په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٠

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز:

بۆ کورد، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پۆستی سەرۆک کۆمار باشتر و گرنگترە!

دیمانە: باوکی تاڤێن

- بەشى یەکەم -


باوکی تاڤێن: هەندێک بۆچوون جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە، چیدی کورد هێزێکی سەرەکیی هاوکێشە سیاسییە نوێکانی {عێراق} نییە و سەرکردە کوردەکان، بە هەمان کاریگەریی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی {بەعس}ەوە، جێپەنجەیان بە بارودۆخی تازەی {عێراق}ەوە دیار نابێ. من پرسیاردەکەم، ئایا پێگەی کورد لە {عێراق}ی دوای هەڵبژاردنی {7-3-2010}، چۆن دەبێ؟ ئایا بارودۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوا، کورد لە {عێراق}دا، بچێتە پەڕاوێزی بڕیارەوە؟


دوکتۆر حوسێن: ئەز لەگەڵ ئەو بۆچوونە کاڵوکرچانەدا نیم. چونکە کۆڵەر دەبێ، بارودۆخەکە بە تەواویی شیکاتەوە و لێکیبداتەوە. سەرانی عەرەب بیانەوێ و نەیانەوێ، گەلی کورد لە دوای گەلی عەرەب لە {عێراق}دا، بە دووەمین پێکهاتەی نەتەوەیی دەژمێررێ. هەروەها، لە ڕووی سەنگ و قورسایی ڕامیارییشەوە، بە هێزێکی گەورە دادەنرێ. گەر هەموو ڕێکخراو و پارتەکانی {کوردستان}، پێکەوە و بە یەک دەنگ، لە ئەو دیو چیاکانی {حەمرێن}وە، خۆیان بنوێنن و داوای مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکەن. بە پێچەوانەشەوە، گەر هەر هێزێکی ڕامیاریی، سەربەخۆ کاربکا و لە ئاوازێ بخوێنێ، ئەوا ئەو سەنگ و قورسایییەیان نابێ و دەسەڵاتیش، زۆر بایەخیان پێ نادا. لەبەرئەوە، هیچ هێزێکی ڕامیاریی لە نێو عەربدا ناتوانێ، کورد چ وەک گەل و چ وەک هێزێکی یەکگرتووی بەهێزی ڕامیاریی پشتگوێخا.


گەر ڕەوشی ئەوڕۆش، لەگەڵ سەرەتای ڕوخاندنی ڕژێمی {بەعس}دا بەراوردکەین، ئەوەیان شتێکی دیکەیە. چونکە هەم سەردەمەکە گۆڕاوە. هەم گرفتەکانی ئەوان کەمبوونەتەوە. هەم سەرکردایەتی پارتەکانی کوردیش نەیانتوانیوە، ئەو هەلە بە باشیی بقۆزنەوە و ئەو هاوسەنگییە گرنگەی، لە نێوان خۆیان و پارتەکانی نەتەوەی باڵادەسدا هەبوو، بیپارێزن. جگە لە ئەوەی، بایەخێکی زۆریان بە مافەکانی گەلی کورد نەداوە، بایەخیان بە پۆستی فەرمانڕەوایی داوە، ئەوەش لەچاو ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلی کورددا، هیچ نییە، کە چەندین ساڵە قوربانیی بۆ دەدا. واتە: هێندەی هەوڵیانداوە، ڕیزەکانی عەرەب ڕێکخەنەوە، هێندە هەوڵیان نەداوە، هەموو هێزە ڕامیاریییەکانی کورد، لە دەوری یەک ئامانجی نێوەندیی ستراتیژیی کۆکەنەوە! هێندەی بایەخیان بە بەهێزکردنی دینگە سەرەکیییەکانی دەوڵەت و پاراستنی سنوورەکانی {عێراق} داوە، هێندە بایەخیان بە بەدیهێنان و چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد نەداوە! لەبەرئەوە ڕەنگە، سەرکردەی پارتەکانی عەرەب، ئەو لێکدانەوە گرنگ و هەڵسەنگاندنە پێویستە، بۆ سەرکردایەتی پارتەکانی کورد نەکەن، بە تایبەتیی، گەر جێپێی خۆیان قایمکەن، گرفتەکانیان چارەسەرکەن و دەسەڵاتیکی یەکگرتووی بەهێز دامەزرێنن، ئەوا ئەو کاتە، گوشارێکی زۆر، بۆ سەر سەرکردایەتی پارتەکانی {کوردستان} دەبەن، تا لە هێندێ داواکاریی خۆیان وازبێنن. هەڵبەتە ئەمەش، پێوەندیی بە سەرکردایەتی پارتەکان خۆیانەوە هەیە، تا چەن لە بەر ئەو گوشارانەدا خۆیان بۆ دەگیرێ و پێ لە سەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد دادەگرن!


ئەز پێم وایە، دوژمنان ناتوانن، گەلی کورد و هێزە ڕامیاریییەکانی پەراوزێخەن، بەڵام دەتوانن، لە بەڵێنەکانی خۆیان پاشگەزبنەوە. چونکە ئەوان هەرگیز نەیانویستووە و ناشیانەوێ، هێزێکی کوردیی یەکگرتووی بەهێز، لە {عێراق}دا هەبێ، بەڵکوو هەمیشە هەوڵیاداوە و هەوڵیشدەدەن، ئەو هێزە لاواز و پەرتپەرتکەن. لەبەرئەوەی، تەنیا هەر ئەو کاتە دەتوانن، هەموو مەرجەکانی خۆیان، بە سەر سەرکردایەتی پارتە کوردییەکاندا بسەپێنن و لە زۆر داواکارییش، پاشەکشەیان پێ بکەن. کاری ڕامیارییش، هونەری جێبەجێکردنی تواناکانە، نەک خۆ گیڤکردنەوە و زۆرانبازیی بێ!

باوکی تاڤێن: بە بڕوای {جەوهەر نامیق}، سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، کێشە هەڵپەسێرراوەکانی نێوان هەرێمی {کوردستان} و حوکوومەتی ناوەند، نەک چارەسەرنابن، بەڵکوو بەرەو زەقبوونەوەی زیاتر دەڕۆن! ئایا ئێوە پێتان وایە، لە خولی نوێی حوکوومەتی {عێراق}دا، ئەو کێشانە چارەسەردەکرێن؟. بە کورتیی، ئاسۆکە ڕوونە یان نا؟

دوکتۆر حوسێن: تا ئەندازەیەکی زۆر، پشتگیریی بۆچوونەکەی بەڕێز {جەوهەر نامیق} دەکەم. چونکە چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە نێواندا هەن، پێوەندیییەکی زۆری، بە دید و بۆچوونی هێزە ڕامیاریییەکانی عەرەبەوە هەیە. ئەوان تێڕۆانینێکی باشیان، بەرانبەر سەرجەم خاڵە ناکۆکەکانی نێوان کورد و دەسەڵاتدارانی عەرەب نییە. باوەڕیش ناکەم، هیچ هێزێکی عەرەبیی هەبێ، لە بەعەرەبکردنی نیشتمانەکەمان پەشیمانبێ و دان بە {کوردستان}ێتی نێوچە داگیرکراوەکاندا بنێ. ئەمەش، بە گەورەترین کێشەی ئەم سەردەمەی، نێوان کورد و عەرەب دادەنرێ. دیارە، ئەمەش تەنیا هەر، هەڵەی سەرانی پارتەکانی کورد خۆیەتی، چونکە لە کاتی پێویستی خۆیدا، هەلە مێژوویییەکەیان نەقواستەوە و پێیان دانەگرت، تا شوێنەواری بەعەرەبکردن بسڕنەوە و ئەو مافە گرنگە بچەسپێنن. ئاخر ئەو کاتە، عەرەب نەک هەر دەسەڵاتێکی بەهێز و یەکگرتووی نەبوو، بەڵکوو دەوڵەتەکەشیان لە گرێژنەوە هەڵوەشابووەوە، سوپا گەورە و بەهێزەکەشیان نەمابوو!


ئێستەش ڕۆژ بە ڕۆژ تا دێ، دەسەڵاتیان پەرەدەسێنێ، مەچەکیان ئەستوورتردەبێ، وا خەریکیشە، هەموو برینەکانی خۆیان دەلێسنەوە و ساڕێژدەبن. بێ گومان، گەر توانایەکی باشیان هەبێ، ئەو کاتە، نەک هەر ئەو گرفتانەی نێوان ئەوان و ئێمە، بە هەڵواسراویی دەمێنێتەوە، بەڵکوو چارەسەرکردنیشان مەحاڵدەبێ! لەبەرئەوە، ئەز پێم وا نییە، لە خولی داهاتووی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی سەرانی عەرەبدا، ئەو کێشە چارەنووسسازانە بەلادابخرێن، بەڵکوو وای بۆ دەچم، هەر ڕێککەوتنێ لە نێوان هێزە ڕامیاریییەکانی عەرەبدا ببێ، مەرجێکی هەرە گرنگی ئەوە دەبێ، گوریسەکە بۆ کورد شل نەکەن و بە هەموو داواکاریییەکانمان قایل نەبن. بۆیە ئاسۆکە تا ئێستە، زۆر ڕوون نییە، بەڵکوو بە تەمومژێکی زۆر بەری گیراوە، بە گوتە و گوتاری سەرکردایەتی پارتەکانی {کوردستان}یش نابێ، کە کەم جار بووە، ڕاستییان بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد گوتووە!

باوکی تاڤێن: وا دوو ساڵ و نیو، بە سەر وادەی یاسایی و دەستووریی خاڵی {140}دا تێپەڕبووە، بەڵام هێشتا سەرکردایەتی کورد، مکوڕە لە سەر جێبەجێکردنی ئەو خاڵە دەکا. ئایا هیچ ئومێدێک هەیە، ئەو خاڵە بە هەمان ئەو ناوەڕۆکەی کورد دەیەوێ، جێبەجێبێ؟ بە کورتیی، چۆن لە کێشەی نێوچە دابڕاوەکان و خاڵی {140}ی دەستووری هەمیشەیی {عێراق} دەڕوانن؟

دوکتۆر حوسێن: پێش هەموو شتێ، خاڵی {140} بۆ کورد، شتێکی زۆر باش نەبوو، سەرکردەی پارتەکان نەدەبووایە، بە هیچ شێوەیە، بە ئەو خاڵە قایلبوونایە. چونکە لە مێژووی گەلانی ژێردەسدا نەبووە و نەبیسراوە، گەلێ خاکی داگیرکرابێ، شێر و خەتی لە سەر بکا! ئەمەش بۆچوونی ئێستەم نییە، بەڵکوو هەر لە ئەو کاتەوە، ئەو بڕیارە دەرچووە، دژی بووم و لە سەریشم نووسیوە.


هێندێ لە پارتەکانی عەرەب دەڵێن: ئەو خاڵە کۆنبووە و بەسەرچووە. چونکە کاتی خۆی، لە ناچارییدا و بۆ تەکتیک، بڕیاریان لە سەر داوە، بۆیە ئەوڕۆ لێی پەشیمانبوونەتەوە. سەرکردایەتی پارتەکانی کوردیش، هیچ شتێکی دیکەیان بە دەسەوە نەماوە، تەنیا ئەوە نەبێ، داوای جێبەجێکردنی ئەو خاڵە بکەن. بەلام، ئەز لە ئەو باوەڕەدام، نە عەرەب دەیەوێ، ئەو خاڵە جێبەجێکا، نە سەرکردەی پارتەکانی {کوردستان}یش وازی لێ دێنن، چونکە هیچ لایەکیان، هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان نییە، تا جێی ئەو خاڵە بگرێتەوە!


هەڵبەتە، ماوە گرنگ نییە، چەن بە سەر دەرچوونی ئەو خاڵەدا ڕۆیشتووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە، لایەنەکان ڕاستگۆبن و جێبەجێیکەن، ئاخر ڕێککەوتنامەی {11. 03. 1970}، ماوەکەشی تێپەڕ نەبووبوو، کەچیی {بەعس} هەر جێبەجێی نەکرد، چونکە لە قووڵایی باوەڕێکی ڕاستەقینەوە هەڵ نەقوڵابوو. ئەوە بوو، دوای چوار ساڵ، جەنگ لە {کوردستان} نوێبووەوە.


ئاشکرایە، نێوچە داگیرکراوەکان، بە یەکەمین گرفتی نێوان هەر دوو گەلی عەرەبی سەردەس و کوردی بندەس دادەنرێ، وەک بۆمبێکی چێنراو وایە، هەر کاتێ تەقییەوە، دەتەقێتەوە و هەموو ڕێککەوتنەکان دەگۆڕێ، گەر بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەکرێ، یا هێزێکی نێو دەوڵەتیی، چارەسەرێکی بۆ نەدۆزێتەوە.


بە کورتیی، سەرانی دەوڵەتی {بەعس}، بەرنامەیەکی ڕەگەزپەرستانەى شۆڤێنیستانەی وایان لە {کوردستان} پێڕەوکردووە، گرفتێکی وا گەورەیان ئەفراندووە، هەم چارەسەرکردنی زۆر سەختە، هەم کەم عەرەب هەیە، دژی ئەو کارە ڕەگەزپەرستانەیەی {بەعس} بێ و هەموو ئەو نێوچانەش، بە موڵکی خۆی نەزانێ!

باوکی تاڤێن: دەوترێ، سەرکردایەتی سیاسیی {کوردستان}، لە سەر هاوپەیمانییکردن لەگەڵ لیستە براوەکانی {عێراق}دا کۆک نییە. {پارتیی} دەیەوێ، هاوپەیمانێتی لەگەڵ {عەلاویی} و بە پێچەوانەشەوە {یەکێتیی}، لەگەڵ {مالیکیی} هاوپەیمانیی بکا. ئایا کورد لە {عێراق}دا دەبێ، چۆن بچێتە نێو پڕۆسەی هاوپەیمانییەوە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، کورد بە ڕوونیی، هەڵوێستی خۆی دیارییکا؟

دوکتۆر حوسێن: کێشەی هاوپەیمانیی، پێوەندیی بە ڕیزەکانی گەلی کورد و هێزە ڕامیارییەکانیەوە هەیە. گەر بە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ، خۆیان بنوێنن، تەنیا هەر مەبەستیان ئەوە بێ، زۆرترین مافەکانی کورد بەدەسبێنن، هەڵبەتە هەموو هێزە ڕامیاریییەکانی {کوردستان}، پێکەوە هاوڕێ و هاودەنگ دەبن، یەک بەرنامەی هاوبەشی تایبەتییان دەبێ، بە هەموو لایەکیشیان، داکۆکیی لێ دەکەن و بە موو لێی لانادەن.


بەڵام سەرکردایەتی {پارتیی} و {یەکێتیی}، دید و بۆچوونی تایبەتیی خۆیان هەیە. لەبەرئەوە، هەر یەکێ لە ئەو دوو پارتە گەورە و دەسەڵاتدارە، پێوەندیی تایبەتییان، لەگەڵ ئەو لایەنە عەرەبییانەدا هەبووە و هەیە. بۆیە گەر هەر یەکێکیان بە جیا، بیر لە ئەو هاوپەیمانێتییە بکاتەوە، تەنیا هەر گوێ بە پێوەندییەکانی نێوان خۆی و لایەنی عەرەبیی بدا، گومانی تێدا نییە، هەر یەکەیان بە لایەکدا ڕادەکێشرێن و لە یەکدی دەترازێن. هەڵبەتە، گەر بەرژەوەندیی باڵای بزووتنەوەی کوردایەتیش ڕەچاوکەن، ئەوا پێشەکی، لە سەر بەرنامەیەکی هاوبەش ڕێکدەکەون، بە جیا و بە تەنیا، هاوپەیمانیی لەگەڵ هیچ لایەنێکی عەرەبیی ناکەن.


لە ڕاستییدا، هەر جۆرە هاوپەیمانییەک، لە نێوان دوو یا چەن لایەنێکدا پێکبێ، لە بەر ڕۆشنایی بەرنامەیەکی دیارییکراوی ڕووندا دادەڕێژرێ. جا ئایا، ئەو لایەنانەی هەر دوو پارتی دەسەڵاتداری کوردیی، هاوپەیمانییان لەگەڵ دەکەن، چییان بۆ کورد پێیە؟! لەبەرئەوە، نەک هەر {پارتیی} و {یەکێتیی} بە تەنیا نابێ، خۆیان بە جۆرە هاوپەیمانییەکەوە ببەستنەوە، بەڵکوو گەر هەر دوو لاشیان پێکەوەبن، هەر نابێ، جۆرە هاوپەیمانییەک بکەن، لانی زۆری مافەکانی کوردی تێدا نەبێ!


ئەز پێم وایە، عەرەبەکان لە نێو خۆیاندا چەن ناکۆکبن، لە سەر کێشەکانی کورد یەکدەکەون و دژی دەوەستنەوە، ئیدی سەرکردەی پارتەکانی کورد بۆ دەبێ، دژی پیلان و پلانەکانی ئەوان، بەرنامەیەکی هاوبەشی گرنگیان نەبێ و یەک نەگرنەوە؟! بۆیە سەرکردایەتی پارتەکان دەبێ، زۆر هوشیارانە و هەستیارانە، هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکەن، تا بزانن، کام لایەنە بە کردەوە، دان بە هەموو مافە ڕەواکانی کورددا دەنێ و جێبەجێشیدەکا، هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەو لایەنەدا بکا. چونکە لە کاری ڕامیارییدا، هەموو شتێ بە تەرازووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەکێشرێ، ئەگینا لە کاری نەتەوەیی و ڕامیارییدا، دۆست و دوژمنی تا سەر نییە، بەڵکوو بەپێی بەرژەوەندیییەکان دەگۆڕێ.

باوکی تاڤێن: وەک دەزانین، تا ئێستە هێز و لیستەکانی {عێراق}، نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێ، بۆ ئەوەی حوکوومەت پێکبێنن. گەر حوکوومەت لە زووترین کاتدا پێکنەهێنرێ، چارەنووسی {عێراق} بەرەو کوێ دەڕوا؟ بە کورتیی، چۆن لە ڕەوشی نوێی {عێراق} دەڕوانن، کە چەند مانگێکە، هێزە سیاسییەکان لە کێشمەکێش و کێبڕکێی پێکهێنانی حوکوومەتی داهاتوو دان؟

دوکتۆر حوسێن: پێشەکی دەڵێم: تا لە نێو جەرگەی دەسەڵاتی دوژمندا، هەراوئاژاوە، ناکۆکیی و دووبەرەکیی پتربێ، لە لایەکەوە سەر ئێمە ناپەرژێن و بەگوێرەی قۆناغەکانی تێکۆشانیش، ئێمە کەڵکی لێ وەردەگرین. لە لایەکی دیکەشەوە، هێزە ڕامیاریییەکانی عەرەب لە ناچارییدا، دەسی دۆستایەتیمان بۆ درێژدەکەن و داوای هاوپەیمانێتیمان لێ دەکەن، چونکە بێ کورد، نە لە نێو خۆیاندا ڕێکدەکەون، نە کابینەی میریی نوێشیان بۆ پێکدێ. بەڵام خۆ ناکرێ، هەموو هێلکەی هیوا و ئامانجەکانمان، لە سەبەتەی ئەو بۆچوونەدا خڕکەینەوە، بەڵکوو دەبێ، خۆشمان پلانی تایبەتیی زانستانەمان هەبێ، تا بەر بە هەموو گۆڕانکاریی و ڕووداوێکی کتوپڕیی بگرین، خۆمان بۆ هەموو گریمانەکان ئامادەکەین و لە کاتی پێویستی خۆیدا وەڵامبدەینەوە.


لەبەرئەوە، کورد هیچ جۆرە زیانێ ناکا، گەر میریی نوێی {عێراق}، وا زوو درووست نەبێ، چونکە ئێمە، لە ووڵاتی خۆمان دەژین، لە هیچمان کەم نییە، تەنیا ئەو مافانە نەبێ، کە لێیان زەوتکردووین. گەر پارتەکانی عەربیش، لە نێو خۆیاندا نەیانتوانی، وا زوو ڕێکبکەون و میرییەکی بەهێز دامەزرێنن، ئەوا چەن گریمانێ هەیە:


1. هێزێکی دەرەکیی ناچاریاندەکا، زوو پێکبێن و کابینەی نوێی میریی دامەزرێنن.
2. جەنگێکی خوێناویی، لە نێوان هێزەکاندا هەڵدەگیرسێ.
3. {عێراق} پارچەپارچە دەبێ.


پێم وایە، کورد لە هەموو بارەکاندا دەتوانێ، یەکەمین پێکهاتەی نەتەوەیی {عێراق} بێ، کەڵک لە ئەو بارە نالەبارە وەرگرێ، گەر سەرکردایەتییەکی هوشیار و بوێری هەبێ، بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد، بە قوربانی بیری گەندەڵی {عێراقچێتی} نەکا، تەنیا هەر کار بۆ کورد بکا و چارەسەرکردنی گرفتی دامەزراندنی میریی {عێراق}یش، بە چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوە ببەستێتەوە. ئەگینا گەر وا نەبێ، ئێمە لە هەموو بارەکاندا، زیانێکی زۆری لێ دەکەین.


ئاخر ئەوەتەی کورد هەیە، کاری بۆ خۆی نەکردووە، هەر ڕاژەی بیانیی و داگیرکەرانی کردووە. هەر دوو سەرکردایەتی {پارتیی} و {یەکێتیی}یش، دوای ئەوەی ڕژێمی {بەعس} ڕوخاوە، کاریان بۆ ئاشتکردنەوەی هێزەکانی عەرەب کردووە و یەکێتی خاکی {عێراق}یان پاراستووە، کێشە سەرەکیی و گرنگە نەتەوەیییەکانی کوردیشیان دواخستووە، لە ئەو بڕوایەوە، گەر کێشەی {عێراق} چارەسەرکرا، ئەوا کێشەی کوردیش چارەسەردەکرێ! ئەوەش هەڵەیەکی گەلێ گەورە و کوشندەیە، مێژووی هاوچەرخی کوردیش سەلماندوویەتی، هەر کاتێ دوژمن باری نەتەوەیی و ڕامیاریی باش نەبوو، نابێ، لە سەری بوەستی، تا هەموو برینەکانی ساڕێژدەبێ، بەڵکوو دەبێ، لە ئەو کاتە ناسکانەدا، پێ لە سەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد داگیرێ و لە هەموو لایەکەوە، گوشاری بۆ ببرێ، تا بە تەواویی، ددان بە ئەو مافانەدا دەنێ.

باوکی تاڤێن: بەشێ لە چاودێرانی سیاسیی، پێشبینیی ئەوە دەکەن، لە خولی داهاتووی حوکوومەتی {عێراق}دا، پۆستی سەرۆکی کۆمار بە کورد نەدرێتەوە. گەر ئەم پۆستە لە کورد سەنرایەوە، سەرکردایەتی سیاسیی {کوردستان}، چ رێیەک دەگرێتەبەر؟ ئایا کورد چ پۆستێکی دیکە، وەک ئەڵتەرناتیڤێ قبووڵکا، باشە؟

دوکتۆر حوسێن: ئەز هەر لە کۆنەوە، دژی ئەوە بووم، سەرۆک کۆمار کورد بێ، چونکە گەر دەسەڵاتی هەبووایە، نە کورد خۆی داوایدەکرد، وەک چۆن داوای پۆستی سەرۆک شالیاران ناکا! نە هەرگیز عەرەبەکانیش قایلدەبوون، کوردێ ئەو پۆستە گرنگە وەرگرێ. ئاخر سەرۆک کۆمارێ، دەسەڵاتێکی باشی نەبێ، گەلێ چاکترە، هەر نەبێ، تا عەرەبەکان منەتمان بە سەردا نەکەن!


هەڵبەتە بۆیە سەرەتا، ئەو پۆستەیان بە کورد دا، چونکە لە لایەکەوە، چاریان نەبووە و ڕەوشەکەشیان لە بار نەبووە. لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ئەو ڕێککەتنامەیەی لە نێوانیاندا بووە، دەبووایە، قایلبن. لە لایەکی دیکەشەوە، بەپێی ژمارەی دەنگەکان و هێزی ئەو لایەنانەی، زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانیشیان بەدەسهێنابوو، قایلبوون. بەڵام ئەوڕۆ ڕەوشەکە گۆڕاوە، کورد داشی سوار نییە، ئەو دەنگەی پێشووی نەهێناوە، چونکە هێزەکانی کورد لە نێو خۆیاندا، یەکگرتوو نەبوون و لە سەر بەرنامەیەکی یەکگرتووی هاوبەش ڕێک نەکەتبوون، لەبەرئەوە، دەنگەکان پەرتوبڵاوبوونەوە. جگە لە ئەوەی، لایەنەکان لە هەموو {عێراق}دا، لە جاری پێشوو زۆرتربوون، عەرەبەکانیش پتر لە جاران، هێزیان پەیداکردووە، بۆیە نایانەوێ، ئەو پۆستە بە کورد بدەن، بەڵکوو دەیانەوێ، لایەنێکی دیکەی عەرەبیی، پێ دەمکووتکەن.


ئەز لە ئەو باوەڕە دام، سەرۆکی پەرلەمان، گەلێ لە پۆستی سەرۆک کۆمار باشتر و گرنگترە. چونکە هەموو پڕۆژەکان، لە بەردەمی پەرلەماندا دەبێ، هەموو بڕیارەکانیش، هەر لە پەرلەماندا دەدرێ. مافەکانی گەلی کوردیش، هەر لە ئەوێ باسدەکرێ، دەمەتەقێی لە سەر دەکرێ و بڕیاری لە سەر دەدرێ. کەواتە کورد دەتوانێ، کەڵکێکی زۆر، لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان وەرگرێ و بە وردییش، چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بکا.


ڕەنگە، ئەو هەرایەی لە سەر پۆستە گرنگەکان هەبێ و لە نێوان هێزەکانی عەرەبدا، قسەی لە سەر کرابێ، هۆکەی تەنیا هەر ئەوە بێ، لە نێو خۆیاندا، لە سەر پۆستی سەرۆک شالیاران ڕێک ناکەون. دەیانەوێ، لایەنێکی عەرەبیی، بە ئەو پۆستە بێ دەنگ کەن. بەڵام ئەوان باش دەزانن، پۆستی سەرۆک کۆمار، لەچاو پۆستی سەرۆک شالیاراندا، بایەخێکی ئەوتۆی نییە، بە تایبەتیی گەر سیستەمی سەرۆکایەتی نەبوو، سەرۆک کۆمار مافی ڤیتۆشی نەبوو. لەبەرئەوە باوەڕناکەم، گرفتێکی زۆر گەورە، لە سەر ئەو پۆستە درووستبێ، گەر لایەنەکانی عەرەب لە نێو خۆیاندا، لە سەر دابەشکردنی دەسەڵات بە گشتیی و پۆستی سەرۆک شالیاران بە تایبەتیی ڕێککەون!

_________________________________________
* دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز: نووسەر و مامۆستای زانکۆی سولەیمانیی.

ماڵپه‌ڕی دوکتۆر حوسێن محه‌ممه‌د عه‌زیز