په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١١

چۆن ئەنجوومەنی کاتیی سەرا پێکهات؟


ئەنوەر فەتاح محەمەدئەمین


ئەنجوومەنی کاتی سەرا لە 20 21/2/2011 دامەزرینرا، ئەمەش بە مەبەستی ریکخستنی داخوازیەکانی خۆپیشاندەران. ئەو کاتە هیچ کام لەوانەی کە ئسستا بەناوی ئەنجوومەنەوە گووتاریان دەدا، وەک فاروق رفیق و خیزانەکەی، هەرگیز کاریکی لەو جۆرەیان بەبیردا نەدەهات. ئەوە پیشنیاری هاورێیەک بوو.


بەلام دواتر ئەو ئەنجوومەنە کرایە ئامرازیک بۆ کۆنترۆل کردنی خۆپیشاندەران و بەرتەسک کردنەوەی چالاکیەکانیان و بەند کردنیان لە سەرادا بەدیار میکرۆفۆنیک و چەند خەتیبیکەوە کە تەنیا حەزیان لە گووتاردان بوو. وە ئیتر هەر لەوێوە دیار بوو کە خوینی خەلکی دەکریتە قوربانی چەند مەرامیکی سیاسی شارراوەو نادیاری چەند حیزبیکی وەک حیزبەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست، ئەو حیزبانەی کە دەیانەویست هیزی جەماوەریی سەرا، بکەنە هیزیک بۆ مفاوەزەو وەرگرتنی پۆستی بەرزو چەور.


سەبارەت بە گۆڕان، دەبێ بلێین: گۆڕان پاش دروستبوونی ئەو لیژنەیە لە گووتارە گرنگەکەی نەوشیروان مستەفا پاشگەز بووەوە، ئەو گووتارەی شۆرشگیرانی بە ئاژاوەگیر ناوزەند دەکرد. وە ئیتر لەوەبەدوا، خۆیان کوتایە ناو ئەنجوومەنەوەو ئیسلامیەکانیشیان هینایە ناوی و بەپەلە کەوتنە داریژانەوەی ئامانج و داخوازیەکانی لەسەر شیوەیەک کە بگونجیت لەگەل ئامانجە سیاسیە بەرتەسکەکانی خۆیان، ئەمەیش بۆ ئەوەی هەرچی زووترە دەرگاو پەنجەرەی فاشلی مفاوەزاتیان لیبکریتەوە. وە هەر لیرەیشەوە، ئەدیب و خەتیب و شیخ و مەلا، هاتنە ناوەوەو بە هەموویان، ئاراستەی خەباتی جەماوەرییان گۆری بۆ کۆڕی زکرو تەهلیلە. وە هەر لیرەوە رووی دەمی خەلکی کرایە میکرۆفۆنی خەتیبەکان و مەلاکان. بەدەوری جەماوەریشدا چەندان هیزی عەسکەری و پیشمەرگە خڕ کرابووەوە.
بەلام لە 1 -2/4 دا، جەماوەری شۆرشگیر لەو خەتیبانەیش یاخی بوو، ئەو شۆرشگیرانەی 30 کەسیان لێ بریندار بوو. ئا لەو کاتەدا، گۆڕان بە هەموو توانایەوە، خەلکی دەناردە ناو شۆرشگیرەکان و هانیدەدان واز لە توندوتیژی بهینن و بگەرینەوە بۆ خەباتی مەدەنیانەو بە (ئاشتی بە ئاشتی) و (الله اکبر)، وە گوایە لەوە زیاتر ئیتر مەسەلەکە ناشارستانی دەنوێنێت. وە بەوەیشەوە نەوەستان، بەلکو دەستیان کرد بە گولباران کردنی هیزەکانی دەسەلات و شیرینیان دەکرد بە قورگیاندا تا لە هیزی شەیتانیەوە بگەرینەوە بۆ هیزی رەحمان و پشتیوانی لە خەلک بکەن لە رێی ئەو سەرایەوە کە کرا بە وسڵخانەی هەلپەرستەکان، وە داوایان دەکرد یاسا بپاریزن، ئەو یاسایەی حەقی تەقەکردن دەدات بە هیزە داپلۆسینەرەکان و حەقی بیدەنگی و ملکەچییش دەدات بە جەماوەر بۆ ئەو هیزانە، ئەوان مافی خوینریژیان هەیە و خەلکیش مافی خوین رژانیان هەیە. خەتیبەکانی سەرا لەوە نەگەیشتبوون کە دەسەلات لاشەیەکی مردوو نیە، بۆیە داوا ئابووری و کۆمەلایەتیەکانی خەلکیان کردە قوربانی مشتومری سیاسیەکان و حیزبە مفاوەزەچیەکان کە وەک د. فایەق گولپی لە هاولاتیدا دەلیت: ئەندامەکانیان بە فەرمی بوونە ئەندامی ئەنجوومەن. هەموومان دەزانین بەشیکیشیان بەر لە هاتنیان بۆ ئەوێ، چەندانجار خۆیان لە زەلکاوەکەی دەسەلات هەلکیشا بوو، بەلام پێیانەوە دیاربوو کە هەولی پاروی چەورتریان دەدا. ئەمانەیش ئەو بیئاگایانەن کە نازانن جەماوەر میژوو دروست دەکات نەک خەتیبەکان و هەلپەرستەکان.


لە راستیدا ئەگەر نەمانی ئەو سەرایە لە هەمانکاتدا واتای دابران بیت لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەوا بێشک نەمانی ئەو سەرایە سەرکەوتنیکە لە زاتی خۆیدا، چونکە ئیتر جەماوەر خۆی بۆ خۆی بیر دەکاتەوەو ریگەچارەی خۆی دەدۆزریتەوە، وە ئیتر لە ئەزموونی خۆیەوە فیر دەبیت و لەوە دەگات فەشەلی یەکەمی دەگەریتەوە بۆ بە حیزبی کردنی داخوازیەکانی، وە لەوەیش دەگات ئەمە نە خەباتی نیشتمانیە نە نەتەوەیی، بەلکو خەلکی دژی دەسەلاتیکی کوردی راپەریوە نەک بێیانی، خەباتی ئاشتی و مەدەنیەتیش، وەهمیکی گەورەیەو درۆی دەسەلاتە بۆ بینرخ کردنی خەباتی سەردەم. ئاشتی کۆمەلایەتی، ئەو ئاشتیەی د. فایەق گولپی باسی لیدەکات، بوونی نیە لە خەیالدا نەبیت، ئەو دروشمانە لەسەردەمی فیۆدالیزمدا بایەخی هەبوو لە سەدەی هەژدەهەمی ئەوروپادا، لە سەدەی بیستدا ئەو دروشمانە رسواترین دروشمی ئەم چەرخەن.


هەر بەم شیوەیە، ئەنجوومەنی کاتی سەرا، خۆپیشاندەرانی کردە کریکاری بەلاشی ئۆپۆزیسیۆن، ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ئیستایش پارلەمانی جینەهیشت و لە باشترین حالیشدا، حکومەتی سبەینێیە.


لە سەرەتاوە، ئەنجوومەن 7 ئەندام بوو لەگەل 2 ئەندامی یەدەک. بەلام خۆشەویستی پلەوپایە، هەر خەلکی بەکیش دەکرد بۆ ناو ئەنجوومەن، وە وەک فایەق گولپی دەلیت: (ئەنجوومەن بووە 31 ئەندام)، بیگومان ئەندامی زۆرو بۆر. ئیستایش و دوای پەرپووت کردنی خواستەکانی جەماوەرو کردنی بە سووتەمەنی بۆ خواستی حیزبەکان، هیشتا چەند ئەندامیک بە ناوی خەلکیەوە قسە دەکەن و دەیانەویت ناویان لە ناوا بمینیت نەبا شنەبای مفاوەزات لە لایەکەوە هەلبکات و خەباتی ئەو پینج و دوو رۆژەی ئەوانی تیا بەفیرۆ بروات و بیبەش بکرین. ئیستایش دەیانەویت لە بری بە واقیع کردنی بزووتنەوەیەکی میژوویی، خۆیان لە ژووریکدا، بە عەقلی خۆیان، ریگا داریژن بۆ خەلکی. ئەمەیش پیچەوانەی هەموو میژووی واقیعیە. خەلک بە ئیوە رانەپەرینراو بە ئیوەیش راناپەرینریت، دەبیت ئیوە بە دوای خەلکەوە بن. ئیستایش بە شیوەیەکی وەختی، خەلکی سەر شەقامەکانی چۆل کردووە. جەماوەری شۆرشگیر هەر هیندە ووزەی پی بوو کە حیزبەکان بەکاریان هینا بۆ خۆیان. ئەو ووزەیە سەرف بوو، سەرلەنوێ جەماوەر ووزە کۆدەکاتەوەو زۆر نابات دیتەوە سەرشەقام. بەلام بەو هیوایەی جاریکی تر نەکەویتەوە باوەشی زکرو تەهلیلەو بە ئاشتی بە ئاشتی.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌نوه‌ر فه‌تاح محمه‌دئه‌مین

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک