په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠٠٩

دەسەڵات بۆ هەراسانە؟!


ئیبراهیم بالیسانى


بەداخەوە ، ئەمڕۆ هەندێ کەس (بەرپرس) کەوتونەتە ناو هەڕەمى دەسەڵاتەوە بێدوودڵى شایستەى ئەو شوێن ومەکانە نین. ره‌نگە یەکێک لەو هۆکارانەى کەوایکردوە ئەو جۆرە بەرپرسانە بگەنە ئەو پلەوپایە ، بونى مڵملانێیەکانى نێو پارت ورێکخراوە سیاسیەکانى کوردستانبێ ! لەبەر ئەوەى ، ئەوەى لەماوەى هەژدەساڵى رابردوو سەبارەت بە کارى حزبى ورێکخراوەى گوزەراو لە ئێستاشدا بەردەوامە نەبونى دیموکراسیەتێکى راستەقینەى بو،نەک ئەو دیموکراسیەتەى کە خۆیان پێناسەیان بۆ دەکرد !چونکە هەرکاتێک مڵملانێکان گەیشتنە ئاقارى لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى حزبى وکەسى وهۆزى وناوچەگەرى ئەوا سەرانى حزب بۆ پاراست ولەدەست نەچونى دەسەڵات وسەرمایەولەزەتى ژیان پەنا بۆ زۆرکەس دەبەن تا لەدەوروچوارچێوەى پارتەکەیان کۆببنەوەو بتوانن پارێزگارى لە حزبەکەیان ودەسەڵات وبەرژەوەندیەکانیان بکەن .هەرئەوەشە وایکردوە زۆرى وبۆرى زیاتر تەشەنەبکات وهەموو کایەکانى سیاسى بگرێتەوە.


بەلەبەرچاوگرتنى ئەو بنەمایەو چۆنیەتى تێگەیشتنیان لەبوارى رامیارى وچۆنیەتى بەرێدا بردنى هەرسێ دەسەڵاتەکە (پەرلەمان ، حکومەت ، دادگا) وەک دەبینین وتێبینى دەکەین ئەو شوێنانە پڕکراون لە کەسى ناشایستە !! هۆکارەکەش روونە، ئەوانەى کە بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان دەکارن وتێدەکۆشن هەمیشە بەرژەوەندى حزب دەخەنە سەرویى بەرژەوەندى نەتەوەى وگشتى ! ئەوانە بەردەوام لەئاست ئەوانەدا دەچەمێنەوە کەبونەتە مایەى پێدانى بەرپرسیارەتەکەیان . بونى ئەو جۆرە کەسانە لەناو هەڕەمى دەسەڵات ودەزگاکانى بەرێوەبردن نەخۆشیەکى کوشندەو ڤایڕۆسێکى وێرانکەرى وڵات ودەسەڵاتە!واتا بەهۆى هەبونى ئەوانە وە رێگریەکى گەورەش لەبەردەم کاروبەرنامەوشارەزایى ئەو بەرپرسە زرنگ ودڵسۆزانەى کە لەرێگاى شایستەییەوە پۆستەکەیان پێدراوە دروستدەکەن . چونکە ئەو کەسانەى کە لەسەر بنەماى وەڵائو پاراستنى بەرژەوەندیەکانى ئەوانیدى ( سەروى خۆیان) پۆستیان پێدراوە هەرگیز وەک ئەو بەرپرسانە بیرناکەنەوەو تێناکۆشن ودڵسۆزنین بۆ بەدەست هێنانى دەسکەوتى گشتى وبەرژەوەندى گشتى!!

 

لەراستیدا ئەوان خودان ئاغاوکوێخاومیریى خۆیانن ومورید ئاسا لەئاست هەموو بڕیاروراسپاردەوپیلان ونەخشەکانى ئەو خودانانەى خۆیان دەچەمێنەوەوتەنیا وەڵامیان لەئاست ئەو داواوئامۆژگاریانە ى کە ئاراستەیان دەکرێ (بەڵێ ) یە! قەت جورئەتى ئەوەیان نیە تەنیا جاروبار بۆ بەرژوەندى گشتى بڵێن : نەخێر!! یا هەرکاتێک زانیان یا بیستیان کە رەوشى وڵات لەژێر رەحمەتى پیلان ولەناوبردندایە بێنە قسەوڵێدوان . ئەوان جۆرە کەسانە بۆ هەموو جولەیەک وگفتۆگۆوکۆبونەوەومەبەستێک دەگەرێنەوە بۆ سەروى خۆیان وپرسیان پێدەکەن تا بەدڵودەرونى ئەوان هەنگاوبنێن وبە میزاجى ئەوان هەڵسوکەوت بکەن نەک بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى گشتى !!

 

رەنگە تاکە دەسەڵات کە هەیانبێ وبتوانن ممارەسەى بکەن لە کارى رۆژانەى خۆیاندا وەڵامدانەوەى ئەو نوسین وراپۆرتانەبێ کە بلاودەکرێنەوە سەبارەت بە کەمتەرخەمى ولێناهاتویى خودى خۆیان. هەرچەندە ئەوان دەزانن کە ئەوەى لەسەریان بلاوکراوەتەوە راستە وهەڵبەستراو نیە ،کەچى ئەوان بۆ چاوبەستنى خەلک وهاوڵاتیان بێسڵەمینەوە لە هەر جۆرە رەفتارێکى سیاسى وکۆمەڵایەتى زووبەزوو وەڵامى بلاوکراوەکان دەدەنەوە !!بەوەش هەم دەیانەوێ کەسایەتى خۆیان بە لەکەدارنەکراوى ببین وهەم واش لە خەلک وکۆمەڵ بگێنن کە ئەوەى لەسەریان بلاوکراوەتەوە راست نیەو هەڵبەستراوەو تەنیا وەڵامەکەى خۆیان بەراست نیشان دەدەن و پێناسە ى بۆدەکەن. ئەوە تێگەیشتنى کەسێکە کە دابڕاوە لە کۆمەڵ وشەقام وژیانى هاوڵاتیان بەگشتى ، ئەگیانا خەلک دەمێکە لەوە گەیشتوە کە کێ دڵسۆزى میللەتەوکێش بە پاکى وراستگۆى هەوڵدەداوخزمەتى گەل ومیللەتەکەى خۆى دەکا ؟ لەبەر ئەوە باشترە چیتر ئەو جۆرە بەرپرسانە لە دەسەڵاتى چوارەم پەست نەبن ورێگرى لەبەردەم کارى رۆژنامەوانى ونوسەرەکان دروست نەکەن وبوارەکە بەهۆى وەڵام وەڵاکاریەکەى خۆیان ناشیرین وشێواونەکەن .بێگومان ئەگەر بەردەوامیشبن لەسەر ئەو جۆرە رەفتارانەیان وەک چۆن ئێستا هەراسانیان پێوە دیارە ، ئەوا بەهۆى هەراسان بونەکەیانەوە رەنگە دەسەڵاتیش هەراسان بکەن !!کە ئێمە ئومێدى ئەوە ناخوازین وناشمانەوێ ئەو رەوشە دروستبێ کە هەندێ کەسى بەناوبەرپرس هەوڵى بۆدەدەن.

 


Info_balisani@yahoo.com