په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٤

    دوای سەدەیەک حەشر.


یوسف خەلیل

 

وا لە ئامێزی شەودا نوستووین و
ئامێز بۆ شەوەزەنگی رۆژگار
دەگرینەوە
هۆ شۆخە هەڵاڵەییەکانی بارانە تەرییوەکانی شار
چەرداغی چەترە ژەنگاوییەکانی سەر
جەستەو سیما ژاکاوەکانی روخسارە هەنارییەکانتان
تووڕ و وەلانێن و
خوانی تنۆک و دڵۆپە پەمەییە پڕ میهرەکان
لەئامێز نێن
ئەها پەپوولەکانی شەوبۆی سینەی حەز
بەسەر سینە و کوڵمە تێکسمڕاو و سیما نەوبووکییەکاندا
کۆتر ئاسا نەغمە و گمەیان دێ و بە نیازن ئەم شەو
لە ئامێزی تریفە و مەهتابی عەشق و
خەڵوەت و ساباتی ژووانە تێکدراوەکانا
لە بان و گڵکۆی دڕکەوە ئاوێزانێکی دیکە
لە بۆ ژانی بۆن و شیلەی گوڵە بێ نێر سک پڕەکاندا
مەستی مەی و
فرمێسکی شەهوەت و
زەردەخەنەی مۆنالیزادا
لە بێهوودە و بێ ئاگاییەکی شێتانەدا
سەرخەوێکی ئارام
پڕ سینە لە ماچ
گەردوونێک زام لە خاچ
زەردەیەک لە جەستەیەکی پڕ لە روخسار
پڕ بە پەڕەی دڵ لە پێکەنین و
بێگەردی لە چرکە سەدە ساتێکی دا
لەگەڵ گەڵا وەریوە دەم باکانی
خەزانی ئەم پاییزە بێ شاعیرەدا
تێک بئاڵێین و
سەدەیەک چرکەیەک خورپەیەک ن...ا
یەکتر بکرۆژیین
تەنها هەناسەیەک!
....
هاوڕێم لە حەشرستانی مادوو
ئەمڕۆ لە نامۆستانی ئاروو
ماچ و مەمکۆڵە چڕاو و دزراوەکانی ژووانی خاکدا
هەمیشە لە دووی پرسیار وێڵین؟
چما نان لە کوێ‌ بهێنین؟
زارۆ و ژانە گڕگرتووەکانی رەهابوون بپێکین
زل نەهەنگ و گەڵە تامەزرۆکانیش
لە ژێر کەپرۆکەی ئەم بنەوشە لە دڕک چووانەدا
خوازیارییانە
بۆ چەند چرکە و تنۆکە سپێرێ ژووان وەلانێن و
لە ئامێزی دڵە گەنیوەکان تەپاوتل و
رۆچوون بەرەو کەنارەکانی رەحەتبوون
سیما و ساناتۆسی زەکەرییان بێ
مەنوون و تکایە ئامادەباش بن
با مردووەکان ببنە زێوان و
شەهیدە درۆکانی براخۆر لە گۆڕنێن
ئەمێستاش دوای
شکست دابڕان خنکاندنی من تۆ شەو و
بیرم دێ‌ ژنە جادووەکان
پرچە ژاکاو و ژەنگاوییەکانیان
بە میهرە گوڵاوییەکان دەشوشت
لەگەڵ ساتێکی زەردە و کازێوە پڕ چۆلەکەکانی ماچدا
ئێشک دەگرن و
لە بۆ ئامارکردنی نەیزەک و ستارە فڕێندراوەکان
سەرخەو دەشکێنن
نازانم لە کوێ‌ ببمە دەرۆزەکەری وەڵامی بێ پرسیار
مژدە هاوڕێ مژدە
وەریین و مەنوون
وا ئیرۆس کچە قەرەجییەکانی دوو گیان کرد
ترسیش بووە نۆشی مەلەکوت و
ساناتۆسیش لەدۆزەخی حەشری بوونەوەردا
لەخشتە برا
هەرزە مەمک هەڵووژەییەکانیش
لە شەهوەتی تەوارە نەعلەتییەکانی حەوا و
کۆشکە دوو گوێ‌ مێزەر بەسەرەکانی زەمەن
سوخمەکانیان توندتر کرد
نەکا خوانەکردە
ببنە خەزانی پاییزە دڕکستانەکان و
جارێکی دیکە
وەیشوومەی زامار و باڕێژەی دابڕان هەڵکات و
ببنە شەونمی پاش بارانی سپێدەکان و
تێشووی خاکە خۆرنەدیوو و
گەدە کروساوەکان
مەم و فەرهاد و لەیل
لەگەڵ رۆمیۆ و جۆلێت بێ خۆراک
دووکەڵی سیغار و بەفری هاویین سەرخەو بشکێنن و
لە بێهوودەییدا
تروسکەی ئەمەل فەرامۆش کەن!!!


ماڵپەڕی یوسف خەلیل

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک