په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١١\٢٠١٢

چۆن و بۆچی شەهید تالیب رۆستەم تێرۆرکرا و کێ لە کوشتنەکەی بەرپرسیارە؟


عەباس رۆستەم      

 

لەم ساڵانەی دواییەدا چەند بەرێزێک لەدیدارو بیرەوەریەکانیاندا هەر یەکەی بەپێی بۆچونی خۆی ڕاوبۆچونی لەبارەی ئەو شەهیدەوە دەربریوەو هەندێکیشیان هۆکاری کوشتنەکەیو ئەولایەنەی بەرپرسیارە لەو تاوانە لەپشت پەردەی شکوپەنهانیەوە بۆ هەرچ مەبەستێک بێت بە تەمومژاوی ئەهێڵنەوە.

 

لە راستەوە دووهەم کەس شەهید تالیبە.


پێشەکی بە باشی ئەزانم ئەم شەهیدە بەخوێنەری بەرێز بناسێنمو کورتەییەک لە ژیاننامەی بنوسم:


ناوی تەواوی تالیب رۆستەم سلێمانە لەدایکبوی ساڵی[١٩٤٢]وەو قوتابی پۆلی دووی مەڵبەندی مامۆستایانبو کە پەیوەندیکرد بە شۆڕشی ئەیلولەوەو بوە پێشمەرگەو وازی لە خوێندن هێنا.یەکێکیشبو لە پێشمەرگەکانی مەفرەزە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانو دواییش بوە ئەندامی سەرکردایەتی یەکیەتیو ئامر هەرێمی شەش لەپشدەر.


لەکارەساتە تراجیدیەکەی شەری خۆسەپاندنو یەکترپاکتاوکردنی نێوان یەکەیەتیو پارتی لەناوچەی هەکاری خۆیو ژمارەێیەک لەو پێشمەرگانەی لەدەست هێڕشو گەمارۆدانی هێزە تایبەتیەکانی سوپای عێراقو تۆپبارانی تانکو تۆپو فرۆکەی جەنگی وهیلیۆکۆپتەری هەردوو سوپای عێراقو ئێرانو هێڕشو گەمارۆدانو بۆسەکانی پێشمەرگەکانی [قیادەموەقەتە] ڕزگاریانبوو خۆیاندابوە دەستی هێزەکانی سوپای عێراق لەبەر دوریان لەسنوری ئێرانەوە . دوای گەڕانەوەی بۆناو ماڵومنداڵو کەسوکاریو گەڕانەوەی بۆسەر کارەکەی وەک مامۆستای سەرەتایی،پاش ماوەێیەک ،بۆ یەکەمجار بەدەستی ئاواتی شێخ جەنابو ئامۆزایەکی ئاوات بریندارکراو لەمردن رزگاریبوو دواجار لە ١٦/٦/٩٨١بەدەستی دوو لە مرۆڤکوژەکانی ناو شاری سلێمانی سەر بە یەکیەتی نیشتمانی شەهیدکراو وەک تاوانبارو سیخوڕی رژێم لە ئیستگەگەیان بەدەنگی دلێری ئەوانەی بەهۆی ئەو دەنگە شەڕانگێزیە مەرگ هێنەرەیان بونە خاوەن تەلار،جاڕی کوشتنەکەی ئەدراو بەیەکێک لەدەستکەوتنەکانی شۆڕشە نوێکەیان ئەژمێردرا. تائێستاش دووجار لەلایەن یەکیەتی نیشتمانیەوە ئاگادارکراومەتەوە کە کوشتنی ئەو برایەمان هەڵەبوەو ئەوان ئەو شەهیدە بە شەهیدی خۆیان ئەزانن،بۆدواجاریش وەک شەهیدێکی سەرکردە ناوی لە لیستی شەهیدانی یەکیەتیدایەو موچەی خانەنیشنی شەهیدی سەرکردەی بۆ دیاریکراوە. لەو بەرێزانەی کەکەموزۆرو لەبۆنەی جیاجیادا لەبارەی شەهید تالیبەوە دواون:


یەکەم بەرێز کاک عادل مراد:- کاک عادل لە ژمارە [٥٢١٠]ەی رۆژی سێشەمە ٢٢/٦/٢٠١٠ ەی رۆژنامەی کوردستانی نوێدا ئەڵیت [بەرێز تالیب رۆستەم بە نهێنی هاتەلامان لە دیمەشق و چەند نامەێیەکی لە کۆمەڵەو عەلی عەسکەریییەوە بۆ مام جەلال پێبو ، لەو دەمەدا کادرێکی درەوشاوەی عەسکەریبو لەکوردستانداو نامەێیەکی تایبەتی لە خوالێخۆشبو[رەسول مامەندەوە]پێگەیاندم کە تێیدا سروشت وهەیکەلی شۆڕشی نوێو هێزە بزوێنەرەکانی بزوتنەوەکەو ناکۆکیە فیکریەکان لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسە توندڕەوەکانی کۆمەڵە لەوانە [سالار عەزیز]ی تێدا نوسرابو . تالیب رۆستەم یەکێکبو لەو کادرە دیارانەی کە لە بەهاری ١٩٧٨دا بەشداری لە کاروانی هەکاریداکردبوو پاش نوشستی هەڵمەتەکەو دەستگیرکردنی سەرکردەکانی، عەلی عەسکەری و دکتۆر خالد سەعیدو حسین بابەشێخ ئێزدی، لەگەڵ نزیکەی پەنجا پێشمەرگە خۆیان تەسلیمی هێزەکانی رژێم لەدهۆک کردبوو پێیوابو بەم کارە هاورێکانی لەمەرگێکی حەتمی لە شەرێکی نابەرابەردا لە نێوان یەکیەتیو پارتی رزگار دەکات ،چونکە عەشیرەتەکانی ناوچەکە لەگەڵ پارتی بون لە دژی یەکیەتیدا،چەندین هەوڵی تیرۆرکردنی لەلایەن رێکخستنەکانی کۆمەڵە لەناوەوە درا تاوەکو رۆژی [١٦/٦/٩٨١]لە هەلو مەرجێکی تەمومژاویدا لە شاری سلێمانی تێرۆرکرا...... پاش بیست ساڵ لە کوشتنەکەی بە شەهید لە قەڵەمدرا ،چونکە دوای تەسلیمبونەوەی بەرژێم و بەمەبەستی رزگارکردنی پێشمەرگە ئابلوقەدراوەکانی هاورێی ، هیچ بەڵگەیەک نەبو کە خەتاباری بکاو هاوکاری لەگەڵ ئەمنی عێراقداکردبێت. دووهەم بەرێزکاک برایم جەلال :- لە لاپەڕە ٢١٨،٢١٩ ی بیرەوەریەکانی [ چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ]و لەژێر ناونیشانی[تەسلیمبونەوەی تالیب رۆستەم و بینینی] ئەڵێت :


پاشئەوەی تالیب رۆستەم و شێخ جەواد بێدەریو١٧٣ پێشمەرگەو بە ١٥٠ چەکەوە لە ناچاری ولەبەر هێڕش و پەلاماری ق.م و عەشیرەتە کوردەکانی ئەو ناوچەیە روەو سنوری عێراق دەڕۆن و خۆیان تەسلیم بە حکومەتی عێراق دەکەنەوە، حکومەتی عێراق گرنگیەکی زۆری ئیعلامی و پروپاگەندەی بەو کارەساتە داو کەوتە ڕاگەیاندنی، گوایە دووهەم ئاشبەتاڵی شۆڕشی کوردە.


تالیب رۆستەم هەم وەک ئەندامی سەرکردایەتی یەکیەتی و هەم وەک فەرماندەێیەکی هەرێمبو ، کە بۆ ئەوکاتە ئەو بەرپرسیە چ لەناو شۆڕش چ لەبەردەم ڕژێمیشدا زۆر گرنگبو ، دائیرەکانی ئەمن و ئیستخبارات و مەنزومەی بەعس زۆریان تالیب رۆستەم هێناو برد و داوای زانیاری زۆریان لێکردبو. تالیب هەندێ زانیاری نیوە راست و نیوە درۆی لەسەر یەکیەتیو شۆڕش پێ وتبون ، بەڵام یەک وشەی دەربارەی رێکخستنەکانی شار نەدرکاندبو.


پاش تەسلیمبونەوەی و هاتنەوەی بۆ سلێمانی ، سەرکردایەتی رێکخستنی ناوخۆی کۆمەڵە داوایان لێکردم بچمەلای ، بەو هۆیەی کە تالیب هاورێی کۆنم بو لە شەستەکانداو پێکەوە کارمانکردبو لەناو پارتی باسکی م.س و لە چونەدەرەوەشیدا بەندە ئاگاداری شەوی رۆیشتنەکەیبوم ، جگە لەوەش لەساڵی ١٩٧٤من پەیوەندیم پێوەکردبو ببێتە کۆمەڵە.


من چومە لای و تەواوی سەرگوزەشتەی کارەساتەکەی لە ماڵی خۆیان بۆ گێڕامەوەوپاشان ناچاربونی بەو تەسلیمبونەوەیە، دواجار داوای لێکردم ئاگاداری سەرکردایەتی بکەم کەبەهیچ جۆرێک لەسەر رێکخستنی شارو نهێنیەکانی ناو کۆمەڵەو یەکیەتی قسەی نەکردوەو ناشیکات ، وتیشی [ من ئامادەم هەر یەکێک لەمانە ، گەر سەرکردایەتی قایلبێت بیکەم ]:


١- بچمەوە ناو شۆڕشو وەک پێشمەرگەێیەک کاربکەم.
٢- بچمە ناو ئێران و لە دێیەکدا ستارکەم.
٣- لەهەر دێیەکی کوردستان دەڵێن وەک هاووڵاتیەک دانیشم.
٤- بچمە دەرەوەی وڵات.
٥- گەر بەهیچی قایل نەبن بەڵێن دەدەم گەر بنێرنە سەرم بۆ کوشتنیش ناوی بکوژەکە نەدرکێنم و هەتاهەم خیانەت لە کۆمەڵەو یەکیەتی نەکەم و نەبمە پیاوی رژێم. [ئەوەی لێرەدا پێویستە بوترێت ئەوەیە کەکاتێک تالیبی برام بەدەستی تاوانبار ئاواتی شێخ جەنابو ئامۆزاکەی بریندارکراو بە بێهۆشی برایە نەخۆشخانەی عەسکەریو بۆ بەیانی ڕۆژی دووهەم هۆشی هاتەوەبەر، من خۆم بەدیاریەوە بوم،کەچاوی هەڵهێناو منی دیت بەتەنیا بەدیاریەوەم وتی کاکە ( من رەنگە بمرم ، هەر بۆ زانینت ، ئاواتی شێخ جەنابو ئامۆزایەکی تەقەیان لێکردم ، من ئاواتم زۆر خۆشئەویست چونکە بۆنی شەهید شەهابی لێدێتو بەردەوام یارمەتیمداوەو پێشم وتوە لەسەر حسابی من مامۆستای تایبەتی بگرێت . کاتێکیش خۆیو ئامۆزاکەی هاتنە لام بۆ داوای یارمەتیو دەستمبرد بۆ گیرفانم پارەی بۆ دەربێنم ، ئامۆزاکەی لە پشتمەوە بو، چرکەی بە زامنی دەمانچەکەی هێناو کە ئاوڕمدایەوە تەقەی لێکردمو لە هۆشچوم تاوەکو تۆشم دیت ئاگام لەخۆم نەبوە . هەر کە ئەو لە قسەکانی بوەوە ، بەپڕتاو مدیری ئیستخبارات خۆیکرد بەژورداو کەوتە چاکوچۆنی لە گەڵ تالیبو لێیپرسی ، کێ بون ئەوانەی تەقەیان لێکردیت ، وتی نایانناسم ، وتی سێجار لێت ئەپرسم ڕاستیەکەم پێ بڵێ ، هەرسێ جارەکە وتی نایانناسم، بەتوڕەییەوە رویکردە منو وتی درۆ ئەکات ، ئێمە وەکیلێکمان ئاگاداری کردوینەتەوە کەئەوکەسانەی تەقەیان لێکردوە ناسیاوی خۆینو،ئێمەش ئەزانین کێن، سەیرکە براکەت لەسەرەمەرگیشدا هەر دڵسۆزە بۆ جەلال تاڵەبانی.کاتێکیش کە مدیری ئیستخبارات رۆیشت ، گلەییم لە تالیب کرد کەبۆچی ناوی بکوژەکانی پێنەوت ، لەوەڵامدا وتی ، کاکە ئەم منداڵە (......) نە ئەگەر بگیرێنو دوو شەقیان تێهەڵدەن نیوەی شارەکە ئەدەن بەدەستەوە ، ئەوسا من چیم دەست ئەکەوێت . - ع ].


سێهەم بەرێزی کۆچکردو لالۆعەبدولڕەحمان پێننجوینی لە بیرەوەریەکانیدا[ نیو سەدە بۆ نیشتمان] ، لەچەند شوێنێکدا باس لەوە دەکات کە چ لە سلێمانی و چ لە رومادی پەیوەندی بەتالیبەوە بەردەوامبوە لە کاری نهێنی ناو رێکخستنەکانی کۆمەڵە تا ئەو رۆژەی کە تالیب بریاری چونەدەرەوەی داوە،کاتێکیش دێتە سەرباسی تەسلیم بونەوەکەی بەم شێوەیە دەدوێت.


لەگەرمەی کارەساتی هەکاری فەرماندەی هەرێمی شەش[تالیب رۆستەم]لەگەڵ زیاتر لە ١٧٠پێشمەرگەی (ی.ن.ک)لەسەر سنور خۆیان تەسلیم بە سەربازگەێیەکی عێراق کردەوە ، دواتر تالیب رۆستەم لە سلێمانی نیشتەجێبو، تەسلیم بونەوەی تالیب ترسونیگەرانیەکی زۆری لای رێکخراوی سلێمانی دروستکرد ، چونکە تالیب رۆستەم ژمارەیەک لە بەرپرسو ئەندامانی رێکخراوی سلێمانی دەناسی ، برادەرانی سلێمانی گومانیان لا دروستبو کە رەنگە تالیب هاوکاری رژێم بکات و زیان بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەو یەکیەتی بگەێنێت، بۆ ئەو مەبەستە برادەرانی رێکخراوی سلێمانی کۆبونەوەو سەبارەت بە گەڕانەوەی تالیب رۆستەم و دۆزینەوەی رێگاچارەیەک گفتوگۆیانکرد.


دوای کۆبونەوەکە [مامۆستا حەمەرەشید قادر] هات بۆلامو وتی : ئەگەرچی مامۆستاجەمال تایەر زۆر برادەری تالیبە ، بەڵام من ئەزانم کە نایەوێت بچێتە لایو قسەی لەگەڵدا بکات ، ئەمەیان بەتۆ ئەسپێرین بەڵکۆ تۆ بچیتەلایو پێی بڵێیت دەست نەداتە کاری خراپەو خیانەت، چونکە ئەگەر زانیمان نیازی خراپەیە ، با ئێمەش تەگبیرو ڕایەک بکەینو رێگاچارەێیەکی بۆ بدۆزینەوە ، ئێمەش وەک رێکخراو بەوردی ئاگاداری هەڵسوکەوتی ئەبینو چاودێری ئەکەین، با رێکخستنەکانمان توشی کارەساتو شکست نەبن.


تالیب رۆستەم زۆر برادەرمبو ، کاتیخۆی زۆر پێکەوە بوینو زۆر لەیەکتر دڵنیابوین،هەرگیز چاوەڕێی کاری خراپەو خیانەتم لێنەئەکرد،هەر ئەو ڕۆژە بەناوی سەردانو بەخێرهاتنەوە چوم بۆلای بۆ دوکانی خەزوری،زۆر خۆشحاڵبو بەبینینم ، پاشان دەعوەتمکرد بۆ ماڵەوەو هەمان رۆژ هات بۆ ماڵمان ، ئیتر دێتەسەر ئەوەی کەچۆن لەو دانیشتنەدا باسی کارەساتەکەی هەکاری بۆ دەکاتو چۆنو بۆچی خۆیو ئەو پۆلە پێشمەرگەیە خۆیانداوە بەدەستەوەو ئەڵێت تالێب لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لالۆگیان با باسی شتێکی گرنگت بۆ مێژوو بۆ بگێڕمەوەوتۆش بیزانیت.کاتیخۆی پێش چونمان بۆ ناوچەی برادۆست[حسێن فەیلی( کەپارتییەکی ناسراوە . ع )] کە هاورێیەکی زۆر نزیکمە،پێشمەرگەی خۆمان لەپشتی کانی سێفی لای پێنجوین دەسگیریانکردبو ، برادەران هێنابویان بۆ سەرەوەوسجنبو لامان ،کەبەرەو ناوچەی برادۆست کەوتینەڕێ لەبەر دۆستایەتیو پەیوەندی نێوانمان ، حسێن فەیلی پێێوتم ئاگاداری خۆتانبن چونکە پیلانێکی گەورە لەدژتان لەئارادایە . منیش قسەکانی حسێن فەیلیم بۆ عەلی عەسکەری گێڕایەوە، بەڵام ئەو بڕوای پێنەکردمو لەکاتێکی تریشدا دووبارە قسەم لەگەڵ عەلی عەسکەریکردەوە داواملێکرد کە با کەمتەرخەم نەبین و بەدواچون بۆ قسەکانی حسێن فەیلی بکەین ، بەڵام دیسان عەلی عەسکەری گرنگی بەقسەکانم نەداو وتی (ئەم قسانە دروستکراوی خۆتەو ئەترسیت)،بەداخەوە کاک عەلی گوێی لێنەگرتم،قسەکانی حسێن فەیلیش ڕاست دەرچونو توشی ئەو کارەساتە گەورەیەبوین.

 
بەریز کاک لالۆ درێژە بە قسەکانی ئەداو ئەڵێت : تالێب رۆستەم لەمەبەستی دەعوەتو قسەکانم تێگەیشتبو ، بۆیە وتی ئەزانم برادەرانی رێکخستن تۆیان ڕاسپاردوە بێیت بۆ لام ، من هەر لێرەوەتا بەغدا خەڵکی رێکخستن ئەناسم ، بەڵام خەمتان نەبێتو نەترسن ، کاری خراپەو خراپەکاری لەمن ناوەشێتەوەو ئەوە من نیم کە کاری خراپە بەرامبەر بە دۆستو هاورێی خۆمو گەلەکەم بکەم . بروام پێبکە چارم نەبوئەگینا هەرگیز خۆم نەئەدا بەدەستەوە ، ئێستاش کە هاتومەتەوە بۆ خراپەکاری نەهاتومەتەوە، بەڵام زۆر ماندوم ،جارێ با پشوویەک بدەم دواتر بەنیازم لە فرسەتێکدا دیسان بچمەدەرەوە.


پاشان وتی : کەلەدەرەوە بوم دوو کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانانە کارتۆنیەکەی هەولێر پەیوەندیان بە منەوە بوە ، ئیشیان بۆ ئەکردین ، کاتێک کە هاتمەوە بەپەلە هاتن بۆ لام پاڕانەوەو وتیان (کاک تالیب بیکە بە خاتری خودا خێزاندارین ژیانمان لە مەترسیدایە ، ئاگاێەکت لێمان بێت ). منیش پێموتون کە برۆن لەماڵی خۆتان دانیشن بەئارامیو هیچ ترستان نەبێت . من لەو پیاوانە نیم کە کاری خراپە بەرامبەر بە ئیوەو بەهیچ کەسێکی تر بکەمو داوام لێکردن پەیوەندی لەگەڵ من بپچڕن با کەس گومان لە پەیوەندیمان نەکاتو ئەگەر حەز ئەکەن پەیوەندیتان لەگەڵ دەرەوە بەردەوام بێت ، ئەوا پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە ئامر هەرێمەکانەوە بکەن.

تالیب رۆستەم زۆر هاورێی بەکری حاجی سەفەر بو ، جارێک وەک هاوکاری بڕی ١٠٠دیناری لەرێگای بەندەوە بۆ هاوسەرو منداڵەکانی کاک بەکر نارد ، زۆرجار هەواڵی گرنگی ناو ڕژێمی بۆ ئەهێنام ، منیش برادەرانی سەرکردایەتی ناوخۆم لێئاگادار ئەکردەوە.


لەبارەی هەوڵی کوشتنی تالیبەوە کاک لالۆ ئەڵێت :- هەواڵێکم بیست کە تەقە لە تالیب رۆستەمکراوەو بریندارە ، هەمان رۆژ کە ئەو هەواڵەم بیست، مامۆستا حەمە رەشید سەردانیکردمو وتی ،تەقە لە تالیب رۆستەمکراوەو بریندارە ، نەوەک نهێنیەک بدرکێنێو ئێمەش تووشی ڕاکردنو گرتن ببینەوە، ئەبێت بچیت بۆلایو پێی بڵێیت کە رێکخستنو برادەرانی ناوشار ئاگادار نین کە بە فەرمانی کێو چ لایەنێک تەقەی لێکراوەو برادەرانی رێکخستن بەدوای زانیاریدا ئەگەڕێن تابزانن چ کەسو لایەنێک ئەم کارەیان ئەنجامداوە.

 

کاتێکیش کە چوومەلای بۆ ماڵـەوە دوای دەرچونی لە نەخۆشخانە ، تالیب بەبێ هەڵچونو زۆر لەسەرخۆ وتی:- ئەو رۆژەی کە تەقەکەم لێکرا چاوەڕوانی حەمە سەعیدم ئەکرد کە بچین بۆ پێنجوین بۆ پرسەی حەمەی حاجی سەفەر لەوکاتەدا برازاکانی (.....)[مەبەستی برازاکانی شەهید شەهابە،کەئاواتی شێخ جەناب وئامۆزاێیەکی بون- ع] هاتن بۆلامو داوایانکرد بەڵکو بە حەمە سەعیدی هاورێم بڵێم توولە سەگەکەی بدات بەوان منیش پێموتن کە حەمەسەعید ئەو توولە سەگە نادات بەکەس بەڵام لەبەر خاتری ئێوە تەکلیفی لێدەکەم ، هەر لەوکاتەدا ئەوان تەقەیان لێکردم،کاتێکیش هۆشم هاتەوە لەنەخۆشخانەی سەربازی سلێمانیبوم.


دائیرەی ئەمن پرسیاری زۆریان لێکردم کە گومانم لەکێ هەیە، بەڵام تائێستا هیچم نەدرکاندوە، تەنهاهەندێک شت لەوەی کەرویداوە زۆر بەنهێنی بەبراێیەکی خۆمم وتوە ، براکەم کەسێکی ڕۆشنبیرو زیرەکەو باشەو لەگەڵ حزبی شیوعی کار دەکات،تەنها بەوم وتوە کەکێ ئەمەی بەرامبەر من کردوە، ئەوەش بۆ دواڕۆژ کە ئەمە کاری برادەرانی خۆمە.ئێستاش کاکە لالۆ ئەزانم تۆ بۆچی هاتویت بۆئێرە ، ئەمجارەش دووبارەی ئەکەمەوە کە خەمتان نەبێت باسی هیچ کەسێکو هیچ لایەنێکم نەکردوەو نایکەم ، هەر فرسەتێکی باشیشم بۆ هەڵکەوێت دەچمەوە دەرەوە،بەڵام تەنها وەک گلەێیەک لەبرادەران ، پێیان بڵێ من ئەزانم بە فەرمانی کێ هەوڵی کوشتنیانداوم . یەکیەتی غەدرو زوڵـمێکی زۆر گەورەیان لەمنکرد ئاخر بۆ؟.هەق نەبو تەقەم لێبکەنو هەوڵی کوشتنم بدەن ، من خۆم بە پیاوێکی بە وەفا ئەزانم بۆهاورێکانم.


چوم بۆ لای ماموستا حەمە رەشیدو قسەکانی تالیبم بۆ گیڕایەوەو داوام لە کۆمیتەی سەرکردایەتی ناوخۆکرد کەوازی لێبهێنن چونکە کەسێکی خراپ نیەو ئەتوانین سودی لێوەر بگرین ،ئەوانیش دووپاتیانکردەوە کە بەهیچ شێوەێیەک ئاگاداری پلانی ئەو روداوە نەبون.


دوای روداوەکەو چاکبونەوەی ڕۆژێک لای زانکۆی سلێمانی بەدەم رێگاوە باسی شەهید دکتۆر خالیدی بۆ ئەکردم ، پاشان نامەێیەکی دوو ئەندامی مەکتەب سیاسی بزوتنەوەی سۆشیالیستی کوردستانی پیشاندام کەپێش جیابونەوەکەیان لە یەکیەتی بۆ تالێب رۆستەمیان ناردبو . نامەکەم خوێندەوە نوسرابو کاک (.....)[مەبەست نەوشیروان مستەفایە،چونکە خۆشم ئەو نامەیەم خوێندۆتەوەو واژۆی دکتۆر مەحمودو کۆچکردو رەسوڵ مامەندی لەسەربوو سەرەڕای ئەوەی کە لەو مەترسیەی هەیە لەسەر ژیانی لە لایەن نەوشیروانەوە ، بەگەرمی داوای ئەوەیان لێئەکرد کە پەیوەندی بەوانەوە بکاتو بچێتە دەرەوە – ع] داوای لە بزوتنەوەکردوە کە کەسێک بنێرێت تا لەناوشار شێخ جەواد بکوژێت، کۆمەڵەش کەسێک ئەنێرێت کە تالیب رۆستەم بکوژێت کاک(....) [مەبەست نەوشیروانە- ع] دەڵێت ئەگەر کەسم دەست نەکەوت کە تالیب رۆستەم بکوژێت، ئەوا خۆم ئەڕۆم ئەیکوژم . تالیب لە نوسینی ئەو نامەیەو لە قسەی ئەو برادەرەی سەرکردایەتی کۆمەڵە زۆر نیگەرانو دڵگرانبو.


تالیب رۆستەم کوژرا :- لەکاتی بەستنی کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵە لە بەهاری ١٩٨١ ، تالیب رۆستەم نامەێیەکی ناردبو بۆ بەکری حاجی سەفەر ، لە نامەکەدا داوایکردبو کە یەکیەتیو کۆمەڵە وازی لێبهێنن ، بەکری حاجی سەفەر نامەکەیدابو بە مەکتەبی سیاسی ئەوانیش نامەێەکیان بۆ تالیب رۆستەم نوسیبو کە ئیتر لەمەودوا کەس هەقی نیە بەسەریەوەو وازیان لێهێناوە. هێشتا نامەکەی مەکتەبی سیاسی لەگیرفانی بەکری حاجی سەفەردابو کە بینێرێت بۆ تالیب ، هەواڵمان پێگەیشت کە تەقە لە تالیب رۆستەم کراوەو کوژراوە.


هیچ لایەنێک خۆی نەکرد بەبەرپرسی کوشتنی تالێب رۆستەم بەڵام ئەوەی من ئاگاداربوم تالیب رۆستەم کەسێکی خراپ نەبوو تا ئێستاش هۆکاری ڕاستەقینەی کوشتنەکەیم بە تەواوی بۆ روون نەبۆتەوە.


[لێرەدا بە پێویستی ئەزانم چەند ڕاستییەک بخەمە روو ، ئەوەش ئەوەیە کە ئەو نامەیەی کاک بەکری حاجی سەفەر بەدەستی کۆچکردوی باوکیدا ناردی بۆ تالیب ، گەیشتە دەستی ، خۆشم بەرێکەوت کۆچکردو حاجی سەفەرم دیت لەماڵی تالیب لەگەڵ نامەکەی بەکری کوڕی ، ئەو نامەیە کاریگەریەکی سەرەکی کردە سەر تالیبو دڵنیا بوەوە کە نیازی کوشتنی لە لایەن مرۆڤکوژانی یەکیەتیەوە لەئارادا نەماوەو لە رۆیشتنی بۆ شاری بەغدا پەشیمانبوەوەو لە سلێمانی مایەوەو تێرۆرکرا.ئەوەش کە کۆچکردو کاکە لالۆ ئەفەرموێت هیچ لایەنێک خۆی نەکرد بەبەرپرسی کوشتنی تالیب دورە لە ڕاستیەوە ، چونکە ئیستگەکەی یەکیەتی بەدەنگە شەڕانگێزیە مەرگ هێنەرەکەی کاکی خاوەن تەلاری ئەم رۆژگارە،بۆ چەند ڕۆژێک لەسەریەک جاڕی کوشتنی تالیبی ئەدا ، کوشتنەکەشی بە فەرمانی خودی نەوشیروان مستەفابو وەک سکرتێری کۆمەڵەو بەسەرپەرشتی کۆچکردو مامۆستا جەمال تایەر بو وەک لێپرسراوی کۆمیتەی سەرکردایەتی ناوخۆی کۆمەڵە ، ئەوەی کە ئەم بۆچونەی زێدەتر لام چەسپاند ئەوەبو کاتێک مامۆستا حەمە رەشید قادر ، کە برادەرێکی زۆر خۆشەویستی تالیب بوو دۆستی خۆشەویستمان بوو کۆن ساڵانێکی دورو درێژ لە گەڕەکی هەژارنشینی جولەکان دراوسێ بوین،ڕۆژێک بەدەم سەرەخۆشیکردنەوە بەبۆنەی کوشتنی تالیب، بەچاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە وتی ( کاکە عەباس تۆ کەسێکی ڕۆشنبیرو شیوعیتو جێگەی تەواوی بروای منی ، من وەک براییەکی بە وەفای تالیبو بەرێزت،ئەمەوێت ئەم نهێنیە بەتۆ بڵێم،بۆ ئەوەی خوێنی تالیب ون نەبێت ئەمەوێت بزانیت کە کوشتنی تالیب بە فەرمانی نەوشیروان مستەفایەو بەسەرپەرشتی جەمال تایەر جێبەجێکراوە ، منیش خۆم ئەندامێکی کۆمیتەی سەرکردایەتی ناوخۆی کۆمەڵەمو ئاگاداری تەواوم هەیە لەو بارەوە ، ئەمەشی کە پێتدەڵێم نابێت برادەرانی کۆمەڵە بیزانن ئەگینا منیش بەهەمان دەردەکەی تالیب ئەچم) ، ئەمەش یەکەمجارە من ئەم نهێنیە ئەدرکێنم ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە ئەم هاوینە لە گەڕانەوەمدا بۆ سلێمانی هەواڵی کۆچکردنی ئەو بەرێزەم زانی ، هەزارجار یادی بەخێر بێت . بەهیوای ئەوەشم کەلەم نزیکانەدا نامەی بە مەرگ گەیاندنی شەهید تالیب بەهەمان شێوەی ئەو نامەی مەرگانەی لە گۆڤاری لڤیندا بڵاوکرانەوە بکەوێتە ڕوو کە بەدڵنیاییەوە بەهەمان پێنوسودەستخەتی ئەو مرۆڤکوژەیە کە ئەو نامانەی ناردوە بۆ شەهید وریاو ئەویش خۆیو مەفرەزەکەی کوێرانە جێبەجێیانکردوە . لێرەشدا بە پێویستی ئەزانم ئەوە بڵێم کە شەهید تالیب لەرۆژی خۆبەدەستەوەدانیەوە تا ئەو رۆژەی بەدەستی ئەو مرۆڤکوژانە کۆتایی بە ژیانی هات ، بێترسو بێسڵەمینەوە لەسەر داواکاری من چەندین کەسی دیارو ناسراوی شیوعی لە بەغداوە بۆ گواستوینەتەوە بۆ سلێمانیو یارمەتیشی ئەدام لەشاردنەوەی نهێنیەکانم لای خۆی.

 

                                                   

                      کۆچکردوو مامۆستا محەمەد رەشید                                                         ڕاوەستاوەکان لە لای ڕاستەوە سێهەم شەهید تالێب رۆستەمە


چوارەم بەرێز کاکە حەمەی حاجی مەحمود : لە بەشی یەکەمی بیرەوەریەکانی لەبارەی تالیبەوە زۆر ڕاشکاوانە وەک کەسێکی لێهاتوو خاوەن هەڵوێستو لەخۆبوردو باسی ئەکات.


پێنجەم بەرێز مەلا بەختیار : لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی ئەوە دەکات کە کاتێک لە شاری سلێمانی بەمەبەستی هەڵسوڕاندنی کـــــــــــاری رێکخراوەیی کۆمەڵە لە ماڵێکدا بەنهێنی خۆی حەشاردابو ، تالیب رۆســـــــتەم [کۆچکردو حاجی داودی باوکی شەهید سەلمان،شەهیدی رێکخراوی هەڵۆی سوری] بردۆتە لای بۆ ئەو حەشارگایەی.هەروەها لەبارەی کوشتنەکەشیەوە ،لە کتێبەکەیدا [چۆن چەپکێکو کام مێژووی کۆمەڵە]دا ،لەبارەی کوشتنەکەیەوە ئەڵێت کە تالیبرۆستەم بوە بەقوربانی کێشەکانی ناو کۆمەڵە لەوسەردەمەدا].

 

ماڵپەڕی عەباس رۆستەم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک