په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٥

جەنگ و ئاوارەیی بازاڕی کاری منداڵانی لە کوردستان زیاتر کردوە.

حوسێن ساڵح     

 

لە عێراق و کوردستان وڵاتانی دواکەوتووی رۆژھەڵاتی ناوەراست، واتە دەولەَتانی سەرمایەداری ئەم ناوچەیە، دەرفەتی ئەوەیان ھەیە و دەست کراوەن تا مافەکانی منداڵان بە فەرمیی نەناسن و پێشYلی بکەن، کاری منداڵان بکەنە بەشێک لە هێزی کاری بازاڕی سەرمایە، حیکمەتی ئەم بەشە لە لەشکری کاریش ئەوەیە کە ھەرزانی کرێ و هەقدەستە بۆ خاوەنکار و سەرمایەداران.


دەبێ ئەو راستییە بڵین کە ھۆکاری کاری منداڵان لەم سیستەمەدا سەرەرای قازانج پەرستی کارێکی ترلاوازی بزووتنەوەی کرێکاریە لەم وڵاتانە کە تا ئێستا نەیتوانیوە لە درێژەی خەباتیدا کاری منداڵان قەدەغە بکا و بیکا بە یاسایی یان بزووتنەواکانی تری کۆمەڵگا، بە ھۆی لاوازیی ئەم بزووتنەوانە ئەم سیستەمانە توانیویانە بارودۆخێکی خراپ بەسەر کرێکار و زەحمەتکێشدا بسەپێنن و تا ناچار بە کاری منالەَکانیان بن، ئەگەر یاسایەکیش بە ناوی مافەکانی ھاتبێ یان کاری منداڵانی تێدا قەدەغە بێ، ئەوا ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە گوشاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی نییە، ھەر بۆیە ئەوەی ھەیە بۆ جوانکردنی رووی دزێوی ئەم دەسەڵاتدارانەیە و ھیچی تر. سەرەڕای نەبوونی ئەم مافانە لەم وڵاتانە ھاوکات چەنگ و ئاوارەیی و گەمارۆی ئابووریی یەخەی خەڵک بەرنادا، لە ھەموو ئەم کاراساتانەدا منداڵان قوربانی یەکەمن، ئەم جەنگانە پاشەکشەی پتر بە مافەکانی خەڵک و لە ناو منداڵان دەکا.

 

جەنگی ئەم جارەی عێراق و کوردستان کە چەند مانگێکە دەستی پێکردوە، جەنگێکی تەواو کۆنەپەرستانەیە ھێزێکی دڕندانەی بە ناوی داعش بەرداوەتە گیانی کۆمەڵگا بە نامرۆڤانەترین شێوە مرۆڤ کوشتوبڕ دەکەن، ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرستەی بۆرژای وەکو ئامرازێک لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیھانەوە ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ئاراستە دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان.

 

ھەزاران منداڵیان بێ دایک و باوک کردووە، ھەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بوونە، بەشێکی زۆر لەوانە کرێکار و زەحمەتکێشن لە شوێنی خۆیاندا بە ھەر هۆکارەک بووە نانی رۆژیان دەستکەوتوە ئێستا ئەوەش نەماوە، بارودۆخی کوردستانیش خراپ بووە تووشی قەیران ھاتوە بێکارییەکی فراوان رووی لە خەڵکی کوردستان کردوە، ھەر بۆیە هەلی کارکردنیش بۆ ئەوان نەماوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ھەر یەک لەم خێزانانە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کرێی خانوو دەدەن و دەبێ نان و پێداویستییەکانی رۆژانەش دابین بکەن، رێگەیەک لەبەردەم ئەواندا مابێ کارکردنە بە منداڵەکانیان، ھەر بۆیە بە کوڕ و کچەوە ھەر ئەوەندە بتوانن بڕۆن رەوانەی بازاڕی کار کراون، واتە لە ٢ ساڵییەوە تێیدا هەیە تا تەمەنی سەرەوە، ئەم منداڵانە بە سەرما و گەرما لە کاتژمێر ٨ و ٧ی بەیانییەوە تا ٥ و ٦ی ئێوارە لە شەقام و بازاڕەکانی شار و شارۆچکەکاندا بە تایبەتی لە سلێمانی دەبینرێن کە ژمارەیان ٢٥٠ منداڵ زیاترە، کە کاری عەلاگەفرۆشیی و شاگردیی دەکەن، ئەمانە زۆربەیان خوینکار بوون و لە خوێندن دابڕاون، زۆربەیان عەرەب زمانن ھەر بۆیە ئەم منداڵانە خەمی خێزانەکانیان داوە بە کۆڵیانان و دەبێ کرێی خانوو و نانی رۆژ بەرنەوە بۆ ماڵ چونکە ئەوان بوونەتە نان پەیداکەری ماڵ و لە جیهانی منداڵانەی خۆیان دابراون و بوونەتە قوربانی جەنگی کۆنەپەرستانە.

 

زۆر دیمەنی دڵ تەزێنی ئەم منداڵانە ھەیە کە لێرەدا ئەوەندەی بتوانم دەریببڕم شەکەتیی ئەم منداڵانەیە کە ئێواران لە نێو پاس و گەڕانەوەیان بۆ ماڵ چاو لێکدەنێن و خەو دەیانباتەوە، یان حەسرەتی دایک و باوکیان وا دەکا بڕۆن بۆ شەقامەکان بزانن بارودۆخی منداڵەکانیان چۆنە و بۆ ساتێک لەگەڵ منداڵەکانیان دەمێننەوە. ئەم بارودۆخە بۆ ھەر مرۆڤێک کە مرۆڤ بە بنەما بگرێ یان مرۆڤدۆست بێ دڵی دەتەزێ و خوازیارە ئەو جۆرە لە ژیانکردن کۆتایی بێ و بگەرێنەوە شوێنی خۆیان، ئەمە بەشێکی زۆر کەمە لەو ھێرش و پەلامارانەی دەکرێتە سەریان و سووکایەتییان پێ دەکرێ.

 

بەداخەوە کە دڕندەیی داعش و ناسێونالیزمی عەرەب و ستەمگەریی ئەوانە دەدرێ بە ملی ئەم مرۆڤە پاک و بێگەردانەدا، ئەمە وایکردوە کە کەمترین سۆز و بەزەیی و مرۆڤدۆستیی دەرببڕدرێ بۆیان، رۆژانە لێرە لەوێ جنێویان پێ دەدرێ و ئازار دەدرێن لەبەر دووکان و بازاڕەکان دەریاندەکەن و سواری پاسیان ناکەن، ئەم مرۆڤە بچووکانە کە نازانن سیاسەت چییە، نەتەوەپەرستیی چییە، ئیسلامی سیاسیی چییە، دین چییە داعش چییە، کەچی مۆری ھەموو ئەوانە دەدەن لە نێوچاوانیان، ئەم تێروانینانە بۆ منداڵانی عەرەب زمان و خانەوەداکانیان روانینگەلێکی نائاگایانەن و دەچێتە خزمەت داعش و ھاوشێوەکانی، ھیچ خزمەت بە خەڵکی کوردستان ناکا، با خەڵکی کوردستان رێگە لە تاڵان و بڕۆی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بگرن، با رێگە نەدەن بازرگانیی لەگەڵ داعش بکرێ لە رێی بەرپرسانی یەکێتی و پارتییەوە، لە کوردستان چەندین رێکخراوی منداڵان ھەیە بەڵام ھیچ کام لەمانە لە ژیانی ئەم منداڵانە ناپرسنەوە، تا کارێک بکرێ کۆمەک و ھاوکاریی بۆ ئەم منداڵانە کۆبکرێتەوە، یان کارئاسانیی خوێندنیان بۆ بکرێ و دەستی ھاوکارییان بۆ درێژ بکرێ، ھاوکات میدیاش چاوی خۆی لە ئاستی ئەم منداڵانەدا نوقاندوە و ھیچ بۆی گرنگ نییە، بەڵام ئامادەن بەرنامەی چاوپێکەوتن لەگەڵ داعشدا ساز بکەن!

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک