په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٠\٢٠١٦

چەند پێشێلکارییەک لە لایەن کۆماری سێدارەی ئێران.

 

 

گۆلی زرێبار دووپاتکردنەوە هەڵەکانی گۆلی ورمێیە.

کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان: بۆ ماوەی ساڵێک دەچێت کە دەنگۆی سازکردنی پاڵاوگەێیکی نەوت لە شاری مەریواندا لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو بۆتەوە و هەر لە سەرتادا هاواری کۆمەڵەی ژینگەپارێزانی کوردستانی بەرزبویەوە و دواتریش دەرکەوت بە دیاری کردنی شوێنی ساز کردنی پالاوگەکە لە دەشتی بێلوی مەریواندا و لە مەوادی دووکیلومیتری گۆلێ زرێباردا، پەژارە و هاواری ژینگە پارێزان و بەتایبەت ژینگەپارێزی سەوزی چیا زۆر لە جێگەی خۆیدا بوە چونکە لە وتەێیکی کارناسانەی ژینگەوانیدا دوکتور دارا قەسیمی لە زانکۆی پیشەیی دوڵفت لە وڵاتی هۆڵەندا بڕوای وابوە کە ئەگەر پاڵاوگە لەو شوێنەدا دروست بکرێت پاشەڕۆ نەوتییەکان زەوی و زارە پڕ پیت و کشت و کاڵییەکانی دەشتی بێلو دەکەوێتەمەترسییەوە و ئاوە ژێر کەوتوەکان کەم دەکەن و عەرزی ئەو ناوە ڕۆ دەچێت و کەش وهەوای ناوچەکە دەگۆڕێت و ژینگە و پیشەی گەشت و گوزاری زرێبار دەکەوێتە مەترسیەوە.


ئەمە لە هەلو مەرجێکدایە کە پارێزگاری شاری سنە جەختی لەوە کردۆتەوە کە سازمانی ژینگەپارێزی ئێرانیش دەشتی بێلوی بۆ ئەو پاڵاوگەیە ئەرێنی کردوە و لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا، کە لە پارێزگاری پرسیبوو بۆچی وەکو ڕاگەیاندن ڕێکخراوی ژینگە پارێزی ئەو ئەرێنی کردنە مێدیایی ناکاتەوە؟ پارێزگار دەڵێت پێویست بە مێدیایی کردنەوە ناکات، ئێمەڕۆژانە دەیان کار دەکەین و ڕاگەیاندنی بۆ ناکەین. لە وڵامی پرسیارێکیتری هەواڵنێری زرێباردا کە دەپرسێت ئاخۆ ئێوە گاڕانتی ئەوە دەکەن ئەو پاڵاوگەیە نەبێتە هۆی لە ناو چونی گۆلی زرێبار؟ عەبدولموحەمد زاهیدی پارێزگاری سنە دەڵێت؛ من ئەوە نازانم بەڵام کاتێک لە سەر ئەم پڕۆژەیە کۆبونەوە گیراوە چەن کارناسێکی ژینگە پارێزیش لەوێدا بوون هیچ دژایەتییکیان نەکرد، کە ڕێکخراوی ژینگەی ئێران ئەوەی ئەرێنی کردوە خاترجەم کێشەێیک پێش ناێیت.


خاڵی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە پارێزگار دروست کردنی ئەو پاڵاوگە بە ڕێگە چارەسەری کێشەی هاتو و چۆی نەوت کێشەکان لە قاو داوە و بەڵێنی داوە لە ئەگەری وەگەڕ کەوتنی پاڵاوگەکە چیتر تانکەری نەوتکێش بەجادەی مەریوان سنەدا هاتوچۆ نەکات و ساز کردنی ئەو پڕۆژەیەی بە خزمەتێک بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان لە قاو داوە چونکە لاڕێک لە تەنیشت مەریوانەوە بۆ (باشماخ ـ گاڕان) سەرشیو بە مەوادای ۲۰ کیلو میتر دروست دەکرێت ئەوەش هاتۆچۆ بۆ ئەو ناوچەیە خێراتر دەکاتەوە، شایانی باسە سەرشیوی مەریوان بێبەشترین ناوچەیە لە تەوای ئێراندا و ئەوەش تاکە بەشی خزمەتگوزاری سەرشیوە لە چەند ساڵی هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی.


ئێمەش وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان دەخەینە پاڵ ژینگە پارێزان و سەرجەم ڕێکخراوە ژینگە پارێزەکان و پێش لەوەی گۆلی زرێبار و ژینگەی خاوێنی مەریوان وەکۆ گۆلی ورمێ لە بێ ئاویدا بخنکێت و پێش ئەوەی وەکو کانی بڵ کوێر بکرێتەوە پێش بەوە تاکە گۆلی ئاوی شیرینی جیهان لێمان بتارێنن، پێش بە دروست کردنی ئەو پاڵاوگەیە بگیردرێت.ڕەنگە هەندێ هەلی کاری لاوەکی بۆ خەڵکی ناوچەکە بێتە ئاراوە بەڵام کوشتنی ژینگە کوشتنی مرۆڤایەتییە.

 


دەستبەسەریی و نادیاریی چارەنوسی شارۆمەندێکی کورد.

 


لە حەوتوی ڕابردوودا شارۆمەندێکی کورد، خەڵکی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.


بە پێی هەواڵی، هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە مەریوان، لە حەوتوی ڕابردودا سۆران ڕەشیدی چالاکی سیاسی کورد خەڵکی مەریوان، لە کاتی گەڕانەوە لە باشوری کوردستان بۆ ڕۆژهەڵات لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ دەستبەسەر دەکرێت و تا ئێستاش چارەنوسی نادیارە و هیچ هەواڵێکی نەزانریاوە.


بە پێی هەواڵەکە سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی سۆران ڕەشیدی بۆ ناوەندە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام بەرپرسان دەڵێن کە هیچ زانیاریەکیان لە ناو براو نیە.


بە پێی بەڵگەکان و وتەکانی برای ئه‌م چالاكه‌ كورده‌ «سیروان ڕه‌شیدی»، سۆران لە کاتی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات لە ڕێگای مۆبایلەوە تا سنوری فەرمی باشماخ لە گەڵی پەیوەندی هەبوە و پاش ئەوە مۆبایلی ناوبراو دادەخرێت و تا ئێستا هیچ هەواڵێکی نەزانراوە.


دەگوترێت؛ سۆران ڕەشیدی بۆ سەردانی بنەماڵەکەی کە لە باشوری کوردستانن، سەردانی باشوری کردوە.


جێگای وەبیرهێنانەوەیە سۆران ڕەشیدی بۆ ماوەی ٤ساڵ لە نێوان ساڵی ۲۰۰۳ تا ۲۰۰۷ لە باشوری کوردستان خەریکی چالاکی سیاسی بوە و دوای گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە بانگێشت و خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە.
 


بارمته‌، شه‌ڕی نه‌رمی كۆماری ئیسلامیی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا،

مەنیژە فاتحی و سه‌حه‌ر فه‌یزی بە دانانی (بارمتە) بە شێوەی کاتی ئازادکران.

 


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان «مەنیژە فاتحی» خوێندکاری ۲۲ ساڵ تەمەنی کورد خەڵکی بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەڕەشەمەی ساڵی پارەوە بەتۆمەتی «پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو، ئەوڕۆ دوشەممۆ ۲٦ی ڕەزبەری ۹٥ پاش تێپەڕاندنی ۷ مانگ ڕاگرتنی لەژوورە تاکە کەسییەکانی ئیتلاعاتی ئێران لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد و ورمێ، دەرەنجام لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد لە لایەن دادوەر جەوادی کیا بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد ریاڵی، بەشێوەی کاتی تابەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرا.


هه‌روه‌ها بەگوێرەی هەواڵەکان ئەوڕۆ سەحەر فەیزی کچە خوێندکاری کورد خەڵکی شاری سەقز پاش چوارمانگ تێپەڕین بەسەر دەستبەسەرکردنیدا بە بارمتەی دوو میلیارد ریاڵ بەشێوەی کاتی ئازادکرا.


ناوبراو ڕۆژی ۲۳ ی پووشپەڕی ئەوساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی بەشداری لەناڕەزایی دەربڕینەکانی کوردستان وهاریکاری حیزب دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەرکرابوو.


جێی ئاماژەیە سەرەڕای هەموو پێشێلکارییەکانی وەکوو سەرکوت و زەبروزەنگ و پەلامارو دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی ومەدەنی وخوێندکاری، کۆماری ئیسلامی دەست دەداتە پێشێلکارییەکی دیکەی وەکوو وەرگرتنی «بارمتە» لەبنەماڵەی کەسی دەستبەسەرکراو وئازاد کردنێکی کاتی بۆئەوەی بڵێ ئازادکردنیش بۆکەسی تاوانبار وسەرپێچیکار لە دەزگای قەزایی ئێمەدا هەیە «شه‌ڕێ نه‌رم له‌ گه‌ڵ چالاكوانانی سیاسی و مدنی و…».


هەڵبەت پاش ئەوەی هەموو ئامانجەکانی لە سەرکوتکردن وتۆقاندن وئەشکەنجە ودانپێدانانی زۆرەملە پێکا، بۆئەوەی تیشکی مێدیا وچاودێرانی مافی مرۆڤی لەسەرخۆی لاببات وپاشان بە چەشنێک کەس وبنەماڵەی گیراویش منەتبار بکات وبتوانێ تەشەنە بکاتە نێو زەین ودەروونی بنەماڵەکانیانەوە وگوشارەکە لەسەر تاک بگوازێتەوە بۆ کۆی بنەماڵە وتەنانەت کۆمەڵگایش دەست دەداتە دیاردەیەکی قیزەون تری وەکوو بارمتە وەرگرتن.


واتە هەموو هەڵوێست ومافەکانی گەل لەبریتی بارمتەیەکی دیاریکراو مامەڵە پێ دەکات وکەسی ناوبراو چەشنی گۆشتی دەم تەڵە دەخاتە بازار وگۆڕەپانی بازرگانییەوە و پەردەیش بەسەر هەموو جینایەتە هۆڤانە ودژە مرۆییەکانی خۆیدا دەکێشێ ودواتریش سەرەڕای ڕوخاندن وکپ کردنی کەسی بەرهەڵستکار لەڕێی ئەو بارمتەیەوە کە هەموو ماڵ وحاڵ وسامانی بنەماڵەکەیە، ئاژاوە ودووبەرەکی وماڵوێرانی پێشکەشی بنەماڵ وتەنانەت کۆمەڵگایش دەکات.


بەچەشنێک بنەماڵەی لیقەوماو پێیەکیان لەدادگا وبەدواداچوون بکەن بۆ ماڵەکەیان و ڕووی ڕاستەقینەی مژارەکە لەتەمو مژی گەردەلوولی خوڵقێنراوی حکوومەت ون ببێ و دواتریش کەسی بەناو تاوانبار ڕاپێچی بەندیخانە دەکرێتەوە وبارمتەکەیش وەکوو خۆی هەرلەدەستی دادگادایە وهەرحوکمێکیک یان مەنفا وبڕیاردانێکی نامرۆیانەتری بۆببڕدرێتەوە بەپێی ئەوەی بنەماڵەکەیشی پێبەست کراون، ناچارە بێدەنگی هەڵبژێرێ، یان خۆ کەسی ناڕەزامەند گەربیەوێ نەچێتەوە زیندان و ووڵات ونیشتمانی خۆی چۆڵ بکات، ئەوگوشارە لەسەربنەماڵەکەی چەندد قات دەبێتەوە ولەکۆتایشدا دەست بەسەر بارمتەکەدا دەگیردرێ.


جگە لەوەی کەسێکی بەرهەڵستکاری لەزێدی خۆی وەدەر ناوە، پارەیەکی بەرچاویشی چنگ کەوتووە و کۆمەڵگایش ئەوەندی دیکە چاوترسێن کردووە وبەو ئاژاوە ودووبەرەکی وماڵوێرانییەی کە لەنێو بنەماڵدا چاندویەتی، کەسی بەرهەڵستکاری بێ نرخ وهۆکاری چارەڕەشی دەرخستووە وبەدیلێکی بەرچاوی نیشانی کۆمەڵگاداوە، کە ئەوانەی دژبەئێمە دەوەستنەوە هەرئەوانە هۆکاری چارەڕەشی وقەیرانی کۆمەڵگان. کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا یەکەم دەسەڵاتێکە لەم ڕێگەیەوە بنکۆڵی دژبەرانی خۆی دەکات.

 


لە مەریوان مامۆستایكی زانکۆ ئیزنی وانە وتنەوەی لێ دەسێندرێتەوە.

 


بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە زانکۆی پەیام نوری مەریوانەوە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە، بە شێوەی نافەرمی بە مامۆستاێیکی زانکۆ ڕاگەیەندراوە چیدی مافی وانەوتنەوەت نییە.


بەپێی هەواڵەکە مامۆستای زانکۆی پەیام نوری مەریوان حامید کۆنەپۆشی ڕۆژی یەکشەمە ۲٦ی ڕەزبەری ۹٥ی هەتاوی، کاتێک دەچێت بۆ ئەوەی یەکەم ڕۆژی وانەگوتنەوەی لە زانکۆی پەیام نوور بەڕێ بکات، زۆر بەڕێزەو پێدەڵێن؛ مامۆستا باش دەزانیین کە مامۆستاێیکی لێهاتویت و بە باشی وانەکانت دەڵێیتەوە بەڵام ئیتر ئیزنی وانە گوتنەوەتان نییە.


شایانی باسە حامید کۆنەپۆشی خوێندکاری دوکتورای کۆمەڵناسی و مامۆستای پۆلەکانی زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی «ڕۆنان» و ناوەندی «ڤەژین» و لێکوڵەری کۆمەڵایەتی و ئەندام و دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی کولتورییە خوێندکارییەکانە و بە شێوەی نا فەرمی و گرێبەستی وانە لە زانکۆ دەڵێیتەوە و هێشتاش گرێبەستەکەی تەواو نەبوە.

ئەوەی جێگای سەرەنجە هاوژینی حامید کۆنەپۆشی سەرەڕای لێهاتوویی و هەبوونی بەڵگەنامەی بەرز ئەویش لەو هەڵاواردن و بێبەش کردنە لە کار و پیشە، بێبەش نەبوە.

 


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
info@kmmk.info

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک