په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٦

دەزگا رۆشنبیرییە تاقانە کوردستانییەکەى کەرکوک و
تۆپی بەرپێی گەرمیان و چەمچەماڵ و سلێمانى.

سەڵاح حەمەئەمین  


((دواى ئەوەى بەڕیوبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەر لەسلێمانى سەر بە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەنووسراوى ژمارە (١١٨) لە ریکەوتى ٣١/٣/٢٠٠٨ بڕیارێکى سەیروسەمەرەى لەسەر دەزگا تاقانە رۆشنبیرییە کوردستانیەکەى کەرکوک دەرکرد، لە ژمارە (٢٨٧)ى رێکەوتى ١٢/٧/٢٠٠٨ى رۆژنامەى هەواڵ بابەتێکم لە ژیر ناونیشانى (شارۆچکەى کەرکوک سەر بە پاریزگاى گەرمیان بڵاوکردەوە. بەهۆى ئەوەى تائەم دەمە ئەو گەمە مەترسیدارە لە نێوان گەرمیان و چەمچەماڵ و سلێمانى بەو دەزگا تاقانەیە بەردەوامە) بەباشم زانى جارێکى تر لەسەر ئەو بابەتە بنووسمەوە)).

لە دواى راپەڕینى بەهارى (١٩٩١) و بەهۆى ئەوەى بەهارى ئازادى کەرکوک دریژەى نەخایاند و ئەو شارە دیرینەى کوردستان لەو قۆناغەدا لە ئامیزى کوردستان دەرهێنرا . لەو شارو شارەدییانەى کە لەساڵى ١٩٧٤ بەهۆى سیاسەتى گۆڕینى دیموگرافیاى شارى کەرکوک کە رژێمى لەناوچووى بەعس لەو شارەدا پەیڕەوى ئەکرد دابڕان حکومەتى هەرێمى کوردستان پاریزگایەکى بەناوى کەرکوکەوە لە گەرمیان دامەزراند ، دوابەدواى ئەو بڕیارە وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان ( بەڕێوەبەرێتى رۆشنبیرى کەرکوک ) ى لە گەرمیان کردەوە.

لەدواى روخاندنى رژێمى لەناوچوى بەعس و ئازادکردنەوەى شارى کەرکوک لە ساڵى (٢٠٠٣)دا هونەرمەندان و نووسەران و رۆشنبیرانى شارى کەرکوک هەوڵ و تەقەلایەکى زۆریان دا بەمەبەستى گەڕانەوەى ئەو بەڕێوبەریەتییە بۆ نیو شارى کەرکوک ، بەڵام بەداخەوە لەو کاتەدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهۆى ئەوەى کەرکوک نەگەڕابووەوە ئامیزى کوردستان نەیانتوانى بەو ئەرکە هەڵسن.

لەساڵانى (٢٠٠٤ و ٢٠٠٥) دواى هەوڵ و تەقەلایەکى زۆرلەلایەن ناوەندى کەرکوکى یەکێتى هونەرمەندانى کوردستان و چەند رێکخراوو سەندیکایەکى تر توانرا ژمارەیەک لە هونەرمەندان نووسەران و رۆژنامەنووسانى کەرکوک لە وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان دابمەزرینن . لە ساڵى (٢٠٠٧)دا بەمەبەستى برەودان بەبوارەجیاجیاکانى رۆشنبیرى و هونەر لەشارى کەرکوکدا بڕیارى کردنەوەى (فەرمانگەى رۆشنبیرى کەرکوک) و گواستنەوەى هەموو ئەو فەرمانبەرانەى کە سەربە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستانن و نیشتەجێی شارى کەرکوکن بۆ سەر ئەو فەرمانگەیە درا. دواى کەمتر لە ساڵیک بەسەر کردنەوەى ئەو فەرمانگەیە (بەڕێوەبەرێتى رۆشنبیرى گەرمیان)ى سەر بە (بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەر) لەسلێمانى بە (فەرمانى کارگێڕى) ژمارە (١١٨) لەرێکەوتى ٣١/٣/٢٠٠٨ بڕیاڕێکى سەیرو سەمەرەى سەبارەت بە مامەڵە کردن لەگەڵ شارە دیرینەکەى کوردستان کەرکوک وەک شارۆچکەو شارەدییەکان دەرکرد ، تێدا هاتبوو ((بڕیاردرا بەکردنەوەى بنکەى رۆشنبیرى لەم شارو شاروچکانەى خوارەوە لە پەیکەرى رێکخستنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەر لەگەرمیان (کەرکوک، دووزخورماتوو، کفرى، خانەقین، کەلار) )). بەم شێوەیە لەو ساڵەدا لەبرى ئەوەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەر لە کەرکوک بکریتەوە لە گەرمیان کرایەوە و بڕیاردرا لە کەرکوکیش وەک شارو شارۆچکەکانى گەرمیان ( بنکەى رۆشنبیرى ) تیدا بکریتەوە . بەم شیوەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو خەونەى توێژى رۆشنبیرى کەرکوکیشى لە گۆڕنا!؟

پەراویزخستن و بچوک کردنەوەى شارى کەرکوک و نووسەران و هونەرمەندانى ئەو شارە لەو رادەیەدا نەوەستا ، دواى ماوەیەک و لەوکاتەى خەڵکى شارى کەرکوک لە چاوەڕوانى ئەوەدا بوون کەئەو شارو شارەدییانەى کە لە ساڵى (١٩٧٤) لەکەرکوک دابڕینران بگەڕینرینەوە سەر شارى کەرکوک... دواى ماوەیەک لە لکاندنى (فەرمانگەى رۆشنبیرى کەرکوک) بەگەرمیان ، پەیوەندى ئیدارى و دارایی ئەو بنکەیە گواسترایەوە سەر چەمچەماڵ. دواى هەوڵ و تەقەلایەکى زۆر بەفەرمانى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ژمارە (٣٥٩٥) لەریکەوتى ٢/٥/٢٠١١ و فەرمانى کارگیڕى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى ژمارە ( ٢١٢٦) لە رێکەوتى ١٠/٥/٢٠١١ ئەو فەرمانگەیە کرایە (بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى و هونەرى کەرکوک).

لەدوابڕیارى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ رووبەرووبونەوەى قەیرانى دارایی ، بڕیارى کەم کردنەوەو تێکەڵکردنى دەزگاو بەڕێوبەرایەتیە هونەرى و رۆشنبیرییەکانى سەر بەو وەزارەتەى دەرکرد ، بەو پییە سەر لەنوێ دەزگا تاقانە رۆشنبیرییە کوردستانیەکەى کەرکوک ئەبیتەوە بە (بنکە یان فەرمانگە یان....) و ئەبیتەوە بە توپی بەر پێی گەرمیان و چەمچەماڵ و سلێمانى.

 

 

salah1325681@gmail.com

 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک