په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٨\٢٠١٤

داعش باشترین تاقیکردنەوە بوو.

جەلال محەمەد    


زیاتر لە دوو ساڵە چەتەکانی داعش بە هاوکاری چەندین دەوڵەتی وەک تورکیا و سعودیە و قەتەر پەلامارێکی دڕندانەیان بردۆتە سەر ڕۆژاوای کوردستان، تەواوی هێرشەکانیان لەلایەن گەلی ڕۆژاوای کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل"ی‌.پ.گ." و یەکینەکانی پاراستنی ژن"ی.پ.ژ."وە تێکشکێنراون.


بە درێژایی ئەم دوو ساڵە، یەکینەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە" بانگەوازی لە هەموو لایەنە کوردیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکرد کە هاوکاری ڕۆژاوای کوردستان بکەن لەبەرئەوەی ئەم شەڕە تەنها پەیوەست نییە بە ڕۆژاوای کوردستانەوە، بەڵکو شەڕێکە و بەسەر هەموو نەتەوەی کورددا سەپاوە.


لەگەڵ هەر بانگەوازیەکی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا، گوێبیستی هەندێک گوتەی بێ سەرەوبەرە دەبووین لەلایەن ئەو پارتە کلاسیکیانەی کە ئۆروگایان کردۆتە دوا مەنزڵگایان یاخود لە هوتێلە پێنج ئەستێرەیەکانی باشووری کوردستاندا پاڵیان لێداوەتەوە . هەندێ لەو گوتانە بریتی بوون لە( یەکینەکانی پاراستنی گەل بە تەنها ناتوانن ڕۆژاوای کوردستان بپارێزن بۆیە بانگەوازیمان بۆ دەکەن ، ئاخر پەیەدە ڕێگە نادات تاکو بچین و ڕۆژاوای کوردستان بپارێزین ، دەبێت مەجلیسی گەل داهات و دەسەڵاتی ڕۆژاوامان لەگەڵدا دابەش بکات ئینجا دەچین ڕۆژاوا دەپارێزین ، ئێمە تەمەنمان ٦٠ - ٧٠ ساڵە و خاوەن مێژوویەکی دێرینین، میلەت بە تەواوی لەگەڵ ئێمەدایە و هەر ئێمەش دەتوانین هەموو دەسکەوتەکانی کوردان بپارێزین ، ئێمە ئامادە نین لەژێر ئاڵای یەکینەکانی پاراستنی گەلدا ڕۆژاوا بپارێزین و ....هتد ) . هەڵبەت ئەمە بەشێکی زۆر کەمە لە گوتە بێ بنەماکانی ئۆردوگانشین و هوتێلنشینەکان . منیش لەسەر بانگەوازی یەکینەکانی پاراستنی گەل هیچ شتێک ناڵێم لەبەرئەوەی لە کاتی خۆیدا ڕونکردنەوە لەو بارەیەوە دراوە . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://www.emrro.com/lebexeberank.htm
 

بەڵام کات هاتو چوو، مەترسیەکانی داعش ڕووی لە باشووری کوردستانیش کرد ، ئەو کات نە دەنگی هوتێل نشینان بیسترا و نە ڕەنگیشیان بەدی کرا ، ئیتر نازانم ئەم حیزبانە بە ئۆردوگانشینەکانیشەوە چ کاتێک هێزەکانیان دەخەنە کار ، تۆ بڵێی ئەو هێزەیان بۆ ڕۆژی تەنگانە دانابێت وەک ئەو کابرایەی کە خەنجەرەکەی لە بەر پشتێنیدا دانابوو!!!


هێرش کرایە سەر باشووری کوردستان ، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی زۆر کەمدا و بەبێ ئەوەی هیچ بەرگریەک بکرێت هێندەی ڕووبەری دەیان وڵاتی وەک بەحرەین لە خاکی باشووری کوردستان کەوتە ژێر دەستی چەتەکانی داعش . لەو داگیرکاریەدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون ، بە سەدان کەس زیندە بەچاڵ کران و بە هەزاران ژن و منداڵیش کرانە کۆیلە و وەک کاڵا لە بازاڕەکانی موسڵدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا.


ئەوانەی لەو سەرگەردانیەدا بە هانای خەڵکە لێقەوماوەکەوە چوون بریتی بوون لەو شۆڕشگێڕانەی پەکەکە و پژاک و یەپەگە و یەپەژە کە ساڵەهای ساڵە بوونەتە شوێنی جنێوبارانی هوتێل نشین و ئۆردوگانشینان.


ئەوەی ئەو خەڵکە ئاوارەیەی پاراست و هێرشی چەتەکانی داعشی ڕاگرت بریتی بوون لەو شۆڕشگێڕانەی ڕۆژاوای کوردستان کە بە گوتەی هوتێلنشینان ڕۆژاوای کوردستانیان بۆ ناپارێزرێت.


ئەوەی لە مەیدانی باشووری کوردستانیشدا دەنگ و ڕەنگی نەبوو بریتیبوون لەو هوتێل نشینانەی کە بە گوتەی خۆیان پەیەدە ڕێگەی پێ نەدەدان تاکو شەڕی داعش بکەن . ئەی خۆ لە باشووری کوردستاندا هیچ کەسێک ڕێگەی لێ نەگرتن، چما خێر بوو نە دەنگتان بیسترا و نە ڕەنگتان بینرا؟


ئەی ئەو ئۆردوگانشینانەی کە ساڵەهای ساڵە پاراستنی ئەزمونی باشووری کوردستانیان کردۆتە بیانو بۆ پاڵدانەوەیان لە ئۆردوگاکان و فەرامۆشکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕەحمەتی پەتی سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆچ دەنگیان نەبوو ؟ ئایا ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش نەدەکەوتە چوارچێوەی پاراستنی ئەزمونی باشوورەوە؟


عوزری لە قەباحەت خراپتر:


هەڵبەت ئۆردوگانشینان ئەزمونی باشیان هەیە لە درۆکردن و چەواشەکاریدا ، ئەم جارەشیان کورتیان نەهێنا لە درۆ هۆنینەوەدا ، هەموو درۆکردنەکەشیان ئەوە بوو کە ئەوان ئامادەبوون بچن ئەزمونە ساواکەی باشووری کوردستان بپارێزن بەڵام ڕێگەیان پێ نەدراوە و گەڕێندراونەتەوە ئۆردوگاکان کەچی ڕێگە لە پەکەکە و پژاک نەگیراوە !!! لە ڕستیدا ئەم بیانو هێنانەوەیەیان "عوزرێکی زۆر لە قەباحەت خراپترە" . هەرچەندە هیچ لایەنێک ئەم درۆیەی ئۆردوگانشینانی پشت ڕاست نەکردەوە . بەڵام یەک ڕاستی هەیە و نابێت هیچ کەسێک خۆی لێ لابدات، ئەویش ئەوەیە کە پاراستنی گەل و وڵات پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن لە هیچ لایەنێک نییە ، ئەگەر بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن بێت ئیتر دەبێت ئیرادە و سەربەخۆیی ئەو لایەنە لە چ جێگەیەکدا بێت!؟


خۆ ئەگەر ئەم گوتەیەی ئۆردوگانشینان ڕاست بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆیلەبوونی ئەو لایەنە ئۆردوگانشینانە و نەبوونی بڕیاری سەربەخۆ تیایاندا کە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت نەتوانن هەتا پەنجە بۆ دەمیشیان بەرن.


هەرچەندە ئەم گوتەیەی ئۆردوگانشینان تەنها بیانو هێنانەوەیە بۆ چەواشەکردنی ئەو گێلە پیاوانەی کە لە ئۆردوگاکاندا فریو دراون ، بەڵام ئەگەر ڕاست بوویایە ئەوا بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە تاکو ئۆردوگانشینان وەک ژمارەیەک لە کەسە تەوەزەل و دەم پیسەکان بپارێزرێن بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان ناسنامەکانی شۆڕشگێڕێتی و جاشایەتی بە بەری خەڵکیدا بدروون.


خۆدەرخستن دوای ڕووداوەکان:


من لەو باوەڕەدام ئەگەر لە دەوروبەری مەخمور هێزی گەریلای پەکەکە ڕووبەڕووی چەتەکانی داعش نەبوویایەوە ئەوا شاری هەولێرش داگیر دەکرا و ئاوارەیی و زیندەبەچاڵیش زۆر زیاتر دەبوو ، لە هەمان کاتدا ئەگەر هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکا نەبوویایە ئەوا هیچ بە دووری نازانم کە چەتەکانی داعش لانی کەم تا شاری دهۆکیش پێشڕەوییان دەکرد . بەڵام بەرپەرچدانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بوویە هۆی ئەوەی کە چەتەکانی داعش لە مەخمور و گوێریش دەربکرێن ، لە هەمان کاتدا هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکاش بوویە هۆی ئەوەی کە چەتەکانی داعش لە چەندین ناوچە پاشەکشە بکەن وەک لە ناوچەی تلکێف و دەوروبەری .
بەڵام سەرسوڕمان ئەوەیە کە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دەست پێ بکات، بەرپرسانێک هەبوون لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەردەکەوتن و ڕایان دەگەیاند (چەکی دەستی پێشمەرگە بەراورد ناکرێت بە چەکی دەستی داعش) ، خۆ ئەگەر مەبەست تەنها چەک بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە چەکی دەستی کوردانی ڕۆژاواوی کوردستان و گەریلاکانی پەکەکەش هیچ کاتێک بەراورد ناکرێت بە چەکی دەستی هێزەکانی باشوور . ئەی چۆنە کوردانی ڕۆژاوای کوردستان ساڵانیان دەربازکرد لە خۆپاراستن و تێکشکاندنی چەتەکانی داعش بەو ئیمکانیاتە کەمەوە بەڵام ئێوەیەک بەم هەموو چەک و تفاقەوە نەتانتوانی تەنها ڕۆژێک بەرگری بکەن و هۆکارەکەشیتان گێڕایەوە بۆ کەمی چەک؟


بەڵام دوای هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکا و پاشەکشەی چەتەکانی داعش هەر خودی ئەو بەرپرسانە چەندین وێنەی نایابی خۆیان بڵاوکردەوە کە گوایا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا شوێنیان گرتووە . ئەم وێنانەی خوارەوە ڕاستی ڕووداوەکان دەردەخات:


١- ئەم وێنەیە هی کاک هوشیار زێبارییە کە لەسەر فەڕشی کاشان مشتی گرتووە . من خودی خۆم هیچ کاتێک باوەڕ ناکەم بەرەی شەڕ بەو شێوەیە بێت کە لەسەر فەڕشی کاشانەوە بەرپەرچی دوژمن بدرێتەوە.


٢- ئەم وێنەیەی خوارەوەش هی شۆڕشگێڕێکی ڕۆژاوای کوردستانە کە سەنگەری لە چەتەکانی داعش گرتووە . وێنەکە و سەنگەرەکە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئەم شەرڤانە زۆر بە پەرۆشەوە لە هەوڵی پاراستنی گەل و بە دەستهێنانی ئازادیدایە.


٣- ئەم وێنەیەی دیکەش هی چەند دایکێکی هەرێمی کۆبانێیە کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردندان و هەرێمەکانی خۆیان دەپارێزن تاکو نەبنە کۆیلەی دەستی چەتە دڕندەکانی داعش.


تێبینییەکی زۆر کورت:


ماوەیەک بەر لە هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان، کۆمەڵێک گوتەی سەرسوڕهێنەر کەوتنە ناو بازاڕەوە وەک (لەمەو دوا هەڵوێستمان دەبێت ، دەوڵەتی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین ، مادەی ١٤٠ جێبەجێ کرا، دەبێت بە زوترین کات ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت). هەڵبەت هەر ئەو کات من هیچ بڕوایەکم بەو گوتانە نەبوو و دەشمزانی تەنها بۆ فریودانی گێلە کەسەکان و بازاڕگەرمی سیاسیە ، چونکە زۆر باش لە پێش چاومدا بوو کە دەسەڵاتدارانی باشوور نەک هەر نەیانتوانیبو خۆیان لە کۆیلەیەتی تورکیا و ئێران ڕزگار بکەن بەڵکو ئەو دوو داگیرکەرەیان کردبوویە بڕیاردەری کۆتایش، لە هەمان کاتدا ئیدارە شپرزەکەی باشووریشم لە بەر چاواندا بوو کە خاوەنی هێزێکی یەکگرتو نین و گەندەڵی و مشەخۆریش بە هەموو جومگەکاندا ڕۆچووبوو، ئیتر دەسەڵاتێک کە ئەوە حاڵی بێت ئەوا هیچ کاتێک ناتوانێت ئەو گوتانە جێبەجێ بکات.


سەرسوڕمان ئەوە بوو کە ئۆردوگانشینان هێندە خۆش باوەڕبوون بەم گوتانە کە هەر بەرپرسەیان و تورەکەیەکی هەڵدروبوو تاکو بۆی پڕ بکرێت، لێ مخابن نەک هەر تورەکەکەیان پڕ نەبوو بەڵکو هێندەی نەمابوو کە بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە ئەو کەمە جیڕەیەشیان نەمێنێت کە خۆیانی پێ دەژێنن . کورد دەڵێت (شەڕکەر وازی هێناوە و ناوبژیوان بۆ دار دەگەڕێت) ئەم گوتەیە کوتومت لەسەر ئۆردوگانشینان و بە تایبەت لەسەر بەرپرسانی حیزبی دیموکرات جێبەجێ دەبوو، چونکە ئەوانەی باسیان لە دەوڵەتی کوردی دەکرد نەیان دەزانی چۆن لەو فەرمایشتەیان پاشگەز ببنەوە کەچی بەرپرسانی حیزبی دیموکرات هەر یەکە و لە ئاوازێک دەیخوێند.


ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک