په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٧

دایکم چۆن برینداربوو.

شوان حەسەن      

لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای هەشتایەکان، دەنگێک جەرگی شەقامی دەبڕی و دەیگوت:

''ناکرێ خۆپیشاندان بکەین بە بێ چەک و دوژمنیش بە هەوەسی خۆی تێمان هەڵدەدا، پێویستە وەڵامی ئێمەش لە ئاستی ئەشکەنجەکانی دەسەڵات بێ؛ گوتیان ''چێ گیفارا'' وای گوتوە''.

 

لە راستییدا ئەوە بەشێک بوو لە دروستکردنی فەرهەنگی رق کە ناویان لێنابوو قی پیرۆز)*، لە کاتێکدا نەماندەزانی رق هەر رقە و پیرۆز و ناپیرۆزی نییە، دەکرا ئیش لەسەر رەوایەتیی ماف بکرابا، کە ئەو هزرە کۆمەڵی لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی باشتر دەبرد، نەک زیندووکردنەوەی ئەو فەرهەنگە ناشیرنەی حەمۆرابی**، ئەو کات بارودۆخەکە بەو شێوەیە نەبوو، خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی چاک گەشەیاندەکرد و خۆپیشاندانەکانمان باشترین وەڵامی بوێرانە بوو.


ئەو کاتە تەمەنم ١٥ ساڵ دەبوو، خۆپیشاندانەکانی شار دڵیان ئارام نەدەکردمەوە، پێشمەرگایەتی وەک گەیشتن بە خەونێک بوو بۆم، بڕیارماندا لەگەڵ ''مزەفەر و خالید'' بڕۆین، رۆژی هەینیمان هەڵبژارد، بێگومان ئەوە یەکێک لە شتانە بوو کە هەرگیز نەدەکرا لەو کاتەدا بە ماڵەوەمانی بڵێم، بۆیە هەر کەسەو شێوەیەکی بەکارهێنا، بۆیە بە بیرم دێ هەینی بوو، چونکە برایە گەورەکەم ئەو کات تەنیا رۆژانی هەینی دەوروبەری دەمژمێر ٩ ریشی دەتاشی، لەوانەشە ئەو تێبینییەم پەیوەندیی بەوەوە هەبێ خەونی هاتنی ریش و سمێڵم هەبوو، کە بە داخەوە زۆر بە درەنگیی هات و کە پڕیش بوو، نیوەی سپی بوو، قوتیەکمان هەبوو تاخمی ریش تاشینەکەی باوکم و برایە گەورەکەمی تێدابوو، نامەی رۆیشتنەکەم خستە ناو ئەو قوتیە، ئەوەی لە بیرم بێ لە نامەکە جگە لەوەی نووسیبووم دەبم بە پێشمەرگە، تێبینییەکی سەیریشم نووسیبوو، خانووە کە بە کرێ تێدا بووین هێندەک بەرز بوو، قادرمەیەکی هەبوو پێویستی بە چاکردنەوە هەبوو، ئەو رۆژەش باوکم هەندێک پێویستیی کڕیبوو بۆ ئەوەی دەستێک بە پەیژەکە دابێنێ، بۆیە نووسیبووم داوای لێبووردن دەکەم ناتوانم یارمەتییتان بدەم، هۆی چی بوو ئەو تێبینییەم نووسیبوو؟ نازانم.. ناشمەوێ کۆی گریمانەکان شیبکەمەوە، بەڵام هەر هێندە دەڵیم لە بەدبەختیی خۆم ئەو رۆژە برایەکەم ریشی لە ماڵێ نەتاشیبوو، چووبووە لایی سەرتاش، زۆر جار ئەو رێکەوتە سەیرانە لە هێزی هۆش و بیر دەردەچن و خەڵکێک پێی دەڵێن (قەدەر).


رۆیشتین، با ئەوەش بڵێم خالید چەند ساڵیک لە من و لە مزەفەر گەورەتر بوو و هەر ئەویش هەندێک زانیاریی هەبوو، بەرەو سیدەکان رۆیشتین، پاش رۆیشتنێکی زۆر و پرسیارکردنمان لە چەند ئاوەدانییەک.. یەکێک گوتی:


- ئەگەر بەختتان هەبێ ئەوە چاوەڕوان بن لەوانەیە پێشمەرگە بێن و دەتوانن لەگەڵ ئەوان بڕۆن.
باش بوو شەو چەند پێشمەرگەیەک هاتن و قسەیان لەگەڵ کردین و گوتمان:
- دەمانەوێ ببینە پێشمەرگە.
ئەوان تراکتۆرەکیان پێ بوو، سواربووین و لەگەڵیان رۆیشتین، گەیشتینە بارگایەک.. گوتیان:
- ئێرە خواکورکە.


لە راستییدا قەت بەدواداچوونم لەسەر ئەو رێگا و گوندانە نەکردوە، وەک فیلمی ئەو کەروێشکەم لێهات کە دەکەوێتە ژێر زەوی و ژیان لەگەڵ خەلکانێکی دیکە بەسەردەبا ''ئەلیس ئوندەرلاند''، ئەو سەردەمە بوو کە لە ئەدەب بە ''قانیع''ی شاعیریان دەگوت (شاعیرە گەڕۆکپاش ئەوەی چاوم بۆوە و کەمێک گەڕام، جوگرافیایە بچووکەکەی قانیعم دیت.. ئینجا زانیم ئێمە چەند هەژارین لە گەڕان).

پەیوەندییەکی خۆشمان لەگەڵ پێشمەرگەکان دروستکرد، ئەوان تامەزرۆی هەواڵی شاربوون و ئێمەش تامەزرۆی زانیاریی لەسەر ژیانی پێشمەرگایەتی، ئەوەشم بە وردیی لە بیرە کە یەکێک لە هاوڕێیەکان گوتی:
- دوای چەند رٶژێکی دیکە کەسوکارتان دێن و دەتانبەنەوە.
یەکێکیان باسی ئەوەی بۆ کردین کە دایکی هاتوە و گوتوویەتی:
- یا دێیتەوە یا ئەمنیش لێرە دەمینێمەوە.
هاوڕێیەکە گوتی:
- چووم چەک و رەختەکم هێنا و بە دایکمم گوت:
- فەرموو.
دایکم گوتی:
- ئەوە چیە؟
- ناڵێی ناچمەوە، خۆ نابێ بێ چەک بی.

چەند رۆژێک ماوە و پاشان بێزاربوو و چۆوە.


ئەو ئەگەرەم دانا و لە دڵی خۆمدا گوتم کەسوکارم هەرچی بکەن ناچمەوە.


لە خواکورک بەڕێکەتین بۆ روستێ، لەگەڵ هاوڕێیان ''مام عەزیز'' و ''تۆفیق هەریریی'' - کە پاشان گیانی بەخت کرد - (لە رێگا تەنیا دەیانگوت ''خۆشناو'') و ''ئەبو جنان''، هەرچەندە ئێمە منداڵی شار بووین و لە رێگا و ناخۆشییەکان رانەهاتبووین، بەس ئەوەندە شیرن بوون، نەیانهێشت نە ماندیی بین نە بێزار،  زۆر چێژمان لە هاودەمییان وەرگرت.


ئەو سپێدەیەی ئێمە گەیشتینە روستێ، نەگەیشتینە نیوەڕۆ هەلیکۆپتەر دەستی بە بۆردومانێک کرد، پێشمەرگە کۆنەکان و خەڵکی گوندیش پێیان سەیربوو، سەرەتا گوتیان:
- خێزانێکی زۆری شیوعییەکان هاتینە بۆیێ.


دوای چەند ساڵ راستییەکەم بۆ بەدەرکەت، کە پارتی پاسداری لەگەڵ خۆی هێنابووە ئەو ناوچەیە و حکومەتیش زانیبووی.


لە گەرمەی بۆردومانەکە، گوتیان:
- شوان داکت لێرەیە و برینداریشە.
نەک هەر سەیرم پێهات، بەڵکو باوەڕیشم نەدەکرد، ئەمن بۆ خۆم نازانم لە کێمە؟ باشە دایکم چۆن گەیشتۆتە ئێرە؟ خۆ ئێمە هیچ لە قوتابخانە دەربارەی جوگرافیای وڵاتەکەمان فێرنابین.


لە ناو گوندی ئەشکەفتەکی لێبوو، ژنێک لە پێش دەرگای ئەشکەفتەکە دانیشتبوو، دایکیشم کەسێک قاچی بە برینپێچ دەپێچاوە، هەر کە ئەمنی دیت فرمێسکی لە چاو هاتنەخوار، بەڵام ئەمن زۆر ناشیرن بووم.. یەکسەر قیژاندم و گوتم:
- خۆزگە (تەیارە) پارچە، پارچەی دەکردی، لۆ دەهاتی؟
ئەویش هیچی نەگوت، بەس بە چەفیەکەی فرمێسکەکانی دەسڕیەوە، بڕوام پێبکەن ئێستاش شەرم لە خۆم دەکەمەوە.***


بۆردومان راوەستا، ئەمن هەر لە دروشمدانەکانم ساردنەببومەوە، دوو پێشمەرگەی دیکەش هاتنە ئەوێندەرێ.. (ئەمن و خالید و مزەفەر و پێشمەرگەکان و چەند کەسەکی گوندی و دایکم و دایکی خالید و برایە گەورەکەم لەوێ بووین) پێشمەرگەکان گوتیان:
- ئەگەر دەتانەوێ خەبات بکەن، ئەوە باش بزانن ئێوە لە شار پێویسترن وەک لە چیا، پاشان تەمەنتان بچووکە و کەسیش نازانێ ئێوە بوونەتە پێشمەرگە..

 

زۆر گرنگییان بە برینداربوونەکەی دایکم دا، بە کورتییەکەی گەڕاینەوە و تەمەنی پێشمەرگایەتییەکەمان هێندە کورت بوو بە کەڵکی گێڕانەوەش نایێ.


جا چۆن دەکرێ ئافرەتێکی بریندار بە خێرایی و بەو نشێوییەدا ببەیە خوارێ و بیگەیەنیە سمێلان؟! دایکم گوتی:
- ئەنگۆ وەرن خەمی منتان نەبی.
ئێستاش لە پێش چاومە دایکم بە چ ئازارێک رێگای نێوان سمێلان و روستێی بڕی بە پێیان و بە بریندارییش، دەبا بە خێراییش بڕۆین، چونکە نەماندەزانی ئایە کۆپتەرەکان دێنەوە یا نا؟ بە قسەی هاوڕێیانم رێگایەکە لە روستێ بۆ سمێلان ٣٠ خولەک پتر نەبی کەمتر نییە، جا ژنێکی بریندار ئەو رێگایەی بە چەند بڕیوە؟ نازانم!

گوندی روستێ

ئەو رستەیەی دایکم لە رێگادا چەندان جار گوتیەوە هەر ئەوەبوو دەیگوت:
- خێری تێدابوو، ئەگەر بریندار نەبامایە، شوان نەدەهاتەوە.


باسی باوکم و بارودۆخە شڕەکەی ناکەم.


ئەمن خۆم رادەستی رژێم نەکردەوە.. هەندێک دۆست و خزم دەیانزانی و قسەیان نەدەکرد و لە لای خەڵکیش گوتبوویان چوومەتە دەشتێ، زۆربەی برادەر و درواسییەکانمان ئەوەیان دەزانی لە پشووی هاوینە دەچوومە گوندی، زۆر حەزم لە ژیانی دەشتێ دەکرد.


دەبا دایکم ببەینە لای دکتۆرێک، ماڵمان لە گەڕەکی (عارەبان) بوو کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بازاڕ.. بە هۆی ئەوەی خەستاخەنەکی گچکە زۆر لە نزیکمان هەبوو.. خزمەکانی گوندێشمان کە نەخۆش دەکەتن - بێگومان مەبەستم ئەوانەیانە کە بە بەر ئێمە دەکەتن - دەبا بچووباین لە خەستەخانە نۆرەمان بۆ وەربگرتبان.. پیاو با باوکم لەگەڵی دەچوو و ژنیش با دایکم، جا پەیوەندییەکی باش لە نێوان ماڵی ئێمە و دکتۆرەکان دروست ببوو، باوکم چووبووە لای دکتۆر ''سەلاح کۆیی'' و ئێستاش نازانم چی پێ گوتبوو، لەو رۆژانە لە دایکم پرسی - ١١ ساڵ پترە باوکم مردوە - دایکم گوتی:
- هەر ئەو کاتیش نەمزانی، چی پێ گوتوە.
لەگەڵ ئەوەی برینەکەیان بۆ دوریەوە، بەڵام ساچمەکەیان دەرنەکرد، بۆیە گومان دەکەم باوکم بە دکتۆرەکەی گوتبی ساچمەی پێ کەوتیە.
هەتا لە کوردستان بووم چەند جارێک لە دایکم پرسی هەست بەو ساچمەیە دەکا کە لە ناو رانی ماوەتەوە، ئەویش هەر دەیگوت:
- جار جارە هەست بە گەرمییەک دەکەم.
بەر لەوەی ئەو نووسینە تەواو بکەم، لێم پرسی هەست بە مانی ساچمەکە دەکا؟ گوتی:

- نا، لە بیر خۆتی ببەوە، دری خۆت لۆ بەو شتانە توند دەکەی.


خوشکەکانم دەیانگوت:
- ئەو ماوەیەی ئەتوو رۆیشتبووی، داکم گێی لە گۆرانی ''کەریم کابان''ی رادەگرت، دەیگوت:
- براتان حەزی لەو گۆرانیبێژەیە.
جاری دووەم کە رۆیشتم و ئیتر تا دوایی راپەڕین نەگەڕامەوە، کە ماڵئاواییم لێکرد، چاوەکانی پڕ فرمێسک بوون و دەستی بەرنەدەدام و گوتی:
- شتەکت لێبێ ئەمنیش دەمرم.

_________________________________
* بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە قوتابخانەی ئەو رقە پیرۆزە دەرچووبوون.. دوای راپەڕین ئەو رەوایەتییەیان بەکارهێنا بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ئەو هەرێمە و تا ئێستاش ئەو تۆڵەیە لەو خەڵکە دەکەنەوە، ئەگەر لە لایەنی کۆمەڵناسیشەوە سەیری بکەی مرۆڤی رقهەڵگر بە نەخۆش هەژمێردەکرێ.

** تەنیا لە ترسی ئەو فەرهەنگی ناشیرنکردنە ئەو روونکردنەوەیە دەدەم: ئەمن لە ١٩٨٧ بوومە پێشمەرگە و پاش چەند ساڵەک چوومە وڵاتانی دەرێ.. دوای راپەرین گەڕامەوە کوردستان، نە بە خۆم نە دایکیشم خانەنشینییمان نییە، ئەوە تەنیا بۆ ئەو کەسانەی هەردەم خەریکی سووککردنی (گێڕانەوەکان، راستە دایکم شایەنی خانەنشینیی نییە.. ئەگەرچی دەردەسەرییەکی زۆریان بە دەست ئێمەوە دیتوە، دیارە کۆششم کردوە هەرچی لە توانام بێ بۆی بکەم. ئەو دەسەڵاتەم هەرگیز بە دەسەڵات و نوێنەری خۆم نەزانیوە.. نە پێشمەرگاتییەکەی خۆم و نە دەردەسەرییەکەی خێزانەکەشم ناکەم بە (منەت) بەسەر خەڵکەوە، ژیان گەشتێکەوە هەر کەسەو بە شێوەیەک ئەو گەشتە دەکا.. ئەمن وام دەستپێکرد.
*** ناتوانم قسە لەسەر ئەو دڵ رەقییەم نەکەم، سیستەمی کۆمەڵایەتیی سوێد و منداڵەکانمان یارمەتییەکی زۆریان دام تا ببمە کەسێکی دڵ نەرم، دەمەوێ ئەو نهێنییەش بدرکێنم؛ جگە لەو فرمێسکانەی بە لێدان رشتوومن زۆر کەمم بە بیر دێ گریابم.. تەنیا لەو کاتانە نەبێ کە خۆشەویستانم لە دەست داون، چ لە ژیانی پێشمەرگایەتیم و چ لە ژیانی تایبەتییم هەر ئەوها بە ئاسانیی فرمێسکم نەڕشتوە.. لە شەوی ٢٧\١١\٩٨ کیژی یەکەممان چاوی هەڵێنا لە خۆشیان فرمێسکەکانم رانەدەوەستان.. لەو شەوەوە پێم نایە قۆناغێکی دیکە، ئێستا بە دیار فیلمیشەوە دەگریم.. چەندان جار منداڵەکانمان فرمێسکیان سڕیومە، لە رووی دەروونییەوە هەست بە ئاسوودەیی دەکەم و مرۆڤایەتیی خۆم لە فرمێسکەکاندا دەدۆزمەوە. نەفرەت لەو ئایدیۆلۆژیایەی دڵی مرۆڤەکان دەکاتە بەرد و کانی فرمێسکەنانیان لێ وشک دەکا.

 

ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک