ بۆنەکان نووسیوە،لەوانە بۆ کوڕی کۆسرەت رەسول.


لە ئەوروپا گەشتی دوورودرێژی بۆ کۆڕگێڕان دەکات و زۆربەی وڵاتان میوانداری دەکەن. ئەو گرفتانەی وەک هەمیشە هاتتونەتە رێی نەزانینی زمان بە تایبەتی ئینگلیزی بووە.کاتێ دەیەوێ باسێ،دامەزرێنێ و بە دنیای خۆشەویستی و جوانی ژناندا هەڵزنێ، دەستەپاچە خۆی دێتە بەرچاو.... لەکاتێکدا تەمەنی بەرەو هەوراز چووە دەیەوێ خۆی وەک هەرزەکارێکی عاشق بداتە قەلەـ دەڵێ: کوا دڵی شاعیر لە تەسکەرەی نفوسدایە؟ دڵی شاعیر هەمیشە بیست ساڵانە ،دڵی شاعیر هەر ژێێ کەمان و دەمی تازە خونچە و دڵۆپێ بارانە. ل ١٦٦. دیارە بەدرێژایی ژیانی شاعیر ژن توخمێکی زیندوو و ئامادەی بەرهەمەکانی بووە،هەر ئەمەشە وای لێکردووە لە ل ٢١٢ بنووسێ : من خۆم بە مۆمێکی پشت سەری ژنانی وڵاتەکەم ئەزانم .... تکایە ئەمڕۆ پێم مەڵێن "شێرکۆ بێکەش" و بڵێن "شێرکۆ شەفیقە".، شاعیر لە ل ٢٢٧ دا کۆمەڵێ تایبەتمەندی کەسایەتی و شاعیر و ناودارانی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە، باس لە تایبەتمەندی هەر یەکەیان دەکات. ئەمەش بۆ بەرچاوروونی خوێنەرە کە تێبگات هیچ کام لە کەسایەتییەکان پێرفێکت نەبوون و هەور یەک بە تایبەتمەندی خۆی ناسراوە...


لە ل ٢٦٥ دا جارێکی دیکە مامۆستا شێرکۆ بێکەس ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە عێراقی نەبووە و دەڵێ : بەهەرحاڵ من خۆم رۆژێ لە رۆژان هەستمنەکردووە شتێک هەیە لەناو مندا پێی بووترێ عێراقی،شەراکەتی راستەقینە. دواتر دەڵێ: نەخشەی عێراق بۆ من هەر سێدارە و دارەمەیت بووە! ئەوەتەی سیستەمی خوێندن و پەروەردەیان داڕشتووە بەرنامەی فاشیزمی عەرەبییان بەسەرمندا سەپاندووە. من هەرگیز خۆم بە هاووڵاتی عێراقی نەزانیوە،چونکە بەردەوام لەسەر کوردبوونم چەوسێنراومەتەوە. مامۆستا لە درێژەی ئەم، باسەیدا بەرەو دنیای سیاسەت و رێگا چارەیەکی شارستانیمان دەبات و داوا دەکات : پێویستە لە راپرسییەکی گشتی سەرتاسەریدا و لە کوردستاندا و بە سەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتی،چارەنووسی کورد بدرێتە دەست گەلی کوردستان خۆی،بۆ ئەوەی پاشەڕۆژی سیاسی خۆی دیاریبکات!. ل ٢٦٦.


رەنگە بتوانین ئەمە بە پوختەی پەیامی هزریی و ئەدەبی و مرۆیی شاعیرێتی کاک شێرکۆ وەک بیر و رێباز دابنرێت.


شاعیر لە ل ٢٩٢ دا،دوای نووسینی شاکاری دەربەندی پەپوولە لە تاراوگە، باس لە خاڵ و وەرچەرخانێکی گرنگی ژیانی خۆیدا دەکات و دەنووسێ : دەربەندی پەپوولە< هەڵگەڕانەوە و یاخیی بوونێ بوو لە منی رابووردوو. لە زمان و بینینم.کودەتایەک بوو، هەر خۆم دژی خۆم بەرپامکرد. شیعر هەڵکەندنی بەردەوامە لەناو زماندا.یان هەندێجار هەڵزنانی سیزیفانەیە.شیعرنووسین کارکردنە لەناو جوگرافیا نەبینراوەکانی وێنە و تێڕامانە لەناو دڵی گێژەنەکاندا . من بە ئەزموونی خۆم لەوە گەیشتووم ئەو شیعرەی مەراقی گەورەی لە پشتەوەیە، هەمیشە داهێنانی گەورەیشی لە پشتەوەیە.وەک لەسەرەوە باسمان لە دنیای نامۆیی و غوربەتی مامۆستا کرد،دەرئەنجام ئەو رۆژگارە سەختانە بوونە مایەی لە دایکبوونی دەربەندی پەپوولە. شاعیر بەرانبەر بە تروسکە کەمەی هێشتا لەشەوەزەنگی کوردستان دا بەدی کراوە ،هیوا بڕاو نەبووە ، ویستوویەتی لای خۆیەوە بەشداری لەو رۆژانە پڕ لە نائومێدییەدا بکات. شیعر تاکە چەکی بووە و وڵاتیش تاکە هیوای چاوتێبڕاوی. لەم رووەوە لە ل ٣٢٨ و ٣٢٩ دا دەنووسێ : رۆژی وا هەبوو لە بەیانی سەعات هەشتەوە لەماڵ ئەچوومە دەرەوە بۆناو ستۆکهۆڵم و رەشنووسەکانم لەگەڵ خۆمدا ئەبردوو چایخانەیەکم ئەدۆزییەوە و دائەنیشتم و ئەمنووسی،ئەگەر چایخانەیەک لێم وەڕس بوایە،هەڵئەسام و چایخانە و کافیتریایەکی ترم ئەدۆزییەوە و بەو جۆرە تا ئێوارە نەئەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە.


بەڵێ، شاعیر، لەو سەردەمەدا،لە بارودۆخێکی هیجگار تایبەت و پڕ لە ناجۆریدا پەنای بۆ شیعر نووسین بردووە و کۆڵی لە داهێنان نەداوە. بەلای شاعیرەوە گرنگ بووە، چاو و قاوە و جگەرەی لێ نەبڕێ. ئەم ٣ کەرەسەیە بە درێژایی تەمەنی هاودەمی بوون. کەواتە ئێمە بەگشتی قەرزاری "ئاو و خۆڵەمێش" ین،دەنا مامۆستا شێرکۆ نەیدەتوانی لە نەخشاندنی تابلۆی ژیانی هونەریدا وەک پێویست ئەفراندن بکات و نەخش بگێڕێ... یەکێ لە خەسڵەتەکانی دیکەشی لەکاتێکدا بەپێوە وەستاوە و لە دنیای خەیاڵی شیعردا دەفڕێ،بوونی مووکێشێکە بۆ دەرهێنانی مووە زیادەکانی روومەتی.


لە ل ٣٢١دا، دەربارەی چۆنییەتی پرۆسەی لەدایکبوونی شیعر، دەنووسێ: من هەندێجار یەک لاپەڕەی فۆلسکاب بە چوار پێنج سەحات ئەنووسم. بەڵام چۆن؟ یەکەم رەشنووس ئەو لووزەوەیە،کە دێت و خۆیشم بەریم بۆ ناگیرێ. لە دووەمدا سەرنج لە ئیقاع و ئاهەنگی رستەکان ئەدەم. لە سێهەمدا هەوئەدەم شەن و کەوی وشەکان بکەم.لە چوارەم و پێنجەمدا بە شوێن کەلەبەرەکاندا ئەگەڕێم،لە کوێدان و بۆچی. ئەو رەشنووسانە ئەدڕێنم.تا دوا رەشنووسی لاپەڕەکە و ئەیخەمەلاوە. بەڵام دیسان دوای تەواوبوونی هەموو کارەکە یەک نووسینەوەی سەرتاسەرم ئەمێنێ،کە ئینجا ئیتر ئەمەیان ئەبێتە دوا رەشنووس و ئامادە ئەبێ بۆ چاپکردن.


دواتر باس لەو پێداویستی و خەسڵەتە تایبەتانە دەکات کە بۆ شیعر نووسین و لەدەمی شیعر نووسیندا پێویستی پێیانە و دەنووسێ: من لەسەر کاغەزی سپی بێ خەت ئەنووسم .ناتوانم لەسەر کاغەزێ بنووسم خەتداربێ. چونکە وائەزانم ئەو خەتانە رێم لێئەگرن!،ئاخر دەنێ هێڵێکی کێشراوی سەر پەڕەیەک چی بێت،وا هێندە ئازاری رۆحی شاحیری داوە و دەبێتە بەربەست لەبەردەم تاڤگەی شیعر و نووسیندا؟!. بنۆڕە!،پێویستە شێرکۆی شاعیر، بەسەر چەند ئاستەنگ و گرفتدا زاڵ بێت و لەچەند بەڵا و وەیشوومە گەرە خۆ لا بدات،تا بەرهەمێکی دەخاتە سەر کاغەز؟! لەسەر پارچە کاغەزی بچووکیش نانووسم.ئەگەر چەند دێڕێکیش بنووسم هەر ئەبێ لەسەر یەک لاپەڕە بێت. رەنگە زانینی ئەم تایبەتمەندییانە و ئەو کەش و هەوایەی شیعر لای شێرکۆ بێکەس ،هەر ئەوە نەبێ من و تۆ پێمان خۆش بێت لێی ئاگادار بین،بەڵکو ببێتە ئەزموونێکی سوودلێوەرگرتن بۆ شاعیرانی ئاییندەش. هەمان کات دەرک کردنە بە جیهانی تایبەتی تاکە کەس و شاعیران لە نێوانیاندا. دیسان ئەمەش ئەو راستییەیە بەڵگەنەویستەیە، کە هەر کەس و لایەن و نەتەوەیەک لە رەهەندی خۆیدا خاوەن تایبەتمەندی و ناسنامەی خۆیەتی و کەس لە کەس ناچێت و مەڕ بە پێێ خۆیی و بزن بە رێێ خۆی. مامۆستا شیرکۆ لە ل ٣٣٥ دا بەکورتی ئاماژە بە شانازی بە دوو قۆناغی ژیانی شاعیرێتی خۆی دەبات و وەک بۆمان دەگێڕێتەوە و دەنووسێ: من ،بۆ خۆم یەکێکم لەو شاعیرانەی،کە بەراستی شانازی بە دوو قۆناغی ژیان و ئەدەبی خۆمەوە ئەکەم. چ لەناو شۆڕشی ئەیلولدا و چ لە شٶڕشی نوێدا. چونکە نەدەستم بە کڵاوەکەی خۆمەوە گرت و نە بێدەنگ بووم و نە بە جەستەیش لە شیعرەکانم دوورکەوتمەوە. من ئەم هاوبەشیکردنەی خۆم لەچاو ئەو فیداکاریانەی لە نەبەردەکانی موقاوەمەتی بەعسدا ئەکران، زۆر بچووک ئەزانم. بەڵام هەر ئەوەندە لەدەست ئێمە ئەهات.


خاڵێکی باڵکێشی ئەم بیرتەوەرییانە ئەوەیە،مامۆستا شێرکۆ خۆی لە باسی بە پاڵەوانکردنی (من) و(من) دا بەدوور گرتووە.سەرباری پێگە و رۆڵ و سەنگی خۆی، شان و باڵی لە خۆی نەڕواندووە و خوێنەر بە ستایشی پوچگەراییەوە سەرقاڵ ناکات.


ئەم بیرەوەرییە، بەشێوازێکی ئەدەبی و بە زمانێکی ئەدەبی بەرز دارێژراوە.بۆ هەر پەردەیەکی ژیانی،ناونیشانێکی داناوە. بەهەق گەلێ بەسەرهات و رووداوی ووردی تۆمار کردووە.


لێ مەخابن نەیتوانیوە، درێژە بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی ،تا سەردەمی پێش ماڵئاوایی بدات.دیارە رۆڵی ئەم چەند ساڵەی دوایی،پڕن لە باس و خواستی سەیر و بۆ خوێنەر باڵکێش دەبوون.


ماوەتەوە بڵێێن، بائەو دۆست و برادەرانەی، مامۆستا شێرکۆ، کە ئاگایان لە شتگەلێکی دیکە مامۆستا شێرکۆ هەیە، چاکی خزمەتی لێ بکەن بەلادا و هەوڵ بدەن، بە چەپک و مەڵۆی خۆیان شارای بیرەوەرییەکانی شاعیر دەوڵەمەتر بکەن. ئەمەش چەند ئەمەکە بەرانبەر بە شاعیر، هێندەش ئەرکێکی رۆشنبیرییە....


سەرنج: ئەو کۆپلە شیعرانەم بۆ بەپێزکردنی بابەتەکە هێناوەتەوە.دیارە لە بیرەوەرییەکانیدا بەرچاوناکەون....لە کاتێکدا شیعرەکەی بۆ فەتاح ئاغا و سەعەی گەوهەر لە دیوانەکانیشیدا چاپنەکراون.

____________________________
سەرچاوەکان:

* خوێندکاری کورد، گۆڤاری رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا ـ سۆکسە ژمارە ٢٤/٢٥ ی ١٩٩٧.
** رۆڤار ژمارە ٧٤.
*** خوێندکاری کورد، ژمارە ١٩ ی ١٩٩٤.
ئەم بابەتە لە ژمارە ٩٧ ی گۆڤاری هەنار/ فێبرایەری ٢٠١٤ دا بڵاوکراوەتەوە.

 

٢٣\٣\٢٠١٤

 

 


فەرهاد خەفاف، شەهیدە نەمرەکەی پاسۆک و کوردایەتی.
 


٣٥ ساڵ لەمەوبەر، رۆڵەیەکی تازە هەڵکەوتووی پڕ لە ووزە و هیوا و جۆش و خرۆشی کوردایەتی ،ئەم نیشتمانە بریندارە،بەوپەڕی دڵسۆزییەوە دێتە مەیدانی خەبات و تێکۆشانەوە. ئەم رۆڵەیە سەرەتا لە ریزەکانی رێکسختندا دەستبەکار دەبێ. پاشان عەشقی دۆزە پیرۆزەکە، بە ئاواتی فراوانکردنی ئاسۆی بیری کوردایەتی و فەراهەمکردنی بژێوی مینۆکی بۆ رۆڵە ستەمدیدەکانی نەتەوەکەی، لەتەک خەباتە سەختەکەدا کتێبخانەی (هێمن)لە شاری سلێمانی دەکاتەوە. دوای بزێوی و سەرچڵییەکی زۆر دەکەوێتە بەرچاو و راوەدونانی دەزگاکانی سیخوڕیی و ئاسایشی دەوڵەتی داگیرکەری عێڕاق و رژێمە فاشستە رەگەزپەرستەکەی سەددامی خوێناوی. بۆیە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانەوەی هیوای کورد لە بەرەنگاریی و خەباتی چەکداریی، رێی چیا دەگرێتەبەر و سەنگەرەکانی پاسۆک دەکاتە قیبلەی ئاواتی... هەر زوو لەوێدا نەخشی کادێرێکی هەڵکەوتوو دەگێڕێ و دەبێتە خۆشەویستی ناو هاوبیران و لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری دەڤەرەکە..


ئەم کوڕە عاشقەی کوردستان، شەهیدی هەمیشە لەیادنەچوو هاوبیر(کاکە فەرهاد خەفاف)ە.


ئەو رۆڵەیەی خەمی نیشتمان خستییە سەر کەڵکەڵەی خەبات و هەڵگرتنی ئاڵای پیرۆز و چرای گەشی بیریی کوردایەتی. شەهید بەتەنها بەمەوە ئۆقرەی نەگرت و بیری چوو بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی و زانین و زانیاری،کردنەوەی کتێبخانەی (هێمن)لەسەر شەقامی مەولەوی هەوڵێکی دیکەی ئەم گەنجە تازە هەڵکەوتووە بوو. ئەمەش دادی نەدا و لەدوا قۆناخدا رێبازی سەختی پێشمەرگایەتی هەڵبژارد.


کاتێ سەنگەری پێشمەرگایەتی بووە هەواری، بە ئاواتی ئەوە بوو بەزوویی دەرەتانی هەڵهاتنی خۆری سەرفرازی لە نەتەوە ستەمدیدەکەی دەرکەوێ، دەیویست وەک چرایەک لەرووناکردنەوەی تاریکستانی وڵاتدا بەشداری بکات، چەشنی کوانووی ئاگرێ، لە سەرماوسۆڵەدا نیشتمان گەرم کاتەوە و مینا گەروویەک ،دەنگی ئازار و ناڵەی نەتەوەکەی دەربڕێ. گورجوگۆڵانە بۆ گەیشتن بەم تروسکەی هیوایە، کەوتە چالاکی. لە دەمێکی کورتدا بارەگاکانی پاسۆکی کردە مەکۆی کۆکردنەوە و راکێشان و بارهێنانی دەیان هاوبیری دڵسۆز... زۆر لێوەشاوانە جێ پەنجەی بەسەر خەباتی دژوار و پڕ لە هەڵەمووتی ساڵانی ١٩٧٨ ـ١٩٧٩ ـ ١٩٨٠ وە دانا. تا لە رۆژی ٣/٣/١٩٨٠ دا،لە سەروەختی تاقیکردنەوە و راهێنانی کۆمەڵێ پێشمەرگەی نوێدا بە چەکی گران. لە رێێ هەڵەیەکی تەکنیکییەوە موشەکەکە بە خۆیدا لە نێزیک گوندی زەڵێ دەتەقێتەوە و شەهید دەبێ.


شەهید فەرهاد، بە یەکێ لە کادێرە هەرە دیار و هیوالەسەرهەڵچنراوەکانی حیزبی تازە ڕسکاو (پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک) دادەنرا،کە چاوەڕوانی گەلەک زیاتری لێ دەکرا. شەهیدبوونی ئەو کەلێنێکی گەورەی خستە نێو ریزەکانی پاسۆکەوە.


ئەم چەند ووشەیە، پێش ئەوەی لاواندنەوە و ستایش بێت، قەرزدانەوەیەکە،بە خەبات و قوربانی و خوێنی ئەو شەهیدە هەرگیز نەمرە. تۆماری مێژووی سەروەریی حیزبێکە، رۆڵەی وەک هاوبیر فەرهادی بۆ نەتەوە گۆشت کردووە. رووگەشی قوتابخانەی هزر و رێبازێکە، کە هێندەی ئیرادەی نەتەوە پۆڵایین و نەسرەوتە. ئینجا وەبیرهێنانەوەی بەسەرهاتێکی هەست و ویژدان هەژێنە...مەگەر هەر مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە عۆدەی بێت و خۆ لەکەوشەنی بدات و بەو هەستە جوان و گەرموگوڕەی لەم تابلۆ شیعرە بەرزەدا بۆمان وێنا بکات.


جوانوو.


شێرکۆ بێکەس - بۆ شەهید فەرهاد - تشرینی دووەمی ١٩٨٦.


جوانوویەک بوو
وەکوو شەفەق حیلەی سوور و
وەکوو کولوو گیانی سپی.
نە ترس و بیم رەنگی حیلەی سووری گۆڕی و
نە دووکەڵی پایتەختێکیش گیانی سپی.
سنوورەکان هەرچەندیان کرد رامیان نەکرد.
کەچی زارۆکی کوردستان
کامیان وەک قامیش لاواز و
کامیان ئێجگار برسی و رووت بوو
ئەیان توانی، لە ترۆپکی هەڵەمووتدا
بە ئاماژەیەک رایگرن...
خۆ بە یاڵیدا هەڵواسن و
باڵی فڕینی پێ بگرن.
جوانوویەک بوو،چوارپەل ئاگر
دابین نەبوو،وەکوو عەشق
وەکوو قوڵنگەکەی فەرهاد.
تەنها ئەو وەختە دابین بوو
کە لە سمکۆڵانی چیا و وەرزی گڕدا
بە بڵێسەی ،دەست و پلی خۆیەوە بوو !*
_______________________________
* شەهید فەرهاد، پاش خۆی کۆمەڵێ شیعر و پەخشانی ئەدەبی بەرز و یادگار و بیرەوەیی پڕ لە خۆشەویستی و پەند و وانەی جوانی شۆڕشگێڕیی و راستە شەقامێکی پانوبەرینی کوردایەتی بۆ بەجێهێشتووین،کە هەرگیزاو هەرگیز کوێرنابێتەوە. هەر گەش و سەرکەش بێت،ناو و یاد و یادگار و رێبازی هزر و خەباتت.
سەرچاوە: دیوانی شێرکۆ بێکەس ١٩٩٠ بەرگی یەکەم ل.٦١٤ ستۆکهۆڵم.
 

٦\٣\٢٠١٤

 

 

 

پارتی و یەکێتی و لیستی رەشی ئەمریکا.


''چی بچێنی ئەوە دەدووریتەوە''. پەندی پێشینان.


چەند رۆژێکە میدیاکانی کوردستان، بە ئاقاری جیاواز، باس لە ئابڕووچوونی ناوهێنانی پارتی و یەکێتی لە لیستی رەشی ئەمریکادا و رەتکردنەوەکەی چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەو وڵاتە دەکەن. ئەم ئاریشەیە تەنگەتاوی و هەڵمەتێکی توندی هێناوەتە کایەوە. ئەزیش،پاش ئەوەی هەردوو حیزب هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە، بە پێویستمزانی تاووتوێیەکی باسەکە لە گۆشەنیگای کوردایەتییەوە بکەم.


گاڤێ، بەرژەوەندی باڵای نەتەوە، وەک بانگاشەی بۆ دەکرێت!، ئەرکی راستەقینەی هەر پارت و هێزێکی قۆناغی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی بێت، دەکرێت بڵێین خوێندنەوەی ئەم هاوکێشەیە هێندە ئاڵۆز نییە. بەڵام ئەودەمەی حیزبەکان بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان نادیدە دەگرن و ترسنۆکانە پاساو بۆ شێواندنی راستییەکان دادەتاشن و کێچێک لە جەماوەر دەکەن بە گایەک، پرسە بنەڕەتییەکە رەهەندی شێوێندراو وەردەگرێت.


لێرە دەمانەوێ وەک هەوڵێکی ناچیزە، قسە لەسەر دانانی پارتی و یەکێتی لە لیستی رەشی ئەمریکادا بکەین، لەسەر زەمینەی ئەو پاشخانە مێژوویی و سیاسییە پێی گەیشتوون. ـ بە گوتەی فەلاح حەسەن،بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ـ ، هەردوو حیزب ساڵانێکە لەم بارودۆخە بە ئاگان.


لە راستیدا، ئەم باسە هەویرێکە ئاو زۆر دەکێشێ. رەنگە نەچوونی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەمریکا، لە سۆنگەی ئەم بڕیارەوە، بە دیوێکدا جێی خۆشحاڵی بێت، بەتایبەت بۆ یەکەمجارە کورد بەرانبەر بە لایەنێک بڵێ (نا) و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە یاد بێت. بەڵام بە دیوەکەی دیتردا ، دەبێ لەوەش بەئاگا بین، راگەیاندنی حیزبی کوردی، بە تایبەت پارتی، ناتوانێ شان و باڵ لەم هەڵوێستە بڕوێنێ و خۆڵ بە رۆژی رووناک بکاتە چاوی خەڵکەوە.


خوێندنەوەی هاوکێشەکە ئەم لیستە رەشە، لە دوو بڕگە تێناپەڕێت و دەکرێ ئەم راستییەی لێهەڵبهێنجین: لە لایەک جەخت لەوە دەکاتەوە،کە سیاسەتی ئەمریکا،کە ناویان ناوە" ریال پۆلەتیک" هەتا ئیمڕۆ، تژییە لە بێ مۆڕاڵی و نامرۆیی و تەنها بەرژەوەندییە گڵاوەکانی خۆی لە ئەستۆ گرتووە و لەسەر خوێن و فرمێسکی گەلانی دیکە بنیاتنراوە، لە لایەکی دیکەش سەرانی حیزبی کوردی، سەلماندییانەوە، دەرهەق بەو ئەرکە پیرۆزەی بانگاشەی بۆ دەکەن و کەوتۆتە سەرشانیان،نابووتی سیاسی و دەستبەتاڵی گوناهبارن. دەرئەنجامی ئەم حاڵەتە نالەبارە و کۆمەڵێ هەڵە و تاوانی کوشندەتر، جەستەی کورد، بە درێژایی رۆژگار بە بەرداشی هەردوو لا هەنجن هەنجنە.


ئەمریکا، وەک جیهانخۆرێکی کەڵبە و چنگ بە خوێن، چەپەڵەترین سیاسەتی بەرامبەر بە گەلانی دنیا و بەتایبەت کورد پێڕەو دەکات. هەر لە مێژوویی نێزیکدا،کارەساتی هەرەسپێهێنانی شۆرشی ئەیلوول ، دۆستایەتی و پشتیوانیکردنی تێکڕای داگیرکەرانی کوردستان ، دانانی پارت و هێزەکانی کوردستانی گەورە لە لیستی تیرۆریستیدا و نەبوونی دید و کۆنسێپتێکی دیار و رۆشن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیەکی ٦٠ ملیۆنی بەڵگەی زیندوون...هتد.


رەنگە نەتوانین لێرەدا، بە داتایەکی ورد، سەرجەم کار و هاوکاریی و سروشتی پێوەندی حیزبە کوردییەکان، بە دەزگای سیخوڕی و ناوەندەکانی دیکەوە دیاری بکەین و لە رەهەندی هاوکارییەکانی ئاگاداربین. بەڵام لەگەڵ پێگە و رووداوی جیاوازدا، بەتایبەت دوای رووخانی رژێمی سەددام، کاربەدەستە باڵاکانی سوپای ئەمریکا، بەدیاریکراوی جەنەڕاڵ گارنەر،جەنەڕاڵ ئەبو زەید، دیک چینی و پاول وۆلفوتیز و رامسفێلد و...هتد بۆ شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکا و چاوساغییکردنیان لێرە و لەوێ، سوودییان لە هێزی پێشمەرگەی کورد وەرگرتووە. جارەوجاریش، وەک مانۆرێکی تاکتیکی، ستایشیی کوردییان کردووە...


ئەبو زەید، کە سەردەمانێ بەرپرسی باڵای هێزەکانی ئەمریکا بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە دیدارێکیدا گوتی : " سوپای ئەمریکا و گەلی کورد دۆستی یەکن". پرسیار ئەوەیە: بۆ دەبێ سوپا دۆستی گەل بێ؟ کەواش دەرنەچوو، دیمان سوپای بەناو دۆستمان، زۆر بەئاسانی دوای گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی قوچانیان، بێ ئەوەی زامنی ئاییندەی کورد بکەن، بەرامبەر بەو ریسکە گەورەی وەک تاکە میللەتێ لەو کیشوەرەدا، بوونە هاوکار و پشتیوانی ئەمریکا لە نێو دوورگەی عەرەب و گەلانی موسڵمانی تورک و فارس و ناوچەکە و جیهاندا. بە نموونە، بنکەیەکی سەربازی لە کوردستاندا دابمەزرێنن، ئەوجا بەجێمان بهێڵن.


لەو سەردەمەدا روداوەکان پڕبوون لە پێشهاتی کتوپڕ و بە خێرایی تێدەپەڕین. سەروەختێ (بۆش) ی کوڕ بە فڕۆکە چوو بۆلای ئەبوریشەی سەرۆکی هێزەکانی سەحوە لە روومادی، کە شەڕی ئەلقاعیدەیان دەکرد، بۆش پێی گوت " تۆ قارەمان و خۆشەویست و دۆستیی ئێمەی و داوەتی کرد بۆ ئەمریکا".


ئیدی لەو رۆژەوە، ئەفسانەی چوونی سەرۆکی هەرێمم، بۆ کۆشکی سپی بە جلی کوردی و قسەکردنی بە کوردی لای بوش و بەردەم میدیاکان لام پووچەڵ بۆوە.


گەوهەری باس ئەوەیە،بەرامبەر بەم دەستە سەربازییە، کە بۆ ختووکەی فیزی سەرانی کورد و چنگگیرکردن لە ئامانجی گڵاویان،دروشمی درۆزنانەی دۆستایەتی رادەگەیەنن،تاقمێکی دیکەی ئەهریمەنی هەن پرسی کورد لە ئەجێندایاندا جێگەیەکی پێ نەبەخشراوە. ئەمانە هەر لە هێنری کیسەنجەر و کۆندۆلیزا رایس و پاول برێمەر و چەندانی دیکەوە،لە تەک کورددا تەواو بە پێچەوانەوە رەفتاریان کردووە. لەراستیدا ئەمانە نەخشەکێش و جێبەجێکەری سیاسەتی ئەمریکان و کاریگەریی بەرچاویان لەسەر نێوەندەکانی بڕیاردان هەبووە.


کیسنجەر، شۆرشی ئەیلوولی بەگورگانخواردوو دا، رایس، هەمیشە بە رووی سەرانی کورد دا هەڵشاخاوە و باسی یەک عێراق و یەک ستراتیژی ئەمریکا کردووە. ناوبراو بێئاگادارکردنی سەرانی کورد، بێمناتانە سەردانی شاری کەرکووکی وەک شار و وڵاتێکی بێخاوەن کرد و نەخشی کارە چەپەڵەکانی چنی و تێیقوچان.


پۆل برێمەر، پاش جەنەڕاڵ گارنەر کرایە حاکمی سەربازی عێراق، ئەجێندای گارنەری ـ کە بڕەک دۆستی کورد بوو ـ بە ١٨٠ پلە هەڵگێڕایەوە و زۆر بە توندی مامەڵەی لەتەک سەرکردە کوردەکاندا دەکرد... راپۆرتی بێکەرـ هامیلتۆن لەسەر عێراق، بە تاکە رستەیەک باسی کورد و دابینکردنی مافەکانی تێدا نەکراوە. لەم رووەوە خەروارێ نموونەی دیکەش هەن.


وا باقەیەکی لە کتێبەکەی پێتەر گالبیرس دا، بۆ خوێنەر دەخەمە بەرچاو.


" راوێژکاری سیاسەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەخدا،لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ: سەرکردەکانی کوردستانی بە فەرشفرۆشەکان بەراورد کرد،کە لەسەرەتادا، داوای نرخێکی بەرز دەکەن بۆ ئەوەی دواجار بە نرخێکی زۆر لەوە کەمتر رازی بن". ل ٢٩٣.


" سەرۆکەکانی حكومەتی کوردستان لە چوارچێوەی یادی چواری تەمووزدا،جەژنی نەتەوەیی ئەمریکا، بڕیاردا ئاهەنگێ بە بۆنەی جەژنی سەربەخۆیی ئەمریکاوە لەسەر شەرەفی ئەمریکاییەکان رێکبخات، ئیدارەی بوش هیچ سوپاسگوزارییەکی نەنواند بەرانبەر ئەو تاکە لایەنە عێراقییەی ویستی رێز لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگرێ. بۆیە رێنمایی بۆ نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کەرکووک دەرچوو،کە بایکۆتی ئاهەنگەکە بکەن، ئەگەر ئاڵای عێراق هەڵنەکرا". ل ٢٩٣.


هەنووکە بۆمان ئاشکرا بوو، کاتێ لایەک بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆی، هەموو شێوازێکی سیاسی پێ رەوا بێت، ئەوا بێگومان ئەمریکا لە سەرتۆپی ئەو وڵاتانەدا دێت.


ئەوەتا هەمان سەرچاوە لە ل ٣٢١ دەڵێ:


" لە دانووستاندنەکانیشدا سەبارەت بە حکوومەتی عێراق خەلیلزاد ـ سەفیری ئەمریکا لە عێراق ـ کوردی بۆ پاڵپشتی ئەجێنداکانی ئەمریکا بەکار دەهێنا".


د.کەمال مەزهەر، باس لە نامەیەکی خاتوو ( مس بێڵ ) سکرتێری نوێنەری باڵا لە عێراق دەکات، کە بە بۆنەی کریریسمسەوە بۆ باوکی لە لەندەن ناردوویەتی بێڵ ، دەڵێت: " بۆ خۆی زۆر بە نهێنی سواری فرۆکەکەی بوو،چووە سەر سلێمانی و هێندە دابەزییە خوارێ کە تەنها سەد و پەنجا پێی مابوو بدا لە زەوی ماڵی شێخ مەحموودی دەستنیشان کرد و ژمارەیەکی بێ شوومار بۆمبای تێگرت،بە دڵ خۆشی گەڕایەوە چونکە پێی وابوو ئەو گەوجەی گۆڕبەگۆڕ کردووە".ل ٢٩٢.


لە ل ٢٩٤ هاتووە:" هەر ئێدمۆندس کە بۆخۆی فڕۆکەوان نەبوو ساڵی جارێکیان لە ماوەی دووماندا ٣٠ جار بە فڕۆکە چۆتە سەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان".


هاوزەمانی هەڵوێستی دۆستانەی کورد بەرانبەر بە ئەمریکا، کە گوڵبارانی سوپاکەی دەکرد و لە کوردستاندا، خوێن لە لووتی تاکە سەربازێکی ئەمریکایی نەهات، کەچی لە فەلوجە چوارمێخەی سەرباز و تسڤیلی ئەمریکاییان دەکێشا و ئاگریان لە جەستەی کوژراوی شێوێندراویان بەردەدا و بە زیندوویی سەریان دەپەڕاندن و بە بۆمبی چێنراو و پشتێنەی بۆمبرێژ هێرشیان دەبردە سەریان و نان و ئاو و خەویان لە ئەمریکاییەکان هەراسان دەکرد و فەتوا کوشتنیان تا ئێستا باشترین رەواجی هەیە،لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هەر خۆی بە قەرزاری عەرەب زانیوە و دەزانێ و بۆ ئەوەی دڵی سوننەی عەرەب لەخۆیان رازی بکەن، داوایان لە جەلال تالەبانی دەکرد واز لە پۆستی سەرەککۆماری بهێنێ بۆ عەللاوی ...


با لەوە بگەڕێین، کورد خاوەنی دۆسییەکی رەوایە و بە غەدرێکی مێژوویی خاک و نەتەوەی داگیر و دابەشکراوە. لە بەشە داگیرکراوەکەی عێراقدا،زیاتر لە (٥ )هەزار گوندی کاولکراوە و زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدی کێمیاوی لە هەڵەبجەدا هەیە و ئەنفالی بەسەر هاتووە و زیاتر لە سەت تەن بەڵگەنامە و دیکۆمێنتی دەربارەی تاوانەکانی رژێمەکەی سەددام، داوە بە ئەمریکا و پرسگەلێکی دیکەش...


لەتەک ئەم راستتیە مێژوویانەدا، تا ئەم چرکەساتە، هیچ هێزێکی کوردیی لەکاری تیرۆریستییەوە نەگلاوە. ئەمریکاییەکان کوردستانیان کردۆتە هاوینەهەواری حەسانەوەی خۆیان. سەرانی حیزبی کوردیی بە سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی بیرۆی سیاسی و لایەنگرانیانەوە،بە چەپکە گوڵەوە لە پێشوازی گەرمی هەر تاکێکی ئەمریکاییدان.. ـ بۆ مەرامە خراپەکانی خۆیان،نەک بۆ کورد ـ سەرباری ئەم هەموو خزمەتگوزاریی و دڵسۆزییەی کورد پێشکەشی ئەمریکای دەکات، ئینجا دوو دیارترین هێزی کوردی (پارتی و یەکێتی) خراونەتە لیستی رەشەوە، ئەو لیستەی رێکخراوی وەک حەماس و حیزبوڵڵا و موجاهیدی خەڵق و ئەنساروئیسلام و داعشی ئیمڕۆ و جەبهەتولنەسرە و....تاد تێدا ریزبەند بووە.


نەهامەتی و کوێرەوەرییەکە، لێرەداخۆی دەنوێنێ. مرۆ سەراسیمە دەبێت،چونکە هەمووان چاوەڕوانی ئەوەین، سەرانی حیزبی کوردی لەم بیست ساڵەی رابووردوودا و لەو هەلومەرجە ئەرێنییەی شەڕی کەنداوی دووەم و سێیەم بە روخانی سەددامەوە خوڵقاندوویەتی،لەبەردەم داوای رەوای کورددا، بە مستی پۆڵایین دەرگا ئاسنینییەکانی نێوەندەکانی بڕیاردانی جیهانیی،کە تا ئیمڕۆ بە رووی کورد دا داخراون ،تێکبشکێنن. تونێلە تاریکەکان رووناک بکەنەوە و کەناڵە پێچاوپێچەکان تەخت بکەن و هاوار بکەن، چیدی رۆژی ئەوە نەماوە دۆزی کورد تۆزی فەرامۆشی لێ بنیشێت.


ئەوەی دیارە و دەیزانین، سەرانی حیزبی کوردی خاوەنی باشترین کەرەسە و پێداویستییەکانی پرسێکی رەوان. میللەتێکی ژینۆسایدکراویان بەدەستەوەیە ، جیۆپۆلەتیکێکی هەڵکەوتوو و گرنگ بوونی هەیە ، وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز و کەرەسەی خاوی دیکە ئامادەیە، هەزاران هەزار کادێری تەکنۆکرات و شارەزا و پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، کە لە هەندەرانەوە گەڕاونەتەوە لەبەردەستدایە... تاد.


هەموو ئەمانە دەتوانن رەوایەتییەکمان پێ ببەخشن،کە باس لەوە بکەین، لە سەرتاسەری دنیای ئیمڕۆدا، چ دۆزێک نییە، هێندەی پرسی کورد گەرم و پیرۆز بێت؟


کەواتە، گەرەک بوو سەرانی کورد، چاوی نادیدە و گوێی ئاخنراو و دەمی بەستراوی دنیایان بە کاری دبلۆماسی و لۆبیکرد،ئەبڵەق بکردایە و سەرنجی جیهانیان بەلای کورددا وەرچەرخانایە. دەبوو لە مێژبووایە نێوەندەکانی بڕیاڕدان: نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی و پەرلەمانی ئەوروپا ، وڵاتانی زلهێزی دنیایان بهێنایەتە بەربار و ناچاربکردایە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەو دەڤەرەی رۆژهەڵاتی نێویندا، کەمتەرخەمی نەکەن و بە سوودی کۆمەڵگەی نێونەتیەوەیی چالاکانە بەشداری پرۆسەی چارەسەکردن ببن. وێڕای هەموو ئەمانەش میللەتانی ناوچەکەشیان تێبگەیاندایە، گەیشتنی کورد بە ئامانجی دەوڵەت، بە سوودی ئەوان و جیهان دەگەڕێ . بە کورتی و کرمانجی، فایلی لەبیرکراوی پرسی کورد هێندە گەرموگوڕ بوایە، لە هەر دانیشتنێکدا لەبەرایی ئەجێنداکاندا باسیان لێوە بکردایە...


بەڵام، ساتێ دوای سەدان ساڵ خەبات و قوربانی و سوتماکبوونی نیشتمان و ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی و ملیۆنەها کارەسات و مەینەتی بێبڕانەوە،تازە بە تازە،حیزبە کوردییەکان گەیشتوونەتە لیستی رەشی زلهێزێکی وەک ئەمریکا.


هەڵبەت، ئەمە بە رێکەوت و بە هەڵەی چاپ و تەکنیک و چاو رێشکەوپێشکەکردن دروست نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی سیاسەتی حیزب حیزبێنەیە،کە پارتەکانی کوردستان لەسەرو هەموویانەوە پارتی و یەکێتی ساڵانی ساڵێکە پێڕەوی لێ دەکەن. هەر رۆژە و هەر یەکەیان بەدەست بێگانەیەکەوە و هەرگیز خاوەنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی نەبوون. ئەم راستییە هەمان کات ئاماژەیە بەوە دەدات، حیزبەکان نەیانتوانیوە،کاراکتەری بزوتنەوەی میللەتێکی بندەست ببەخشن بە خەبات و تیکۆشانییان و ویست و داوای نەتەوەیەک، بۆ بەرچاوی دۆست و دوژمن فۆرمەلە بکەن. ئیدی، گەر نەچوونی سەرۆکی پارتی بۆ ئەمریکا،لە خاڵێکدا،جێ دەستخۆشی بێ،وا ئەو و هەموو ئەوانی دیکە، لەبەردەم پرسەکە گەورە و پیرۆزەکەدا بەرپرسن...ئاخر وەک دەبینین، لیستی رەش و گومان و تیرۆر،بە چ لۆژیکێ تای تەرازووی ملیۆنەها شەهید و رووبارێ خوێنی میللەتێکی ئەنفالکراو و وڵاتێکی کاولکراو تێدەهێنێتەوە!؟


مەگەر پێویست نییە، میدیای کوردی، زوومی خۆی بە چڕی بخاتە سەر ئەم لایەنەش. بە واتایەکی دیکە بۆ ئەوەی بابەتی بێت و لە ئاست مەزنی دۆزەکەدا بێت و راستینەی خۆی سەرکەش راگرێ، بەدووچاو تەماشای مەسەلەکان بکات. تاوەکو لەژێر باندۆری بەرژەوەندی حیزبی دەرچێ و خۆی لەخانەی دەستگا و چەکێکی کارا و بەبڕشتی نەتەوەییدا بدۆزێتەوە. بێگومان تا ئەمەش پێڕەو نەکا، پیشەکەی لە پینەچی سیاسی و مکیاچچی سیاسییەکان جیاناکرێتەوە.
____________________________
سەرچاوەکان:

- کۆتایی عێراق، پێتەر گالبێرس و. سۆران عەلی چاپی یەکەم ٢٠٠٨.
- دکتۆر کەمال مەزهەر ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە، وتووێژ، ئامادەکردنی زانیار سەردار قڕگەیی ٢٠١١.

 

٢٤\٢\٢٠١٤ - بەرلین

 

 

 

لە پەراوێزی نیشتمانپەروەرییدا.

 


١ ـ ساڵی ٢٠١٣ ، سەروەختێ هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتی نێجیریا گەشتە قۆناخی فینال و دەبوو رووبەرووی هەڵبژاردەی وڵاتی بورکین فاسۆ، بۆ بەدەستهێنانی جامی ئەفریکا بێتەوە، چەند رۆژێ بەر لە سازدانی یاریی کۆتایی، ژنەلەشفرۆشەکانی نێجیریا، بە هەواڵێکی سەیر و سەمەرە میدییەکانی جیهانیان ئەبڵەق کرد. کاتێ رایانگەیاند، گەر بێتوو هەڵبژاردەی نێجیریا، یارییەکە بباتەوە و جامەکە بەدەست بهێنێ، بۆ ماوەی هەفتەیەک، کاری لەشفرۆشییەکەیان دەکەن بە خۆڕایی. بە واتایەکی دی بێ بەرانبەر تا حەوت رۆژ، هەر کەس ئارەزووی ئەو کارەی هەبێ، دەتوانێ لەگەڵیاندا جووت ببێت. بە کورت و کرمانجی ئەم کارە دەکەن، بەرامبەر بەخۆشی و شانازیکردن بە سەرکەوتنی وڵاتەکەیان لە یاریی تۆپی پێدا. مەسەلەیەکی حاشاهەڵنەگرە،گەر ئامانج رزگارکردنی وڵاتەکەیان بوایە، بێگومان ئامادەی خۆبەختکردنی زیاتر بوون. بێژەرە ئەڵمانییەکەش کۆمۆنتێتی داو گوتی:تۆ بڵێی لەئەڵمانیاش شتی وا روو بدات؟!


ئەو چرکەساتەی لە رادیۆی ئەلمانیا، گوێم لەم هەواڵە بوو، یەکەوراست خەیاڵم بەرەو لای ئێمەی کورد، فڕی و بەسەر چڵەپۆپەی رۆشنبیرانەوە نیشتەوە. بەراوردکردنەکە بەدەست خۆم نەبوو،چونکە هەواڵەکە هێندەی جوڵاندم، خێرا هێزە ناوەکییەکەم ناچاری کردم، ئەو کارە بکەم.


ئیدی، ئیستێکم کرد و لەگەڵ خودی خۆمدا کەوتمە تاوتێکردنی ئەم باسە هەژێنەرە و پرسیم : میللەتی نێجیریا، هەر نەبێ، ساڵانێکی زۆرە خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆیەتی. ناو و نەخشە و ئاڵای بە دنیا ناسراوە و مەترسییەکی جددی لەسەر قەوارەی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەستی نیشتمانپەری، لەفرۆش و سۆزانییەکانی هێندە بەرزە، داخۆ دەبێت، هەستی رۆشنبیرانی میللەتی بندەست و چەوساوەی وەک کورد، چۆناوچۆنی بێت؟!. و بەرانبەر بە پرسە نەتەوەییەکان چ هەڵوێستێکیان هەبێ!


ئەفسووس ، ساتێ لەم بەراوردەدا، پانۆڕامای گوتار و رەفتاری رۆشنبیرانی گەلەکەمم هێنایە بەرچاو، گەلێ کورتییان هێنا. ''لەم وتارەدا مەبەست لە رۆشنبیران، ئەو لەشکرە قەڵەم بەدەستەی حیزبەکانە، ئەوانەی بە ئاشكرا و بە دەمامکەوە، ئۆپۆرتۆنیستانە،خۆیان کردۆتە وەستای پینەوپەڕۆکردنی سیاسەتی حیزب''.


ئاخر لە کەسمان شاراوە نییە، بەشە هەرە زۆرەکەی رۆشنبیرانمان، نەک بە هیچ سەرکەوتنێکی کورد ئاسوودە نین، بگرە هەتا پێیان بکرێ خۆ دەکەنە ئاستەنگ و رێگر لەبەدەم هەنگاوەکانی پرۆسەی کوردایەتیدا. بێ شەرمانە، هەزاران چیرۆک و سەدان فەلسەفە و دەیان تیۆریی دادەتاشن و قسە پوواوەکانی ئێرە و ئەوێ دەجوونەوە، تاکو بیسەلمێنن، کورد شایانی سەربەخۆیی و دەوڵەت نییە. تێکڕای ئەم هەست و هەڵوێستانەشیان لە روانگەی سیاسەتی ئەو حیزبانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەسەر بنەمای ستراتیژی داگیرکەرچێتی هەڵچنراون، یاخود بۆ ئایدۆلۆژیایەکی نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردی و ناکۆک بە بەرژەوەرندییە نەتەوەییەکان فیداکاریی دەکەن.


چەند سەیرە،ئەم بەڕێزانە، نەخشە و سنوور و ئاڵا و فەرهەنگ و تەنانەت سیستەمی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیا، ئێران، ئێراق و سوریایان بەسەروبەرەوە پەسەندە و بە نیشتمانی دایکی خۆیانی دەزانن و دەبنە قەزاوەگێڕی. لە کاتێکدا نەخوێندەوارانیش لەوە ئاگادارن، کە ئەم دەوڵەتانە زۆڵەکن و بەچکەی ناشەرعی ئیستعماری ئینگلیزی و فەرەنسین. کەچی بەناو رۆشنبیرانمان!!،خۆ دەکەنە قەرەوڵی پاراستنی یەکێتی سنووری ئەم دەوڵەتانە و بەرەو ئازادیی و سەربەخۆیی نەتەوەیی ـ بە بیانووی داتاشراوی جۆراوجۆرەوەـ یەک تاکە شەقاو لە پێناوی کورد دا هەڵنانێن.


گریمان مەسەلەکە کتومت، وەک قسە و راگەیاندنەکانی ئەوانە، بنەما پێویستەکانی دامەزراندنی دەوڵەت،هێشتا لە ئارادا نین. لێ ئەو بەڕێزانە، خاوەنی یەک تاکە پرۆژە نین، هیچ کام لەو بنەمایانە بخوڵقێنێ. کار لەسەر هیچ بنەمایەک ناکەن، پرۆسەی رزگاریی کاراتر بکات، ئەم دەستە و تاقمە نە خۆیان کارێک دەکەن و نە رەزامەندن هێز و لایەنێکی دیکە قسە لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە بکات. لای ئەم بەناو رۆشنبیرانە، ئەوەی دەمێنێتەوە، هەڵبژاردنی سەنگەری ناحەزیی و دوژمنکاری ویست و داخوازییە رەوا نەتەوەییەکانە و زارقەرەبالغانە کاوێژکردنەوەی تیۆرییە سواو و ناواقعییەکانی ناو کتێبە تۆز لێنیشتووەکانە، بە ئامانجی ئەوەی هەوڵ و خەباتی کوردایەتی، هەرگیزاو هەرگیز دامەزراندنی دەوڵەتی لێ شین نەبێت. ئەم لەشکرە دەمامک داماڵراوانە،زۆرجاران لە بری داگیرکەران و دوژمنان ، یەخە بە کوردایەتی دەگرن و پلان و نەخشەی ئەوان بە ئاگایی بێت، یاخود بێئاگایی پێڕەو دەکەن.لێ ئەو وانەکانە!!، لە مێژە دەمامکەکانیان بە رووەوە نەماوە و رووخساریان بەدیار کەوتووە، باش دەزانن سەرباری رۆڵی نەگریس و گێرەشێوێنییان، هێشتا لەدەرەوەی ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی دۆزی نەتەوایەتی لەدەرەوەی ویستی ئەوان، وەدەچەرخێ. باش دەزانن، هیچ هیزێک،چەند هەژموونیشی هەبێ، ناتوانێ ئیرادەی نەتەوەیەک تا سەر بتاسێنێ.


وتراوە: "ئەوەی نیشتمانی خۆش نەوێ،هیچی خۆش ناوێت".


٢ـ وەرزش لە دنیای ئیمڕۆدا و بە تایبەت یاریی تۆپی پێ، بە جۆریک بۆتە خالیای خەڵکی و فراوان بووە و پەلی بە هەموو لایەکدا هاویشتووە، کەم یاری هەیە بەهەزاران و ملیۆنان بینەری نەبێت. مرۆ گەر خۆیشی وەرزشدۆست و لایەنگری یانەیەک نەبێ، وا کەسێک لە خێزانەکەی، یاخود هاورێیەکی دەبێت، هاندەری یانەیەکە بێت و ئارەزووی بینینی تۆپی پێ بکات.


هەڵبەت لە جیهاندا، هەردوو یانەی بەشەلۆنە و ریال مەدرید دیارترین ئەو یانانەن، کە زۆرتین جەماوەریان هەیە و یاری و پێشبڕکێ و مێمڵی و رکەبەریی نێوانیان هێندە گەرم و بەهێز و پڕ لە خڕۆشە، گەلێک جاران کێشەش بۆ هاندەران دروست دەکات. یاری نێوان ئەم دوو یانەیە بە یاری کلاسیکۆ ناوزەدکراوە و بە ملیۆنان تەماشاچی لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە.


بەم پێودانگە، کەم کەس هەیە ئیمڕۆ لە دنیادا، ناوی یاریزان، لیۆنێل مێسی،بەر گوێی نەکەوتبێ.


ناوبراو، ئەستێرەیەکی درەوشاوەی مێژووی تۆپی پێیە و تا ئێستا، چوارجار لەسەر یەک بە باشترین یاریزانی جیهان هەڵبژێردرا و بۆتە مایەی ئەوەی یانەکەی "بەرشەلۆنە": چەندین خەڵاتی گەورە لەسەر یەک، بەدەست بهێنێ. ناوبراو بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەرجەنتینە و یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەشێتی.


خاڵی باڵکێش ئەوەیە، ئەم یاریزانە، کاتێ بۆ وڵاتەکەی یاری دەکرد، ماوەیەکی باش نەیدەتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکا و هیچ رۆڵێکی نەدیووە بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەی. لێ کاتێ بۆ یانەی بەرشلۆنە یاریدەکرد، بە گۆلێک و دوو گۆڵ و هاتریک ـ واتە سێ گۆڵ ـ و سوپەرهاتریکیشەوەـ واتە چوارگۆڵ ـ نەدەوستا و بە نیودەرزەن گۆڵی تۆمار دەکرد.


کە من نەخلی مرادم بێســــــــــــەمــەر بێ
بە من چی باغی عالەم جوملە بەر بێ


مێسی،چەند لە بەرشەلۆنە و جیهاندا ناوێکی هەڵکشاو و خۆشەویست و ئەستێرەیەکی گەورە و خۆشەویستی جیهانی تۆپێ پێ بوو، لە ئەرجەنتین،نیشتمانی خۆی تا دەهات ناو و ناوبانگی لە قوڕی خەستدا نقووم دەبوو،چونکە گۆڵی بۆ وڵاتەکەی نەدەکرد.


ئەم حاڵەتە وای لە ئەرجەنتنییەکان کرد، لەو چەند ساڵەی رابووردودا، زۆر رکیان لە مێسی بێتەوە و هێرشی جۆراوجۆریی بکەنە سەری و، تەنانە بە ناشرینی بەرنەفرەتی هاهوها و بەردبارانکردنی بدەن. بەکورتی و کرمانجییەکەی، وەک خۆفرۆش و جاشێک تەماشای بکەن.


ئەرجەنتینییەکان لە هەڵوێستیاندا بەرامبەر بە مێسی هاووڵاتییان، ناهەق نەبوون، چونکە پێیان وابوو، کەوا ئەو یاریزانە هەڵکەوتووە، هەر بۆ پارە و ناوی خۆی و یانەی بێگانە باش یاریدەکات و لە پەڕۆشی بردنەوە و سەرکەوتنی ئەرجەنتیندا نییە.


ئەم بەسەرهاتانە،منی کردەوە میوانی خەیاڵەکەی خۆم و یەکەو راست لە حاڵی مێسییەوە،سەرنجم دایە سەران و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و بەپرسانی کورد. چۆن ئەمانیش بۆ داگیرکەر، فیداکار و زەلیلن و داگیرکەرچێتی بۆ دوژمنانی کورد دەکەن و هەمان کات چەند دڵرەق و زاڵم و بێمنەتن لە خاک و نەتەوەی خۆیان.


کەچی سەرانی ئێمە دەستناخەنە نێودەستی یەکتر و بە گوتارێکی یەکگرتووە نایانەوێ قسە و هەڵوێست لەسەر کەرکوک وەرگرن، نەبا لە گەڕانەوەی کەرکووکی داگیرکراودا، لایەنێکیان سوودی زیاتری بەرکەوێ.


سەرانی کورد، دەوڵەتیان ناوێ و بە خەونی شاعیرانی دادەنێن!، لە قەندیل و خواکورکەوە دیموکراسی بۆ کەربەلا و فەلوجە دەبەن!، بە فەلسەفە و دروشمی رەنگاورەنگ رەواج بە داگیرکەرچێتی دەدەن!، . لە سیاسەتی دێزەیی خۆیانەوە پێیان باشە و دەڵێن: چ خەمە!؟ دەبا کورد هەر ژێردەستەبێ و زیان بکات!!.خۆ بە درێژایی ساڵانێکە زۆرە، هەروا کراوە و ئاشەکەشمان لەگەڕ نەکەوتووە.


پەندی پێشینانە"سەدساڵ بکەیت بێگانە پەرستی، ئاخرییەک هەر دەهێنی نووشستی".


٣ـ تسیپنی لیڤنی، کچە شۆخوشەنگی ئیسرائیلی،سەردەمانێک وەرزیری دەرەوە و ئێستا وەزیری دادە، پێش ماوەیەک لەبەردەم میدیاکانی جیهاندا رایگەیاند: لە پێناوی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانیدا،چەندین جار لەگەڵ پیاوی بێگانە جووت بووە چۆتە باخەڵی کەسانێکەوە، قێزی لێیان هاتۆتەوە، شەوی لەگەڵیاندا رۆژ کردۆتەوە. لەو رستە خەڵکانەدا، بەرپرسی گەورەی عەرەب و فەلەستینیشی تێدایە، ئێستا کردوویەتی بەکارتێکی بەهێزی هەڕەشە بەسەر دوژمنانی ئیسرائیلەوە و دەڵێ: بڵێن لەل، بە ڤیدیۆ بڵاوی دەکەمەوە.


بنۆڕن، نامووس و سەروەری و نیشتمانپەروەری لێرەدا چەند هەڵکشاوە و چەند مەزنە و چ قاس بەهای زیادی کردووە . ژنێکی رۆژهەڵاتی کەتا ئەو دەمە کەنیستێتی ئیسرائیلیش رێگەنەداوە بە لەشفرۆشی ئافرەتانی جوو، ئەو هێندە جەربەزە و باوەڕبەخۆیە، دەڵێ من گینبازیم بە نامووس و جەستە و سامانی مینۆکیم کردووە لە پێناوی وڵاتەکەمدا.


میللەتێ رەگەزی مێینەی ئامادەبێ، هەموو بەهاکانی ژیان و بوونی خۆی بخاتە بەر مەترسی و ریسکەوە، بۆ خزمەت و سەرکەوتنی نیشتمانەکەی، دەبێ تێگەشتن و ناسینی ئێمە بۆ سەرکردەکانی وەک ـ هێرتزل، وایزمان، بنگۆرین، بێگن ، شارۆن و نیتانیاهۆ ـ چۆن بێ و ئەوان چییان کردبێ و ئێستا چی دەکەن!؟.کەواتە مەسەلەکە هەر ئەوە نییە، بە گفتێکی بەلفۆڕ ئیسرائیل دروست بووبێ،وەک مێژووی عەرەب بۆ ئێمەی نووسیوە.تەواو بە پێچەوانەی ئەمەوە،جارێ لە رۆژنامەیەکدا لەسەر ژەنەڕاڵ یەهود باراک،کە ماوەیەک سەرەک وەزیرانی ئیسرائیلیش بوو،خوێندمەوە کە وەک ئافرەت بە بەتەنوورە و جلی ژنانەوە چۆتە لوبنان و هەوڵی دامەزراندنی کۆنتاکتی داوە لەگەڵ بەرپرسە فەلەستینییەکاندا لە پێناوی بەدەستهێنانی هەندەک زانیاریدا.


ئێمە بەشێکی بەرپرس و سەرکردەکانمان فایلی رەشیان هەیە و ئەم هەڕەشە لەو دەکات،ئەو دەڵێ بە فەردە و تەن فایلم لایە و بۆ کاتی دیاریکراو بەکاریان دێنم.


هەر پەیوەست بەم باسە، لە بیرەوەرییەکانی مەناخیم بێگندا، خوێندمەوە چۆن بۆ بەربەستکردنی شەڕی براکوژی لە نێوان جووەکاندا دوو پرنسیبیان لەبەرچاو گرتووە :


یەکەم: کەوا ئەوان هەرگیز لایەنگرانی خۆیان بەوە گۆش نەکردووە، کە دژی مێمڵە سیاسییەکانیان بن،چونکە ئەوە دەتهاوێژێتە سەر کەڵکەڵەی شەڕی براکوژی.
دووەم: هۆیەکی تری ئەنجامدانی شەڕی براکوژی نیازی چوونە سەر تەختی دەسەڵاتە. ئێمە هەرگیز نەجەنگاوین بۆ دەسەڵات گرتنە دەست.بەڵکو تەنیا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەجەنگاین. شۆڕشمان کرد بۆ رزگاری نەتەوەکەمان.... دواتر دەڵێ: چونکە ئەوەی بۆ دەسەڵات وەرگرتن شۆرش دەکات، ئامادەیە لەو پێناوەداهاوکاریی دوژمنی نەتەوەکەشی بکات؟؟


کەچی لای ئێمە مەرجی یەکەمی ئەندامبوون لە حیزبەکاندا، دژایەتی حیزبەکانی دیکە و ئامادەیی براکوژی بوو. لە خواخورکەوە دەهات بۆ هەورامان.لە گەرمیانەوە بۆ پشدەر و لە شارەزوورەوە بۆ دەشتی هەولێر بۆ راوڕاوێن و کوشتنی پێشمەرگەیەکی حیزبەکەی بەرانبەری،بێ ئەوەی نقەیەک بکات و تەنانەت تیرۆر و دیلکوژیمان کردووە و تێکۆشەر و پێشمەرگەشمان داوەتەوە دەست داگیرکەرانی کوردستان... بە بلۆک سەری یەکترمان پان کردۆتەوە و ئاگرمان بەرداوەتە کوژراوی یەکتر ودەستمان بە خوێنی هەزاران هەزار رۆڵەی کوردستان سوور بووە.


حیزبی کوردی،بێ ئەوەی میللەت بە هیچ دوورگە و کەنارێکی ئارام و سەرفرازی بگەیەنێ، شەڕی قڕکردن و لووشدانی ئەوانی دیکەیەتی و خۆی بە قارەمانی گۆڕەپان ناوزەد دەکات و یەکلایەنە خۆی دەکاتە نوینەری رەوای نەتەوە. ئەو ئامانجەشی لە هاوکێشەی سیاسی ئەو حیزبانەدا جێی نەبێتەوە، پرسی رزگاریی و سەربەخۆیی خاکی داگیرکراو و دابەشکراو و نەتەوەی بندەستە.


گومانی تێدا نییە، ئەم کارە دزێو و ناشۆرشگێریی و ناکوردانەمان، رەنگانەوەی سەرتۆپی پرنسیپەکانی حیزب بووە. دەرئەنجامی ئەو فەلسەفەیەیە،کە پێی پەروەردە کرابووین. ئەفسووس، ئەوەی ئەمەی نەکردبێ،ئەوەی بە خوێنی خۆیی و براکەی کراسەکەی سوور نەکردبێ، قارەمان و دڵسۆز نەبووە و ئافەرینی لێ نەدەکرا.


جوانیان گوتووە: "جوانە مرۆڤ لە پێناوی نیشتمانەکەیدا بمرێت،بەڵام لەوە جوانتر ئەوەیە کە لە پێناویدا بژێت".


براکوژیش،وەک مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێ: مەتەڵێکە کورد بە خۆڕایی بۆ دوژمنانی هەڵهێناوە...هەتا ئێساتاش بە چەک و میتۆد و شێوازی براکوژی، کاردەکرێت و دەسەڵات بەڕێوەدەبرێت و تاکی کورد پەروەردە دەکرێ و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.


یەکترکوشتن، بە کاتۆشابێ یان بە چەقۆی کول، ئەقڵێتێکە رەواجی خۆی لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا لەدەست نەداوە. هەزاران بەرە و رێکەوتنی ستراتیژی و هاوپەیمانێتی و دۆستایەتی لەسەر کاخەز هەبێ، بەرگەی زمانی دژایەتی و دڵی پڕ لە ناکۆکی نێوان حیزبە کوردییەکان ناگرێ.


٤ ـ پێش چەند مانگێکی، ئاشکرابوونی چاودێریی و سیخوڕی دەستگای هەواڵگیریی ئەمریکی ناسراو بە NSA، بەسەر تەلەفونی مۆبایلەکەی، راوێژکاری ئەڵمانی خاتوو ئەنگێلا مێرکل، هەم بووە هەواڵێکی گەرم و گوڕی میدیاکان و هەمیش بێ بڕانەوە هەتا هەنووکە، گفتوگۆی لەسەر دەکرێ و ئالۆزیی ئەڵمانیا و زۆر وڵاتانی دیکەی لەگەڵ ئەمریکا بەدوای خۆیدا راکێشا. ئاستی قسەکردن لەسەر ئەو پێشهاتە، لەلایەن جەماوەر و کەسایەتییە سیاسییەکان و بەرپرسە حیزبییەکان، لەم چەند رستەیەدا تۆمار دەکەم.


" ئەوە پێشێلکردنی سەروەی ئەلمانیایە. ئەمریکا دەبێت لەسەر خاکی ئەلمانیا پابەندی یاسا و دەستووری ئەم وڵاتە بێت. پێویستە ئەمریکا رێز لە سەروەری ئەڵمانیا بگرێت. پێویستە خەڵاتی ئاشتی لە ئوباما بسەندرێتەوە. ئەمە لادان و پێشێلکردنی یاسای پیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەمریکا ،وا و وا".


ئەو خاڵەی لەو مەسەلەیەدا بە جددی سەرنجی راکێشام ، هەڵوێستی رەسمی و گەلێریی ئەلمانیا و ئەلمانییەکان نەبوو، هێندەی لێرەدا یەکگرتوویی گوتار و هەڵوێستیەکانم مەبەستمە، بەرانبەر بەو کارەیNSA .بەدریژایی سەرهەڵدانی کێشەیەی نێوان ئەم دوو وڵاتە، لە کۆی هەزاران راگەیاندن و هەڤپەیڤین و وتارنووسین و دەیەها جۆری دیکەی بیرورا دەربڕیندا . من تەنها، دوو بیروڕام دی و بیست و خوێندەوە، ئەو کارەی دەستگای سیخوڕی ئەمریکایان بەلاوە ئاسایی بوو، یاخود لە هێرشکردنەکەیدا بۆ سەر ئەمریکا، هێندە توندو رادیکال نەبوو.


یەکەم: قسەکردنم لەگەڵ پرۆفیسۆرێکدا بوو، پێی گوتم: کەوا وەک راوێژکار لە لای ناتۆ، کار دەکات و گوتی: ئەمریکا دەزانێ، مێرکل ئەندامی دەرچووی ئەکادیمای کۆمۆنیستی مۆسکۆیە ـ ک.گ.ب ـ ، بۆیە پێویستە چاودێری بکات... بە هەموو بەڵگەیەکەوە دەیویست رەوایەتی ئەو کارە سیخوڕییە بسەلمێنێ و پاساوەکانیشی پەردەپۆشی ئەنتی کۆمۆنیستی لە خۆگرتبوو. بەکورتی لەسەر بنەمای ململانێی شەڕی گەرم و ساردی ئەو دووبەرەیە قسەکانی دەدەبڕی.


دووەم: شارەزایەکی پێوەندییەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا، سەر بە پەیمانگایەکی لێکۆڵینەوە بوو، گوتی: ئەڵمانیا ناتوانێ هیچ بەرانبەر بە ئەمەریکا بکات،چونکە بەشێکی هەرە زۆری سەرچاوەی هەواڵە سیخوڕییەکانی، بە تایبەت کاری تیرۆریستی و زانیاری دیکە، ئەمریکا دەیدات بە ئەڵمانیا.. گەر ئەمریکا نەبێ، رەنگە رووداو و کارەساتی خراپی وەک ١١ی سێپتەمبەر و زۆری دیکە لە ئەڵمانیاشدا رووی بدایە. بەکورتی زیاتری % ٩٨ ئەڵمانیا بە هەموو جۆرەکانیانەوە دژ بەو کارەی ئەمریکا بوون...


پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیاش لەوپەڕی چەپەوە تا دوا لیبەڕاڵ و راست و میانڕەو پاڵپشتییان بۆ راوێژکارەکەیان دەربڕی و بە توندی مەحکومی ئەمریکایان کرد. لە کاتێکدا بەرژەوەندیی و جیهانبینی و فەلسەفەی سیاسی کۆمۆنیستێک و کریست دیموکرات و سۆسیال دیموکرات و کۆنزەڤاتیڤێک، جگە لە ئەڵمانیبوون و ئەڵمانیا، هیچ خاڵێکی دیکەی هاوبەشیان پێکەوە نییە.


من لەمەشدا، بەراوردێکی بچوکم لە گەڵ هەڵوێست و ئەقڵێتی کورد دا کردەوە. بە نمموونە: سەروەختێ سەرۆکایەتی هەرێم و بەتایبەت سەرۆکی هەرێم، جا هەرکەس بێت؟! لێرەدا مەبەست پۆستەکەیە،نەک کەسایەتییەکە ـ سەرۆکێکی هەڵبژێردراوە ـ کەوتە کێشە و ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتی بەغداد دا، ـ ئەو دەسەڵاتەی هەتا ئێستاش هەر هەڕەشە و جێی مەترسییە بۆ کورد و ددان بە هیچ مافێکماندا نانێ ـ . کەچی بەرانبەر بەدەوڵەتێکی داگیرکەر و رژێمەکەی مالکی و موتلەگ، بەشێکی دیاری حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، ئەندام پەرلەمان و فراکسیۆنەکان، خەڵکی ناوچەکانی کوردستان دەیانگووت:


ئەوە شەڕی مەسعوود خۆیەتی، هی ئێمە نییە. حکومەتی بەغدا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورد نییە، حکومەتی هەرێم گێچەڵ بە بەغدا دەکات. ماددەی فڵانی دەستووری عێراق وا دەڵێ، هەرێم نایاسایی فڵانە کار دەکات . دەبێت نەوت بە ئاگاداری حکومەتی مالکی بفرۆشرێت.


ئیدی، رستێ لەم قسە پووچ و هەرزانفرۆشییە نامەسئولانە، کە بەرئەنجامی ململانێی حیزبی و رکی کەسی و ناحەزی سیاسی بوو، بە قازانجی دوژمن و دژ بە کورد، رۆژانە میدیاکانی گەرموگوڕ دەڕازاندەوە. رەنگە من لەوە تێ بگەم، بەرنامەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت پرۆژەی پارتی و مەسعوود بارزانی نییە، لێ هەرگیز ناتوانم لە دیدێکی تەسکی حیزبی و لە روانگەی بەخداوە و باس لەو پرسە بکەم. یاخود ئەو کۆمەڵە مەرجە سەختە بخەمە بەردەم گەلەکەم، شکۆی شەهیدانی وڵاتەم فەرامیش و پێشێل بکەم. چونکە هەم دەوڵەت بە مافی هەرە سەرەتایی و رەوای نەتەوەکەم دەزانم و هەمیش بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێ چەندوچوونی هەر هێز و تاکێکی دەزانم داکۆکی لەم پرس و داوایە بکات. خۆ دزینەوە لە ژێر هەر بیانوو و پاساوێکدا،دەچیتە خانەی کەمتەرخەمی بەرپرسیارێتی مێژوویی.


دیارە هەلوێستی ئەو کەس و لایەنە نەیار و ناحەزە ناوخۆییانە، کە خۆیان بە نوێنەری میللەتێکی بندەست دەزانن و، بەرامبەر بە پرسی دەوڵەتی کوردیی دێوجامە دەگرن بە روویانەوە، زۆر کۆمێدیی بوو، لە لایەک سەر بە قوڕی دەهێنایە پیکەنین و لە لایەکی دیکەش، تک تک شەرمەزاریی لێ دەتکا. ئەوانە، گوایە پەیوەندییان بە دەیان دەزگای سیخوڕی ناوچەکە و جیهانەوە هەیە، هیچ لەولایەنانە بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی رازی نین. ئەمە دەنگێکی ئاشکرای ئەو رۆژگارە بوو. دەنگی تریشمان لەتەک ئەم زڕە دەنگەدا دەبیست. دەنگی ئەو رۆشنبیر و بیرمەندانەی، سەراسۆییان بە هەموو لاپەڕە تاریکەکانی تیۆریی و تێزە ژەنگرتووەکانیان دەکرد، تا رستەیەکی هەڵپرووکاو بۆ بێئومێدکردنی تاکی کورد بە دەوڵەت ساز بدەن.


گوتەیەکی هەنگاری هەیە دەڵێ: "میللەتی ترسنۆک نیشتمانی نییە". هەڵبەت بۆ حاڵی کورد، کتومت مەبەست لە حیزب و سەرکردە و بەناو رۆشنبیرە ترسنۆکەکانە. چونکە ئەمانە باوەڕیان نە بە نیشتمانە و نە بە سەربەخۆیی. هەروەک گوتراوە: "خۆشەویستی نیشتمان پێوەندیی بەخواست و قەناعەتەوە هەیە" . دیارە دەبێت ئەو پرنسیپە لای ناوبراوانی ئێمە، ئامادەیی نەبێت. دەنا ساڵانێکی ساڵە بەهەزاران دەرفەت هاتۆتە پێش، کەچی حیزب و رۆشنبیر و سەرکردەی ئێمە، لەسەر گوتارێکی یەکگرتوو، پرۆژەیەکی نەتەوەیی رزگاریی، سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت رێدەکەوتن.


بە پێودانگی ئەم بەرە سەقەت و سەرلێشێواو و وابەستەی بیگانەیە بێت، گەرەکە کورد: "وڵاتانی دراوسێ (واتە داگیرکەران) و دەستگا هەواڵگیرییەکانی نیوەی جیهان رازی بکات ، دیموکراسی بۆ ئەنقەرە و تاران و بەخدا و دیمەشق بەرێ ،چاوەڕێ بێ چینی کرێکاری عەرەب و فارس و تورک دەسەڵات بگرنە دەست و چەندەها ئەرک و مەرجی دیکە، جێبەجێ و پێڕەو بکات، ئەوجا دەرگای ئەگەری قسەکردن لەسەر دەوڵەتی بۆ دەکرێتەوە و رەنگە مافی ئەم داخوازییەی پێ رەوا ببینریت".


ئەرێ خەڵک و خوا بیستووتانە ! دیوتانە!، هیچ نەتەوەیەک بەدەست رۆڵەکانییەوە ئەم حەشری جەهەننەمەی بۆ ئامادە کرابێ!؟. داخۆ بەڕاست، چ میللەتێک تا ئێستا رەچەتەی دامەزراندنی دەوڵەت خراوەتە باخەڵ؟! چما میللەتانی ئەلمان، بەرازیل، یابان، ئەرمەن و... دەوڵەتیان بۆ دروستکرا؟!. گەلۆ تۆ بڵێی سەرکردە و رۆشنبیرە میکیاجچییەکانی کورد، سەرگەرمی ئەوە بن میت و ئیتلاعات و موخابەراتی عێراقی و سوری و ئەرزوئاسمان رازی بکەن ، تا کورد بکەنە خاوەنی دەوڵەتی کەرامەتی نەتەوەیی!؟
 

٢٩\١\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک