په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٦

تەوەر: ناره‌زایه‌تییە‌کانی ئێستا، بارودۆخی کوردستان و قەیرانەکان.

جیهاد محەمەد:
باشترین میکانیزم، رێکخراوبوون و بە ئۆرگانیکردنی ناڕەزایەتیەکانە!

 

سازدانی: هاوپشتی


هاوپشتی: سەرەتا لە بارودۆخی کوردستانەوە دەچینە نێو باسەکەوە. ئەو هۆکارانە چین کەدۆخی ئێستایان بەرهەمهێناوە؟


جیهاد محەمەد: لە راستیدا ئەگەر بمانەوێت لە چوارچێوەی حوکمڕانیی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەرنەچین و لەو چواچێوەیەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە وەڵامەکەمان هەر هەمان وەڵامی حیزبە ئۆپۆزسوێنەکان و خەڵکی ناڕەزایە بەم بارودۆخە، واتە وەڵامێکی سەرپێیانە و رووکەش زیاتر هیچی تر نییە. وەڵامێک کە خۆی لە نارەزایی بە پێنەدانی موچە، نیوە موچە و چارەکە موچە، بێ کارەبایی، نەبوونی ئاوی خاوێنی خواردنەوە، خراپی دامودەزگا تەندروستییەکان و داودەرمانی بەسەرچوو، خراپی و دواکەوتوویی سیستمی پەروەردە، قەیرانی دارایی، قەیرانی ئابووریی، کێشەی جێندەر، قەیرانی منداڵ، قەیرانی مێردمنداڵ و گەنجان، قەیرانی ژینگە و دەیان قەیرانی دیکە، بە جۆرێک، کە خەڵکی کوردستان هەر ئەوەندە هەستی پێدەکەن، کە ئەم قەیرانانە هەن و سەرپێیانە ناڕازیی دەردەبڕن و دەردەڵی خۆیان دەکەن. هەندێک جاریش پەرلەمانتارەکان و ئەندامانی حیزبەکان خۆیان، لە تیڤیەکان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە لایەنداریی ئەم دەردەدڵەی خەڵکی دەکەن. ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی، ئەوەیە، کە هەموو ئەم قەیرانانە دەگێڕنەوە بۆ دزی و تاڵانکردن و بە هەدەردانی سەروەت و سامانی خەلکی کوردستان. ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتیی بە دیوێکیدا هەر ئەوەندە باشە، کە بوترێت خەڵک ناڕازییە بەم بارودۆخە! دەنا وەک تر و بە دیوەکەی تریدا، چەند بە خراپ دەشکێتەوە بۆ هەندێک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، هێندەش و زیاتریش بە باش دەشکێتەوە بۆ درێژە دان بەم بارودۆخە، چونکە هەموو داواکارییەکان خۆی لە چاکسازییەکی رووکەشدا دەبینێتەوە، یان خۆی لە پێدانی موچە و کارەبا و فەراهەمکردنی ئەو مافە سەرەتاییانەدا دەبینێتەوە، کە لە خراپترین سیستمی حوکمڕانی وڵاتانی دنیادا ئەم مافە سەرەتاییانە هەن و فەراهەمکراون، بۆ نموونە بە درێژایی جەنگە ناڕەواکەی ئێران / عێراق و لە ماوەی پێنج ساڵی جەنگی سوریادا ئەم مافە سەرەتاییانە وەک خۆیان ماونتەوە و هەبوون.


ئەگەر بشمانەوێت هەندێک بە قوڵیی بیر لەم بارودۆخە چەقبەستووە بکەینەوە، ئەوە بە دڵنییایەوە دەگەینە ئەو راستییەی، کە ئەم قەیرانانە قەیرانی بونیادین، قەیرانگەلێکی دروستکراوی حکومڕانییەکی ناداپەروەر و نا دیموکرات و نا مرۆیین. ئەم قەیرانانە دێرین و مێژوویین، بەو واتایەیی، کە بونیادی حوکمڕانیی لە کۆمەڵگاکانی جیهانی ئیسلامیی و جیهانی سێیەمدا حوکمڕانییەکی هاوبەشن لەگەڵ کۆمپانیا چاوچنۆکە سەرمایەدارەکانی جیهاندا، حوکمڕانییەک، کە جێگرەوەی حوکمی راستەوخۆی کۆلۆنیالیزمی جارانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمن، کە هەموو ئەم وڵاتانەیان داگیرکردبوو. ئەو سەردەمانەش خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراو هەر وەک ئێستا تەنها هەستیان بە داگیرکاریی و ستەم و چەوساندوە دەکرد، بۆیە حیزبگەلێکی بۆرجوازی بە بوونیاد دواکەوتو توانی ئەم هەستکردنەی خەڵک بە ستەم و چەوساندنەوە قۆرخبکات و خەڵک بکات بە سوتەمەنی(شۆڕش و بزووتنەوە نیشتیمانییەکانی)، بەم میکانیزمەش بێنە سەر حوکم و بە ناڕاستەوخۆ درێژە بە حوکمی کۆلۆنیالیزمەکان بدەن و ببن بە شەریکی دزین و تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانی خەڵک. کەواتە کێشەی خەڵکی کوردستان ئەوەیە، کە تەنها هەست دەکەن بە ستەم و چەوساندنەوە، هەتا ئەم هەستکردنە نەگۆڕدرێت بۆ شۆڕشێکی راستەقینەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دامەزراندنی حوکمی راستەقینەی خەڵک خۆی بەردەوام ناڕەزایەتییەکان دەپوکێنەوە و لەبار دەبرێن بە هەندێک چاکسازی رووکەش. کەواتە هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانی ئەم بارودۆخەی ئێستای خەڵکی کوردستان، ئەو متمانەکردنە بوو بەکوردایەتی حیزبە ناسیۆنالستیەکان، کە هەموو خەڵکی کوردستان، تەنانەت حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان ـ هەردوو حیزبی ئەوسای قیادەی مەرکەزی و لیژنەی مەرکەزی ـ چەندین گروپ و کەسایەتی چەپ و رادیکالیزم، تووشی نەخۆشی هەمانکوردایەتی بوون و خۆیان رادەستی ئەم (شۆڕش و بزووتنەوەیە) کرد تا ئەم حیزبە ستەمکارانە هاتنە سەر حوکم و خەڵکیش لە هەمان بازنەدا خول دەخوات و داد و هاواریانە. ئەوسا و ئێستاش هەمان ئەم حیزبانە ستەمکار و چەوسێنەرن، حوکمڕان و نادادپەروەن، نایەکسان و بەدڕەفتارن، دز و جەردە و نامرۆیین، خیانەتکار و بێ ئابڕوو کەم ئەخلاقن. هەستکردنەکەی ئەوسا و ئێستای خەڵک بە گشتی و چەپ و کۆمۆنیستەکانیش نەگۆردراوە بۆ بیرکردنەوەیەکی رادیکالیزمانە، کە هەڵگری گۆڕینی بارودۆخە ستەمگەرییەکە بێت بۆ بارودۆخێکی ناستەمگەر و فەراهەمکردنی ئازادییەکان.


هاوپشتی: ئەمرۆ لە کوردستاندا باس لەچەندین قەیران دەکرێت، قەیرانی دارایی، قەیرانی سەرۆکایەتی وپەرلەمان، قەیرانی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەغدا، قەیرانی کارەباو خزمەتگوزاری و موچە بەڕای ئێوە چ قەیارانێک بە سەرچاوەی سەرەکی ئەم هەموو قەیرانانە دەزانن؟


جیهاد محەمەد: لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا سەرچاوەی هەموو قەیرانەکانم گێڕایەوە بۆ کیشە بوونیادییەکانی سیستمی حوکمڕانیی بۆرجوازی دواکەوتوو، سیستمی ئابووریی و سیستمی پەروەردە و سیستمی تەندروستی دواکەوتوو، واتە کێشەکان کێشەی بونیادین، نەک کێشەیەکی سیاسیی رووتی نێوان چەند حیزبێک لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی حکومەت، یان لەسەر کێشەی دارایی و ئابووریی. بەڵام بەو واتایە نا، کە ئەم کیشانە بوونیان نییە، بەڵکو مەبستمان ئەوەیە، کە بوونی ئەم کێشانە لە بنەڕەتدا نەبوونی دیموکراتیی و کولتووری دیمکراتییە، جگە لەوەش کێشەی دەسەڵاتگەرییە، کێشەی شەڕی سیکتاریزمەکانە، چ سیکتاریزمە راستڕەوەکانی وەک پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان و سیکتاریزمی شیعەگەرایی و سونیگەرایی. هەروەها ئەو سیکتاریزمە چەپڕەوانەی، کە خۆیان بە چەپ دەزانن و بەڵام دەستوەرنادەن بارودۆخەکە، چونکە بە خەیاڵی خۆیان پاشەڕۆیان مسۆگەرکردووە و پاشەرۆژ هی ئەوانە. سیکتاریزمە راسترەوەکانیش لە کوردستاندا وەک چۆن ئەمرۆیان مسۆگەرکردووە و خەڵکی کوردستانیان داگیرکردوە، دەیانەوێت لەسەر هەمان داروپەردووە کۆنەکە دوارۆژیش مسۆگەر بکەن، بۆیە ئەمانیش بە هیچ جۆرێک دەستوەرنادەنە بارودۆخەکە، بەڵکو دەیانوێت ئەم بارودۆخە وەک خۆی بمێنێتەوە. هەر یەکێک لەم هێزە سیاسیە سیکتاریزمە راستڕەوانەی کوردستان، خۆیان بە میراتگریکوردایەتی دەزانن. ئەوەتا هەر کە کەوتنە قسەکردن باسی کوردایەتی دەکەن، باسی (شۆرشەکانیان) دەکەن، باسی خەبات و تیکۆشانەکانیان دەکەن، باسی دامەزراندنی (دەوڵەتی کوردیی) دەکەن. هەر لایەنێک لەم لایەنانە بە دوای دەسەڵاتەوەیە. دەسەڵاتگەریی ئەم حیزبە ستەکارانە لەگەڵ حکومرانییەکی دیموکرات، کە لەسەر بنەمای ئازادییەکان، مافی مرۆڤ، یەکسانی ژن و پیاو، مافی منداڵان و گەورە ساڵان و سیستمێکی پەروەردەیی فەلسەفیانە وا ئابوورییەکی یەکسانیانە بونیادنرابێت جیاوازییەکی زۆری هەیە. کێشەی ئەم حیزبانە درۆیەکی گەورەیە، کە دەڵێن لەسەر مەسەلەی کێشەی خەڵکە و بۆ چاکردنی گوزەران و بارودۆخی خەڵکە، کێشەکانی خەڵک کراوە بە میکانیزمێکی سیاسییانە و بەکاری دەهێنن و دەنگی پێ کۆدەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنە ساختەکارییەکانیان، واتە موزایەدەی سیاسییانە دەکەن، نەک بیانەوێت باردۆخەکە بگۆڕن، چونکە وەک ئاماژەم پێدا گۆڕینی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی حیزبە سیکتاریزمەکان نییە.


قەیرانی سەرکەی و بنەڕەتی خەڵکی کوردستان، قەیرانی بارودۆخێکی چەقبەستووی ژەنگرتووی دێرینە. تا ئەم بارودۆخە چەقبەستووەی خەڵکی کوردستان تێییدا دەژی هەڵنەتەکێنرێت ئازادی و رزگاری مەحاڵە.


هاوپشتی: حکومەت دەڵێ بەهۆی قەیرانی دارایی موچەکان بڕاون و لەکاتی خۆی نادرێ. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە لێدوان و دانپێدانانی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبیستین، هۆی سەرەکی ئەم قەیرانە داراییە بەتاڵانبرنی ملیارەها دۆلاری ئەم کۆمەڵگایەیە لەلایەن بەرپرسان و کۆمپانیا تاڵانچیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان. خوێندنەوە و لێکدانەوەی ئێوە بۆ قەیرانی دارایی بە دیاریکراوی چییە؟


جیهاد محەمەد: بە دیارییکراوی خوێندنەوەی من بۆ قەیرانی دارای و ئابووری، جگە لەوەی قەیرانێکی بونیادیی بەرهەمهاتووی بۆرجوازیی دواکەوتووە، کە تا هەنووکە چینی بۆرجوازیی لە جیهانی سێهەمدا، چینێکە بە عەقڵ و بیرکردنەوە خێڵەکیی و دەرەبەگییە، تەنها بە پارە پارەدارە، نەک بۆرجوازییەکی بەرهەمهاتووی پیشەسازیی و خاوەنی عەقڵیەتێکی بەرهەمێنەر و وەبەرهێنەر. ئەم چینە ستەمکار و نادیمکورات و بزنسکار و بازرگانە و هیچی تر. ئەم چینە بە سروشتی خۆی هێندەی کار لەسەر خۆ دەوڵمەندکردن دەکات، ناتوانێت کار لەسەر بە مەدەنیکردن و مۆدێرنیزمەی کۆمەڵگا بکات بەو واتاییەی زەویەنەی پەروەردەیەک فەراهەم بکات، کە مرۆڤەکان مرۆڤبوون لە گیانی خۆیاندا بچێنن. ئەم چینە ناتوانێت دەستکاری دۆخەکە بکات و بیگۆڕێت بۆ دۆخێک، کە مرۆڤەکان خۆیان خۆیان بژییەنن و خۆیان ژیانی خۆیان بەرن بەڕێوە، خۆیان پشت بە خۆیان ببەستن. لە ساییەی ئەم چینە دەسەڵاتدارە سیاسییە بۆرجوازییە دواکەوتووەوە کۆمەڵگا بووە بە کۆمەڵگایەکی مشەخۆر. کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکی وەبەرهێنەرەوە بووە بە کۆمەڵگایەکی وەبەرخۆر. تاک لە تاكێکی چوست و چالاکەوە بووە بە تاکێکی تەمەڵ و تەوەزل. ژێرخانی ئابووری کشتوکاڵی داتەپیوە، خەڵکی لادێکان و جوتیارەکان بە زۆری بوون بە موچەخۆری حکومەت یان موچەخۆری حیزبەکان. خێزانەکانی کۆمەڵگای کوردی وەک زەڕەنەقوتە چۆن دەمدەکاتەوە بۆ دایکانەکەی خواردن بکات بە دەمیەوە، ئاوا هەموو سەری مانگانێک دەمدەکەنەوە بۆ حکومەت موچەیان پێبدات. وەک خۆیان دەڵێن نزیکەی نیوەی کۆمەڵگا بووە بە موچەخۆری حکومیی، لە کاتێکدا هەر خۆیان دەلێن، حکومەت رەنگە پێویستی بە چواریەکێکی ئەو ژمارە زۆر و زوەەندە نەبێت بۆ هەڵسوڕانی کاروبارە حکومەییکان. ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی قەیرانی ئابووریی و دارایی.
کێشەی دووەمی قەیرانی ئابووریی و دارایی/ دزینی ملیارەها دۆلاری کۆمەڵگای کوردستانە، هەروەها خۆ فشکردنەوەی حیزبە حکومڕانەکانە، بە کردنەوەی دەیان کەناڵی تەلەفزوێن، بە کردنەوەی دیان بارەگای حیزبیی، بە کردنەوەی دەیان دامودەزگاری (ڕۆشنبیریی) حیزبیی، بە پێکهێنانی دەیان رادوێ و گۆڤار و رۆژنامەی حیزبیی، بە پێکهێنانی سەدان رێکخراوی(مەدەنی) حیزبیی، کە وەک دەوترێت نزیکەی ٢٦٠٠ رێکخراوی حیزبیی هەیە بە ناوی رێکخراوی جەماوەریی و مەدەنییەوە. ئەمانە هەموویان ساڵانە بە سەدان ملوێن دۆلاریان پێ دەدرێت، هەموو ئەم پارەو پولەش هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی نییە بۆ بە مەدەنیکردن و بە مۆدێرنەکردن و بەرەوپیشەوەچوونی عەقڵ و بیرکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی.


کێشەی سێیەمی قەیرانی ئابووری و دارایی/ ئەو کێشە سیاسیی و کەسییە بوو، کە لە نێوان مەسعود بارزانی و نوری مالکیدا دروست بوو، ئەم کێشەیە درێژەی کێشا بۆ کێشەیەکی سیاسیی بنبەست و کێشەی بڕینی بودجەی لە سەدا ١٧ی بودجەی کوردستان لە لایەن عێراقەوە. ئەمەش یەکێ بوو لەو موزایەدە سیاسیانەی کە پارتی و سەرۆکەکەی کردیان بە ناوی(سەربەخۆیی ئابووریی) و هەڕەشەکردن و موزایەدەکردن بە ناوی دامەزراندنی(دەوڵەتی کوردییەوە).


کێشەی چوارەمی قەیرانی ئابووری و دارایی/ کێشەی نزمبوونەوەی نرخی نەوت بوو لە جیهاد. ئەم کێشەیە زیاتر بۆیە کاریگەری هەبوو لەسەر کۆمەڵگای کوردی، چونکە وەک ئامژەمان پێدا کۆمەڵگای کوردی کە ببوو بە کۆمەڵگایەکی موچەخۆر، بە کەمکردنەوەی موچە، یان بڕین موچە لە سەدا ٧٠ی بازار و قوتی خەڵکی پێکەوەتە قەیرانێکی قوڵەوە.


هاوپشتی: خویندنەوەتان چییە بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و ئەوخالانەی کەحزبەکان لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسعود بەرزانی رایانگەیاند وئەوانەشی کەخودی بەرزانی بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا خستویەتیەڕوو؟


جیهاد محەمەد: بە خوێندنەوە و تێگەیشتنی من هەموو پڕۆژەکانی پێشکەشکراو لە لایەن حیزبەکانەوە، لە لایەن هەندێک لە سەرکردەکانەوە، لە لایەن هەندێک لە ئەندام پەرلەمانتارەکانەوە، لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییەوە، لە لایەن نێچیرڤان و قوبادەوە وەک سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، هەموویان دەچنە خانەی موزایەدەی سیاسییەوە. لەبەرئەوەی وەک ئاماژەمان پێدا لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا، کێشەکان کێشەی بونیادین و بەم جۆرە پرۆژانە چارەسەر ناکرێن. بەڵام دیسان دەڵێم بەو واتایە نا، هەنگاونان بۆ هەندێک چاکسازی لە بارودۆخی خراپی خەڵکی کوردستاندا، یان هەندێک هەنگاوی چاکسازی لە سیستم و حوکمڕانییدا کارێکی باش نییە، بە پێچەوانەوە ئەم کارانە باشن، ئەگەر هانگاوی جددیان بۆ بنرێت رەنگە خەڵک هەندێک ماندووی بحەسێتەوە، هەندێک خۆشگوزەرانی بۆ بگەڕێتەوە، وەلێ ئەم ماندووحەسانەوە و خۆشگوزەرانییانە هەموویان کاتیی دەبن و کێشەکان بنەبڕ ناکەن.


بە بڕوای من چارەسەری کێشەکان هەروەک خۆیان دەیبەستنەوە بە کۆمەڵێک کێشەی لابەلای ململانێیی حیزبایەتەوە، وەک کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم، وەک کێشەی بژاردەی سیستمی حوکمڕانی لە نێوان پەرلەمانی و سەرۆکایەتییدا، وەک کێشەی نووسینەوەی دەستور، وەک کێشەی شەفافیەت لە فرۆشتنی نەوت و غازدا، ئەم چارەسەرییانە زۆر ئاسەنە دەستی بۆ ببرێت و ئەم حیزبانە لە نێو خۆیاندا رێک بکەون. وەک وتم لەم چارەسەرییە کاتییانەدا، کە رەنگە خەڵکیش هەندێک سودی لێ وەربگرێت. بەڵام بۆیە بۆیان ناکرێت، چونکە ململانێکانیان لەسەر دەسەڵاتگەرێتی هێندە بەهێزە، کە هیچ متمانەیەکی نەهێشتووە لە نێوانیاندا. متمانە نە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا ماوە، نە لە نێوان حیزبەکاندا ماوە، بێ متمانەییەکان ئەوەندە قوڵ بۆتەوە گەیشتۆتە ئەوەی لە نێوان سەرانی تاکە حیزبێکیشا نەمێنێت.


هاوپشتی: ئێستا هەموولایەنەکان باس لەچاکسازی دەکەن، هاوکات باس لەکاراکردنەوەی پەرلەمان وگێڕانەوەی وەزیرەکان و حکومەت دەکەن بۆ سەردەمی پێشوو.. پێتان وایە بەم هەنگاوانە قەیرانی دەسەڵات چارەسەر ده‌بێت؟ بەواتایەکیتر تاچەند پێتان وایە کەئەم حکومەت و دەسەڵاتە دەتوانێ چاکسازی بکات؟
جیهاد: ئەم چارەسەرییانە تەنها لە ڕووی دەروونییەوە، چارەسەری ئەوە دەکات کە لای بزووتنەوەی گۆران بڵێن ئەوە قسەی خۆمان بردە سەر، ئەوە توانیمان شکست بە بڕیارەکەی پارتی و نێچیرڤان بارزانی بهێنین. دیسان چارەسەری ئەو کێشەیەش بۆ پارتی دەکات، کە بوون بە ژێر رێژنەی رەخنەگرتنێکی زۆرەوە لەسەر ئەوەی، کە بڕیاری تاکڕەوانە دەدەن. بێگومان لە حاڵەتی گەڕانەوەی دکتۆر یوسف بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەکان بۆ ناو حکومەت وەک چۆن چارەسەری گڕێ دەروونییەکەی گۆران دەکات، بە هەمان شێوەش پارتی دەیکات بە هەڵا بەوەی کە سەرۆکەکەیان دڵی فراوانە و لێزانە و حەکیمانە بڕیار دەدات و چارەسەرییەکان هەمووی لە دەستی ئەو دایە و هەر تەنها ئەوە دەستی ئەمینە بۆ ئەزمونەکەی کوردستان. ئەم چارەسەریانە جگە لە لابردنی کێشە دەرونییەکانی خۆیان، کە بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە شتێکی ئەوتۆ لە کێشەی خەڵکی کوردستان چارەسەر ناکات. وەک لە وەڵامی پرسیارەکانی تردا ئاماژەم پێدا، ئەم حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییەی کوردستان هەر هێندە دەتوانێت چارەسەری کێشەی قەیرانەکان بکات، کە بەرژەوەندییەکی کاتیی خەڵکی کوردستانی تێدا دەبێت و درێژە پێدانی بەرژەوەندییە دەسەڵاتگیرییەکەی خۆشیانی تێدا دەبێت، واتە چارەسەرییەکی کاتیی بۆ کێشەکانی خەڵک، بەڵام مانەوەیان لە ژێر سیستمێکی حکومڕانیی سەمکار و چەوسێنەر و داپلۆسێنەردا.


هاوپشتی: یەكێتی لە کاتێکدا خۆی لایەنێکی سەرەکی حکومەتە و خاوەن پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانە. لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی، داوا لەحکومەت دەکا پیاچوونەوە بە پرۆژەی پاشەکەوتی فەرمانبەرو موچەخۆران بکات و پیاچونەوەی پێویستە. چۆن خوێندنەوە بۆ ئەو هەڵوێستەی یەکێتی دەکەن؟


جیهاد محەمەد: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تاکە حیزبی بەهێز و جەربەزە بوو لە چوارچێوەی سیاسەتکردن و دەسەڵاتی سیاسیی کوردستاندا، کە بتوانێت ململانێ بکات لەگەڵ پارتیدا، ئەم هێزە بە هۆکاری گەورەیی خۆیی و پشتیوانی دەوڵەتێکی وەک ئێران کێشەکانی لە دەمێک ساڵەوە لەگەڵ پارتی ‌ـدا درێژە پێدا، تا گەیشتە ئەوەی، کە بە ئاشکرا لە شەڕە نەگەریس و نەخوازراوەکانی نێوانیاندا هەردوو ئەم هێزە هەر جارە و پەنایان بۆ دەوڵەتێک دەبرد، جارێک پاسداری ئێرانیان دەهێنا و جارێک حکومەتی سوپای عێراقی بەعسیان دەهێنا و جارێک تورکیا لە رێگەی پارتییەوە لەشکرکێشی دەکردە سەر کوردستان. بەڵام دوای ئەوەی، کە زانیان ئەم شەڕ و پێکدانانە چیتر لە بەرژەوەندییان نییە بە تایبەتی دوای روخانی رژێمە فاشیەکەی سەدام لەسەر دەستی هاوپەیمانان و ئەمەریکادا، کەوتنە رێکەوتنێکی وەها، کە هەموو خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندی گشتیی و ئەو کوردایەتییەی، کە دەیان ساڵ بوو خەڵکیان پێ دەخەڵەتاند و خەڵکیان لە پێناویدا بەکوشتدەدا و ئەنفال و کیمیاران و جینۆسایدیان بەم هۆکارە بەسەر خەڵک هێنا، لە بیرچووەوە. بە مەبەستی دەسەڵاتگیرێتی خۆیان و هاوبەشیکردنیان لە دروستکردنەوەی حکومەتی عێراقیدا و خۆ سەپاندنیان بەسەر خەڵکی رەشورووتی کوردستاندا رێکەوتنی ستراتیژییان واژۆکرد. هەر ئەمەش بوو، کە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمیان لە نێو خۆیاندا دابەشکرد و بوون بە شەریک لە هەموو دەسەڵاتەکاندا. بەڵام لە دوای نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی یەکێتی لە ناوخۆیدا بوو بە چەند جەمسەر و باڵێکەوە، کە کەسیان متمانەیان بەویتریان نەماوە. لە راستیشدا ئەم باڵ باڵێنە هۆکارەکەی گەندەڵی و دەوڵەمەندبوونێکی زۆری ئەم باڵانەیە، کە ناتوانن واز لە دەسەڵاتەکانی خۆیان بهێنن، چونکە بە هۆکاری وازهێنانیان لە دەسەڵاتەکانیان رەنگە لاوازبن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت یان چیتر نەتوانن بە گەندەڵی و لەسەر حسابی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان خۆیان دەوڵەمەندتر بکەن. ئەم حیزبە رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ بەرەو لاوازبوون دەچێت و دەپوکێتەوە، بۆیە قسەکانیان، لێدوانەکانیان، بڕیارەکانیان ناکۆکن لەگەڵ یەکتریدا، هەر باڵە و هەر سەرکردەیەو لە ئاشێک لێدەکات و بە بەرژەوەندی خۆی و باڵەکەی خۆی رەفتار دەکات. بۆیە بە بڕوای من هەر لایەنێک شتێکی پێبکرێت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەم بارودۆخیەوە هیچ شتێکی باشی پێ ناکرێت.


هاوپشتی: راتان لەسەر ناوەرۆک ولایەنەکانی پرۆژەی چاکسازیەکەی بزوتنەوەی گۆران چییە؟


جیهاد محەمەد: پرۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەک پرۆژەکانی حیزبەکانی دیکە، پڕۆژەیەکی سیاسییانەیە، نەک پڕۆژەیەک، کە چارەسەرییە بنەڕەتیەکانی دیاریکردبێت. ئەم پڕۆژەیە هەم موزایەدەی سیاسییە، هەم پرۆژەیەکە بە خەیاڵی خۆیان بۆ ئیحراجکردنی حکومەت و پارتی و یەکێتی. ئەگەر بە وردی و بە قوڵی پرۆژەکە لێکبدەینەوە و بیخوێنینەوە شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە جیاواز لە پرۆژەکانی دیکە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستی خستۆتە سەر ئەو مەسەلانەی، کە کێشەکانی قوڵکردۆتەوە. پرۆژەکە چارەسەری کێشەکان ناکات و کێشەکانی پێ بنەبڕ نابێت، لەبەرئەوەی خۆی لە چارەسەرییەکی کاتیدا دەبینێتەوە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا. بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسوێنی چوار ساڵی رابردوو هەروەها وەک هەڵگری کۆمەڵێک دروشم و پەیامی رادیکاڵانە بەڵام بە چونە ناو حکومەت و هاوبەشیکردنیان لە حکومەتێکی گەندەڵ و دزدا ئیتر ئەو رادیکالێزمێتییەیان لە دەستدا و پەیامەکانیان کاڵ بوونەوە. بەم پرۆژەیەی دوییاندا، دوای دوورخستەنەوەی وەزیرەکانیان و وەدەرنانی سەرۆکی پەرلەمان لە هەولێر، ‌هێندەی تر دەرکەوت، کە ئەم بزووتنەوەیە ناتوانێت لە فەزا کۆمەڵایەتیی و سیاسیە چەقبەستووەکەی پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان دەربچێت، لە هەمان بازنەدا خولدەخوات بە کۆمەڵێک پرۆژە و پەیام و رەخنەگرتنەوە و هیچی دیکە.


هاوپشتی: بنەمای ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێسی کوردستان بۆچی دەگەڕێننەوە وتاچەند لایەنی هاوبەشو جیاوازی لەگەڵ جوڵانەوەی ١٧ شوباتدا بەدیدەکەن؟


جیهاد محەمەد: ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، لە بێ کاریی و بێ موچەیی و چەوساندنەوە و ستەمکارییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوەی تێبینی دەکرێت چەپەکان لەم دەورەیەدا باشتر و یەکگرتووتر لە جاران لە هەوڵی ئەوەدان درێژە بە ناڕەزایتیەکان بدرێت، چەپەکان لەگەڵ ئەوەی، کە دروشمەکانیان هەمان دروشمی جەماوەرییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا جیاوازیان هەیە لە گەڵ حیزبە ئۆپۆزسوێنە راستروە موحافزکارەکاندا. هەرچی چەپەکانە وەک وتم لەگەڵ ئەوەی دروشم و لێدوان و رەخنەکانیان لەگەڵ داواکارییە جەماوەرییە گشتییە ناڕەزاکاندا یەکدگرێتەوە، هەمان داواکارییان هەیە، وەلێ ئەمان ئەوە باش دەزانن، کە پێدانی موچە، یان باشکردنی کارەبا، یان چاکسازی لە رەوشە ناهەموارەکەدا دادی کەس نادات و چارەسەرییەکی کاتییە، بۆیە زیاتر پێ لەسەر چارەسەری بنەڕەتی دادەگرن. بەڵام حیزبە ئۆپۆزسوێنەکانی جاران و هاوبەش لە حکومەتی ئێستادا تەنها بە پێشکەشکردنی چەن پرۆژەیەک، کە خۆی لە موزایەدەی سیاسیدا دەبینێتەوە و هیچی تر ناکەن.


جیاوازی نێوان ناڕەزایەتیەکانی ئێستای خەڵکی کوردستان لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی ١٧ شوباتدا، ئەوەیە، کە ئێستا حوکمڕانانی کوردستان بە تەواوەتی تەکیان بە ژیانی هەموو خەڵکی کوردستان هەڵچنیەوە و ئەگەر ئەم بارودۆخە درێژەی هەبێت کارەساتی مرۆیی و تاوانی گەورەی لێدەکەوێتەوە. ئێستا چەپەکان و خەڵکانێکی ناڕازی زۆر، کە دژی ئەم بارودۆخەن هەروا بە ئاسانی ناکەونە سەر شەقام و تەقینەوەی جەماوەری گەورە دروست نابێت. لە لایەکەوە هۆکارەکەی بێمتمانەییە بە خۆپیشاندان و تەقینەوە جەماورەیەکان، لە لایەکی دیکەوە خەڵکی بە ئاگا و چەپەکان و دەتوانم بڵێم زۆربەی خەڵک لەوە تێگەیشتون کە پێویستە خۆپیشاندانەکان و راپەرین سەرتاسەری بێت دەنا سودێکی ئەوتۆی نابێت. ئەمەش بە بڕوای من بیرکردنەوەیەکی باشە و عەقلانیانەیە. خۆپیشاندان نەکرێت باشترە لەوەی خۆپیشاندان بکرێت و بپوکێتەوە بە کاریگەریی هەندێک چاکسازی روکەش و کاتیی.


هاوپشتی: لە چەند رۆژی ڕابردوو یەکێک لە شێوازەکانی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی بایکۆت ببوە، ئەو شێوازە لە ناڕەزایەتی چەندە بە کارساز دەبین؟ لە بایکۆت کارسازتر چییە؟


جیهاد محەمەد: من لەگەڵ بایکۆتی قوتابخانەکان و دامودەزگاکانی پەروەدە و تەندروستیدا نیم، بە بڕوای من ئەمە زیاتر کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی رەشوڕووت هەیە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەڵکی دەوڵەمەند و حیزبەکان نییە، بە تایبەتی لە حاڵەتێکدا بایکۆتکردن دەبوایە سەرتاسەری بێت، بەڵام ئەوەی دەبینرێت تەنها زیاتر شاری سلێمانی گرتۆتەوە، ئەمەش لای دەسەڵاتی سیاسی و بە تایبەتی لای پارتی ئەو خوێندنەوەیەی بۆ دەکرێت، کە بە دنەدانی گۆران و چەپەکان ئەم کارە دەکرێت. لە راستیدا لە بایکۆتکردن باشتر مانگرتنێکی سەرتاسەرییە، مانگرتنێک لە دەسەڵاتی سیاسییە، کە هەموو جومگەکانی حکومەت و بەڕێوەبەرایەتی بگرێتەوە، وەک داخستنی هەموو قوتابخانە و زانکۆ و دامودەزگا حکومیەکان و بازار لە یەک کاتدا و بە یەک دەنگ بۆ ماوەی یەک حەفتە یان دە رۆژ تا پانزە رۆژ، بە دڵنیاییەوە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەم مانگرتن و بایکۆتکردنە ئەژۆنیان دەکەوێتە لەرزە و سەر بۆ هەموو داواکارییەکانی خەڵکی شۆڕشگێر دادنەوێنن. رەنگە لەمەش باشتر خۆپیشاندان بێت بە شێویەک، کە هەیبەتی خەڵک بنوێنێت و دووربێت لە هەموو توندووتیژییەک، هەڵبەت مەبەست ئەوە نییە، کە خۆپیشاندانەکان توندوتیژی نابێت بە خۆیەوە ببینێت، بەڵام لە سەرەتادا پێویست وایە، کە هیچ تتوندوتیژییەک بە خۆیەوە نەبینێت.


هاوپشتی:
ناڕەزایەتیەکانی ئێستا چ ئاسۆیەکیان لەبەردەمە، ئەو ئاستەنگ و ئەگەرانە چین کەلەبەردەم ئەم بزوتنەوەیەدان؟ لەئێستادا هەڵسوڕاوان و رابەرانی ئەم ناڕەزایەتیانە دەبێ چی بکەن وچ ئاستێک لەتوانایی وپێشرەوی بەدەستەوەبگرن؟


جیهاد محەمەد: هەمیشە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ستەمدیدە و ستەملێکراو و چەوساوە ئەگەر بە شێوازیکی بەردەوامی شۆڕشگێرانە و رادیکلایزمانە نەبێت، سەرناگرێت و لە لایەن دەسەڵاتی سەتمکار و داپلۆسێنەرەوە دەپوکێنرێتەوە. بۆیە باشترین میکانیزم بە بڕوای من رێکخراوبوون و بە ئۆرگانیکردنی ناڕەزایەتیەکانە. هەتا ناڕەزایەتیەکانی خەڵک رێکنەخرێن و یەکنەگرن و لە ناو خەڵکەوە دەستە و کۆمەڵی سەرپرشتیاری رێکخراویی بۆ دروست نەبێت زەحمەتە بگاتە ئەنجام. ئەم خاڵانە بۆ خۆپیشاندان گرنگن:


١- خەڵکی ناڕازی حەق وایە، نەیەڵن هیچ حیزبێک پێشیان کەوێت و خۆی بە پێشەنگ بزانێت بۆ نارەزایەتیەکان، تەنانەت چەپەکان و مارکسیەکان رێگەیان پێنەدرێت ببن بە پێشەنگ و رابەری خەڵک.
٢- هەوڵبدرێت ناڕەزایەتییەکان لە ماڵەکان و گەڕەکەکان و قوتابخانەکان و زانکۆکان و مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و پۆلیسی هاتوچۆوە خۆیان رێکبخەن و خۆیان خاوەنی دروشم و داواکارییەکانی خۆیان بن.
٣- گرنگە لە دەستپێکدا دروشمەکان گوزارشت لەو داواکاریانە بکەن، کە هەنوکەیین و بریتین لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵک. نەک داواکاری قورس، کە لە توانادا نەبێت ئەمرۆ جێبەجێبکرێت، بۆ نموونە وەک داواکاردنی راپەڕین بۆ روخاندنی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی، کە جێگرەوەکەی ئەلتەرناتیڤێکی جیاواز بێت لەم دەسەڵاتە سیاسییەی ئێستا. داواکارییەکان پێویستە پلە بە پلە بێت، نەخشەڕێژییەکی شۆرشگێرانە و واقیعبینانە و عەقلانی لە پشتەوە بێت، نەک وروژاندنی هەست و سۆزێک، ملی جەماوەری نارەزا بشکێنێت.
٤- رێخرانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان پێویستە موزایەدەی سیاسیی هیچ کام لە حیزبەکان قبوڵ نەکەن.
٥- بۆ دەمەدەمێ و شەڕە قسە چاوپێکەوتن و بەرەوڕووبوونەوە لە تیڤیەکانەوە قبوڵ نەکەن. بەڵکو ئەگەر ئەمە کرا بە جۆرێک بکرێت، کە بەرچاوڕوونی بدات بە جەماوەر و خەڵکی ستەمدیدە و مەبەست و ئامانجی ناڕەزیەتیەکان بە شێوەیەکی واقیعبینانە و بە ئاشکرا و روونی بدرێت بە خەڵک.
٦- هیچ جۆرە سوکایەتی و دژایەتیەکی دینی و مەزهەبی لە ناو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا خۆی زەق نەکاتەوە، تا نەبێت بە هۆکارێک، کە لە میبنەری مزگەوتەکانەوە دژایەتی خەڵکی ناڕازی دروستبێت. پێویستە ئەوە بزانرێت، کە خەڵکی ستەمدیدە و ستەملێکراو و چەوساوە هەموو توێژ و چینێکی گرتۆتەوە بە دینیی و نادینن و بڕوادار و بێ بڕواوە، بە ئیسلامیی و مەسیحیی و کورد و عەرەب و تورکمانەوە .
٧- پەیوەندیکردن بە هەندێک لەو ریکخراوە جەماوەریی و مەدەنیانەوە، کە سەربەخۆن و سەربە حیزبەکانی دەسەڵاتدار نین بۆ ئەوەیە بێنە پشتی جەماوەری نارازی.
٨- گروپ و رێکخراوەکانی ئەوروپا، کە دروستبوون یان دروستدەبن بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی نارازی کوردستان، هەوڵی ئەوە بدەن دەنگی خەڵکی ناڕآزی بگەیەنن بە ناوەندە سیاسیی و یاساییەکانی ئەورپا.
٩- لێدوان و بەیاندەرکردن بە شێوازێکی مەدەنیانە و لە کاتە پێیوستەکاندا زیاتر نەبێت. هیچ کەسێک بە بێ پرسکردن بە رێخەرانی خەڵکی ناڕازی لێدوان نەدات بە کەناڵەکانی راگەیاندن، لە کاتێکدا ئەمە بوو دەستبەجێ بە درۆ بخرێتەوە، کە ئەوە نوێنەری ئەم خەڵکی ناڕازیانە نییە.
١٠- بە گوێرەی سەرکەوتن پێشکەوتن و گەورەبوونی ناڕەزایەتییەکان پێویستە داواکارییەکان بگۆڕدرێن و داواکاری نوێ بێتە ئاراوە و گەشە بە دروشمەکان بدرێت.


کوردستان
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک