په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٩\٢٠١٢

دادگاکانی کوردستان شوێنی دادگایکردنی ئازادین، دادگای وەها دەبێ دابخرێ.



بە درێژای تەمەنی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کودستان، دادگاکان وەک بارەگای حزبی بەکارهاتون و زۆرینەی کارمەندی ئەم دەزگایە هەر لەپاسەوانەوە تا داد نوس و پارێزەر و دادوەرانی باڵای سیستەمی دادوەری جگەلەوەی کە ئەندامی وەفاداری پارتی و یەکێتی بوون راستەوخۆش لەژێر فەرمانی ئەواندا سەدان و هەزاران بڕیاری نادادوەرانەیان بەرامبەر بە خەڵکی کودستان دەرکردووە، هەر لە راپێچکردنی خەڵکانی ئازادیخواز و سیاسی و مەدەنی و نوسەر و رۆژنامەنوسەوە تا دەگات بەتاوانبار ناساندنی کەسانێکی بێتاوان لە زۆر دۆسییەی کۆمەڵایەتی و موڵکداریدا، لەبەرامەبەر ئەمەش پەردەپۆشکردن و چاوپۆشی کردن لە تاوانبارانی سەربە حیزبی حاکم و ئازادکردنی تاوانبارانی کوشتنەکانی بە نقەست تا دەگاتە پەرواێزخستن و لەکارخستنی دەسەڵاتی داواکاری گشتی، هەمیشە ئەم دەزگایە بێدەنگی هەلبژاردووە لە بەرامبەر تاوانبارانێکی سەربە حزبی حاکم کە بەرۆژی رووناک دەستیان سورە بە خوێنی خەڵک.


ئەوەی لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە ئەم بەناو دادوەرانە وەک وەکیلی بەئەمەکی یەکێتی وپارتی هەمیشە لەهەوڵی بەلارێدا بردنی کاری دادگاکان بوون و نەزاهەتی خۆیان لەدەستداوە، تا ئەو شوێنەی توانیبێتیان لە هەوڵی ئاوەژوکردنەوەی راستییەکاندابوون. کێ هەیە حاشا لەم تاوان و نادادیانە بکات، کە رۆژانە بە بەرچاوی خەڵکی کودستانەوە ئەنجام دەدرێت.


رۆژانە لەسەر زمانی سەرۆکەکان و بەرپرسانی باڵای کوردستان و عیراقەوە باس لە هەبوونی گەندەڵی و تاوان دەکرێت لە کۆی جومگەکانی دەڵاتی سیاسیدا، بەڵام تا ئێستا نەبینرا و نەمانبیست کەسێک لەم تاوان بار و گەندەڵانە لەسەر گەندەڵی و خیانەتی نیشتیمانی راپێچی دادگا بکرێن، لەبەرامبەردا رۆژانە، خەڵکانی ئازادیخواز لەگشت چین و توێژەکان بەتۆمەتی بێمانا و داتاشراو راپێچی دادگاو زیندانەکان دەکرێن.


دادگاکانی کوردستان هێندە بڕیار و تۆماری قزەون و شەرمهێنەری تێدایە کە بۆتە پەڵەیەکی رەش و شەرمەزاریەکی گەورە و لەکەدارکردنی ناو وناوبانگی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەشی.


دۆسییەکانی تیرۆری ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسانی وەک بەکر عەلی و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و چەندانی تر، رفاندن و هەوڵی کوشتنی رۆژنامەنووس و رۆشبیری دیار لە شێوەی کەیسەکانی هەوڵی تیرۆری ئەحمەد میرە و ئاسۆس هەردی و دەیانی تر. کردنەوەی دۆسێیەی بێ بنەما لەدژی دەیان رۆژنامەنووس و خاوەن قەڵەم بڕینەوەی حوکمی زیندانیکردن و غەرامە کردنیان بە ژمارەی خەیاڵی، دەرکردنی بڕیاری گرتن و سزای بڕینەوەی حوکمی بە هەوانتە بۆ چالاکوانانی مەدەنی و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان لەنمونەی، برایمی کاکەئەحە و بیلال نوری و سەید ئەکرەم. ئەمە جگە لە تاوانباکردنی ئەندامانی تۆری بەرگری لەماف و ئازادییەکانی خەڵک وەک رێکخەری خۆپێشاندانەکەی ١٧ شوبات بە بیانوی تۆمەتی نابەجێ و بێ ببنەما، راپێچکردنی چالاکوانان و هەراسانکردنی خۆیان و خانەوادەکانیان لەلایەن دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشەوە تەنها لەبەرخاتری ئەوەی کە ئامادەی دانوسان و سات و سەودا نەبوون لەگەڵ دەسەڵاتدا لەسەرمافەکانی خەڵک. راپێچکردنی نزار محەمەد دووجار بۆ بەردەم دادگای حیزب و توندکردنەوەی فشاری بەردەوام لەسەری، بەهەمان شێوە ئارام جەلال و خالید عومەر و ئەندامانی تری تۆری بەرگری لەلایەن دادگاوە، هەر رۆژەو بەبیانویەک و لەسەر خواستی تەقەکەران و تاوانبارانی ١٧ شوبات، ئەو راستیە ئەسەلمێنێت کە دادگا تەنها مەبەستی دادگای کردنی ئازادی و ئازادیخوازانە، دەیەوێت لەم رێگەیەوە چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و تەواوی ئازادیخوازانی کۆمەڵگا دەمکوت و سەرکوت بکات.


هەموو ئەمانەش مشتێکن لەخەرواری تاوانەکانی دادگا و دادوەرانی کوردستان، کە ئەمرۆ لەسایەی یەکێتی و پارتیدا بەناوی یاساوە دەستیان خستوەتە بینەقاقای خەڵک و خەڵکی بێتاوان راپێچی زیندان و ژورە تاریکەکان دەکرێن.


لە بەرامبەر ئەم هەموو ناشرینی و نا دادییەدا تاوانباران ئازاد دەکرێن و خەڵات دەکرێن ! مرۆڤ کوژان و خوێن ڕێژانی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات و رۆژانی دوای، کە رۆژانە بە بەرچاوی دادگاکانەوە خەڵات و شاباش دەکرێن نمونەی دیاری ئەم نا دادیانەن.


بۆیە دەکرێت بپرسین، ئایا لەکوردستاندا شتێک هەیە بەناوی دادگا ؟ ئەگەر هەیە کامە کارو فەرمان و کاریگەرییەکانیەتی، لەکاتێکدا کە رۆژانە رێژەی تاوانەکانی ژن کوشتن و شەڕ و تۆڵە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستێکدایە کە کەس لەسەر و ماڵی دڵنیانییە. لەسایەی دەستێوەردانی حزب و خۆفرۆشی دادوەرەکان ڕێژەی تاوان ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە، ئەگەر دادگایەک لەجێگای دادوەری کردن و دەرکردنی حوکمی دادپەروارانە، بڕیار و دۆسییەکان ئاوەژوبکاتەوە ئەگەر هەشبێت داخستنی باشترەنییە ؟ ئەوەی لە ئێستادا لەکوردستان رودەدات، بەپێچەوانەی هەموو دنیاوە لەدادگاکاندا ئازادی دادگای دەکرێت، تاوانباران بکوژانی و خەڵک بڕیاری لێخۆشبونیان بۆ دەردەکرێت.


بۆ ئەم مەبەستەش، لێرەوە بانگەواز لەگشت چین و توێژ و رێکخراو کەسانی ئازایخواز لایەنێک ئەکەین کە هەرچی زوە هەلوێستی مرۆڤدۆستانەی خۆیان دەربرن و بەشێوازی مەدەنی جۆراوجۆر بۆ گەرانەوەی کەرامەت و سەروەری بۆ دادگاکان و راپێچکردنی دادوەرانی خۆفرۆش و تاوانبار بۆ لێپرسینەوە، وە هەموولایەک دەستبدەنە سەرەکۆنەکردن و رەخنەگرتن و فشاری جۆراوجۆر بۆ پاک کردنەوەی دادگاکان لە دادوەرانێک کە بریاری هەڵە لە چارەنوسی هەزاران خەڵکی بێتاوان دەدەن لەلایەک ، دادوەران و دادگاکان خۆیان بونەتەوە هۆکاری دێرێژەدان بە تاوان و گەندەڵی لەلایەکی تر. وە هەموولایەک دەستبدەنە رێکخستنی کەمپینگ و کاروچالاکی، مەدەنی و میدیای و هونەری و سیاسی و هەرکار و چالاکیەکی دیکە کە بتوانێت رووی راستی دادوەران و دادگاکان بۆخەڵک ئاشکرابکات، لە پێناوی گەڕانەوەی رۆڵی راستەقینەی دادگا بۆ بەدیهێنانی دادوەری.


بۆ پەیوەندیی: tb_max@yahoo.com


تۆڕی بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک
١٨\٩\٢٠١٢ - کوردستان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک