په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دواى ئۆباما...
ئایا سۆرانییەک دەبێتە سەرۆکى پارتى؟


کەمال چۆمانى   

 
لە چوارى نۆڤەمبەرەوە، چەند پرسییارێک بە خەیاڵم دێن و دەچن. ئەو پرسییارە بە چەندان شێواز خۆى بەیان دەکات. لەوانەیە چەند پرسییارێکى زۆر سادە بن، بەڵام وەڵامى زۆر قوڕسییان ببێت.


دەرچوونى ئۆباما لە هەڵبژاردنەکەى ئەمریکا و بوونى بە یەکەم سەرۆک کۆمارى رەشپێستى ئەو وڵاتە، گرنگترین پەیامێکە بۆ جیهان کە ئیتر سەردەمى رەگەز پەرستى و جییاوازییە چینایەتییەکان، گەر بە کۆتاش نەگەییشتبێت، ئەوا لە مەرگى خۆى نزیک بووەتەوە. ئۆباما ئەو رەشپێستە گەنجە هەژارە ئەفریکاییە باوان موسڵمانە، هەموو ئەو پێوەرانەى تێکشکاند کە بۆ بوونە سەرۆکى ئەو وڵاتە زلهێزە پێشتر بیرمان لێیدەکردەوە. گومان لەوەدانییە، رەشپێستى و هەژارى و باوان موسڵمانى و ئەفریکایى و گەنجى، تا ئەو چرکە ساتانەى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکە، ئەو پێوەرانە بوون کە بە لاى زۆرێکەوە بۆ بوونییان بە سەرۆکى ئەمریکا، زییاتر لە خەونێکەوە نزیک بوو. زۆر جار خەونیش دێتە بوون، هەر بۆیە لەوانەیە "سەربەخۆیى کوردستان" کە بە لاى سەرکردەکانمانەوە خەونى شاعیرانەیە، ببێتە راستى.


ئەوەى ئێستا بۆ من گرنگە، بەیانکردنى ئەو پرسییارانەیە کە من لە دواى چوارى نۆڤەمبەرەوە بە دوای وەڵامییانەوەم. سەرکردایەتى کوردستان، بەتایبەت یەکێـتى و پارتى و بەتایبەتتریش هەردوو سەرکردەى حزبەکە، جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى، شەیداى سییاسەتیی ئەمریکا و لیبڕاڵییەتى ئەمریکا و ئەو فەزا دیموکراسییەنە کە ئەو وڵاتە بۆ تاک و جڤاکى خۆى هێناوییەتە بوون.


ئەوەتا ئۆباما مێژوویەکى لە ئەمریکا درووستکرد. ئەو خەونەى مارتن لۆتەر کینگ هەیبوو، ئێستا بە تەواوى هاتە بوون. ئەى ئەو خەونەى ئێمە کەى دێتە دى کە وڵاتێکمان هەبێت بێ جییاوازى چینایەتى و بنەماڵەیی و ناوچەیی؟ ئەوە ئەمریکا ئەو پێوەرانەى تێکشکاندن کە پێیوابوو رەشپێستێک نابێتە سەرۆکى وڵات. ئەى ئێمە کەى ئەو پێوەرانە تێکدەشکێنین کە بۆ بوونە سەرۆکى یەکێک لەو دوو حزبە بۆ جگە لە بارزانى و تاڵەبانییەکان بڤەیەکە؟ بیرمان نەچێت، باوو باپیر، یان هەمان ئەوانەى ئێستا ئۆبامایان هەڵبژارد، لەوانەیە ئەوانە بووبن کە "مارتن لۆتەر کینگ"ییان کوشت. کەچى تێڕوانینى ئەوان لە ماوەى نیو سەدە تا چ راددەیەک گۆڕا، کە ئەمەش جێی هیوا بەخشینە بە هەموو ئەو گەلانەى کە جییاوازییە رەگەزی و چینایەتی و بنەماڵەیی و ناوچەییان تێنەپەڕاندووە.


با ئێستا بپرسین، ئایا رۆژێکیش دێت سۆرانییەک بێتە شوێن مەسعود بارزانى؟ ئەى ئایا رۆژێک دێت بارزانییەک یان کەسێکى دوور لە بنەماڵەى تاڵەبانى ببێتە سکرتێرى یەکێتى؟ مێژووى تەواوى هەردوو حیزبەکە، بە روونى ئەوەمان نیشاندەدا کە لە ئێستادا زۆر دوورە ئەوە ببینین. بەڵام گەییشتن بە یەکسانیی، ئیشى دەوێ. ئیش، هەموومان دەگەیەنێتە ئەو یەکسانییەى کە ئێستا ئەمریکییەکان پێی گەییشتن. ساڵانى شەست لە ئەمریکا، رەشپێستەکان بۆیان نەبوو لە چێشتخانە سپیپێستەکان نان بخۆن. لە فەرمانگە حکومییەکان، شوێنى ئاو خواردنەوەیان جییا بوو. کەسێک نییە مانگرتنەکەى مۆنتۆگمرى نەبیستبێت و چیڕۆکى ئەو جییاوازییانەى ئەو سەردەمى نەخوێندبێتەوە. نزیکەى ساڵێک مانگرتنەکەى رەشپێستەکان لە سوواربوونى پاس، ئەو رۆژانە بوون کە تێیدا رەش وەک ئاژەلڕ لە ئەمریکا سەییر دەکرا. کەچى ئەوەتا دواى نزیک بە پەنجا سالڕ، رەشێک دەبێتە سەرۆکى ئەو وڵاتەى رەشى بە ئاژەلڕ سەییر دەکرد.


ئایا چی دەبێت گەر سەرکردەکانى ئێمەش فەزایەکى گشتى دیموکراتیکى وا درووستبکەن ئێمەش هەست بەوە بکەیین، هیچ جییاوازییەکمان نەبێت لەگەلڕ ئەوان و دەوروبەرییان؟ هەردوو کۆنگرەى پارتى و یەکێتى کە دەبێت لە ماوەى داهاتوو ببەسترێن و هەردووکیشییان نازى دیموکراتییەت و یەکسانى دەکەن، پێماندەڵێنەوە ئایا دواى مێژوویەکى درێژ لە تاکجەمسەرى بنەماڵەیى لە ناو خۆى حزبدا، چەند گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە؟ لەو دوو کۆنگرەیەدا، بە هیوایین یەکەم مومارەسەى تەندروستى دیموکراتى ببینین. ئێمە بە هیوایین بۆ یەکەم جار جگە لە تاڵەبانى و بارزانى، لە کۆنگرەکاندا پاڵێوراوى تریش هەبێت بۆ سەرۆکایەتى و سکرتێرایەتى. یەکەم دەستپێکى مومارەسەى دیموکراتى راستەقینە ئەو رۆژە دەستپێدەکات، کە ئێمەش چیتر ئەوەندە هەڕەمى دەستەڵاتمان لا خۆشەویست نەبێت و کوڕە سۆرانییەک ببێتە سەرۆکى پارتى و کوڕە بارزانییەکیش ببێتە سەرۆکى یەکێتى. ئەوەى ئێستا من دەیڵێم، لە ئێستادا لەوانەیە لە خەون نزیکتر بێت وەک لە راستى، بەڵام "کەواتە وەرن با ئیش بکەین، نەوەک جەنگ و جەدەل، ئەوە تەنها ئیشە وادەکات ژییان تەحەمولکراو بێت."


ئەو پرسییارانەى من، هەمان ئەو پرسییارەیە کە نووسەرێکى تورک لە بەرەبەیانێکى زوودا بە خەیاڵیدا دێت و تووشى تێڕامانى دەکات. نووسەرە توورکەکە، بیر لەوە دەکاتەوە و وێناى ئەوە دەکات کە چۆن دەبێت گەر کوردێک ببێتە سەرۆک کۆمارى تورکییا؟ ئۆباما، ئەو پرسییارەى ئەو پرسییارەى لاى نووسەرە توورکەکە درووستکرد. ئەوەى بۆ من گرنگە، توورکەکان کە تا سەر ئێسقان دژى کوردن، کەچى پرسییارى وا بە خەیاڵییاندا دێت، ئەى بۆ ئێمە بە خەیاڵماندا نایەت؟.

 

chomani_85@yahoo.com