په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١١

تێبینییه‌ک له‌ (ئه‌مڕۆ)وه‌.

 

ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕێکی ئازاده‌، بۆیه‌ ده‌توانێ بابه‌تی وه‌ک ئه‌و بابه‌ته‌ی به‌ڕێز ( دکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز)یش بڵاو بکاته‌وه‌ که‌ له‌ رووی دیینه‌وه‌ ئاسمان رێسمان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ جودایه‌، ئێمه‌ نه‌ هیچ دینێکمان هه‌یه‌ نه‌ هیچ خوایه‌ک، که‌چی ئه‌و وا نییه‌ و ده‌ڵێ: منیش دەڵێم: گەر یەزدانى مەزن، لە شێوەى {ئافرەت}دا خۆی بنوێنێ، دەبێ، خۆشەویستیی {ئافرەت} چەن بەرز و پیرۆزبێ؟!! یان ده‌ڵێ: گومانى تێدا نییە، هیچ ئایینێ نییە، دژی جوانیی، خۆشەویستیی و ئەڤین بێ. تەنانەت، یەزدانى مەزنیش فەرموویەتى:{خوا جوانە و جوانى خۆشدەوێ.}، ئێمه‌ ته‌واو پێچه‌‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ین، به‌ڵام جگه ‌له‌و قسانه‌ وه‌ک دیاره‌ ئه‌و زۆر به‌ بابه‌ته‌که‌یه‌وه‌ ماندوو بووه‌ و زۆر‌ زانیاریی به‌سوودی تێدایه‌‌، ئێمه‌ش به‌ دوای زانیارییه‌وه‌ین بۆ خوێنه‌رانی ئه‌مڕۆ.

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

دەربارەی کێشەکانی خۆشەویستیی و
ژیانی هاوسەریی!


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*


سۆفیگەرێکى خواناسی گەورەى وەک (ئیبن عەرەبیی) فەرموویەتی: {خواى گەورە، پتر لە شێوەى ئافرەتدا دەردەکەوێ.}(1،36) منیش دەڵێم: گەر یەزدانى مەزن، لە شێوەى {ئافرەت}دا خۆی بنوێنێ، دەبێ، خۆشەویستیی {ئافرەت} چەن بەرز و پیرۆزبێ؟!! گومانى تێدا نییە، هیچ ئایینێ نییە، دژی جوانیی، خۆشەویستیی و ئەڤین بێ. تەنانەت، یەزدانى مەزنیش فەرموویەتى:{خوا جوانە و جوانى خۆشدەوێ.} یا بۆچی دەبێ، خۆشەویستیی بایەخى تایبەتیی خۆی پێ نەدرێ؟!!


دیارە هەموو ئافرەتێ، جیهانێکى تایبەتیی خۆی هەیە، هەموو ئافرەتێ، چیرۆکێکی تایبەتیی خۆی هەیە، هەموو جیهان و چیرۆکێکیش، داستانێکی دڵداریی خۆیان هەیە، هیچیان لە هیچیان ناچن و یەک لە یەکدیش، لە لایەکەوە جوان، شیرین، ڕازاوە و خۆشترن. لە لایەکی دیکەشەوە، پڕ لە سوێ، ژان، غەم و سەرسامترن!


گومانى تێدا نییە، هیچ ئایینێ نییە، دژی جوانیی، خۆشەویستیی و ئەڤین بێ. تەنانەت، یەزدانى مەزنیش فەرموویەتى:{خوا جوانە و جوانى خۆشدەوێ.}(2) هەروەها عەرەب گوتوویەتی:{دڵ شەیدای هەموو جوانێ دەبێ.}(3) بۆیە {جوبران خەلیل جوبران} گوتوویەتی:{ژیان بێ خۆشەویستیی، دڕەختێکی زڕە و گوڵ ناکا.}(8) منیش دەڵێم: ژیان بێ خۆشەویستیی، کولەمەرگیی نەبێ، هیچی دیکە نییە! کەواتە: خۆشەویستیی تاوان و گوناه نییە، وەک هێندێ کەس تێیگەیشتوون و دژایەتی ئەو دەرکەوتە کۆمەڵایەتییە دەکەن. بەڵکوو، بە گەورەترین پاڵپێوەنەر، مەرجى سەرکەوتن و هۆی پێشکەوتنى ژیان دادەنرێ، چونکە خۆشەویستیی، هەست و هۆشی مرۆ دەجوڵێنێ.


پێم وایە، لە ژیانى هەموو مرۆیەکی بە هۆش و گۆشیشدا، هیچ شتێ نییە، هێندەى خۆشەویستیی و ئەڤین گرنگ، جوان، خۆش، بە تام و چێژتربێ. خۆشەویستیی، لە ژیانى هەموو مرۆڤێکى ژیردا، هێندە گرنگ و پڕ بایەخە، بە هیچ شێوەیە ناتوانرێ، پشتگوێخرێ، چونکە گەر مرۆڤێ، لە دەس بووکى ڕازاوەى ئەندێشەی خۆشەویستیی ڕایکرد، ئایا تا سەر دەتوانێ، لە دەس هاوار و ناڵەی دڵی خۆی ڕاکا؟!!

*     *     *

هەرچەندە {ئیحسان عەبدولقدوس}، دەربارەى خۆشەویستیی گوتوویەتی: {لە ژیانى هەمووماندا، ئەندێشەیەک هەیە، ناوى خۆشەویستیییە.}(4) بەڵام، خۆشەویستیی ئەندێشە نییە، بەڵکوو ڕاستیییەکى بەڵگەنەویستە و لە ژیانى هەموواندا هەیە، بە ئاسانیی، جێی خۆی کردۆتەوە و جێی خۆشی دەکاتەوە. دەتوانم بڵێم: وەک هەڵامەت وایە، هیچ کەسێ نییە، لە ژیانى خۆیدا تووشی نەبێ، جا هەر یەکە، بە جۆرێ توشیدەبێ و هەستی پێ دەکا!


خۆشەویستیی لاى هێندێ کەس، ئەندێشە و خەونە، ئەوانەى بە ئەو شێوەیەش، بیر لە خۆشەویستیی دەکەنەوە، لە ئەوە دەچێ، لە واتاى ڕاستەقینەى خۆشەویستیی تێ نەگەیشتبن، یا لە ژیانى خۆشەویستیی خۆیاندا، سەرکەوتوو نەبووبن و تێکشکابن، ورەی خۆشەویستیییان ڕووخابێ. بەڵام وزەى خۆشەویستیی لە خەزنەى دڵدا، هەرگیز کۆتایی نایە، جا گەر هەر دڵدارێ، لە ئەزموونێکی دیارییکراوی خۆشەویستیی خۆیدا، سەرکەوتوو نەبوو، ئیدی ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، دڵداریی هەڵەیە! یا جارێکی دیکە ناتوانێ، یەکێکی دیکەى خۆشبووێ، چونکە، هەموو وزەى خۆشەویستیی خۆی، لە یەکەمین ئەزموونى دڵدارییدا بەفیڕۆداوە. جا گەر وابووایە، گەر فڕۆکەیەک بکەوێتەخوارەوە و چەن کەسێکی تێدا بمرێ، ئیدی دوای ئەو ڕووداوە نەدەبووایە، کەسی دیکە سوارى فڕۆکە بێ!


دیارە، ئەوانەى بە ئەو شێوە ڕەشبینانەیەش، بیر لە هەستی خاوێنی خۆشەویستیی دەکەنەوە، هەموو ژیانی خۆیانیان، تەنیا هەر بۆ ڕابوواردن و پارەپەیاکردن تەرخانکردووە. بەڵام ئەوانەى بە ڕاستیی، لە واتاى خۆشەویستیی تێگەیشتوون، بێ خۆشەویستیی ناتوانن، بژین. چونکە هەموو خۆشیی ژیانی خۆیان، هەر لە خۆشەویستییدا دەبینن. جگە لە ئەوەى، بایەخ و پیرۆزیی خۆشەویستیی، بە زیان و دەسکەوت ناپێورێ!


گریمان، خۆشەویستیى ئەندێشەیە، بەڵام ئایا بێ ئەندێشە، کەی خۆشەویستیی هەبووە؟ گریمان، خۆشەویستیى خەونە، بەڵام ئایا بێ خەون، کەی خۆشەویستیی هەبووە؟ نەخێر، هەرگیز بێ ئەندێشە و خەون، خۆشەویستیى نەبووە، نییە و ناشبێ! لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی زۆری ژیانی خۆشەویستیی، خۆی لە ئەندێشە و خەوندا دەبینێ، کەچیی خۆشەویستیی، هەرگیز بێ هیوا نەبووە. چونکە ژیان بێ خۆشەویستیی، هیواى تێدا نییە، بێ هیواش، خۆشەویستیی لە ژیاندا نییە. ئاخر، خۆشەویستیی خۆی لە خۆیدا هیوایە، بێ هیوا، خۆشەویستیی نەبووە، نییە و ناشبێ! بەڵێ، هەر خۆشەویستییش، کارێکی وا لە مرۆ دەکا، گەشبینبێ، ئەندێشەى پڕ لە پیت و فەڕ لێبدا، خەونى سەوز و سوور، بە ئاییندە و ژیانەوە ببینێ. بۆیە، هەموو مرۆڤێ بۆی هەیە، هێندەی لە توانایدا بێ، خەونی خۆشی خۆشەویستیی ببینێ، بەڵام دوور نییە، گەر لە ئەوە پتر، خەون ببینێ، خەونى لێ نەزڕێ!

*     *     *

بەڵێ، هێزی خۆشەویستیی، وەک کێوێ وایە، بە هیچ جۆرە ڕەشەبایەکی ناکاو، لە بن نایە. بۆیە، گەر شۆڕەسواری ئەڤینداری بواری خۆشەویستیی ڕاستەقینە، لە یەکەمین خۆشەویستییدا سەرکەوتوو نەبوو و تێکشکا، ئیدی نابێ، تووشی ڕەشبینیی بێ، بەڵکوو دەبێ، گەشبینبێ، تێشووی هەوڵێکی دیکەی نوێ، لە پشت ببەستێ، بە ورەیەکی پۆڵایینەوە، بەرەو ئاسۆی ئاییندەیەکی گەشی پڕ لە خۆشەویستیی، هەنگاوی خێرا بنێ. چونکە یەکەمین خۆشەویستیی، وەک تیشکی زێڕینی خۆر وایە، سەراپای ژیانی ئەڤینداران، بە خشڵی ڕەنگاوڕەنگی جوان دەڕازێنێتەوە، ختووکەی خۆشیی دڵ و گیان دەدا، گوڕ و تین، بە هەموو ئەندامەکانی جەستەی مرۆ دەبەخشێ، کاتێ ئاواشبوو، یادگارە تاڵ و شیرینەکانی، تەلی کەمانی دڵ دەبزێوێ، بیرەوەریییە پڕ لە چێژ و ئازارەکانی، وەک پشکۆی نێو ئاگردان، چرای بیر و هۆش دەگەشێنێتەوە!


دووەمین خۆشەویستیی، وەک تریفەی زیوینی مانگ وایە، لە شەوی تاریکونووتەکی ژیانی پڕ لە سوێی ناکامیی خۆشەویستییدا، چرای کوژاوەی ژیان هەڵدەکاتەوە، مژدەی ئاییندەیەکی گەش، بە ئەڤینداران دەدا و بزەی خەندە، بۆ سەر لێوی ووشکی ڕێبواری ماندووی ڕێی خۆشەویستیی دەگێڕێتەوە، کاتێ ئاواشبوو، بوخچەی بەختەوەریی و خۆشیی ژیان، لەگەڵ خۆی دەپێچێتەوە!


سێیەمین خۆشەویستییش، وەک جریوەی یاقووت و زمڕووتی ئەستێرەی بەرەبەیان وایە، سەرلەنوێ، گیانێًکی نوێ بە بەری جەستەی شەکەتی ئەڤینداراندا دەکاتەوە، خونچەگوڵی هیواکانی دەگەشێنێتەوە، کاتێ ئاواشبوو، هەموو مەلە ئێسکسووکەکان، لە جریوە دەکەون، هەموو پەپوولە باڵنەخشینەکان، لە فڕین دەتۆرێن، تا خۆشەویستیییەکی نوێی دیکە لەدایکدەبێ!

*     *     *

لە ڕاستییدا، چەمکى ڕۆمانسیی، بە واتا بەربڵاو و فراوانەکەى، نەک بە واتای خۆشەویستیی لە نێوان نێر و مێدا، زاراوەیەکی کۆمەڵایەتیی گشتیییە، گەلێ واتا و لایەنى هەیە، گەلێ شتى گەورە و پیرۆز دەگەیەنێ، پتریش خۆی لە خۆشەویستیی{بوون و گەردوون، زانست و فەلسەفە، سروشت و جوانیی، هونەر و وێژە، ڕاستیی و ویژدان، نەتەوە و نیشتمان، دایک و باوک، خوشک و برا، ژن و منداڵ، خێزان و بنەماڵە، ئایین و ئایینزا، دۆست و هاوڕێ ...}دا دەبینێ، بەڵام پیرۆزترین و جوانترین خۆشەویستیی، بە خۆشەویستیی نێوان نێر و مێ ناسراوە. لەبەرئەوە، هیچ خۆشەویستیییەک نییە، هێندەى خۆشەویستیی نێوان نێر و مێ، هەم بە تام و هەم پڕ لە ژانیش بێ. چونکە، هەر بە هۆی ئەو جۆرە خۆشەویستیییەوە، دوو دڵ بۆ یەکدى لێ دەدەن، وەک بولبولى سەر چڵ، بۆ یەکدی دەخوێنن، سەرەداوى پێوەندیییەکی خاوێنى گەرموگووڕى نێوانیان، پێکەوە گرێدەدەن، لە بەهەشتی خۆشەویستیی و کامەرانییدا، تامی دڵداریى دەچێژن!


بۆیە خۆشەویستیی، پێناسەیەکی دیارییکراوى نییە، بەڵکوو بەپێی دیدی ئەڤینداران دەگۆڕێ و هەر ئەڤیندارێکیش، پێناسەیەکی تایبەتیی بۆ دەکا. بەڵام خۆشەویستیی ڕاستەقینە، لە گیانەوە بۆ گیانە، لە ئاوێنەى خۆشەویستیی دوو گیاندا دەردەکەوێ و دوو گیان پێک شاددەبن. واتە: دوو گیان، لە بۆتەی یەکدیدا دەتوێنەوە و وەک یەک گیان، لە دوو جەستەى جیاوازدا دەژین. لەبەرئەوە خۆشەویستیی ڕاستەقینە، تەنیا هەر جوانیی و چێژوەرگرتن نییە، چونکە ئەو جۆرە خۆشەویستیییە، نەمر نییە و تەمەنی کورتە، کاتێ ئەو جوانیی و چێژوەرگرتنەش نەما، خۆشەویستیییەکەش نامێنێ!


ڕەنگە، سەرەتای خۆشەویستیی، بە گاڵتە دەسپێبکا، بەڵام زۆر بە کوڵودڵ کۆتاییدێ. ئاخر خۆشەویستیی ڕاستەقینە، مێژووى ڕاستەقینەى لەدیکبوونى مرۆڤە و خاوێنترین هەستى مرۆڤایەتییە، چونکە کۆتایی خۆشەویستیی، بە کۆتایی جیهانەوە بەسراوە و کۆتایی جیهانیش، کۆتایی خۆشەویستیی دەگەیەنێ! هەروەها بەردەوامبوونى جیهانیش، بە سەرەتای خۆشەویستیی دادەنرێ، چونکە خۆشەویستیی، تەنیا میوەیەکی بە تامە، تا لێی وەرگرین و تامیکەین، زیاددەکا و هەرگیز کەم ناکا!

*     *     *

سەیر ئەوەیە، هەموو مرۆڤێ دەتوانێ، پێوەندیی هاوڕێیەتیی، بە خۆشەویستیی بگۆڕێ، بەڵام هەرگیز، هاوڕێیەتی جێی خۆشەویستیی ناگرێتەوە! دوور نییە، ناشیرینترین و خراپترین خەسڵەتى مرۆ، خۆپەرستیی بێ. بە پێچەوانەشەوە، پیرۆزترین و ناسکترین هەستی مرۆ، خۆی لە خۆشەویستییدا دەبینێ. هەرچەندە کۆمەڵى مرۆ، قێزی لە خۆپەرستیی دەبێتەوە، کەچیی، هیچ دڵدارێ ناتوانێ، خۆی لە دەس خۆپەرستیی ڕزگارکا. چونکە هەموو دڵدارێ دەیەوێ، خۆشەویستەکەى، تەنیا هەر بۆ خۆى بێ! لەبەرئەوە، خۆشەویستیی لە ژیانى هەموو مرۆڤیکدا، بە جوانترین خۆپەرستیی دەژمێررێ!

*     *     *

هێندێ مرۆ هەن، لە هەر پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتیى، ئاستی هوشیاریی ڕامیاریی، خوێندەواریی، ڕووناکبیریی و زانستییدا بن، وەک لووتکەى چیا وان، کەچیی، لە بەردەم یارە خۆشەویستەکەیاندا، وەک منداڵ وان و بەچۆکدادێن! کەواتە: خۆشەویستیی چییە؟!! خۆشەویستیی: ئەو زاراوەیەیە، ئەڤینداران پێشتر، گوێیان لێ نەبووە. ئەو زاراوە خۆشەیە، ختووکەى دڵ و گیان دەدا. ئەو سیمفۆنیا بەرزەیە، {بیتهۆڤن} خۆی دایناوە و لێی تێ ناگا! خۆشەویستیی ڕاستەقینە، وەک وانەیەک وایە، هاوکێشەیەکی ماتماتیکە، مامۆستا باسیدەکا و خوێندکاران لێی تێ ناگەن! وەک دەرمان وایە، دەرمانساز ئامادەیدەکا، بۆ نەخۆشی باسدەکا و نەخۆش، نە لێی تێدەگا و نەپێی چاکدەبێ!


خۆشەویستیی ڕاستەقینە، دیاریى خوایە و بە بەندەى خۆی بەخشیوە، خۆراکی دڵ و گیانە، هەستێکی ناسکی پیرۆزە، ڕەگی قووڵی، لە ناخى دڵی هەموو مرۆڤێکی ئەڤینداردا دادەکوتێ، خولیدەدا، گێژیدەکا، خۆراکی لێ گڵاودەکا، خەو لە چاوانى دەتارێنێ، شەو و ڕۆژی لێ دەگۆڕێ، هێندێ جاریش، شادیی بەشین و هێندێ جاری دیکەش، شینی بە شادیی لێ دەگۆڕێ! کەواتە: خۆشەویستیی ڕاستەقینە، بە خوێنى ڕەگ و ڕیشەى دڵ ئاودەدرێ، هەر وەک {مۆرس مەترلنگ}یش گوتوویەتی: {خۆشەویستیی بە ئازار گۆشدەکرێ.}(8)


پێشینان گوتوویانە: قسەى خۆش، بەرد نەرمدەکا! منیش دەڵێم: قسەى خۆشەویستیی، دڵى دڵڕەقترین کیژ نەرمدەکا! چونکە خۆشەویستیی ڕاستەقینە، هێزێکی ئەفسووناویی کاریگەری واى هەیە، کار لە پەردەی بیر و هۆش دەکا و سڕیدەکا. ئەڤینداری ڕاستەقینە، ڕووخۆشە، دەم بە پێکەنینە، دڵی جێی ڕقوکینەی تێدا نابێتەوە و خاوێنە، لێبووردەیە، زۆر زوو شتی بیردەچێتەوە و دڵی بە تەواویی خاوێندەبێتەوە، بیر لە خۆشەویستیی نەبێ، بیر لە هیچ جۆرە شتێکی دیکە ناکاتەوە! خۆشەویستیی ڕاستەقینە، لە هەستێکی بەرز و پیرۆزەوە دەرچێ، پەڕەى ناسکی دڵ دەدڕێ و هەر لە نێو دڵیشدا، جێگیردەبێ، هیچ هێزێکیش نییە، جێی پێ لەقکا و دەریپەڕێنێ!


خۆشەویستیی ڕاستەقینە، لە قووڵایی دڵ و ناخى مرۆوە هەڵدەقووڵێ، لە تەلى کەمانى هەست و سۆز دەدا و جوانترین ئاواز دەچرێ. خۆشەویستیی ڕاستەقینە، نهێنیی بوونە و پیرۆزترین دیاردەى گەردوونە. دڵ و دەروونى مرۆ، لە نێوەوە خاوێندەکاتەوە، لە لاوازیى ڕەوشت و بێ بایەخیی دەیپارێزێ، هێز و ڕێزێکی تایبەتیی پێ دەبەخشآ، هەر کاتێ، دڵ و دەروونی مرۆش، بە تەواویی خاوێنبووەوە، ڕووکەشی دەرەوەشی، لە بەر چاوى کۆمەڵانى خەڵک، جوان و پاکژتردەبێتەوە! خۆشەویستیی ڕاستەقینە، ئازاردانى جەستە و گیانە، خۆشەویستیییەکە، لە تنۆکەتنۆکەى ئاوی باران خاوێنترە، لە ئاوی کانیى ڕوونترە، لە شووشە لووسترە، لە مرۆ بەهێزترە. تەنانەت، لە خۆشەویستیی خۆشی، گەورەتر و جوانترە!


خۆشەویستیی ڕاستەقینە، گەورەترین سەرمایەی ژیانە، بێ خۆشەویستیی، ژیان بەردەوام نابێ، هەور ناگرمێنێ، پەڵەهەورەکان سکیان پڕنابێ، باران نابارێ، گژوگیا شین نابێ، دەشتودەر ناڕازێتەوە، گەڵای سەوزی جوانی درەختەکان ناکرێنەوە، خونچە ناپشکوێ، گوڵ ناگەشێتەوە، مەلە ئێسکسووکەکان ناخوێنن، لەشەقەى باڵ نادەن، گەرمیان و کوێستان ناکەن، ڕەنگى پەپوولە باڵنەخشینەکان کاڵدەبنەوە، بولبوول لە گوڵ نزیک نابێتەوە و ناچریکینێ، ئاو لە سەرچاوەکەى خۆی دەتۆرێ، لووتکە لە بنارى چیا تووڕەدەبێ، زەویى بە دەورى خۆر و مانگیش بە دەوری زەوییدا ناخولێنەوە، یاسای گەردوون تێکچێ، ژیان بە تەواویی دەوەستێ و لە شوێنی خۆی دەمەآ! مەلى خۆشەویستیی ڕاستەقینە، لە سەر چڵەپۆپەى بەرزى درەختی بیر و هۆشی مرۆ نانیشێتەوە، هێلانەى بەختەوەریی، لە نێوشانەکانى مێشکدا درووست ناکا و گەراى دڵداریى دانانێ! خۆشەویستیی ڕاستەقینە، جۆرێ لە شێتیی و ژیریییە، بەرزترین پلەی هەست و هۆشی مرۆیە، بێ خۆشەویستیی، مرۆ لە گیاندارێکی بێ هەست و سۆز دەچێ، وەک دڕندەیەکی کێویلە، لەگەڵ بەرانبەر و دەوروبەرەکەیدا هەڵسوکەوتدەکا. خۆشەویستیی ڕاستەقینە، نە سەرەتا و نە کۆتایی هەیە، بارى تایبەتیی و مەرجى دیارییکراوى نییە، چونکە ئەو ئەڤینەى مەرجى تێدابێ، سەرکەوتوو نابێ و بە ناسۆرە کۆتاییدێ!


خۆشەویستیی ڕاستەقینە، سۆزێکی مرۆیی خاوێن و ڕاستە، خەڵک لە یەکدی نزیکدەکاتەوە، ئەو کەسەی کەسێکی دیکەى بە ڕاستیی خۆشبوێ، خەسڵەتە دزێوەکانی ڕقوکینە، بوغز و خۆپەرستیی نازانێ. لەبەرئەوە، دان بە جیاوازیی {نەتەوەیی، چینایەتیی، کۆمەڵایەتیی، ئایینیى، زانستیی و ڕووناکبیریی}دا نانێ و باوەڕی پێ ناکا!


ئاخر، لە سەر گۆی ئەم زەوییە، نزیکەى {850} زمان و دیالێکت هەیە و دان بە {15} زمانیاندا نراوە، وەک زمانى سەرەکیی و فەرمیی، لە جیهاندا و لە بوارە جیاجیاکانی پێوەندیی نێودەوڵەتییدا بەکاربێنرێ و لە دەزگەی {نەتەوە یەکگرتووەکان}یش، قسەى پێ بکرێ. کەچیی، نەک تەنیا هەر بە ئەو بڕِە زمانەی دانیپێدانراوە، بەڵکوو بە هەموو زمان و دیالێکتەکانی جیهانیش، باسی دڵداریی و ئەڤین دەکرێ. بۆیە، گەر هەستەکە خاوێنبێ، باس و خۆشەویستیییەکە، هەر یەکە و هیچ جیاوازییەکی نییە. ئیدی بۆ دەبێ، خۆشەویستیی بایەخ بە جیاوازیی، نێوان ئەو جۆرە شتانەى کۆمەڵى مرۆ بدا؟!!


ئەڤینداری ڕاستەقینە، ژیان و مردن، خۆشیی و ناخۆشیی، نەخۆشیی و نۆشداریی خۆی، لە ئاوێنەى ژیان و مردن، خۆشیی و ناخۆشیی، نەخۆشیی و نۆشداریی خۆشەویستەکەیدا دەبینێ! هەرچەندە گوتوویانە: خۆشەویستیی لە تەمەنی پیرییدا، وەک ئەوە وایە، مرۆ بە گەورەیی، ئاوڵە دەردا، بەڵام خۆشەویستیی، تەمەن نازانێ و هەموو سنوورەکان دەبڕێ، کەى هات، دێ! چونکە خۆشەویستیی، وەک مردن وایە، کات و ساتى بۆ نییە، کاتێ لە دەرگەى دڵ دەدا و دێ، کەس ناتوانێ، بیوەستێنێ. بۆیە {فەرجیل}ی هۆنەری گەورەی {ڕۆما}، کە ساڵی {71پ.ز.}ژیاوە، گوتوویەتی: {خۆشەویستیی، وەک مەرگ وایە، هەموو کەسێکی لا وەک یەک وایە!}(8) ئایا کەس دەتوانێ، دەرگەى دڵی خۆی داخا و بڵێ: ئەى خۆشەویستیی! لە دەرگەم مەدە و مەیەرە ژوورەوە؟!! یا بە ئارەزووى خۆى، دەرگەى خۆشەویستیی ئاوەڵەکا و هەموو کەسێکی خۆشبوێ؟!! هەروەها، بە پێچەوانەشەوە گوتوویانە:{ خۆشەویستیی لاوان، وەک پرشنگی ئاگری ئاسن وایە، زوو دەکوژێتەوە، بەڵام خۆشەویستیی بە تەمەنەکان، وەک ئەستێرەیەکی گەش وایە، دەکشێ، بەڵام ناکوژێتەوە!}(8)


خۆشەویستیی ڕاستەقینە، هاوکاریی، ڕێزی بەرابەریی، خۆشیی، کامەرانیی و هەڵوێستە. {نلانێریی} هۆنەری ناسراوی {دانیمارکیی} گوتوویەتی:{ خۆشەویستیی حەوانەوەیە، ئارامیییە، ئاساییش و خۆشیییە.}(8) خۆشەویستیی ڕاستەقینە، لە هەموو ڕوویەکەوە، بۆ ئاسمان بەرزدەبێتەوە و لە ئاستی ئەڤینى سۆڤیگەرێتی نزیکدەبێتەوە، دژى خۆپەرستیی، خۆسەپاندن، لووتبەرزیی و لە خۆباییبوون دەوەستێ، کارێدەکا، هەر دوو لاى هاوکێشەى ئەڤین، پتر یەکدیان خۆشبوێ.

*     *     *

لە کارکردن و هەڵسوکەوتدا، دوو شت زۆر پێکەوە ناگوونجێن: ژیریی و سۆز، بیر و ئەندێشە، چونکە خۆشەویستیی، ژیریی و پیتۆڵیی مرۆی ئەڤیندار ڕەتدەکاتەوە و دەیکوژآ، هەست و سۆزی خۆشەویستییش، لە دەسەڵاتى مرۆ بەهێزترە، ئەوەى دڵ دەیەوێ، هەر ئەوە پەسەندەکا و هەر بڕیار لە سەر ئەوەش دەدا!


دوور نییە، لە ئەم جیهانەدا، دواى خواپەرستیی، ئەڤین یەکەمین پۆزشی پیرۆز و کۆیلەیەتیی مرۆ بێ، بۆیە مرۆ دەبێ، لە کاتى گونجاودا بڕیاربدا، لە کاردا ژیربێ و لە دڵیشدا بەسۆزبێ! چونکە هیچ یەکێ لە ئەو دووانە، هیچ جۆرە پێوەندیییەکیان، بە سەر یەکدییەوە نییە، بەڵکوو دوو شتى جیاوازن. بەڵام زۆر جار ڕوویداوە، ئەو دوو شتە تێکەڵاوبوون، بۆیە زیانێکی گەورەیان لێ کەوتۆتەوە، ئاخر هەموو دڵدارێ دەبێ، ئەوە باش بزانێ، سێکوچکەى جوانیی، ڕەوشت و ویژدان، سێ بەڵان و پێکەوە هەڵ ناکەن!

*     *     *

ئەوى لە خۆشەویستییدا، سەرکەوتوو نەبێ، بدۆڕێ و بە ئاکام نەگا، دڵی خۆش نابێ، پشوو نادا، خەم و پەژارە دایدەگرێ، لە هەموو ژیانی خۆییدا و تا دەشمرێ، چزووی ژانی ئەو خەمە گەورەیەی، لە دڵ دەر ناچێ! سەخترین و خراپترین شتیش ئەوەیە، دوو کەس پێکەوە بژین، هیچ جۆرە هەست و سۆزێکی خۆشەویستیی کۆیان نەکاتەوە. ئاخر تەمەنى مرۆ، بە ساڵ نابژێررێ، بەڵکوو، بەو سات و کاتە خۆشانە دەبژێررێ، کە لە ژیاندا بەسەریدەبا. سات و کاتەکانی خۆشەویستییش، بە خۆشترین سات و کاتی ژیانى مرۆ دەژمێررێ! چونکە خۆشەویستیی ڕاستەقینە، لە خوێندا دەژى، تەمەنى درێژە و نامرێ.

*     *     *

لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە: هەموو جیهان، جێی دوو کەسی تێدا نابێتەوە، گەر ڕقیان لە یەکدی بێ، بەڵام لە بستێ زەوییدا، جێی دوو دڵداری تێدا دەبێتەوە. دڵی ئەڤینداران، وەک قاڵبی پۆڵا و داوى ئاوریشم وایە. قاڵبی پۆڵایە، چونکە بەرگەى هەموو ژان و ئازارێ دەگرێ. داوى ئاوریشمە، چونکە بە پچووکترین ناکۆکیی و زویریی، چرچولۆچی تێدەکەوێ، دەقرچێ و دەپچڕێ! ئەو خۆشەویستیییە ڕاستەقینەیەی، لە کانگەى دڵەوە هەڵقوڵێ، گوێ بە هیچ بارودۆخێ نادا! چونکە مێشک، جێی زۆر شتى تێدا دەبێتەوە. بەڵام دڵ تەنیا، هەر جێی یەک کەسی تێدا دەبێتەوە، ئەویش وێنەى ڕوخسارى شیرینی یارى نازدارە!


هەر دوو زاراوەى خۆشەویستیی و ئەڤین، لە سەر زمان، وەک شەکر وان. ئاخر ژیانى بێ خۆشەویستیی و ئەڤین، وەک ئەوە وایە، مرۆ لە بیابانێکی بێ کۆتاییدا، بە پێی پەتیی و سەری قووتیی، بە سەر لمێکی گەرمی فشوفۆڵدا بڕوا! ڕاستە، ژیان بێ ئەڤین نابێ، ئەڤین بێ ئازار نابێ، ئەڤینیش هەمووى ئازارە و ئازارەکەشی، لە هەنگوین شیرینترە! هەر وەک {کامەران موکریی} هۆنەریش، بە دێڕێ هۆنراوەی زۆر جوان و پڕ واتا گوتوویەتی: تام نییە، بگا بە تامی دڵداریی ئازاریش نییە، بگا بە ئازاری!


تەنانەت خۆشەویستیی ڕاستەقینە، کارێکی وای کردووە، پیاوێکی عەرەب، هێندە ژنەکەى خۆشبووێ، نامەیەکی بۆ بنووسێ، درێژێکەى پەنجا مەتر بێ! (5)

*     *     *

خۆشەویستیی و هاوسەرگیریی:


هەر وەک{مارک تواین} گوتوویەتی:{ هاوسەرگیریی، ڕێکەوتنێکی دوو قۆڵیییە، لە هەموو جیهاندا باوەڕیپێکراوە.} (8) لەبەرئەوە، هاوسەرگیریی کارێکە، زۆربەی هەرە زۆری مرۆ تاقیدەکەنەوە، بە هۆی ئەم کارەشەوە، ژیانێکی نوێ پێکدێ. بەڵام هێندێ کەس هەن، لەبەر هەر هۆیە بێ، خۆیان لە ئەم کارە پیرۆزە دەدزنەوە و هاوسەر ناگرن. لەبەرئەوە، لە نێو هەموو نەتەوەیەکدا، کەلتوور و ڕێوشوێنی جیاوازی تایبەتیی خۆی هەیە و ئەم کارە دەکرێ. تەنانەت، لە نێو هەموو نەتەوەیەکیشدا، لە قۆناغێکی مێژوویی دیارییکراوەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، جیاوازیی هەیە. ئەمەش، بەپێی نەریتی کۆمەڵایەتی، ئەندازەی پێشکەوتنی کۆمەڵ و ئاستی ڕووناکبیریی کۆمەڵانی خەڵک دەگۆڕێ. لەبەرئەوە، فەرهەنگی ڕۆشنبیریی و وێژەی هەر نەتەوەیەک، بە چەندین جۆر هۆنراوە، پەخشان، چیرۆک، ڕۆمان، داستان و پەندیپێشینان ڕازاوەتەوە، لە هەر باخەی چەپکێ گوڵی ڕەنگاوڕەنگی بۆنخۆشی جوانیان چنیوە، دەنگوباسی خۆش و سەرسووڕهێنەر، بەسەرهات و ڕووداوی جەرگبڕی خۆشەویستیی، ئەڤین و هاوسەرگیریی، ئەڤیندارانیان بۆ گێڕاوینەتەوە و پەلکەزێرَینەی مێژوویەکی پرشنگداریان بۆ تۆمارکردووین.


لەگەڵ ئەوەشدا، کە خۆشەویستیی ڕاستەقینە، پێوەندیییەکى مرۆڤایەتی پڕ لە هەست و سۆزە، سۆزێکی مرۆڤایەتی ڕووتە، جیاوازیی لە نێوان وەزیر و گزیر، هەژار و دەوڵەمەنددا ناکا. بەڵام هاوسەرگیریی، پێوەندیییەکی کۆمەڵایەتیییە، بەپێی هاوبەنێکی {کۆنتراکت} دیارییکراو، نێر و مێ پێکەوە دەبەستێ و خێزانێکی چکۆلانە پێکدێنن، هەر کاتێ، هەر کامێکیان، لە ئەو هاوبەندیییە لایدا، یا پەشیمانبووەوە، بنچینەى ئەو ژیانە هاوبەشەى خێزانەکە هەڵدەتەکێنێ. لەبەرئەوە، زۆر جار هاوسەرگیریی، ئەو هەستە گەرموگووڕەی خۆشەویستیی، ئەو سۆزە پیرۆزەی ئەڤینی تێدا نییە، چونکە خۆشەویستیی و ئەڤین، زۆر باوەڕیان بە هاوبەندیی نییە!


بە داخەوە، تەمەنى خۆشەویستیی، وەک تەمەنى گوڵ وایە و زۆر زوو هەڵدەوەرێ، کەچیى تەمەنى ژیانى هاوسەرگیریی و خێزان، وەک شەوى تاریکونووتەکى درێژى زستان وایە، لە تەمەنى خۆشەویستیی، زۆر درێژترە. بۆیە عەرەب گوتوویەتى:{لە خۆشەویستییدا، شەوانى خۆشیی سنووردارە، لە هاوسەرگیرییشدا، شەوانى خۆشیی نییە!}(6)


هەروەها، عەرەب هاوسەرگیریییان، بە گۆڕستانى خۆشەویستیی داناوە، (7) جا گەر لە ژیانى هەر خێزانێکدا، کەشوهەوایەکى ڕۆمانسیییانە، بۆ خۆشەویستیی نێوان ژن و مێرد دابینکرێ، ئەوا تەمەنى خۆشەویستیی نێوانیان درێژتردەبێتەوە، خێزانێکی سەرکەوتوو و بەختیارتر پێکدێنن.


گەر خۆشەویستیی، دیاریی خوابێ، ئەوا هاوسەرگیریی، ئەزموونێکی تاکەکەسیی و تایبەتییە. ڕاستە هاوسەرگیریی، ئامانج نییە، بەڵکوو هۆیەکە، دوو ئەڤیندار کۆدەکاتەوە. کەواتە: خۆشەویستیی، بە ئامانجى سەرەکیی دەژمێررێ. لەبەرئەوە، ئامانجى خۆشەویستیی، هەرچی چۆنێبێ، ئەڤینداران نابێ، خەفەتى پێ بخۆن، چونکە خۆشەویستیی قومار نییە، بردنەوە و دۆڕاندنى تێدابێ، بەڵکوو خۆشیی و ناخۆشیی تێدا هەیە، هەر دووکیشیان چەن تاڵ و شیرین بن، دیاریییەکە، خوا بە مرۆی بەخشیوە!


ئاشکرایە، جیاوازیی لە نێوان خۆشەویستیی و هاوسەرگیرییدا هەیە، مەرجیش نییە، هەموو خۆشەویستیییەک بە پێگەیشتن و هاوسەرگیریی کۆتاییبێ. هەروەها، مەرجیش نییە، تەلاری هەموو ژنهێنان و شووکردنێکیش، لە سەر بنچینەى خۆشەویستیی هەڵچنرابێ! هەر کەسە و چانسی خۆی، چ جۆرە هاوسەرێکی تووشدەبێ، چونکە هاوسەرگیریی، وەک شووتى وایە، سپی یا سوور دەرچێ و ڕەنگی دیکەى نییە! واتە: یا ژیانە، یا ژانە!


گەر هەموو هاوسەرگیریی و پێگەیشتنێکیش، بە خۆشەویستیی کۆتاییبێ، مەرج نییە، بەختەوەر و سەرکەوتووبێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە: ئەو بەیەکگەیشتنە، بە خۆشەویستیی کۆتاییبێ! خۆشەویستیی و هاوسەرگیریی، دوو شتى جیاوازن، بەڵام زۆربەى کیژانى کورد، بارى سەرنجى تایبەتیییان، بۆ ئەو دوو دەرکەوتە گرنگە هەیە!

*     *     *

چۆن دەتوانی، مرۆڤێکی ڕۆمانسیی بی؟!!


بە هۆی ئەو هەموو گۆڕانکاریی و پێشکەوتنە خێرایانەی، لە بواری زانست و تێکنۆلۆژیادا ڕوویانداوە، ژیان بە گشتیی و خۆشەویستیی بە تایبەتیی، زۆر سەختبووە. چونکە بە شێوەیەکی بەردەوام، مرۆ لەگەڵ مەکینە و ئامێردا هەڵسوکەوت دەکا. بۆیە، پێش ئەوەی هەستی مرۆییمان ووشکبێتەوە، پێویستە، بیرمان نەچێتەوە، ئێمە مرۆڤین، هەست و سۆزمان هەیە! بۆ ئەوەی پێوەندیی نێوان دوو دڵدار، دوو هاوسەر پتەوتربێ، هەرچی چۆنێبێ، پیاو دەبێ، هەوڵبدا، خۆشەویستەکەی یا ژنەکەی بزانێ، خۆشیدەوێ و هەستێکی جوانی ڕۆمانسیی هەیە. ئەمەش کارێکی هێندە گران نییە، گەر خۆشەویستیى خۆی بۆ دەربڕێ و ڕێزی بگرێ، تا وای لێ بکا، باوەڕبکا! بۆ ئەوەی هەموو پیاوێ، لەگەڵ خۆشەویست و هاوسەرەکەی خۆیدا، پتر ڕۆمانسیی بێ، دەتوانێ، ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاوکا:


* پیاو دەتوانێ، ناوبەناو و بێ بۆنە، چەپکێ گوڵی ڕازاوەی جوان هەڵبژێرێ و بۆ خۆشەویستەکەی، یا هاوسەرەکەی بنێرێ، جۆر و ڕەنگی ئەو گوڵانە هەڵبژێرێ، کە لای ئەو جوانن!
* پیاو دەتوانێ، کەنتۆری جلەکانی هاوسەرەکەی، بە میزەڵانی سوور بڕازێنێتەوە، چونکە میزەڵانەکە، نیشانەی هاریی و بزێویی، ڕەنگە سوورەکەش، نیشانەی خۆشەویستیییە!
* پیاو دەتوانێ، مانگانە ڕۆژێ دیارییبکا، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، پێکەوە بەسەریبەرن!
* پیاو دەتوانێ، جاروبار، دیاریی ئاسایی بۆ هاوسەرەکەی بکڕێ، مەرجیش نییە، گرانبێ، چونکە ئامانج ئەوەیە: هاوسەرەکەی هەستبکا، هەمیشە لە بیرییەتی و بیری نەچووەتەوە!
* پیاو دەتوانێ، لە هەر بۆنەیەکدا بێ، نامەیەکی خۆشەویستیی بۆ هاوسەرەکەی بنووسێ، مەرجیش نییە، نووسەر یا هۆنەر بێ، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە، هەستی خۆی بۆ دەربڕێ!
* کاتێ پیاو لە دەرەوەیە و کاردەکا، گەر بە کورتییش بێ، دەتوانێ، بە تێلێفۆن پێوەندیی بە هاوسەرەکەیەوە بکا، تا هەستبکا، هەمیشە لە بیر و هۆشی دایە!
* بۆ ئەوەی ژن و مێرد، کەشوهەوایەک بگۆڕن، هێندێ کات پێویستە، لە جێیەکی ڕۆمانسیی نانبخۆن!

*     *     *

هێندێ دید و بۆچوونی جیاواز و سەیر:


هێندێ هۆنەر، نووسەر، ڕووناکبیر، فەیلەسووف، زانا و دانا، دەربارەی ژن، خۆشەویستیی، ئەڤین و هاوسەرگیریی، دید و بۆچوونی جیاوازیان هەبووە. لە بەر هەر هۆیە بووبێ، هێندێکیان بە خراپە و هێندێکی دیکەشیان بە چاکە، باری سەرنجی خۆیان دەربڕیوە. لە نێو نەتەوەی ئیسلامدا، ئایین کارێکی خراپی لە بیر و هۆشی زۆربەی خەڵکیی کردووە، چونکە قورئان فەرموویەتی:
{الرجال قوامون علي النساء بما فضل الله بعضهم علي بعض و بما انفقوا من اموالهم فالصالحات قاتنات حافظات للغيب بما حفظ الله و التي تخافون نشوذهن فعظوهن في المضاجع و اضربوهن فان اطعنكم فلا تبغوا عليهن سبيلا ان الله كان عليا كبيرا}.


با لێرەدا، وەک مشتێ لە خەروارێ، چەن نموونەیەک لە سەر ئەو دید و بۆچوونە جیاوازانە بێنینەوە. ئەوانەی بە خراپە دوواون:


* پەیامبەر {عیسا} دەربارەی ژن گوتوویەتی: گەر دەتانەوێ، {عیسا}تان خۆشبوێ، پێویستە، واز لە خۆشەویستیی ژنان بێنن!
* یەکێ لە بیریارەکان گوتوویەتی: بیریارەکان ژن ناهێنن، تەنیا گەر بیریان، ناپاکیییان لێ بکا!
* {برناردشۆ} گوتوویەتی: پێویستە لە سەرمان، بەگوێرەى خەسڵەتە مێیینەکان، قسە لەگەڵ ژن بکەین، وەک چۆن پێویستە، بەگوێرەى خەسڵەتى شێتیى، قسە لەگەڵ شێت بکەین!
* {سوکرات} گوتوویەتی: لە ژیانمدا، سێ شتی زۆر قوورس ڕووبەڕوومبوونەتەوە: ئەوانیش ڕێزمان، هەژاریی و ژن بوون. ڕێزمان بە خوێندنەوە و هەژاریی بە ئارامگرتن، بە سەریاندا زاڵبووم. بەڵام تا ئێستەش، چارەسەرێکم بۆ ژن نەدۆزیوەتەوە!
* {پەندێکى ڕەشپێستەکان} دەڵێ: گەر ویستت، نهێنیى بشاریتەوە، بیدە بە با و بە ژنى مەدە!
* {پەندێکى ئینگلیزیى} دەڵێ: ژنى ناشیرین: نەخۆشیی گەدەیە و ژنى جوانیش: سەر یەشەیە!
* خراپترین و هیچوپوچترین دوژمن ژنە، گەر بڕیارى شەڕی دابێ!
* کاتێ لە بەردەم ژنێکدا، ستاییشی ژنێکی دیکە دەکەی، وەک ئەوە وایە، جنێوی پێ بدەی!
* زریان تووڕەبوون، زەریا قووڵیی و ماریش، نەرمیی و مەترسییان، بە ژن بەخشیوە!
* پیاو لە ژن جیادەبێتەوە، تا ئازادبێ، ژنیش لە پیاو جیادەبێتەوە، بۆ ئەوەى سەرلەنوێ شوبکاتەوە!
* پیاو لە هەڵەکان دەبوورێ و بیریدەچێتەوە، بەڵام ژن لێشببوورێ، بیرى ناچێتەوە!

بە پێچەوانەشەوە، هێندێ کەسی دیکە هەبوون، دید و بۆچوونێکی باشیان هەبووە. بۆ نموونە:


* {ناپلیۆن} گوتوویەتی: ژنى جوان سەرنجڕادەکێشێ و ژنی باشیش، دڵ دەبزوێنێ. یەکەمین زێڕە و دووەمینیش گەنجە!
* {سولەیمانى کوڕی داود پەیامبەر} گوتوویەتی: ژنى ژیر، ماڵی مێردەکەى ئاوەداندەکاتەوە و ژنی نەزانیش دەیڕوخوێنێ!
* {لۆرانس} گوتوویەتی: ژن تاکە هۆکارێکە، بۆ ئەوەى ژیان بەردەوامبێ!
* {ڤان هرست} گوتوویەتی: گەر پیاوێک فێرکرد، یەک کەس فێردەکەی. گەر ژنێک فێرکرد، خێزانێ فێردەکەی!
* لە ژنەوە، فێری بەزەیی و لە گوڵیشەوە، فێری ناسکیی و ڕووخۆشیی بە!
* گەورەترین بوونەوەر ژنە، گەر ڕێزی خۆی بزانێ!
* پیاو ڕووبارە و ژنیش زەریا!
* ژنى ڕاستەقینە دەتوانێ، جوانیی لە دڵی پیاودا بچێنێ، گەر خۆشى جوان نەبێ!
* پیاو بێ ژن، سەرێکی بێ جەستەیە و ژنیش بێ پیاو، جەستەیەکی بێ سەرە!
هەروەها، بە هەمان شێوە، دەربارەی هاوسەرگیریی و خۆشەویستییش، بیر و باوەڕی جیاواز هەبووە، بۆ نموونە:
* {سوکرات} گوتوویەتی: بە یەکآ لە شاگردەکانم گووت: کوڕم! دەبێ ژنبێنى. گەر ژنێکى باش و ژیرت هێنا، دڵخۆشدەبی. گەر ژنێکى خراپ و دەمەوەریشت هێنا، ئەوا دەبی بە فەیلەسووف!
* هەروەها گوتوویەتی: ژنبێنی یا نەهێنی، هەر پەشیمانیی لە دووایە!
* {لۆرد لۆجستەر} گوتوویەتی: پێش ئەوەی ژنبێنم، بۆ منداڵبەخێوکردن، {6} تیۆرییم هەبوو. بەڵام ئێستە {6} منداڵم هەیە، کەچیی بۆ منداڵبەخێوکردن، هیچ جۆرە تیۆریییەکم نییە!
* {بورنز} گوتوویەتی: ژنهێنان وەک جێبەجێکردنی نەخشەی جەنگ وایە، گەر هەڵەیەکی زۆر پچووکی تێدا بکرێ، ئەوا مەحاڵە بگەڕێتەوە!
* {سۆنی ئیسمات} گوتوویەتی: لەگەڵ هاوسەرەکانتان، وەک پەرتووک هەڵسوکەوتبکەن و بەشە ناخۆشەکانی مەخوێننەوە!
* {کریستن} گوتوویەتی: ژنهێنان، لە جەنگ پتر ئازایەتیی دەوێ!
* {سینکالوس} گوتوویەتی: لە ژیانی هاوسەرگیرییدا، پیاو ڕابوردووی خۆی و ژنیش ئاییندەی خۆی ڕەشدەکاتەوە!
* زانایەکی {پۆڵۆنیی} گوتوویەتی: پێش ئەوەی بڕۆن بۆ جەنگ، دوو جار نزا بۆ خۆتان بکەن، بەڵام پێش ئەوەی خوازبێنیی بکەن، سێ جار نزابکەن!
* {ئەندریە مۆلا} گوتوویەتی: هاوسەرگیریی، بێ هەراوئاژاوە و زیزبوون نابێ، وەک چۆن دەوڵەت، بێ ئەزمە نابێ!
* {جاکسۆن} گوتوویەتی: هاوسەرگیریی ئەوەیە: ئەو خواردنەى بە عەرەقى نێوچەوان پەیدایدەکەی، نیوەى بە ئەو کەسە بدەی، نیوەکەى دیکەت بۆ لێدەنێ!
* {ئاگاتا کریستی} گوتوویەتی: من تەنیا شوو بە پیاوێ دەکەم، شوێنەوارناسبێ، تا پیرتربم، پتری خۆشبوێم!
* {سەعید نەفیسیی} گوتوویەتی: هاوسەرگیریی پێوەندیییەکە، لە سەر درەختێ موتووربەدەکرێ، گەر سەرکەوتووبوو، ئەوا هەر دووکیان دەژێن، گەر سەرکەوتووش نەبوو، ئەوا هەر دووکیان دەمرن!
* پەندێکی {فڕەنسیی} دەڵێ: هەر کەسێ زوو ژنبێنی، هەڵەیەکی گەورە دەکا و درەنگیش ژنبێنی، هەڵەیەکی گەورەتر دەکا!
* هەروەها پەندێکی دیکەشیان هەیە، دەڵێ: پیاوێ لە بەر پارە ژنبێنێ، خۆی تووشی نۆکەریی دەکا!
* پەندێکی {ئەڵمانیی} دەڵێ: کاتێ ژندەهێنن، پتر ڕاوێژ لەگەڵ گوێتان بکەن، وەک لە ئەوەی، لەگەڵ چاوەکانتان دەیکەن!
* پەندێکی {سکۆتلەندیی} دەڵێ: هیچ ژنێ ئامادە نییە، لە ڕێی خوادا شووبکا!
* هەروەها پەندێکی دیکەشیان هەیە، دەڵێ: بەردەوامبوونی هاوسەرگیریی، بەشێکی پێوەندیی بە خۆشەویستیی و نۆ بەشەکەی دیکەشی، پێوەندیی بە چاوپۆشین لە هەڵەی یەکدی و لێبووردنەوە هەیە!
* {پەندێکى کوردیى}ش دەڵێ: گەر ژن چاو لە دەرەوە بوو، {فاتیحە} بۆ هاوسەرگیریی بخوێنە!
* کیژە هەرزەکارەکان، خەون بە زاوایەکى جوان، ژنە کامڵەکانیش، خەون بە زاوایەکى دەوڵەمەندەوە دەبینن!
* ئەو ژنەی هەوڵبدا، مێردەکەی شادبێ، خۆی و ماڵەکەی، لە هەموو شتێکی خراپ دەپارێزێ، هەمیشە، هاوسەرگیییەکی سەرکەوتوو و جێگیر دابیندەکا!
* هێندێ کەس هەن، پێیان وایە: خۆشەویستیى هاوسەرگیییە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە. هاوسەرگییریش جێبەجێکردنە، بەڵام خۆشەویستیى ڕاگیراوە!
* پیاوی ژیر، خۆشەویستیی لا دەس ناکەوێ!
* زۆر پیاو هەن، گەر ڕوخساری ژنێکیان بە دڵ بوو، هەڵەدەکەن و ژنەکە هەمووی دێنن!
* هاوسەرگیریى هەڵەیەکە، جیابوونەوەش ڕاستی ناکاتەوە!
دەربارەی خۆشەویستییش گوتوویانە:
* {عەباس مەحموود عەقاد} گوتوویەتی: خۆشەویستیی جوانیی، خۆشەویستیی هەموو شتێکە لە بەرزترین شێوەیدا.
* ئەڤینى کۆن، ڕەنگى تێک ناچێ!
* {کلانێرکیی}هۆنەری {دانمارکیی} گوتوویەتی: خۆشەویستیی ڕاستەقینە، هێلانەی گەرموگووڕی خۆی، بە هەزار بەهەشت ناگۆڕێتەوە!
* ئەفسوونی یەکەمین خۆشەویستیی، لە نەزانینەوە دەسپێدەکا، گوایە، هەرگیز کۆتایی نایە!
* دەسم بۆ هەمووان درێژدەکەم، بەڵام دڵەکەم، تەنیا بۆ خۆشەویستەکەمە!
* کاتێ هەژاریی لە دەرگەوە دێتەژوورەوە، خۆشەویستیی لە پەنجەرەوە ڕادەکا!
* {گۆران}ی بلیمەتیش، لە کۆتایی هۆنراوەیەکی خۆیدا گوتوویەتی:
کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەڕوانیی تەلیسماویی یە، وەک هی دڵداریی!

*     *     *

ناوی هێندێ لە ئەڤیندارە ناسراوە بە ئەمەک و دڵسۆزەکانی جیهانی خۆشەویستیی:


بیانیی: ئەدواردی هەشتەم و خاتوو سیمپسۆن، ئەلوار و هاوئیز، یۆڵ و رویرژینی، ترسیتان و ئایزووت، رۆمیۆ و جولێت، کلاراویک و رۆبرت شۆمان، کیلۆباترا و ئەنتۆنیۆ، لۆرد نیلسۆن و لێدی هامڵتۆن، تاوزەن و مارگرێت، مۆسۆلێنیی و کلاراپیتاچی، ناپلیۆن و جۆرفین، هێتللەر و ئێڤابراون، هەنری هەشتەم و کان پۆڵین، پاریس و هێلین، تۆو و وانیکێش.


عەرەبیی: ئەخناتوون و نەڤەرتیتی، سلیمان و بەڵقیس، یوسف و زڵەیخا، لەیلا و مەجنوون، قەیس و لوبنا، وامیق و عەزرا، وەیس و رافین، رابعە و یەکتاش، سامسۆن و دەلیلە، تاهیر و تاهیرە، داود و ئیبتسامە.


کوردیی: مەنیجە و بێژەن، شیرین و فەرهاد، مەم و زین، وەلیی و شەم، لاس و خەزاڵ، خەج و سیامەند، ستێ و کەریم، شێنە و جەمیل، ناسر و ماڵماڵ، فەرخ و ئەستێ، ئەمیر ئەرسەلان و فاروقلیقا. {9}
___________________________________________________________
سەرچاوە و تێبینیی:

1. احمد على حسن، التضوف جدلية و انتماء،....، ان اللة سبحانة و تعالى يتجلى اعظم ما يتجلى فى صورة المراة.

2. ان اللة جميل يحب الجمال.

3. القلب يعشق كل جميل.

4. في حياة كل منا، وهم اسمة حب.

5. برنامج دنيا، القناة الفضائية لتلفزيون ابوضبي، 2002.07.05.

6. فى الحب، ليالي السعادة محدودة، فى الزواج، ليالي السعادة معدومة.

7. الزواج مقبرة الحب.

8. www.dare.gooshi.com  

9. گۆڤاری که‌له‌پووری کورد، ژماره‌ 19، سوله‌یمانیی، زستانی 2005.

10. قورئان.

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ.

 

ماڵپه‌ڕی دوکتۆر حوسێن محه‌ممه‌د عه‌زیز