دوو هەڵوێستى جیاى
دوو موستەشار لە زیندان دا.
هیواڕەش
بە گێڕانەوەى سەربردەى گرتنەکەم سەرتان نایەشێنم کە چۆن خیانەتکارێک
فرۆشتمى ؟ ! بەڵام پێم باشە بۆ مێژوو باس لە هەڵوێستى دوو موستەشارى
جاش بکەم کە ئەوانیش کاک سمایل ئاغا و خالیدى خولە سوور بوون .
سمایل ئاغا ، پیاوێکى بە تەمەنى پێم وابێت خەڵکى دەور و بەرى ڕانیە و
قەڵادزە بوو ، ئەوەندەى ناسیم هەر دووراودوور بوو هیچ پە یوەندییەکى
نزیک لە نێوانمان دروست نەبوو تەنانەت ڕێ نەکەوت پێکەوە قسەش بکەین .
(جناح خاص) ، ئەو شوێنە بەدناوە بوو منیش
وەکو سەدان ڕۆڵەى گەلى کورد چوومە خزمەتى ، جێگایەکى هێندە ناخۆش بوو
لە باس کردن نایەت بە تایبەتى بۆ من ، چونکە لەبەر ئەوەى پێشمەرگە بووم
و بە بریندارى بەردەستیان کەوتبووم لە هەموو مافێکى ئینسانى بێبەشیان
کردبووم ، نەشتەرگەرى ( کۆلۆستمى ) کرابووم و لەقەبرغەوە ( لاى ڕاستى
سکمەوە ) پیساییم ئەکرد ، لە ژێر ئەشکەنجەش دا کەمم پێ نەکرابوو ، ئەو
کاتەى منیان گواستەوە بۆ ئەوێ ( کیسە – کە بۆ پیسایى بۆم دانرابوو ،
دیتۆل – کە بۆ پاک کردنەوەى ڕیخۆڵەى دەرچووم لە لا سکمەوە پێم درابوو ،
شاش – بۆ سڕینەوەى ڕیخۆڵەم ) ئەمانەم هەموو لێ سەنرابۆوە ، لەو شوێنە
وام لێ هاتبوو ڕیخۆڵەم کێم و کەفى ئەچڕى ، بەهەرحاڵ کە گواسترامەوە بۆ
ئەوێ پێشتر زانرابوو پێشمەرگەیەکى دیل بەڕێوەیە ( نازانم چۆن زانرابوو
؟ ) بەڵام ئەمەم لە دەمى زیندانییەکانى ترەوە بیستەوە ، هێشتا تازە
گەییشتبوومە جێ و کەسیشم نەئەناسى ، هێندەى نەبرد چاودێرى هۆڵەکە کە
عەرەبێکى خەڵکى بەغابوو بە ناوى ( عودەى ) پێنج دینار ( سویسرى ) و
بوتڵێک شەربەتى بۆ هێنام و ووتى ( ئەوە کاکە سمایل بۆى ناردووى ) ، پێش
ئەوەى وەرى بگرم پرسیارى ئەو کاکە سمایلەم کرد ، ئەو زیندانییانەى
منیان بردبووە لایان ووتیان : سمایل ئاغا بۆى ناردووى لێ ى وەرگرە ،
ووتم سمایل ئاغا کێ یە ؟ ووتیان موستەشارە گیراوە و لێرەیە ، بە
تەنازولم ئەزانى دواى ئەو هەمووساڵانى خەباتى پێشمەرگایەتى و بە
ڕەنگابوونەوەى زیندان ئێستا سەرشۆڕ کەم بۆ 5 دینار و بوتڵێک شەربەت
بۆیە ڕەتم کردەوە و بە عودەیم ووت بۆى ببەرەوە ، برادەرەکانى ئەوێ
لەگەڵ ئەوەى زۆر وەسفى سمایل ئاغایان دا لەهەمان کاتیش دا تکایان لێ
کردم نەینێرمەوە چونکە بۆ من و بۆ ئەویش جوان نیە ، لەدوایى دا منیش بە
قسەیانم کرد . لە دوایى دا بۆم دەرکەوت مام سمایل هەتا بۆى کرابێ
لەوێندەرێ ڕۆڵى باوکى گێڕاوە بەرامبەر هەموو زیندانییەکان بە گشتى و
کوردەکان بە تایبەتى ، ئەوەندە لە سمایل ئاغا تێگەییشتم کە لەو بار و
دۆخە ناهەموارەدا ئەوەى لەدەستى هاتبێت لە پیاوەتى ئەنجامى داوە و منیش
نامەوێ لێرەدا پێیدا هەڵ بدەم جگە لەوەى وەکو بیستوومەتەوە کۆچى دوایى
کردووە کە بڵێم : ( یادى بەخێر ) .
پێش ئەوەى بمبەنە ئەو جێگا بەدناوە ماوەیەکیش لە ( سجن رقم واحد ) بووم
، لەوێدا خالیدى خولە سوورم بینى ، سەرى بچوایە نوێژى ناچوو ،
بەڕماڵێکى پێ بوو حەزى ئەکرد دەورەى بدەن ، خەریکى شى کردنەوەى خەو و
خەون بینین بوو ، دیار بوو زانیاریى لەسەر
منیش دەستکەوتبوو ، لەگەڵ ئەویش دا
تێکەڵاوییەکم نەکرد بوو چونکە چۆن سەربارى پیاوەتییەکەى سمایل ئاغا بە
نەنگیم زانى شتەکانى وەربگرم ، ئەمیش هەروەها پێم نەنگ بوو دوور و نزیک
پەیوەندییەکى لە گەڵ دا ببە ستم لەبەر ئەوەى سەنگەرمان جیا بوو ،
لەوەندە بترازێ جارێکیان لێى پرسیم : بە بریندارى گیراوى ، ووتم : بەڵێ
، وامزانى عاتیفە و سۆز هانى داوە ئەو پرسیارە بکات ، بەڵام بە ڕستەى
دووەمى دواى پرسیارەکەى ئینجا زانیم چەندە دڵڕەشە کە ووتى : ئینجا عەیب
ناکەیت کەوتوویتەتە دواى ئەو هەتیو و مەتیوە ، منیش هەر هێندە وەڵامم
دایەوە : خۆ جاش نەبووم .
لە دوایى دا ئەوە ماوە بیڵێم ئەگەر ( کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان ) لە
حیزباندن خۆیان پاک نەکەنەوە ئەوا جاشە دێرینەکان جێگە بە پێشمەرگە
دێرینەکان لێژ ئەکەن ، تکام وایە هەرچى خائین هەیە با پیرۆزى حیزبەکان
بن و مەهێڵن حەرەمى ( شەهیدان و ئەنفال و زیندانى سیاسى و پێشمەرگە و
ڕێکخسنە دێرینەکان ) گڵاو بکەن .
تێبینى:
نەمویستووە هەموو شتێک بنووسم بۆیە هەرکەسێک تێبینییەکى لە سەر
نووسینەکەم هەبێت ناهەقى ناگرم ، منیش ئامادەم ڕوون کردنەوەى زیاتر
بدەم لە سەر بار و دۆخى زیندان ، بە تایبەتى بوونى پارە و شەربەت لە (جناح
خاص).
hewarash1@yahoo.com
|