په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 دیموکراسیەت لاى ئێمە واتا دەسەڵاتى جاش بۆ جاش.


هیوا رەش   


چەمکى دیوکراسیەت بۆتە مایەى لێکدانەوەى زۆرى نێوەندەکانى کۆمەڵگا و هەر چین و توێژێک بە پێى ئایدیۆلۆژیا و بیر و بۆچوونى خۆى ڕاڤەى بۆ ئەکات ، کۆمەنیست و چەپەکان زانستیانە تر بە قوڵایى مانا ئینسانییەکەى دا ڕۆ ئەچن ، سەرمایەدار و بۆرژواش لە هێماى $ ەوە بۆى ئەچن و دەسەڵاتى کوردییش هەردووکیان ئاوێتە بە یەک ئەکات ، بە گوفتار یەکەمیانە و بە کرداریش دووەمیانە و بە نوێگەرییەوە بە تان و پۆى دا ئەچنە خوارەوە و پەڕ و باڵى ئەکەن ، بۆ ئەم مەبەستە دوا مۆدێلى دیموکراسیەتیان داهێناوە و پایەکانیشیان بە جاشپەروەرى بنیات ناوە .

مێژوویەکى زۆر دوور نیە ، نازانم ناوى بنێم سەرهەڵدانەوەى شۆڕشى نوێى گەلەکەمان یان شۆڕشى گوڵانى پێشکەوتووخواز ، لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەتوانم بە تێکەڵەى هەردوو شۆڕشە مەزنە قۆرخ کراوەکەى خۆمان ئەو سەردەمە ناو بنێم شۆڕشى ( نوێى پێشکەوتووخواز ) ، جگە لەو نەهامەتییە لە وێنە نەهاتووەى کە لە نێو خودى خۆمان بە سەر یەکترمان هێنا بەڵام هەرگیز ئەوەمان لە بیر ناچێتەوە لەو سەر و بەندەدا جاشە نیشتمانفرۆشەکان چەند ڕۆڵى نامەردانەیان ئەگێڕا لە دەم دانى ئاگرى شەڕى ناوخۆ ، بەڵام مخابن لە سەرکەوتنى ڕاپەڕینە مەزنەکەى 1991 ى گەلەکەمان دا هەموو چاوەڕێى ئەوە بووین هیچ نەبێت لە تۆڵەى ئەو خیانەتانەیان دا بە لاى کەمەوە سزاى ئەوە بدرێن کە ڕەوانە بکرێنەوە باوەشى ئاغاکانى بەغدایان و نەهێڵین لەو ئاسمانە هەناسە هەڵمژن کە ژەهراوییان کردبوو ، ڕێگە نەدەین لەو کانیاوە ئاو بخۆنەوە کە تەقاندبوویانەوە و لەو خاکەدا بنە و بارگە بخەن کە سووتماکیان کردبوو ، قبوڵ نەکەین تێکەڵى کۆمەڵگاکەمان ببنەوە نەبادا گڵاوى بکەن ، وەلێ بە بێ گوێدانە هەستى خانەوادەى شەهیدان و ڕاى جەماوەرى تووڕە و ناڕازى بە ویستى سەرکردەى حیزبەکان و لە پێناوى بەرژەوەندى حیزب دا بە لێبووردنێکى گشتى خرانە سەرووى پێشمەرگە فیداکارەکانەوە و لە دیوەخانى شۆڕشى نوێى پێشکەوتووخوازى یەکێتى و پارتى هەمان ڕۆڵى جارانیان پێ سپێردرایەوە و بوونە جێ متمانەى بەرپرسان ، وەکو جاران بوونەوە سەرمەشق بۆ ڕازاندنەوەى شەوانى سوور ، بوونەوە بە شانتەکێنى ئەوانەى سەرووى خۆیان و ڕاپۆرت نووسى دوژمنە شۆڕشگێڕەکانى جارانیان ، بوونەوە میوانى هەمیشەیى بارەگاکانى حیزب و ئەندامى ماستاوکەر ، سەرتان نەیەشێنم دیسانەوە کەوتنەوە کاسبى بۆ خۆیان و بە هەمان ڕەفتارى جاران سڵیان لە شەرەف فرۆشیش نەئەکردەوە و بەم جۆرە خۆیان خزاندەوە ناو دەسەڵات و پایەکانى حیزبیان پێ تۆکمە کرا .

جا حیزب لەم سەردەمى دیموکراسیەتە زیاتر پێویستى بەوانە بوو وەک لە خانەوادەى شەهیدان و ئەنفال و کیمیاباران ! ئەمڕۆ سەردەم سەردەمى دیموکراسیەتەو دەنگ کڕین بنەماى دەسەڵاتدارێتى یە نەک هەڵوێستى شۆڕشگێڕانە ، جاش و خانەوادەى جاش دوو هێندەى سەرجەم ژمارەى قوربانیانى گەلەکەمان ئەبن و ئەوان ئەتوانن بارى پرۆسەى دیموکراسى بە لایەک دا بخەن و دەسەڵات بۆ حیزب مسۆگەر بکەن نەک ئەوانەى تا دوێنێکە خوێنى خۆیان لە پێناوى سەروەرى نیشتمان دا خستبووە کاسەوە ، ئەمڕۆ نیشتمانفرۆشان ڕەقەمن و باشتر بە هاناى دەسەڵاتدارانەوە ئەچن نەک نیشتمانپەروەران ، بۆیە پێم وایە ئێمەى لاوى سەردەمى شۆڕش زۆر بە هەڵەدا چووبووین کە وامان ئەزانى دیموکراسیەت ماناى وایە (( دەسەڵات هى گەلە و بۆ گەل ئەبێت )) ، لەوە تێنەگەییشتبووین دیموکراسیەتى خۆماڵى لاى خۆمان ماناى وایە (( دەسەڵات هى جاشە و بۆ جاش ئەبێت )) ، ئەى ئەگەر وا نەبێت لە سایەى ئەم دەسەڵاتە دیموکراسییەیەى هەرێمەکەمان چۆن زات ئەکرێت تاوانبارێکى ئەنفال و کیمیاباران نەک هەر داڵدە بدرێت بەڵکو لە بەشە بودجەى خەڵک ( دیوەخانە - نەسریە - مووچە - خانەنشینى - شەهیدانە و دەمانچە و مۆنیکا ) یان بۆ ببرێتە ماڵەوە و پێشمەرگەیەیەکى کەنەفتى خانەنشین و دایکێکى چاو کزۆَڵى شەهید و پیرەمێردێکى لە ئەنفال جێماو لە نێو حەشامات و سڕە گرتن و سەر شۆستەکان ڵاڵ و پاڵ بن تا پێنج لە سەدى دیوەخانانەى سەرەک جاشێک پارە وەربگرن ؟ !

ڕاستە سەردەم و دەسەڵات و سیستم گۆڕاوە ، سەردەمى پێش ڕاپەڕین و دواى ڕاپەڕین دوو سەردەمى جیان ! ڕاستە دەسەڵات گۆڕاوە ، دەسەڵاتى پێش ڕاپەڕین و دواى ڕاپەڕین دوو دەسەڵاتى جیان ، ڕاستە سیستم گۆڕاوە ، سیستمى دیکتاتۆریى پێش ڕاپەڕین و دیموکراتیى دواى ڕاپەڕین ، بەڵام ئەوەى گۆڕانى بە سەردا نەهاتبێ بەرەکانن ، بەرەى گەل و بەرەى دژەگەل :-

1 – بەرەى گەل :- ئەوانەى خەباتگێڕ بوون و ئەوانەش کە خیانەتیان لە گەل نەکردووە لە قاوغى جاران ماونەتەوە و هەمیشە سەرقافڵەى کاروانى نیشتمانپەروەرین و ئامادە نەبوون بۆ پارە سەردابنەوێنن و شەرەف و نیشتمانیان بخەنە ئۆغرى بەعسەوە کە تا ئێستاش خاوەن هەڵوێستن و ملکەچى پلە و پارە نابن .
2 – بەرەى دژەگەل :- ئەوانەى خائین و سیخوڕ بوون هەر لە قاوغى جارانیان ماونەتەوە و هەمیشە سەرقافڵەى نیشتمانفرۆشین و ئامادە بوون سەر دابنەوێنن و شەرەف و نیشتمان بخەنە ئۆغرى بەعسەوە کە تا ئێستاش هەلپەرستن و ملکەچى پلە و پارە ئەبن .

من نامەوێ قسەى ئەو بە ناو ( پارێزه‌ری به‌رگری ) ەى بەعس بکەمەوە کە ( عه‌واد به‌نده‌ر ) لە کاتى دادگایى کردنم بۆ بەرگرى کردن لێم لە هۆڵى ( دادگای شۆڕش ) بۆى هێنابووم و هێندە زیاتر دیفاعى لێ نەکردم کە گووتى : ( ئەمانە جەرسومەى ناو موجتەمەعن و تا زووتر لە ناو ببرێن زووتر موجتەمەعەکەمان پاک ئەبێتەوە ) ، بەو واژە نامرۆڤانەیەى ئاغاکانى ڕابردووى جاشەکان نا ، بەڵکو بە ئاغاکانى ئێستاى جاشەکان ئەڵێم : ئەم جاشانە جەرسومەى ناو دەسەڵاتن تا زووتر دوور بخرێنەوە زووتر دەسەڵاتەکەمان پاک ئەبێتەوە ، چونکە ئەگەر جاران جاشەکان کاسەلێسى دەسەڵات بووبن ئێستا وا خەریکە دەسەڵات بەڕێوە ئەبەن و زیانى زیاترمان پێ ئەگەیەنن ، یادى بەخێر ئەحمەد شەماڵى هونەرمەند کە ئەیووت :

کەرێک بارى زێڕ و تەڵا بێت
قامیشى شەکرى لە باتى گیا بێت
جبرەئیل بێنە بیکات مەیتەرى
قەت قەت تەرکى ناکات ڕەوشتى کەرى


07701309524
Hewarash1@yahoo.com