په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٩\٢٠١٥

دیاریی کتوپڕی وەزیر و جێگری سەرۆک.

شوان سدیق      


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم، رێباز حەملان. دووەمین ساڵە بەبۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونییەوە دیاریی کتوپڕ پێشکەشی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەریمی کوردستانی دەکەن.


ساڵی رابردوو لەمیانەی سەردانێکی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ پارێزگای دھۆک سەبارەت بە پرسی ئاوارەکان و کێشەی خوێندنی قوتابیان، لەو رۆژەشدا ساڵرۆژی لە دایکبوونی سەرۆکی حکوومەت بوو. بۆ ئەوەی بارزانی بێبەش نەبێ لە ئاھەنگی رۆژبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی دیارییەکی کتوپڕیان بۆ سەرۆکی حکوومەت ئامادەکرد.


ئەمساڵیش ھەمان سیناریۆی ساڵی پار دووبارە بوویەوە، تاڵەبانی و حەملان رۆژبوونی سەرۆکی حکوومەتیان بەرز گرات و ئەو رۆژەیان بیری سەرۆک وەزیران ھێنایەوە.


نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە ٢١.٩.١٩٦٦ لە گوندی بارزان لە دایکبووە. بارزانی لە ساڵی ١٩٩٩ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە تەنیا لە کابینەی شەشی حکوومەت کە ماوەی دووساڵ بوو بارزانی سەرۆک نەبوو لە کابینەی حەوت و ھەشت سەرۆک وەزیرانە.


دیاریی کتوپڕی ئەمساڵی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک بۆ سەرۆکی حکوومەتی بریتی بوو لە تابلۆیەک بە دیاری لە تابلۆکەدا پیاوێکی بەتەمەنی پیشەوەر سەرقاڵی کارە لە دوکانە بچوکەکەیدا.


لە دوای ئاشکرابوونی ئەو دیارییە کتوپڕە بۆ سەرۆکی حکوومەت لە تۆڕە ‌کۆمەڵایەتیەکاندا خوێندنەوەی جیاجیای بۆ کرا، زیاتریش لەو خوێندنەوانە رەخنە گرتن بوو لە وەزیری دارایی بەو پێیەی وەزیر سەربە بزووتنەوەی گۆرانەو ئەو ھێزەش بەردەوام رەخنە لە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم دەگرێت. بۆیە خاوەن ئەو بۆچوونە پێیانوایە چۆن دەبێ وەزیر و سەرۆکی حکوومەت وەھا پەیوەندیان خۆش بێ و کەچی سیاسەتی گۆرانیش وەھابێ یان خەڵک بەھۆی قەیرانەکان لە ھەرێم لە خراپترین دۆخدان!


ئەو بۆچوونانەی خوێندنمەوە دیارە بەشی خۆیان راست و پێچەوانەکەی تێدایە.‌ بە پێچەوانەوە، من خوێندنەوەیەکی ترم ھەیە بۆ ئەم دیاریی و پەیوەندیانە.


پەیوەندی سەرۆکی حکوومەت کە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستانە و جێگری سەرۆک کە نوێنەری یەکێتی نیشتمانەو ھەروەھا وەزیری داراییش کە نوێنەری گۆڕانە ئەم سێ ھێزەش ھەموومان دەزانین رکابەری یەکدین لە سەر ئاستی سیاسی و لەناوچەکە. پەیوەندیەکی تەندروستە لەچاو پەیوەندی نوێنەری حزبەکانی تر لە دوو سەرۆکایەتیەکی تر سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان. بەرپرسانی حکوومەت نێوانیان خۆش بێت.


تەمەنی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ١٠ ساڵە لەو ماوەیە تا ھەنووکەش سەرۆک کە لە پارتی بووە مەسعوود بارزانیەو جێگریش لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە تا ئێستاش "کۆسرەت رەسوڵ عەلی"ە پەیوەندی ئەم دوو بەرپرسە ئەگەر لەئاستی راگەیاندنیش سەرنجمان دابێ ئەوان پەیوەندیەکی خۆش لە نێوانیاندا نەبووە. یان بەیەکەوە کەمترین سەردانیان ئەنجام نەداوە.


لەئاستی پەرلەمانیش لە قۆناغی ئێستا بەتایبەتی لەدوای دانیشتنی ٢٣ی حوزەیرانی ئەمساڵ پەیوەندی نێوان سەرۆکی پەرلەمان، یوسف محەمەد کە گۆرانەو جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەعفەر ئیبراھیم کە پارتیە پەیوەندیان خراپ بوو بەروونیش ھەستی پێدەکرێ بەردەوام لێدوانیان لەدژی یەکدی داوە بۆنموونە جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەخنەی لە سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان کە کۆمەڵی ئیسلایە گرت بەوە تۆمەتباری کردن ئەوان داوای دانیشتنی ١٩ی مانگیان کردوە. بەوتەی جەعفەر ئەو دانیشتنە "نایاساییە"و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش لەسەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم سەرکەوتوونەبووە، کار گەیشتوەتە ئەوەی مێدیاکانیان زیاتر لەدژی یەکتری قسە بکەن ھەروەھا چالاکیەکانی سەرۆک و جێگری لەکن یەکتری بایکۆتکردوەو بڵاوی ناکەنەوە.


دۆخی ئێستا بەھۆی قەیرانی دارایی و شەری داعش و پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم لایەنەکانی لەنێوان یەک دابەشکردوە. بۆچوونی حیاوازیان ھەیە ئەمەش رەنگەدانەوەی ھەبووە بەسەر بۆچوونی لایەنگری حزبەکان و لە مێدیانیشدا بەردەوام یەکتریان تۆمەتبار کردوە.


پرسی سەرۆکایەتی و قەیرانی دارایی بەتەواوی تووڕەبوونی لەنێو ھاوڵاتیاندا زیاتر کردوە. خەڵکێکی زۆر رەخنە لە سیاسیەتی حکوومەتی ھەرێم دەگرن بەتایبەتی لە پارتی و یەکێتی زۆرترینی لە پارتیش چونکە پێیانوایە ئەوە پارتیە ئیدارەی کوردستان دەکات ئەم قەیرانانەش لە ئەستۆی پارتیدایە!


خەڵک بەتایبەتی لایەنگرانی گۆران ئەوانەی رەخنە لە سیاسەتی پارتی و یەکێتیش دەگرن وەک چۆن لەسەرئاستی تاک و لەنێو خۆیاندا ئەوان خۆیان جیاکردوەتەوە، بۆچوونیان یەک نیە لەگەڵ لایەنگرانی پارتی و ھەندێ پارتی تریش دەیانەوێ گۆران خۆی جیابکاتەوە لەو ریگایەی کە پارتی ھەنگاوی بۆ دەنێت بەڵام بەرپرسانی گۆران ئەوەیان رەتکردوەتەوەو وەک پێویست بەدەم ئەو بانگەشانەوە نەھاتوونە.


پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو یەکگرتووییەی لەنێو حکوومەتدا ھەیە لە سەرۆکایەتیەکانی تردا ھەیە بێگومان نەخێر زۆریش ھەوڵدرا حکوومەتیش بەھەمان چارەنووسی سەرۆکایەتی ھەرێم و بەتایبەتی سەرۆکایەتی پەرلەمان بچێت، کەچی ئەو جیاوازیە وەھا لە حکوومەتدا رەنگی نەدایەوە.


لەرۆژانی رابردوو بۆچوونێکی جیاواز لە حکوومەت رەنگی دایەوە خەریک بوو ململانێی حزبی حکوومەتیش بگریتەوە، چەند لێدوانێکی جیاوازیش لە وەزیرانی دارایی و سامانە سروشتیەکان روویدا بەڵام ھەرزوو سەرۆکی حکوومەت فریای ئەوە کەوت. ھەر نێچیرڤان بارزانیش بوو رێگری کرد وەزیری دارایی بچێتە پەرلەمان!


کەوایە ئەم نزیکایەتی و پەیوەندیەی لەنێوان سەرۆک و جێگر و وەزیرەکان ھەیە لە حکوومەت، ھۆکارەکەی ئەوەیە تا ئیستاش بەیەک تیم کارکردن بەباش دەزانن. بێگومان ئەمە بۆ حکوومەتی بنکە تەندروست ئەگەر پەیوەندی نێوان لایەنەکان باش بێت حکوومەت سەرکەوتووتر دەبێت


خاڵێکی تر کە دەشێ باسی بکەین رۆڵی نێچیرڤان بارزانی خۆیەتی لەم نمایشەی بەرپرسانی حکوومی ئەزموونی بارزانی زیاترە لە ئەزموونی وەزیرەکان و جێگری سەرۆکوەزیرانیش بارزانی ھەمیشە ھەوڵی داوە پەیوەندی کارکردنی لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی حکوومی باش بێ و بەیەک تیم کار بکەن. لەم رووەوە بارزانی سەرکەوتووبووە، لە ‌ھەماکاتدا نێچیرڤان بارزانی ھەرگیز رێگەی بەوەنادات، کاربەدەستانی حکوومی کارێک بکەن پێچەوانەی خواستەکانی ئەو بووبێت!


ئەگەر ئەزموونی نزیک بوونەوە رووبدا لەنیوان لایەنەکان لە حکوومەت و سەرۆکایەی پەرلەمانیش کارێکی باشە متمانەی زیاتر و دڵنیای دەداتە ھاوڵاتیان کە ئەگەر ھەنگاوێک بۆ چاکسازی و حەقومافی ئەو میلەتە بنێن ئەوا سەرکەوتوو دەبێت. چونکە ناکرێ تاسەر حکوومرانی و کاری پەرلەمانی لەو ئاستەدا بێ پەیوەندی سەرۆک و جیگر خراپ بێت. ئەی کارەکان چۆن دەڕوات بەریوە؟ بەڕای من سەرکەوتوو نابێت. دواجار قەیرانەکان وەکو ئەوەی ئێستا ھەن بەردەوام دەبن و زیاتر دەبن.

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک