دروشمەکانتان پڕە
لە وەهم، ئامانجەکانتان پڕە لە فێڵ.
25/7
خەڵکى کوردستان تاقیتان دەکاتەوە.
پێشڕەو حەمید
دواى ( 18 ) ساڵ لەخۆبەڕێوەبردن و ئەو هەمو نەهامەتییەى لەلایەن
حیزبەکانەوە بەسەر خەڵکى کوردستاندا هێنایان، دەکرێ لەئێستا تەنها
بۆبیرهێنانەوە چەند پرسێاریِک ئاراستەبکرێن ، بەمەبەستى ئەوەى لەدواى
25/7 جارێکى دى ئەو پرسیارانە دوبارە نەبنەوە و بەشێوەیکى کۆنکریتى
سترایژى کارکردنى دەسەڵاتى ئایندەى کوردستان گوڕانێکى جەوهەریانەى
بەسەردابێت و چەمکى ( دیموکراسیەت ) وەک لەو ماوە زۆرەدا بانگەشەى
بۆدەکرا لە فۆرمێکى تیۆریی چەق بەستوەوە بگۆڕدرێت و لە فۆرمێکى
پراکتیزەیدا خۆى ببینێتەوە و کوردستان بگەیەنینە ئاست وڵاتانى
پێشکەوتوە و لە دابینکردنى کەشێکى ئارام بۆفەراهەم کردنى ئازادیەکانى
تاک و ئازادى ئابورى و سیاسى و ڕۆشنبیرى و ...تد.
کێ هەیە لەئێمە ئاگرى شەڕى ناوخۆى بەرنەکەوتبێت ؟ کام لەئێمە لەشکست و
خیانەتى حیزبەکان ئاگار نەبوە ؟ کێ هەیە لەئێمە ئەو هەموشکستانەى ،
لەلایەن حیزبەکانەوە بەدەسکەوتى مێژویى و نیشتمانى پێ نەفرۆشرابێتەوە ؟
کێ هەیەگوێى لە ڕۆژنامەنوسێکى حیزبى نەبوبێت ، تەقەکردنى پۆلیس و
ئاسایشى لە خۆپیشاندەرەکان ، بەحیکمەتى حیزب و دەسەڵات لەقەڵم نەدابێت
و هەمو خۆپیشاندانێکى بە دەستێک لە قەڵەم نەدابێت ، ئەگەر
خۆپیشاندانەکەیش بۆ چارەسەرکردنى کەم ئاوى و دابین کردنى وزوى کارەباش
بوبێت ؟ کێ هەیە لەئێمە بۆدابین کردنى پێَداویستى یە سەرەتایەکانى
بەشدارى خۆپیشاندانێکى نەکردبێت و زۆر بەتوندى بەرشەقى ئاسایش و جنێو و
سوکایەتى پێکردنى پۆلیسەکانى هەرێمى هەردولا نەکەوتبێت ؟ کێ هەیە
لەئێمە لەسەر ڕەخنەیەک ، یان لەسەر توڕەبونێک دژ بە کردارە نامۆراڵیى
یەکانى دەسەڵات ، لە خوارەوە و لەلایەن ( بەرپرسۆلکە ) یەکەوە هەڕشەى
تێهەڵدانى لێنەکرابێت یان سوکایەتى پێنەکرابێت ؟ کەسێک هەیە لەم
نیشتیمانەدا فایلى پڕلە خیانەت کردنى چەند بەرپرسێکى حیزبى و پاڵەوانى
ناو حیزبە کوردیى یەکانیى لە ڕێگاى ڕۆژنامەکانەوە نە خوێندبێتەوە یان
گویێ بیستى نەبوبێت ، ئەى کام لەئێمە لەکاتى دادگــایى کردنى ئەوانەدا
ئامادەبوە ؟.
( ئێمە ) واتە میللەت واتە ئەو مرۆڤانەى بەخت یاوەریان نەبووە لە
نەبونی و لە نەهامەتى لەم نیشتمانەدا ڕزگاریان بێت ، ئێمە واتە ئەو
بونەوەرانەى کە فێر نەکراوین هیچ مەکینەى ماستاو سارد کردنەوەیەک
بەدەستەوە بگرین ، ئێمە واتە ئەو مرۆڤانەى کەزمانمان زمانى گوڵەو
ڕخنەکانمان بۆ خۆشنودى خۆمانە و خاڵین لەڕق و پڕین لە توڕەبون
بەرامبەربە ( ئێوە ) و ئێوە ڕەخنەکانمان بە ( وەڕێنى سەگ لەمانگەشەو)
پێناسەدەکەن و بەجاسوس و بەکرێ گیراوى وڵاتان تاونبارمان دەکەن .
ئێوە واتە کاربەدەستە بێ خەمەکان، مەسئولە پاوەنخوازەکانى ئەم
نیشتمانە، کە وڵات تان وێران کروە و پڕتان کردوە لە کائینى شەڕانى و
گەندەڵ و چەقۆبەدەست ؟! ئێمە دەستێکمان هەیە بۆ بەخشین ( ئێوە ) چیتان
هەیە بیى بەخشن بە ئێمە ، جگە لە سوکایەتى کردن نەبێت بە ئیرادەى ئێمە
؟ ئێَمە دلێکمان هەیە پڕە لە خۆشەویستى بۆ نیشتمان ، ئێوە چیتان هەیەتا
بە نیشتیمانى ببەخشن ، جگەلەوەى هەمیشە دڵى نیشتمانتان سوتاندووە و
دڵەکانى خوتان پڕکردوە لە غەریزەى شەیتانى ؟ ئێمە ڕۆحێکمکان هەیە
هەمەیشە لەئاست گەوەرى نیشتماندا ئامادەیە بۆ دەرچوون ، بەڵام ئێوە
کەڕۆحتان لێوان لێوە لە هەناسەى تەماوى و ساتێکى پڕ لە شەهوەتى خۆتان و
بەزمى سەرمێزەکانتان نا گۆڕنەوە بە گریانەکانى ئێمە ، ئیدى چۆن جورئەت
دەکەن بەئێمە بڵێن ( فەوزەوى یەکان ) ؟ ئەگەر هەرکەسێک لەسەر داواکارى
یەکانى خۆیى زمان بگرێت و دژى شەڕە بێ تاموو بێ ماناکانى ئێوە هاوار
بکات و ئێوە ناوى لێبنێن ( فەوزا ) ئەوا ئێمە خەڵکانێکین تاسەرئیسقان
شانازى بە ( فەوزەوێتى خۆمانەوە دەکەین ) و دەڵێن بژى ( فەوزەوێت ).
خەونەکانى ئێمە هەموو خەونى ئیناسنین و ئازادى ئەقڵ و خۆشنودى تەواوى
مرۆڤەکان خەونى هەمیشە سەوزمانە ، بەڵام خەونى ئێوە چى یە ؟ جگە لە
مۆنۆپۆلکردنى سەرجەم کایە جیاجیاکان نەبێت ؟ خەونى ئێوە بێ دەنگى ئێمە
یە لەئاست گەمە ناشرینەکانتاندا ، خەونى ئێوە شکاندنى دەستەکانى ئێمەیە
کەهەرکاتێک بمانەوەێت ( پەنجە مان ) درێژبکەین بۆ گەندەڵى یەکانى ئێوە
، ئێمە خەون بەوە وە دەبینین کە باڵندەکان لەسەر لولەى تفەنگەکانتان
بنیشنەوە و لەسێ بەرى مرۆڤەکان هەڵ نەیەن ، بەڵام ئێوە بە تفەنگەکانتان
دەم کوتمان دەکەن ، کاتێک ئێمە قسە دەکەین و ڕەخنە دەگرین بۆ ئەوەى
خۆتان پاک بکەنەوە لە ئەو کارەى کە پێى دەوڵەمەند بوون ، ئێوە بە
دوژمون و بە جاسوس و بە خیانەتکارو بە تێک دەرى ئەمن و ئاسایشى وڵات
تاوانبارمان دەکەن و خۆتان دەکەنە فریشەتى فریاد ڕەس لەئێمە .
ئەوە 18 ساڵى تەواوە ،ئێمە هاوارتان لێدەکەین و داواى ئازادى دەکەین ،
ئێوە بەندمان دەکەن و سوکایەتى بەکەرامەتمانەوەدەکەن ، 18 ساڵە داواى
خۆشنودى و سەربەستى دەکەین ، 18 ساڵە هاوار دەکەین ، بەسە گەندەڵى ،
بەسە کورسى پەرستى ، بەسە ...تد ، ئێوە گۆمان لێناگرن ، ئێستا ئێوە
دەپارێنەوە داواى بەخشین دەکەن ، ئێوە دەپارێنەوەو داواى دەنگ دانمان
لێدەکەن ، کەچى لەمەشیاندا ڕاست نافەرمون و دروشمەکانتان پڕە لە وەهم ،
ئامانجەکانتان پڕە لەفێڵ و خۆَلڕکردنە چاو ؟! .
لە 25/7 دوبارە خەڵکى کوردستان هەموتان تاقى دەکاتەوە ، لەم سەرى چەپ
بۆئەوسەرى ڕاست لە ئیسلامیەکانەوە تا عیلامانیى کان ، تابۆئەوەى بزانن
تاچوار ساڵى ئایندە چەند پرسیارى ترى هاوشێوەى ئەم پرسیارانە
دووبارەدەبێتەوە و کام لە ئێوە لەگەڵ دروشم و بانگەشەکانى خۆیدا
ڕاستگۆیانە بەردەوام دەبێت .
|