په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٢

دیموکراسی.. بە بێ ماف زانین.

شوان سدیق      


شوان سدیق: رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار و دروستبوونی ژینگەیەکی پێویست، بۆ پێدانی زانیاریی بە ھاوڵاتیان بەگشتی و رۆژنامەنووسان بەتایبەت. گرنگی خۆی ھەیە لە کایەی سیاسی و ئابوری و فەرھەنگی لە کۆمەڵگادا.


یەکێک لەو پێناسانەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی و حوکمەتە فەرمانڕەواکانی دونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆی پێ دەناسرێ و ئەوانیش شانازی پێوە دەکەن، کرانەوەی دەرگا داخاراوەکانی رابردویانە، لەبەرامبەر پێدانی زانیاری و زانین لە شێوازی بەڕێوەبردن، لە چۆنێیەتی مامەڵەکردن، لەگەڵ ژیانی حوکمەتداری. ئەویش ئاشکراکردنی ئاکارەکانە کە پێویستە ھەموو کەسێک بیزانێت.


لە دونیای ئێمەش ھەر لەدوای راپەڕینەوە، تا ئەمڕۆ کە خاوەن کیان و دەسەڵات و پەرلەمان بووین، ئەگەر بەراوردێک بکرێت، بەو وڵاتانەی کە ٥٠ ساڵە سەربەخۆن، بەدڵنیاییەوە کوردستانیش بە ھەمان شێوەی ئەوان، ھیچی کەمتر نەبووە، لە بوونی پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی داد وەری، بەڵام ئەوەی گوزەراوە، لێرە بەراورد بە وڵاتانی تر. نەبوونی شەفافیەت و رەخساندنی کەشێکی لەبار بووە بۆ پێدانی زانیاری ھەروەھا رەخساندنی ھەلێکی گونجاویش بووە، بۆ ئازاد بوون و باڵا دەستی دادگا و ئازاد بوونیان لە کۆت و بەندانەی کە (حزب، ئاین، خێڵ) بەسەریان ھێناون.


لە راستیدا، پێدانی زانیاری یاخوود زانینی شتە شاراوەکانی حوکمەتداری بەپێی یاسایەکی مەدەنی راستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە ھەیە پێویستیشە ھەموو ھاوڵاتییەک مافی ئەوەیان ھەبێت، بە زانیارییەکان ئاشنا بن.


ئەوەی پەیوەندی بە رۆژنامەنووسانەوە ھەیە ئەگەر بگوترێت لە ھەرێمی کوردستان، ژمارەی ئۆرگان و ناوەندەکانی راگەیاندن، وەک (بیستراو، بینراو و نووسراو) لە رێژەدا لە ژمارە نایەن، تا ئێرە راستە بەڵام لەپاڵ ئەمەش وەک مۆتەکە یان کۆتوبەند رێگری لە کاری رۆژنامەنووسی دەکرێت، کە زانیاریان دەست ناکەوێت، یان لەلایەن زۆرێک لە دەزگاکانی دەوڵەت، لەو ڕوەوە رێگریان لێ کراوە.


ھەرچەندە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان نەبۆتە خاوەن، یاسایەکی تایبەت بە پێدانی زانیاریی بەڵام چەند ساڵێکە لە یاسایی رۆژنامەگەریدا ئاماژە بە پێدانی زانیاری کراوە بە رۆژنامەنووسان، ھەر وەک لە ‌بەندی دووەم، لە ماددەی دووەمی یاسایی ژمارە (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧) کاری رۆژنامەگەری لە کوردستان، ھاتووە "رۆژنامەنووس بۆی ھەیە لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە، ھەر زانیارییەک کە بایەخی بۆ ھاوڵاتیان ھەبێ ‌و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتیەوە بێ وەدەست بێنێت، بە ‌پێی یاسا".


کەواتە ئەگەر لە چەند ساڵی رابردوو تا ئێستا وەک پێویست کار بەو مادەیەش بکرابایە، بێگومان ھەنگاو و دەرفەتێکی باشتری دەڕەخساند بۆ داھاتوو ئەگەر کوردستان یاسایەکی تایبەتی ھەبێت بۆ پێدانی زانیاریی، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا لە غیابی کار نەکردن بە یاسایی کاری رۆژنامەنووسی و سەروەر نەبوونی یاسا لە کوردستان، چی زەمانەتێک ھەیە پرۆژە یاسایەک بۆ پێدانی زانیاری لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدرێ و ببێتە یاسا دواتر ئەو یاسایەش بەدەردی ھەمان یاساکانی تر نەچن ،کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داون؟!


لەبەر ئەوە دەکرێت بەر لەوەی ئێمە شین بۆ نەبوونی یاسایی مافی بەدەستھێنانی زانیاری بکەین، پێویستە خەم لە سەروەر بوونی یاسا بخۆین، بۆ ئەوەی بتوانرێت، ژینگەیەکی لەبار بڕەخسێت، ئەگەر ھاتوو ببینە خاوەن یاسایەکی تایبەت بەپێدانی زانیاری، چونکە ئەگەر قەرار بێت، حکومەت و دەسەڵاتی کوردی دیموکراسی بێت، ئەستەمە بەبێ پێدانی زانیاری بتوانێت دیموکراسی بێت.
 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک