په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

چۆن ئەنفالێکى تر دووبارە نابێتەوە؟


بەشدار عه‌لی   


ئەگەر کەمێک بۆ دواوە بگەرێینەوە،بە درێژایى یەک سەدەى رابردوو مێژووى ئەحزابى ناسیونالیستى کوردى لە دەورى بازنەى (ئاشتبوونەوە-شکست-خیانەت-ئاشتبونەوە)خولاوەتەوە،دوایى هەر دەورەیەکیش کۆڵێک ماڵوێرانى کردووتە نسیبى خەڵکى کوردستان هەزاران خێزان بونەتە قوربانى و باجەکەیان داوە،شۆرشەکەى شێخ محمود بەهۆى ساویلکەى کورد و خیانەتى وڵاتانى ئیمپرالیستى بەتایبەت بەریتانیا هەرەسى هێنا،شۆرشەکانى بارزان بەهۆى پشت تێکردنى ئێران و وڵاتانى ترى ناوچەکە بە هەوادا رۆیشت،بێجگە لە هەموو ئەو سات و سەودایانەى لەگەڵ رژێمى بەعس دەکرا و پاش ماوەیەک بە کارەسات و رووداوێکى دڵتەزێن کۆتاى پێدەهات،رووداوەکان و ئاڵوگۆڕەکانى ئەم دوایانەدا رێگاى کارەسات و رووداوێکى ترمان نیشان دەدات و (خیانەتێکى تر)و(شکستێکى تر)چاوەڕوان دەکرێت!


ئاڵوگۆڕەکانى ئەم دوایانەى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان و هەڵوێستى دەسەڵاتدارانى عێراق و لێدوانى بەرپرسانى کوردستان زەنگى (خیانەتێکى)ترمان بۆ لێدەدات،هەر بۆ وێنە لە رێورەسمى هێنانەوەى روفاتى (150)ئەنفالکراوى گەرمیان لە فرۆکەخانەى هەولێر رۆژى پێنج شەممە (20/11/2008)سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە روونى ئاماژەى بەمە کرد و روودانى کارەساتێکى ترى وەکو ئەنفالى بەدوور نەزانى و لەبەشێکى قسەکانیدا ووتى(ئیستاش کەسانێک ماون بڕوایان وایە ئەوەى بەسەر کورد هاتوە هێشتا کەمە و دەبوایە ئەوانەشى کە ماون نەمێنن)دیارە مەبەستى سەرۆکى هەرێم ئەو کەسانەیە کە لەنێو دەسەڵاتى عێراقیدان، لەبەشێکى ترى قسەکانیدا ئاماژەى بەوە کرد ئەوانەى دەیانەوێت جارێکى تر کورد ئەنفال بکەنەوە چارەنوسیان وەکو چارەنوسى بەعسى لێدێت... .


هیچ کەسێک لارى لەوەدا نیە سەراپاى دەسەڵاتدارێتى عێراقى لە حکومەت و پەرلەمان و سوپا و دامودەزگاکانى تر لەسەر بنەماى دکتاتۆرى و فاشیزمى قەومیەوە بنیات نراوە و هەر تاکێکیان بگریت دەرچووى قوتابخانەکەى بەعسە و جگە لە کاولکارى و ماڵوێرانى و کوشتن و بڕین و ئەنفال و کیمیاباران پەیامێکى جیاوازتریان لە بەعس لانیە،ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت لەسەر ناوى عەلى و عمر و رەنگى پێستیان ملى بەشەرەکان دەپەرێنن،ئەمە واقعیەتێکە و لاى خەڵکى کوردستان دەمێکە روون و ئاشکرایە،بەڵام دەسەڵاتدارانى کوردستان لە پێناو رازیکردنى دڵى ئەمریکا و وەرگرتنى چەند پۆست و ئیمتیازاتێک خەڵکیان راپێچى نێو چیکڵدانى ئەوانە کرد کە واریدە کارەساتێکى ترى لەبابەت ئەنفال دووبارە بکەنەوە.


ئەوەى کرۆکى باسەکەمانە،کێ بەرپرسە لە دووبارەکردنەوەى ئەو کارەساتانە؟!بۆچى لەگەڵ کەسان و لایەنێک دادەنیشن و دەچنە نێو دەسەڵات کە چاوەڕوانى کارەسات و خیانەتیان لێدەکرێت؟!چارەنوسى بیست ملیون خەڵک بۆچى دەخەنە بەردەستى ئەنفالچیەکان؟!خەڵکى کوردستان پێویستە هەڵوێستیان چى بێت بۆ ئەوەى ئەنفالیچکى تر دووبارە نەبێتەوە؟!


لەیەکەم هەڵبژاردنى دوایى رووخانى رژێمى بەعس،پێنج ساڵ بەر لە ئیستا (98%)ى خەڵکى کوردستان داوایى جیابوونەوەى کوردستان و دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆیان کرد،گوتیان لەژێر رەحەتى جەعفەرى چەلەبى و چادرچى و ...پلەدووى و سەرگەردانى و کارەساتە دڵتەزێنەکان زیاتر دەبێت،هاواریان کرد ئەو کەسانەى دەیانەوێت سەروەت و سامان و پۆست لەسەر بنەماى تائیفى و قەومى دابەش بکەن،لەسەر بنەماى تائیفى و قەومیش یەکتر دەسڕنەوە و کۆتاى بەیەکتر دەهێنن،بەڵام ئەوکاتى چونکە دەسەڵاتى سیاسى کوردستان چاوى بڕیبویە سەروەت و سامانێکى زیاتر و مانەوەى سەرگەردانى بۆ مانەوەى خۆیان، گوێیان بەم خواستەى خەڵک نەداو چوون لەگەڵ ئەو ئەنفالچیانە ئەنجومەنى حکومیان پێک هێنا و کۆمەڵگایان نقومى دەیان کێشەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى کرد و درێژەیان بە وەزعیەتێکدا کە خەڵکى خۆزگە بە مەرگ دەخوازێ!


دەسەڵاتى کوردى سوودێکى زۆرى لە رژێمى بەعس بینى،لەکاتى هەر جموجۆڵ و داواو خواستیک بۆ باشترکردنى ژیان لەلایەن خەڵکەوە،دەسەڵاتداران بەعسیان وەکو دێوەزمەیەک لەوبەرى هێلى 36 بە خەڵکى نیشان ئەدا و خەڵکیان پێى دەمکوتدەکردەوە،ئیستاش دەیانەوێت سوود لەم ئەزموونە وەربگرن و بەم شێوەیە درێژە بە تەمەنى خۆیان بدەن و شانى خۆشیان لە هەموو ئاڵوگۆڕ و خزمەتگوزارییەک خاڵى بکەنەوە و بە ئارەزووى خۆشیان یارى بە سامانەکەى بکەن و خەڵکیش لەنێو کارەساتەکان بتوێننەوە،بۆیە سوێند بە یەکپارچەى خاکى عێراق دەخۆن،ئەگەرنا ئیستاش رێگاى دووبارە نەبوونەوەى ئەنفالێکى تر ئاسانە پێویستى بە چاوەرێکردن نیە.


دەسەڵاتدارانى کوردستان بەرپرسن لە دووبارە بوونەوەى هەر کارەسات و مەترسیەک بۆسەر خەڵکى کوردستان و مێژوو لەکەس خۆش نابێت،بۆیە پێویستە بگەرێنەوە لاى خەڵک و رێگاى رزگارى یەکجارەکى لە بگرنەبەر و جاڕى سەربەخۆى کوردستان بدەن.



25/11/2008