په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دەسەڵاتی کوردی و زمانی خوێن.
 لە جیاتی سەرەخۆشی و نوزانەوە با ئەم تابڵۆیە خوێناوییەی سۆران قەبوڵنەکەین.


ناڵە حەسەن    


تیرۆرکردنی سۆران هەرکێیەک پێی هەڵسا بێ و بەهەر مەبەستێکەوە بووبێت ، ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی کوردی لێی بەرپرسە . ڕاستەوخۆ مۆرێکی ڕەشە بە نێوچاوانی دەسەڵاتی کوردی یەوە . تیرۆرکردنی سۆران بە هەر مەبەستێکەوە بووبێت ، ئەوە تەنها هەوڵدانێک نیە بۆ کۆتایی هێنان بە ژیان و بە قەڵەمی مرۆڤێک ، بەڵکو ئەوە وەڵامێکی زۆر ڕاشکاوانەی دەسەڵاتی کوردی یە بەرامبەر بە چەمکی ئازادی و بەرامبەر بە قەڵەم و وشەی ئازاد . تیرۆرکردنی سۆران بە هەر مەبەستێکەوە بووبێت ، کۆد و ڕەهەندەکانی ئەم کارە ناشیرین و ترسنۆکانەیە دوو تابڵۆی زۆر ڕۆشنمان پێشان دەدات . تابڵۆی یەکەم ئەوەمان پێدەڵێت : کەوا دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی سەرکەوتوو و پۆزەتیڤ نیە . ئەوەمان پێدەڵێت ، کەوا دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی ترسنۆکە و پڕاوپڕە لە عەیب و عار . دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکە ناتوانێت وەڵام بە خواست و ئومێدەکانی کۆمەڵگە بداتەوە . دەسەڵاتێکە ناتوانێت ژیان و ئاسایش و ئارامی مرۆڤەکان بپارێزێت . دەسەڵاتێکە ناتوانێت جێگای باوەڕ و متمانەی کۆمەڵگە بێت . بە مانای دەسەڵاتێکی نەزۆک و فاشیلە . نەزۆک و فاشیل بە هەموو مانایەک .


تابڵۆی دووەم ئەوەمان پێدەڵێت : کەوا دەسەڵاتی کوردی پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە . کە بە زمانی خوێن قسەمان لەگەڵ دەکات. بە زمانی خوێن وەڵام بە ئومێد و خواست و مافە سەرەتاییەکانمان دەداتەوە . بە زمانی خوێن قسە لەگەڵ خەون وخەیاڵ و ئایندەمان دەکات . بە زمانی خوێن قسە لەگەڵ قەڵەم و وشەکانمان دەکات . ئەمەش قۆناغێکە هەموو جەڵاد و دیکتاتۆر و مرۆڤکوژەکانی مێژوو پیایدا ڕۆیشتوون . هەموو ( فیرعەون و قەیسەر و هیتلەر و هۆلاکۆ و سەدام و بنلادن ) ەکانی پێیدا ڕۆیشتوون . قۆناغێکە کۆد و ڕەهەندە کارێزماییەکان لە نێو تابڵۆ خوێناوییەکان بە ڕووتی دەبیندرێن . قۆناغێکە کۆد و ڕەهەندەکانی فاشیزم لە نێو تابڵۆ خوێناوییەکان بە ڕۆشنی قسە دەکەن . ئەم زمانی خوێنە زمانێکە لە نێو ناخ و خەیاڵ و لە نێوبیرکردنەوەکانی دەسەڵاتی کوردی ئامادەگی هەیە . ئەم زمانە زمانی حەقیقەت و زمانی ناسنامەیی دەسەڵاتی کوردی یە . ئەم زمانە ناسنامەییە جیایە لەگەڵ ئەو زمانەی ڕۆژانە قسەی پێ دەکەن . جیایە لەگەڵ زمانی خیتاب و ڕۆژنامە ڕووزەردەکان و ڕاگەیاندنە ڕیاکاریەکانیان . ئەو زمانەی کە ڕۆژانە قسەی پێدەکەن ، زمانی درۆ و فێل و ساختە و ڕیاکارییە ! بۆیە هەڵە نەبووین و زێدەڕۆییمان نەکردبوو کە گوتمان : دەسەڵاتی کوردی ، دەسەڵاتێکە پاشماوەی بەعسیزمە دەسەڵاتێکە بەرژەوەندیەکانی بنەماڵە و بەرژەوەندیەکانی پیاوانی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی حیزبەکانیان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەوە . هەڵە نەبووین کە پڕاوپڕ بووین لە نیگەرانی بەرامبەر بەم دەسەڵاتەمان . هەڵە نەبووین کە گوتمان : دەسەڵاتی کوردی ، دەسەڵاتێکە لە پەنجەرەکانی دوێنێوە دەڕوانێتە ئایندە . ناتوانێت وەڵام بە ئومێد و خواستەکانمان بداتەوە و ژیان و بوون و ئاسایشمان بپاریزێت . هەڵە نەبووین کە گوتمان : ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئەم چەمکانە لە فەرهەنگی ئەم دەسەڵاتە بوونی نیە و تەنها چەمکگەلێکن بۆ ساختە و ڕیاکاری بەکاریان دەهێنن . هەڵە نەبووین کە گوتمان : هەموو ئەو قەڵە دەستەمۆ بووانەی ژێر چەتری ئەم دەسەڵاتە هەموویان قەڵەم جاشن و مڵکەچ و زوڕناژەنی دەسەڵاتن . هەڵە نەبووین کە گوتمان : سەرانی ئەم دەسەڵاتە کەسی نیشتیمان پەروەر و دڵسۆز و ڕاستگۆ نین لەگەڵ بەڵێن و پۆست و بەرپرسیارێتیەکانیان ، بەڵکو چەند مافیا و بازرگانێکن هاتوون بازرگانی بە ژیان و ئایندە و چارەنووسمان بکەن .


تیرۆرکردنی سۆران .. ئەم تابڵۆ خوێناوییە ئەمە سەرەتای هەزارەها و ملیۆنەها تابڵۆی خوێناویترە ! ئەم تابڵۆ خوێناوییەی سۆران ، سەرەتایەکە بۆ دووبارەبوونەوەی هەموو تابڵۆ خوێناوییەکانی دوێنێ ! ئەم تابڵۆ خوێناوییەی سۆران ، دووبارە کوڵاندنەوەی برینەکانی جەستەی کۆمەڵگەی کوردی یە ! دووبارە سووربوونەوەی لێوی خاکە بە خوێنی برینی ئومێدەکانی کۆمەڵگەی کوردی ! ئەم تابڵۆ خوێناوییەی سۆران بوو بە ڕمزی قەڵەمی ئازاد و وشەی ئازاد ، ئەم تابڵۆ خوێناوییەی سۆران ، ئێمەی لە خەوێکی قووڵ ڕاچلەکاند و بە ئاگایهێناینەوە بۆیە ئێستا سۆران هاوار و هەڵوێست و ڕووبەڕووبوونەوەی لە ئێمە دەوێت !


تەموزی 2008