په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٣

دوای ٢٢ ساڵ چیتان کرد!

تاهیر حەسەن     


٥/٣/٢٠١٣ ،٢٢ ساڵ تێپەڕ دەکات بەسەر مێژوی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵات و دەوڵەتی فاشیزمی بەعسی ڕوخاودا، لە نێو ئەم مێژوەدا، پرسیاری گرنگ ئەوەیە؛ ئاخۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی توانیان چ ئاڵوگۆڕێک بەدی بکەن کە جیاوازتر بێت لە مێژوی دەسەڵاتدارێتی سەردەمی بەعس؟ ئاخۆ خەڵکی کوردستان لە پێناو کامە ئامانجدا دەستی دایە ڕاپەڕین دژی ڕژێمی پێشوو؟ ئاخۆ ڕاپەڕین بۆ وەدەست هێنانی ئازادی و سەربەستی بوو یان بۆ ئەوە بوە لە جیاتی هەیمەنەی ناسیۆنالیستیانەی بەعسی عەرەبی، هەیمەنەی ناسیۆنالیستیانەی کوردی لەجێی دابنێت؟ نەک من، بەڵکو زۆرینەی خەڵکی کوردتسان بەکۆی ئەو دانیشتوانەی هەیەتی، تا دەگات بە سەرجەم خەڵکی چەوساوەی عێراق، ڕاپەڕینیان لە پێناو ئەو ئامانجە مەزنەدا کرد، تا ئەوەی هەست بەبونی مرۆڤ بونی خۆیان بکەن و چیتر وەک کۆیللەی ژێر دەستی دەسەڵات نەمێننەوە، ئامانجی بەرزی ڕاپەڕین و هاتنە مەیدانی ئەو ملیۆنان لە مرۆڤەی لە عێراق و کوردستاندا نیشتەجێن، بەبێ جیاوازی ئەتنی و دینی و ناسیۆنالیستیانە، ئامادە باشیان نیشان دا بۆ ڕزگار بوون لەو دەسەڵاتە دڕندەیەی کە ٣٥ ساڵی کێشا بەسەر خنکاندنی ئارەز و خواستەکانی سەرجەم خەڵکی عیراقدا. بەڵام هۆکاری ئەوەی بۆچی خەڵکی خۆی نەیتوانی شوێن هەڵگری هەنگاوەکانی خۆی بێت و خەباتی بەردەوام بکات تا بە ئامانجەکانی خۆی دەگات، دیارە لەوێدا ئەوەی توانی خودی خواستەکانی زۆرینەی خەڵکی بەلاڕێدا ببات و بەرەو ئاسۆیەکی نەخوازراو تاریک پەلکێشیان بکات، ئەو ئاستە لە ناوشیاری سیاسی و ناڕێکخراو بونی خودی کۆمەڵگا بوو لەوەی تەنها بەنەمانی ڕژێمی بەعس وای هەست دەکرد کە خواست و ئامانجەکانی بەدیدێت و ئاگایەکی لەوە نەبوو لەو دیو ڕوخانی بەعسەوە،(بەناو شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی ئەودیوو سنورەکانی عێراق، واتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و دینی عێراقی و کوردی) هەڵگری هەمان ئایدۆلۆژیایی بەعسن و تارماییەکانی ئایدۆلۆژیای بەعسیزمی ناسیۆنالیستی و دینی خۆیان بۆ ئەو خەڵکە مەڵاس داوە و دیسانەوە بە شێوازێکی تر پەتی کۆیللە بونیان لە ژێر ناوی کوردایەتی و عەرەبایەتی و ئیسلامەتیدا، نایەوە نێو دەست و پێی خەڵکی و بۆ جارێکی تر دەورانێکی وایان دروست کردوە، کە خەڵکی عێراق تا دەگات بە کوردستان زۆرجار بێن و خۆزگە بەدوێنێی پاوانخوازی بەعس، بخوازنەوە.


ئەوەی مەبەستی منە لەم بابەتەدا، ئەو پرسیارەیە لە دەسەڵاتی کوردی، ئاخۆ بەری ڕەنجی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانتان بەکام مەنزڵ گەیاندا؟ ئاخۆ گەر ئێوە نەبوون بەخۆرە بۆسەر خەبات و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، توانیوتانە چ گۆڕانکاریەک بخوڵقێنن کە لەوەی ڕژێمی بەعس ترسناک تر و دیکتاتۆریانە تر نەبێت؟ ئاخۆ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگا لە ماوەی ٢٢ ساڵدا، بەرەو کام خاڵ وەرچەرخاوە، بە ئیجابی یان بە سلبی؟ دیارە ئیجابی لای ئێوە ئەو پنتەیە کە خەڵکی تەسلیمتان بێت و هەردەم لە هەلهەلە کێشاندا بێت بۆتان و بەقوربانتان بێت، وە سلبیش بەنیسبەت ئێوەی دەسەڵاتدارەوە ئەو پنتەیە کە خەڵکی لە ڕێنمایەکنتان دەرچێت و بە دژتان خەباتێکی دیکە بباتە پێشەوە؟ ئاخۆ گەر ئێوەی ئەحزابی کوردی بەرپرسیار نین لەو بۆدوا گەڕانەوەی خەڵکی و هێنانی پەروەردەی خود پەرستی دواکەوتوانەی شوێن کەوتووی گیرفان پڕکردندا و هێشتنەوەی کەلتور و فەرهەنگی بخۆ و بڕۆ، بۆچی تا ئیستا هیچ پەروەردەیەکی بە پێزتان لە نێو کۆمەڵگادا نەچاندوە؟ خۆ ئاڵوگۆڕ کردن ئەوە نیە کوردستان بکەن بە ڤێلا و خۆتان واتەنی وەک دوبەی لێبکەن، چونکە ئەوە ئاڵوگۆڕ ناگەیەنێت لە بونیادی سەرخانی کۆمەڵگادا؟ بە پێچەوانەوە، نەک کوردستان هیچ ئاڵوگۆڕێکی بنیاتنەرانەی بە خۆوە نەدیوە، بەپێچەوانەوە، ماوەی ئەم ٢٢ و ساڵە کوردستان لە کۆی بنیادی ژێرخانی تا دەگات بە بنیادی سەرخانی بەرەو وێرانە و تێک شکاندن براوە. کاتێک فەرهەنگی تێک شکاندنی ئیرادەی مرۆڤ زاڵ دەکرێت لە کۆمەڵگادا و ڕێگا لە داخوازی و خواستە ڕەواکانی زۆرینە دەگیرێت، ئەو کات دەزانرێت کە ئەو دەسەڵاتە بە چ ئاقارێکدا دەخوازێت کۆمەڵگا ببات.


ئێوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوەردستان، خاوەن هەمان پەروەردەی سیستەمە دیکتاتۆرەکانن و لەو پێناوەشدا هەنگهاوەکانتان هەڵدێنن بۆ ئەمڕۆ و بۆ سبەینێش. سەیرکەن ببینن بزانن لەو ماوەی ٢٢ و ساڵەدا چۆن دەستان خستۆتە بینەقاقای کۆمەڵگا و بە چ شێوازێک ئاستی پەروەردەی پیاوسالاری و خێڵگەرایی و عەشایەریتان لە نێو کۆمەڵگادا پەرە پێداوە. ئاخۆ بە چ شێوەیەک بۆتان دەکرێت شانازای بە خۆتان و دام و دەزگا ئیداریەکانتانەوە بکەن لە کاتێکدا لەو کوردستانەی پێشتر وتان و بەڵێنتان بەخەڵکی دا کە دەیکەن بە وڵاتێکی نوێی مۆدێرن و جێکەوتەی مافە ڕەواکانی خەڵکی، لە کەتێکدا نەک هەر نەتان توانی ئەو مافانە بدەن یان هەنگاوی بۆ بنێنن، بەڵکو کوردستانتان کرد بە گۆڕستانی ژنان و لە ماوەی ئەو ٢٢ و ساڵەدا زۆرترین ژن کراوە بە قوربانی نێو ئەخلاقیاتی نێر ساڵاری کۆمەڵگا؟ کامەیە ئەو ئاڵوگۆڕەی ئێوە شانازی پێوە بکەن و خۆتان بکەن بە فریاد ڕەسی سەر کۆمەڵگا؟ ئاخۆ لای ئێوەی سیاسەت مەدار بە شورەیی نابیننەوە کە کۆمەڵگاتان بە ئاستێک گەیاندوە کە ڕقی لە وشەی سیاسەت و هەڵسوڕانی سیاسی ببێتەوە؟ ئاخۆ گەر ئێوە بتانخواستایە کۆمەڵگا بەرەو ئاڵوگۆڕ ببەن و ڕزگاری بکەن لەو کەلتورەی بەعس کە کۆمەڵگای وەک مێگەل دەبینی و بەئارەزوی خۆی ڕاپێچی هەرلایەکی دەکر کە خۆی بیوستیایە، چیتان کرد لەو پێناوەدا!!!!

 

کێ دەستی گرتبوون لەوەی کۆمەڵگا ڕزگار بکەن لەو تەنگەژەییەو بەرگی مرۆڤ بوونی بۆ بگەڕێننەوە و مانای سیاسەت کردنی لا شیرین بکەن؟ چونکە ژیان بەبێ سیاسەت کردن و گفتوگۆی هاوڕێیانە لە نێو پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا، بێمانایی جێگای دەگرێتەوە. دوای ٢٢ ساڵ چیتان کرد لەو خەباتە ڕەوایەی خەڵکی کوردستان لە پێناویدا خۆی بەخت کرد؟ ئاخۆ شورەیی نیە بۆتان کە تەنها ئومێدەکان و ئایندەیی مێژوەکەتان ببەستنەوە بەو چەند ملیارەی هەتانە و بەری ڕەنجی ئەو ملیۆنان لە مرۆڤەیە کە ئێوەی گەیاندە دەسەڵات و متمانەی پێدان؟ ئاخۆ شورەیی نیە لە وڵاتێکدا دوای ٢٢ ساڵ هێشتا وڵاتێک خاوەنی نەخۆشخانەیەک نیە کە بتوانێت چارەسەری نەخۆشیە قورسەکانی کۆمەڵگا بکات، ئاخۆ شورەیی نیە هێشتا لەو وڵاتەدا ڕێگایەک نیە دڵنیا بیت لەوەی کە سەیارە لێبخوڕیت و لە پڕێکدا تاسەیەک نەیەتە بەردەمت و توشی بێزاریەکت نەکات؟ ئاخۆ شورەیی نیە بۆ دەسەڵاتان دوای ٢٢ و ساڵ هێشتا قوتابخەنەکان لە ژێر دواکەوتوانەترین شێوازدان و لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەخوازن ئەو خوێندکار و قوتابیانە وا پەروەردە بکەن کە بێنە ژێر باری خواستەکانتان و لە دەنگدانە ئیفلیج بوەکانتاندا لایەنگریتان لێبکەن؟ ئاخۆ ئەوروپای دوای جەنگی کاولکاریانەی دوەمی جیهان، کە دەسەڵاتە زلهێزەکانی سیستەمی سەرمایەداری هۆکاری هەڵگیرسانی بوو لە پێناو بەرژەوەندیە نامرۆڤانەکانیاندا، لە ماوەیەکی چەند ساڵەی دوای جەنگدا، توانیان چ ئاڵوگۆڕێک ئەنجام بدەن لە خودی ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگادا؟ بۆ ئەمان خاوەن ئیرادە و بیر کردنەوە و پلانی مەزنن و ئێوەش تەنها خەریکی بنیاد نانی ڤێلای کەم وێنەن بۆخۆتان و خێزانەکانتان و لە دورەوە سەیری کۆمەڵگا دەکەن و، پێم وایە وەک میرولەش دەیان بینن لە بەردەمتاندا کە چ کات ویستان پیان پێدا بنێنن؟ ئاخۆ گەر ئیفلاسی سیاسی و ئیداری ئێوەی شۆڕشگێڕی دوێنێ و دیکتاتۆری ئەمڕۆ نەبوایە، بەرەی ئیسلامی سیاسی دەیتوانی بەو ئەندازەیە خۆی بخزێنێتە نێو کۆمەڵگا و ڤایرۆسی کوشندەی خۆی بچێنێت لەنێو هزری تاکەکاندا؟ ئاخۆ بەلاتانەوە ئاساییە کە ئەنجومەنی خانمانتان دامەزراندوە؟ ئەمە چ مانایەک دەگەیەنێت کە تۆ مرۆڤ لە قاڵبە ئەسڵیەکەی خۆی دادەماڵیت و بەرگی ژنانەی بەبەردا دەکەیت؟ ئاخۆ کاتێک گوێ بیستی وشەی خانم دەبیت، هەست بە چی دەکرێت، بە ڕێز گرتن یان بە کەم سەیر کردن؟ خانم بوون، بەمانای کەسێکی ئەکتیڤ نایەت، هێندەی وا دێتە بەرچاوان کە کەسی ژن، جلوبەرگی ڕازاوەی لەبەرکراوە و وەک بوکە شوشەیەک لە شوێنێک بۆ نومایش کردن دانراوە، ئیتر ئەو ناوە بەچ شێوازێک شایستەی کەسایەتیەک دێت کە ناوی مرۆڤە و جیهان بینی بەرژەوەندی پیاوسالاری و چینی دزی زێدەبەرهەم ئەو ناوەی لێناوە و لە کەسایەتیە ڕەواکەی خۆی دایماڵیوە. کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بەخەباتی بەردەوامە تا ئەو ساتەی هەست بەبونی خۆی دەکات و تەنها ئەوکاتەی بگاتە خواستە ئازادیخوازی و یەکسانیخوازەکانی، یانی کاتێک ژنی وەک مرۆڤ ناسی و کاری هەرەوەزی و پەروەردەی مرۆڤ بونی لەناخی تاکەکانیدا چاند، ئەو کات دەتوانین بڵێین بەری رەنج و خەباتی بۆ کۆی کۆمەڵگایە، نەک وەک ئەمەی ئێستا کە چینێکی ناڕەوا ی پاوانخواز دەستی بەسەر کۆی جومگەکانی ژیاندا گرتوە و لەژێر ڕۆشنایی ئاواکردندا، تاریکساتانێکی بۆ کۆمەڵگا بنیات ناوە!!!!! ئاخۆ پێم ناڵێن ئێوە دوای ٢٢ و ساڵ چیتان کرد؟

 

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک