په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

درۆى چه‌واشه‌کاریی !


ئیبراهیم بالیسانى  


بێگومان نەبوە و نابێ هەموو مرۆڤەکان وەکیەکبن و وەکیەکیش بیربکەنەوە و هەڵسوکەوت بنوێنن، لێرەدا مەبەستمان لەرەنگ و شێوە و شێوازى جەستەى مرۆڤەکان نییه‌، بەلکو مەبەستمان لە رەفتار و کردار و گوفتارەکانە، بونى جیاوازى لەنێوان مرۆڤەکان لەو بارەى کە ئێمە مەبەستمانە هەڵوەستەى لەسەربکەین، دەرخستن و دیاریکردنى ئەو مرۆڤانەیە کە (درۆ)کردنیان لا بۆتە پیشەو خووییان بەو رەفتارەوە گرتووە و بەو هۆیەشەوە زۆرجار ئەوانەى کە داناکەسێن لەدرۆکردن نازناوى (درۆزن)نیان بەباڵادا دەبڕێ و دەناسرێن! ئەو مرۆڤانەى کە هەڵگرى ئەوجۆرە رەفتارەن ،دیارە ئەو رەفتارەش رەفتارێکى گشتى وسەرتاپاگیرى نییه‌ بۆناو هەموو کۆمەڵگا تا هەموو مرۆڤەکان وەکیەک هەمان رەفتار بنوێنن .بەلام دەزانین کە تەنیا یەک رۆژهەیە هەموو هاولاتیک دەتوانێ لەو رۆژەدا درۆى خۆشى و گالتە بکات .بەلام ئەوەى ئێمە مەبەستمە ئەو کەسانەن کە هەموو رۆژێکیان لا نیسانە و درۆى بەرژەوەندى و تێکدان دەهۆنەوه‌ و دەردەبڕن!! کەواتا بۆچى ئەو مرۆڤانە پێویستە درۆبکەن ؟ یا چی وادەکا کە ئەوانە درۆکردنیان لاببێ بەپیشە و بەردەوام درۆى رەنگاورەنگ بنەخشێنن؟! بۆ وەلامى ئەو دوو پرسیارەش لە دوو هۆکار زیاتر نییه‌:


یەکەمیان پەیوەستە بە پەروەردەى ناوخێزان و جۆرى ئەو خێزانەى کە مرۆڤەکەى پێگەیاندوە و گواستویەتیەوە بۆ ناو کۆمەڵگا. دووەمیان خودى کۆمەڵگاکەیە. لە کۆبونەوەیەکى هاورێیانەدا، دووسێ برادەر بە پێکەنینێکى کەشکەلانى فەڵەک روویان لە هاورێیەکى خۆیان کردبو،پێیان دەگوت: تۆ چۆن دەتوانى ئەو هەموو درۆیە بکەیت و باکیشت بە درۆکانت نییه‌؟ ئەویش وەک ئەوان دابوویە قاقاى پێکەنین و دەیگوت: ئەو پیشەیە لە رەچەڵەکەکەمانەوە بۆم بەجێماوە و پێویستە درێژەى پێبدەم و نەهێڵم لەناوماندا بفەوتێ و نەمێنێ!!


ئەگەر خێزان ناوەند و شوێنێک بێ بۆ دروستکردن وبەرهەم هێنانى مرۆڤى درۆزن ،بەدڵنیایەوە کۆمەڵگاش هۆکارێکى بەهێزە بۆ خستنەوەى ئەم جۆرەکەسانە !! کەدەڵێین کۆمەڵگا مەبەستمان هەموو پێکهاتەکانیەتى ،بە حیزب‌ ودەزگاکانى بەرێوەبردن وناوەندەکانى خوێندن وتەنانەت شەقام وشوێنە گشتیەکانیش.زۆرجار وادروستبوەلەناو خێزاندا هیچ کەسێک (تاک) ێک هەڵگرى رەفتارى درۆکردن نەبوە،بەلام رەنگە یەکێک لە تاکەکانى ناوئەو خێزانە کە بەهۆى پەیوەندیەکانیەوە خزاوەتە ناو کۆمەڵگا ئەو رەفتارەى پێوەنوسابێ وتادواساتەکانى ژیانیشى هەرلێینەبێتەوە!


نامەوێ بەراورد لەنێوان کۆمەڵگاى ئێرەوئەوروپابکەم ،بەلام ئەوەى بیستومەودەزانم دەلێن:لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان درۆکردن وناراستى نیشاندان وگوفتارى نادروست رەفتارێکى نەشیاو و بێزراوە! لەبەر ئەوەى بێزراوە تا کەس خوو بەو رەفتارە نەگرێ ،هەر لەبەر ئەوەشە درۆکردن لاى ئەوان بوونى نییه‌ و ناشیانەوێ دۆستایەتى ئەو کەسانە بکەن کە درۆزنن. بەلام لەزوودا جارى واش هەبوە کەسانى بەرپرس بۆ پاراستنى دەسەلاتەکەیان بۆ هەڵخەلاتاندنى خەلک پەنایان بۆدرۆکردن بردوە! نموونەش وەزیرى راگەیاندنى حکومەتى نازى بوە کە دەگوت :درۆ بکە،درۆبکە،درۆبکە تا خەلک بڕوات پێدەکا.


بەپێچەوانەوە ،لاى ئێمە کۆمەڵگا دروستکەرى کەسى درۆزنە!! خۆ رەنگە ئەوەش کلتورێکى سەردەمى رژێم بێ بۆ کەسە درۆزنەکان بەدیارى بەجێهێشترابێ! ئەو کلتورەش قۆناغ بەقۆناغ ،دەستاودەستى پێکراوە تا گەیشتۆتە ئەمرۆ! نابێ لامان سەیربێ گەر بلێین: ئەم کلتورە هێشتا بونى هەیەو هەر زیندوە!ئەگەر جاران کەسە بەرژەوەندخوازەکان بۆ دەسکەوتى سەرمایەو پلەو پۆست بەدرۆ راپۆرت ونوسینى هەڵبەستراوین لەسەر هاورێ ودراوسێ وناسییاودەوروبەرییان دەنوسى بۆ دەزگاسەرکوتکەرەکانى رژێم. جارى واش هەبوە نۆکەرو ئەڵقەلەگوێیەکان کەسى بێوەیى وبێتاوانیان بەهۆى راپۆرتە درۆکانیانەوە راپێچى نێو زیندانەکانى رژێم کردوە! تەنانەت هەندێجاریش خەلکیان دەکوشت و بەناوى جۆراوجۆر جەستەکانیان بەرژێم دەفرۆشت!!!


بەداخەوە ،ئەم کلتورە کۆنە بەجێماوە هێشتا لاى زۆرێک لە تاکەکانى نێو کۆمەڵگاى کوردى کاریگەرى هەیەوماوە! بەلام ئەوەى زیاتر بەو کلتورە ئاشنایە و بەردەوام دەیەوێ پابەندی بێ و لێیدەرنەچێ ئەو کەسانەن کەپەروەردەى کلتورى بەعس بوونە و ئەمرۆ بەجۆرێک لەجۆرەکان خزاونەتە نێودەزگاکانى بەرێوەبردن بەتایبەت ئۆرگانەکانى حیزب‌ !! ئەو جۆرە کەسانە یاباشتر وایە بلێین: ئەو کادیرە دروستکراوە ئالییانە بۆپاراستنى بەرژەوەندیەکانى خۆیان ودوایش پشتیوانیکردن لەو بەرپرس ولێپرسراوانەى کە داکۆکى لەبون و بەرژەوەندیەکانیان دەکا بەبێبونى شەرم و سڵەمینەوعەیبە ئامادەن درۆبکەن! بوختان بۆئەم وئەودروست بکەن!ئەو کەسانە شێوە ئاساى (سەحاف)ى وەزیرى راگەیاندنى رژێم کە تا دواچرکەى روخاندنى پەیکەرى دیکتاتۆر لەشەقامى (فیردوس) درۆى سەرکەوتنى دەکرد !بەلام درۆکانى چەند سەعاتێک بڕى نەکرد. بوون و هەبوونى ئەو جۆرە کەسە درۆزنانە لە نێو ئۆرگانەکانى حیزب‌ هۆکارێکى زەق ودیارە کەوایکردوە ئەمرۆ حیزب‌ مسداقیەتى خۆى لەدەست بدات!ئەوە فاکتەرێکى بەهێزە کە وایکردوە هاولاتیان بەگشتى وکادیرە بەهەڵوێست وپاک وراستگۆکان لە ئەدائیى حیزب‌ وسیستەمى بەرێوەبردنى ولات نارازیبن ورەخنەوگازاندەکانیان بەئاشکرا دەرببرن ودەنگى نارازیبونى خۆیان نیشان بدەن و بەرزبکەنەوە.


ئێستا کە بەگەرمى باس لە باسکردن لە ریفۆرم وگۆران وچاکسازى ونوێبونەوەى حیزب‌ وحکومەت دەکرێ ،پێویستە هەڵگرانى ئەو بەرنامەیە لەپێشدا ئەو بەرپرس و کادیرانەى کە هۆکارى دروستبوون و هێنانى ڤایرۆسى نەخۆشکەوتنى حیزب ‌بوون لەرابردودا و دەشیانەوێ لەئایندەدا وەک جاران لە ئاوى لێڵدا مەلەوانى مانەوەى خۆیان ودەسکەوتەکانیان بکەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ و بۆماوەیەک لەپۆستەکانیان دووریان بخەنەوە تا کلتورى درۆکردن لەناو حیزب‌ ودەزگاکانى بەرێوەبردن نەبێ بە باو و دیاردە .

 


Info_balisani@yahoo.com