دوو ئامۆزا.
عامر سابیر (١) ئه‌یوب و ئه‌دهه‌م.
ئه‌یوب بارزانی که ئامۆزای مه‌سعود بارزانییه، په‌رده له ڕووی ڕاستییه‌کی گرنگ و مێژووی هه‌ڵده‌داته‌وه و له‌زاری دۆستێکییه‌وه، باسی هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانی ناوچه‌ی بارزان ئه‌کات و ئه‌ڵێت [ ناوچه‌ی بارزان له چالاکی هه‌موو پارته کوردییه‌کانی دیکه قه‌ده‌غه‌کرابوو، ته‌نیا سه‌رۆکی (پ.د.ک)ی ئێستا نه‌بێت، که چه‌ند بارزانییه‌کی سه‌ربه‌خۆ خۆیان پاڵاوت بۆ هه‌ڵبژاردن، مه‌سعود بارزانی ئاگاداری کردن که بکشێنه‌وه و ته‌نیا پاڵێوراوی خۆی ئه‌بێت هه‌بێت، سه‌رۆکی پارتی لێدان و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌کارهێنا، به‌ڵام بارزانییه‌کان ته‌سلیمی نه‌بوون. له هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا پاڵێوراوه سه‌ربه‌خۆکه ده‌رچوو نه‌ک ئه‌وه‌ی پارتی، ئه‌مه سه‌رشۆڕی بوو بۆ پارتی، به‌ڵام میدیای پارتی نووسیبووی (ده‌رچووی شاره‌وانی بارزان له پارتی دیموکراتی کوردستانه)]. ئه‌یوب بارزانی به‌رده‌وام ئه‌بێت و ئه‌ڵێت ئه‌مه نموونه‌یه‌کی زۆردارییه که هه‌ڕه‌شه و به‌رتیل و لێدان و درۆ له هه‌ڵبژاردنی بارزاندا به‌کارهێنرا(1).
به‌ڵێ، ئه‌و پارتییه‌ی خۆی به پێشڕه‌وی کورد ناوده‌بات و ئه‌و سه‌رۆکه‌ی (که دیارنییه مه‌هاباد قه‌ره‌داغی له پاداشتی چیدا، پێی وایه) شیاوی پاڵاوتنه بۆ لیستی خه‌ڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی، ئه‌وه‌ته ناتوانێ ته‌نانه‌ت له گوند و ناوچه‌که‌ی خۆشی‌دا متمانه‌ی خه‌ڵک به‌ده‌ست بهێنێ و به زۆر خۆی ده‌سه‌پێنێ.
ئه‌دهه‌م بارزانیش که ئامۆزای مه‌سعود بارزانییه، ماوه‌یه‌که خۆی گیڤ کردۆته‌وه و ئه‌ڵێت ئیستیقاله له په‌رله‌مان ئه‌که‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی کۆنه به‌عسی تیادایه، ئه‌م که خۆشی کۆنه به‌کرێگیراوی ئێرانه و ئه‌و کاته‌ی له‌سه‌ر داخوازی ئێران (حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕی کورد)ی هه‌بوو، دوو سه‌د هه‌زار دیناری سویسری له پاره‌ی به‌کرێگیراووییه‌که‌ی ته‌رخانکردبوو بۆ هه‌ر که‌سێک ڕێبوار ئه‌حمه‌دی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بکوژێت. ئه‌دهه‌م له ١٧/٥/٢٠٠٨ نامه‌ی ئیستیقاله‌که‌ی ئه‌دات به سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ڵام په‌رله‌مان به زۆرینه‌ی ده‌نگ له ٢٦/٥/٢٠٠٨ قبووڵی ناکه‌ن. ئاخر ئه‌مه که‌ی کاری په‌رله‌مانه تا ده‌نگی له‌سه‌ر بدات، ئه‌وه ته‌نها په‌یوه‌ندی به پارتی و ئه‌دهه‌م بارزانی خۆیه‌وه هه‌یه، ئه‌م په‌رله‌مانه چونکه بێناوه‌ڕۆکه، چونکه به‌رهه‌می شتێک نییه ناوی هه‌ڵبژاردن بێت، له‌سه‌ر شتی ئاوا پووچ ده‌نگدان ئه‌کات. ئه‌دهه‌م بارزانی به‌دوای ئه‌مه‌دا ئه‌ڵێت (چاوه‌ڕێی ئه‌مری سه‌رۆک بارزانیم، ئه‌گه‌ر جه‌نابی ڕێبه‌ری گه‌لی کورد مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی کوردستان چ بفه‌رموێت من وا ده‌که‌م و له ژێر فه‌رمانی ئه‌و ده‌رناچم). جا که (هه‌ر وه‌ک چاوه‌ڕوان ئه‌کرا) ئه‌دهه‌م هه‌موو بڕیارێکی به‌ده‌ست پاڵه‌وانه‌که‌ی ٣١ی ئاب بێت، ئایا به‌م شانۆگه‌رییه ساویلکانه‌یه ئه‌یه‌وێت چی به خه‌ڵکی کوردستان بڵێت؟ ڕه‌نگه ئه‌م یارییه منداڵانه‌یه‌ی ئه‌دهه‌م بارزانی بۆ پیرۆزکردنی مه‌سعود بارزانی (که خه‌ڵکی کوردستان له‌وه هوشیارترن به‌سه‌ریاندا تێبپه‌ڕێت) ته‌نها هه‌وڵێک بێت له دژی ڕاستی درکاندنه‌که‌ی ئه‌یوب.
(٢) سانسۆر.
ئه‌وه ڕاسته که هه‌موو دکتاتۆرێک ترسنۆکه، ئه‌وه‌ته نه‌وشیروان مسته‌فا که مێژوویه‌کی ڕه‌شی هه‌یه، هێنده ئازایه‌تی تیادا نییه که وتارێکی فایه‌ق سه‌عید (کاک نه‌وشیروان پاساو بۆ خراپ بوونی په‌روه‌رده‌ش ده‌هێنێته‌وه!) که ڕه‌خنه‌یه له بۆچونێکی سه‌قه‌تی خۆی له‌سه‌ر په‌روه‌رده، له رۆژنامه‌ی (وشه)که‌یه‌وه بڵاوبکاته‌وه، بۆیه فایه‌ق سه‌عید ناچارده‌بێت له پاش ١١ ڕۆژ (١٠/٥/٢٠٠٨) بینێرێت بۆ ئاوێنه بۆ بڵاوکردنه‌وه. سه‌یر ئه‌وه‌یه که به‌رپرسی کوردستان نێت (عومه‌ر فارس)یش له ٨/٦/٢٠٠٨ ڕێگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاری (قیڕه‌قیڕی مه‌لا) ده‌گرێت، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی که به‌شێکی، ڕه‌خنه‌یه‌کی بچووکه له خۆی.
(٣) خه‌ڵات.
* حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن گه‌رچی ڕه‌خنه‌ی ڕوخێنه‌ر ئه‌گرێت، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی خه‌ڵاتی پارتی به ناڕاسته‌وخۆیی وه‌رگرتووه، ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر له پارتی ئه‌گرێت. وتاره‌کانی به‌ناوی (کتێبه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم) ده‌رباره‌ی به‌رگه‌کانی کتێبه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی، هه‌ڵسه‌نگاندنێکه زۆر زیاتر له پیاهه‌ڵدان و پروپاگه‌نده‌بۆکردن ده‌چێت. له‌سه‌ر یاداشتی ٤٧٤ مه‌لاکه، دوو وتاری جوان ده‌نووسێت، به‌ڵام له‌سه‌ر به‌ده‌نگه‌وه‌چوونه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ مه‌لاکان ( که له هاتووهاواری پانتۆڵکورته‌کان تاریکهێنه‌رتره)، وتار نانووسێت، به‌ڵکو ئیمزا له یاداشت (نامه‌ی کراوه) ئه‌دات بۆی.
که دۆستێکی، نیگه‌رانی خۆی له وتارێکدا بۆ ده‌نووسێت (له سایتی ده‌نگه‌کانه‌وه) و ئه‌ڵێت بۆ بێده‌نگی له‌وه‌ته‌ی له هه‌ولێری، ئه‌و له (هه‌ولێڕ)ه‌وه له وه‌ڵامدا ئه‌ڵێت من بێده‌نگ نیم، تۆ بێئاگای، ئه‌گه‌ر ئاگاداری (هه‌رێم و هه‌ولێر) نیت، بڕۆ سه‌یری ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان بکه و دووا کتێبم (ڕۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات) ببینه، به‌ڵام پێده‌چوو دۆسته‌که‌ی له‌دوای خۆێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه‌ش وتاره‌که‌ی نووسیبێ.
* ماڵپه‌ڕی (کوردستان نێت)یش (له‌و کاته‌وه‌ی له گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی یه‌کگرتوو، به یه‌که‌م ناوزه‌د کرا، له لایه‌ن په‌یمانگایه‌کی ئه‌مریکی له کوردستان) ڕه‌خنه له دژی ئه‌مریکا بڵاوناکاته‌وه، بۆیه به‌رپرسه‌که‌ی له ١٩/٢/٢٠٠٨ سانسۆری وتاری ( هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی کۆپۆنی خۆراک نیشانه‌ی وه‌حشێتی ئه‌مریکا و داروده‌سته‌که‌یه‌تی له عێراقدا) ده‌کات و ناهێڵێت له په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌که‌یه‌وه ڕوناکی ببینێت.
(٤) شه‌کری سه‌نگاوی و سامانی نه‌وشیروان.
* له سه‌ر ئه‌و قسه عه‌شایه‌رییه‌ی که پیاوه عه‌سکه‌رییه‌که‌ی یه‌کێتی (مه‌حمود سه‌نگاوی) کردوویه‌تی (لاوه‌کانی ئێمه ده‌یانه‌وێ هه‌موو به‌یانییه‌ک له‌خه‌و هه‌ڵسان پاره و کچی جوانیان بۆ به‌ریت بۆ ناوجێگا)(2) زۆر وتارم بینی له دژی نووسرابوو که ئه‌ڵێن سه‌نگاوی ئیهانه‌ی به گه‌نجان کردووه، به‌ڵام له ڕاستیدا ته‌نها سوکایه‌تی به لاوانی کوڕ کردووه، زۆربه‌ی لاوانی کوردستان که کچانن، ئه‌م پیاوه عه‌شایه‌ره هه‌ر نه‌یانی خوێندۆته‌وه، به‌ڵکو ته‌نها وه‌ک ئامێری دامرکاندنه‌وه‌ی ئاره‌زووی سێکسی کوڕان سه‌یریان ده‌کات.
* له پاش ئه‌و رونکردنه‌وه‌یه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بڵاویکرده‌وه(3)، که تیایدا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێت (خه‌ڵکی کوردستان خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و سه‌روه‌ته‌یه که له‌لای یه‌کێتییه) ئه‌ڵێت ( خۆم شه‌ریکم له هه‌موو سه‌روه‌ت و سامان و دارایی یه‌کیتی). له‌پاش ئه‌مه، ئه‌و که‌سه زۆر ساویلکه‌یه که هێشتا باوه‌ڕی وابێت نه‌وشیروان شتێکی جیا و باشتری پێیه له‌و به‌ربه‌رییه‌ته‌ی ئێستا له سایه‌ی پارتی و یه‌کێتیدا ئه‌گوزه‌رێ.
________________________________________________ (1) ئێمه و ئیداره‌ی هاوشێوه‌ی سویسرا، ئه‌یوب بارزانی، سایتی هاوڵاتی ٢٥/٥/٢٠٠٦ (2) چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ مه‌حمود سه‌نگاوی، ئاوێنه، ژ ١٢٥،ل٣ ، ١٠/٦/٢٠٠٨ (3) ڕونکردنه‌وه‌یه‌ک له نه‌وشیروان مسته‌فاوه، سایتی سبه‌ی،٢٠/٥/٢٠٠٨
٢٩\۶\٢٠٠٨
|